په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٥\٢٠١٠

ئێلیا تۆرین، رامبۆى روسیا.

نووسینى ئیبراهیم ئه‌سته‌نبۆلى

و: هۆشه‌نگ شێخ محه‌مه‌د

له‌ ته‌مه‌نى نۆزده‌ ساڵیدا مرد و دوو خۆشه‌ویستى هه‌بوون: لینۆن و برۆدۆسكى.

من به‌ حاڵه‌تى نیوه‌ ورِێنه‌وه‌ له‌ كۆشكى شه‌ودا به‌فر ده‌شكێنم
ده‌زانم به‌م زووانه‌ له‌ رێگه‌ى دنیا ده‌رده‌چم
كاتێك به‌ ته‌نیا (چونكه‌ رێ به‌ دووكه‌س ناده‌ن)
شۆرِده‌بمه‌وه‌ قوڵاییه‌كان
كێ ده‌بێته‌ فریشته‌م
كێ ده‌بێته‌ خوا؟


چاره‌نووس وایكرد، ئێلیا تۆرین زۆر زوو له‌ ته‌مه‌نى نۆزده‌ ساڵیدا، له‌ دنیادا كۆچ بكات. له‌ (27/ته‌مووزى ساڵى 1980) له‌ مۆسكۆ له‌ دایكبوو، و له‌ (24 / ئابى 1999) له‌ لووتكه‌ى گه‌شانه‌وه‌ى ئه‌ده‌بى خۆیدا كۆچى دوایى كرد. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، توانى له‌م ته‌مه‌نه‌ كورته‌یدا زۆر شت ئه‌نجام بدات. ئێلیا له‌ زۆر ره‌گه‌زى ئه‌ده‌بى جیاوازدا داهێنانى كرد، سه‌ره‌تا له‌ شیعر، ئینجا شانۆ و دواتریش له‌ دانان و گووتنى گۆرانیدا.


ئه‌مه‌ له‌و په‌رتووكه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ دایكى ئێلیا تۆرین به‌ هاوكارى چه‌ند هاورِیێه‌كى ئێلیا به‌ ناوى (نامه‌) نووسیویانه‌. كه‌ ناواخنه‌كه‌ى بریتییه‌ له‌و شیعرانه‌ى ئێلیا له‌ نێوان ساڵه‌كانى 1995-1998دا نووسیونى، له‌گه‌ڵ شیعره‌ رۆمانێك به‌ ناوى (شیزۆفرینیا) هه‌روه‌ها هه‌ندێ دیمه‌ن، له‌ شانۆیه‌كى ته‌واونه‌كراودا، له‌گه‌ڵ شیعریى گۆرانى و لێكۆڵینه‌وه‌ى فه‌لسه‌فى و گوتارى ره‌خنه‌یى كه‌ ناوه‌رِۆكییان جیاوازه‌ وه‌ك ئه‌و گوتارانه‌ى تایبه‌تن به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ شیعره‌كانى (تۆتشیف و برۆدسكى ومه‌ندلشتایم) و هه‌روه‌ها نامه‌ى ئێلیا تۆرین بۆ (په‌یامبه‌رى هاوچه‌رخى روسیا) كۆچكردوو (ئه‌لیكسانده‌ر سولگینستین) وه‌رگرى خه‌ڵاتى نۆبل له‌ ئه‌ده‌ب.جگه‌ له‌ چه‌ندین گوتارى فه‌لسه‌فى و لێكۆڵینه‌وه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى.


به‌ڵام چاره‌نووس كاتى ته‌واوى پێنه‌به‌خشى بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو ویسته‌كانى به‌جێ بگه‌یه‌نێت.


ئێلیا له‌ زۆر له‌ نووسینه‌كانیدا باسى مه‌رگى كردووه‌، ( كه‌ له‌سه‌ر مه‌رگ بنووسى واته‌ بیر له‌ ژیان ده‌كه‌یته‌وه‌) ئه‌م بابه‌ته‌ش جێگه‌ى سرنجى شیعر و گه‌نجه‌كانه‌.


(داهاتوو بێى من نایه‌ت) ئێلیا له‌ یه‌كێك له‌ گۆرانییه‌كانى واى نووسیبوو.


له‌یه‌كه‌م سرنجدا مرۆڤ هه‌ست ده‌كات كۆمه‌ڵێ هه‌ستى هاودژ زاڵن به‌سه‌ر ئێلیادا، به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌و هه‌ستانه‌ نزیك و په‌یوه‌ستن پێكه‌وه‌. وه‌ك ئه‌و هه‌سته‌ قوڵه‌ى كه‌سێك هه‌یه‌تى له‌گه‌ڵ كۆتایى و تخوبه‌كانیى، كه‌ دواتریش نوته‌كییه‌كى ته‌واو دایده‌پۆشێت. هه‌روه‌سا ئه‌و هه‌سته‌ قوڵه‌ى ئێلیا به‌ په‌یوه‌ندى خۆى به‌و شتانه‌ى هه‌ن و ده‌مێنن. باوه‌رِیشى به‌ رۆڵى تایبه‌تى خۆى هه‌بوو. به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ى هێشتا له‌و كرداره‌دا به‌رجه‌سته‌ بكرێت كه‌ پێى ده‌گووترێت (ژیان).


كه‌ گووتاره‌كانى ئێلیا ده‌خوێنیته‌وه‌، مه‌نده‌هۆشت ده‌كات به‌ پێگه‌یشتنى زووى، زیره‌كییه‌ بێ وێنه‌كه‌ى، دڵگه‌رمى و تواناى ده‌ربرِینى وردى بیرۆكه‌كانى.


هه‌موو شتێك بۆ ئه‌و جێگه‌ى سرنجه‌، داهاتووى (نیشتمانى حه‌تمى) وه‌ك به‌ رووسیا ده‌ڵێت، چاره‌نووسى نه‌وه‌یه‌ك، هه‌ندێجاریش ئێست له‌سه‌ر گووتارێك ده‌كات كه‌ كه‌سێك له‌سه‌ر چیرۆكى (پاڵتۆ)ى نووسه‌رى به‌ناوبانگ گۆگۆڵ، نووسیوه‌. وه‌ك چۆن ده‌بینین وتووێژ سه‌باره‌ت به‌ سرووشتى روسیا ده‌كات، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ (فیورباخ) (كرِۆكى مه‌سیحییه‌ت) ده‌نووسێت، ئینجا گووتارێكى فه‌لسه‌فى به‌ بۆنه‌ى ساڵیادى یه‌كه‌مى مردنى برودسكى ده‌نووسێت و تێیدا كۆمه‌ڵێ هزرى سرنجراكێش پێشكه‌ش ده‌كات دوور له‌هه‌ر وه‌همێك له‌سه‌ر چاره‌نووسى شاعیر. به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ خوێنه‌ر ته‌نیا مه‌نده‌هۆشبوونى بۆ ده‌مێنێته‌وه‌ به‌رامبه‌ر حیكمه‌تى ئێلیا و كه‌س برِوا ناكات خاوه‌نى ئه‌م وتاره‌، گه‌نجێكه‌ له‌ته‌مه‌نى هه‌ڤده‌ ساڵیدا.


ئێستاش با كه‌مێك له‌و نووسینه‌ بخوێنینه‌وه‌ كه‌ خاتووم (ئا.میدفیدیفا)له‌ كتێبى (نامه‌) دا، سه‌باره‌ت به‌ كورِه‌ كۆچ كردووه‌كه‌ى، نووسیویه‌تى.
شاعیربوو ، هه‌ر به‌ شاعیریش ده‌مێنێته‌وه‌
( له‌كاتژمێر نۆدا
مه‌سیح به‌ده‌نگێكێ گه‌وره‌ هاوارى كرد:
خوداى من ! خوداى من ! بۆ وازت لێهێنام ؟)ئینجیلى مه‌تى.


ئێلیا له‌ رۆژى 27/ته‌موزى ساڵى 1980 له‌ كاتژمێر ده‌ و بیست و چوار خوله‌كى به‌یانى له‌ دایك بوو.رۆژى یه‌كشه‌مه‌ بوو، له‌ رۆژى شه‌ممه‌دا واته‌ رۆژێك پێشتر، من و نیكۆڵاى (باوكى ئێلیا) له‌ باخچه‌ى ئیسماعیلۆف له‌ مۆسكۆ زۆر پیاسه‌مان كرد. باسى ئه‌و هه‌واڵه‌مان كرد كه‌ رۆژێك پێشتر بڵاوببۆوه‌: كه‌ مردنى فلادیمێر فیسوتسكى بوو، من وام به‌خه‌یاڵدا هات كه‌ روسیا دواى ئه‌و بێ شاعیر ده‌مێنێته‌وه‌، دواى تێپه‌رِینى پازده‌ ساڵ و له‌ كاتى قسه‌كردنم له‌گه‌ڵ ئێلیادا ( كه‌ قۆناغى سه‌رگه‌رمى بۆ گۆرانییه‌كانى فیسوتسكى تێپه‌رِاندبوو، كه‌ به‌رده‌وام له‌ماڵه‌كه‌ماندا ده‌نگى ده‌هات) به‌ گاڵته‌وه‌ پێم وت: (روسیا نه‌یتوانى له‌یه‌ك رۆژ زیاتر بێ شاعیر بمێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌تا تۆ هاتى).


دووكه‌س لاى ئێلیا خۆشه‌ویست بوون، یه‌كه‌میان یوسف برودسكى و دووه‌میان جۆن لینۆن. یه‌كه‌میان ته‌مه‌نى گه‌یشتبووه‌ چل ساڵى ته‌مه‌ن و له‌ رۆژى 24/ئایارى 1980 _ته‌مه‌نى چڵ ساڵى زۆر جیاوازه‌_ وه‌ك ئه‌وه‌ى لاى شاعیره‌ رووسییه‌كان ناسراوه‌. له‌و رۆژه‌دا برۆدسكى چه‌ند به‌یتێك ده‌نووسێت كه‌ دواتر ده‌بنه‌ خۆشه‌ویستترین چامه‌ لاى ئێلیا:


(ئه‌وه‌ ته‌مه‌نم گه‌یشته‌ چڵ ساڵ
ده‌كرێ سه‌باره‌ت به‌ ژیان چ بڵێم؟ دیاره‌ كه‌ زۆر درێژه‌
ته‌نیا له‌گه‌ڵ هه‌نسكێك هه‌ست به‌ یه‌كبوون ده‌كه‌م
به‌ڵام تا ده‌میان پرِ قورِ نه‌كردووم
جگه‌ له‌ سوپاس و ستایش هیچى دیكه‌ى لێ نایه‌ته‌ ده‌ر)


له‌ تشرینى یه‌كه‌مى هه‌مان ساڵدا،لینۆنیش ده‌گاته‌ ته‌مه‌نى چڵ ساڵى و دواى دوو مانگ ده‌كوژرێت. كه‌ سه‌رۆكى تیپی مۆسیقاى (بیتلز) بوو، كه‌ به‌ناوبانگترین تیپى مۆزیك بوو له‌ سه‌ده‌ى بیسته‌مدا. و سرووشیان دایه‌ ئێلیا بۆ ئه‌وه‌ى تیپێكى مۆزیك دامه‌زرێنێت به‌ ناوى ( سۆنده‌ى ئاگر كوژاندنه‌وه‌) هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ى شیعریى گۆرانى بنووسێت و ئه‌لبومێكى گۆرانیش ده‌ربكات به‌ناوى (دووباره‌ بیتلز) كه‌ چوارده‌ گۆرانى به‌ زمانى ئینگلیزى له‌ خۆ گرتبوو.


كه‌واته‌ منداڵه‌كه‌ له‌دایك بوو، ده‌بوایه‌ ناوێكى لێ بنێین، ئێلیا سه‌باره‌ت به‌مه‌ له‌ شعره‌كانى (منداڵیێتى) ده‌نووسێ:


(ده‌یانه‌ویست ناوى بنێن میشیا
به‌ڵام دایكى كه‌ له‌ حیساب زۆر ورده‌
دواى ئه‌وه‌ى پاڵه‌وانێكى سلاڤى بیركه‌وته‌وه‌
ناوى نا: ئێلیا)


ناونانى ئێلیا به‌و ناوه‌، به‌ڵێ گریمانه‌یك هه‌بوو، كه‌ بیكه‌مه‌ میخائێل،چونكه‌ ئه‌و له‌ گه‌رمه‌ى پاڵه‌وانیێته‌كانى ئۆڵۆمپیادى مۆسكۆ له‌دایك بوو. ورچه‌ میشیاش هێماى ئه‌و ئۆڵۆمپیاده‌ بوو، به‌ڵام نه‌مده‌ویست ناوى میشیاى لێ بنێم. كاتێك له‌ نه‌خۆشخانه‌ى منداڵبوون بووم، دواى له‌دایكبوونى منداڵه‌كه‌م یه‌كسه‌ر ئه‌و هه‌سته‌م له‌ لا دروست بوو كه‌ ده‌بێت ئێلیا بێت. ئێلیا و به‌س! دواى ناوه‌كه‌ى په‌یوه‌ست كرایه‌وه‌ به‌ ئێلیا مورومیتس، پاڵه‌وانى سلاڤى. ئه‌مه‌شیان زیاتر بۆ ئه‌وه‌بوو، تا له‌و پرسیارانه‌ هه‌ڵبێم كه‌ سه‌باره‌ت به‌و ناوه‌ لێم ده‌كران، كه‌ بۆچى ناوێكى یه‌هودى ئاشكرام به‌ كورِه‌كه‌م به‌خشیوه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌م ناوه‌ زۆر باو نه‌بوو له‌و كاتدا.


لێره‌دا واز له‌باسى منداڵیى ئێلیا ده‌هێنم، هۆكاریش ئه‌وه‌یه‌ من هیچ وێنایه‌ك و تێگه‌یشتنێكى وردم له‌سه‌ر منداڵیى ئێلیا نیه‌، چونكه‌ هیچ (وشه‌یه‌كى منداڵانه‌)م بیر نایه‌ت ئێلیا ده‌ریبرِیبێ. هه‌رگیز وشه‌ى منداڵانه‌ى نه‌دركاندووه‌. هه‌تا من نه‌خۆشبوونى ئه‌ویشم بیر نایه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر چى نه‌خۆشیشى هه‌بوو. ئێستا كه‌ یادى ئه‌و ته‌مه‌نه‌ كورته‌ ده‌كه‌مه‌وه‌. ده‌بینم كه‌ ته‌مه‌نى به‌داهێنان قه‌رِه‌باڵغ بوو. له‌وكاتدا ، له‌ هه‌فتاكاندا دروشمى باوكه‌ سه‌رگه‌رمه‌كان ئه‌وه‌بوو : (منداڵه‌كان پێش ئه‌وه‌ى فێره‌ رۆیشتن بن، ده‌بێت مه‌له‌وانى بزانن) به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ ئێلیادا رووى نه‌دا، چونكه‌ ئێلیا (ئاگرى)بوو، هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى زۆر شڵه‌ژاوى له‌گه‌ڵ ئاو هه‌بوو، به‌ڵام به‌ماناى وشه‌ سه‌ركه‌وتوو بوو كه‌ (پێش ئه‌وه‌ى برِوات، وێنه‌ بكێشێت) له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا كه‌وته‌ دۆزینه‌وه‌ى جیهان.ئێلیا پرسیارى وه‌ك (بۆچى) نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو پرسیاره‌كانى له‌ شێوه‌ى وه‌ڵامدا ده‌كردن ، وه‌ك : ( ئاسمان شینه‌، چونكه‌ ...) له‌ كاروانى داهێنانى خۆشیدا یارمه‌تیده‌رێكى هه‌ڵبژارد كه‌ ناوى (ئه‌لیكسانده‌ر پۆشكین) بوو:


له‌ ته‌مه‌نى پێنچ ساڵیدا زۆر بیرى ده‌كرده‌وه‌، ئه‌و ته‌نیا (شه‌رِى بلنافا)ى نه‌ده‌زانى، به‌ڵكو خوێندبووشییه‌وه‌. دواتریش فێر بوو خۆى په‌رتووكه‌كانى هه‌ڵبژێرێ.
زۆر زوو هه‌ستى به‌ به‌هره‌ى خۆ كرد، ئه‌و هه‌سته‌شى له‌یه‌كه‌م ساته‌وه‌ تا دوا چركه‌ هه‌ر له‌ لاى مایه‌وه‌، و ئازاره‌كانیشى له‌و هه‌سته‌وه‌ له‌ زۆر چامه‌دا ره‌نگى داوه‌ته‌وه‌:


(من به‌هره‌ى خۆم ئه‌ناسم - بۆ چامه‌ى كورت
به‌ ده‌نگێكى وریا ده‌ستم به‌ نوێژ كرد
وه‌ك هه‌راش له‌ ماڵێكى چۆڵ ژیام
وه‌ك شه‌پۆڵێك له‌ كوپه‌ شیرێكى له‌ بیركراو ...)


ئێلیا حه‌زى به‌ خوێندن و فێربوونى بناغه‌یى نه‌بوو، كه‌ ره‌ق و ته‌ق وشك بوو، ته‌نیا به‌كه‌ڵكى ئه‌و ئه‌قڵانه‌ دێت كه‌ داهێنه‌ر نین. دواى هه‌فت ساڵ له‌ خوێندنى قوتابخانه‌یه‌كى ( ئینگلیزى) تایبه‌ت، له‌ ساڵى 1993 خه‌یاڵى تێنوو و به‌ پیتى ئێلیا بۆ گه‌رِان، هه‌قایه‌تێكى مێژوویى له‌ توخمى فانتازیا به‌ ناوى (دوو قه‌ڵاى ئال لارسكایێ) ى داهێنا. كه‌ رۆمانێكى شیعریى بوو، باسى سه‌رده‌مێكى خه‌یاڵكراو ده‌كات له‌ رێى ئه‌فسانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ریزكردنى فه‌رمانرِه‌واكان، وه‌ك (كۆمیدیاى خوداوه‌ندیى) دانتى. كه‌ ئێلیا تازه‌ خوێندبوویه‌وه‌....، خۆیشى ئاماژه‌ى به‌مه‌ داوه‌: دوو رۆمانه‌ شیعرم نووسیون (دوو قه‌ڵاى ئال لارسكێى) و (شیزۆفرینیا)....


برِیارى ئه‌وه‌ى دا واز له‌ قوتابخانه‌ى ره‌سمى بینێت، چونكه‌ پێویستى به‌ ده‌وروبه‌رێكى رۆشنبیریى و داهێنه‌رانه‌ى جیاواز هه‌بوو، بۆیه‌ رووى كرده‌ ئامۆژگه‌یه‌ك كه‌ پاشكۆى زانكۆى رووسى بوو بۆ زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كان، یه‌كسه‌ر هه‌موو شته‌كانى گۆرِان. فه‌زاى ئێلیا فراوانتر بوو، نه‌وه‌ك ته‌نیا له‌ نێوان مال َو قوتابخانه‌دا بێت و بچێت، به‌ڵكو واى لێهات رۆژانه‌ به‌ رێكى بچێته‌ گه‌رِه‌كى (سالانكا) كه‌ ئامۆژگه‌ى لێبوو، یان شه‌قامى (پرافدا) كه‌ باره‌گاى سه‌ره‌كى بوو، ئێلیا له‌ خۆیه‌وه‌ مۆسكۆى ده‌پشكنى، گه‌رِانه‌كانى دوورتربوون و درێژتر و درێژتربوون. زۆر شوێنى ئازیزى په‌یدا كردن، وه‌ك شه‌قامى (ئربات به‌ پله‌ یه‌كه‌م) وه‌ك چۆن زۆر روخسارى نوێى ناسین و په‌یوه‌ندى نوێى دروست كردن.


له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ند كه‌سێك ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵى هاورِان و برِیارده‌ده‌ن تیپێكى مۆزیكى به‌ ناوى (سۆنده‌ى ئاگركوژاندنه‌وه‌) دامه‌زرێنن، له‌ ئامۆژگه‌ ددان به‌ به‌هره‌ مۆزیكییه‌كه‌ى دا ده‌نێن. ددانپێدانێك كه‌ ره‌سمى نه‌بوو، به‌ڵام قوڵتر له‌هه‌ر ددانپێدانێكى ره‌سمى، چونكه‌ گۆرانییه‌كانى گوێیان لێ ده‌گیران و شیعره‌كانى ده‌ستاوده‌ست ده‌گواسترانه‌وه‌. وه‌ك چۆن چامه‌ درێژه‌كه‌ى كه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ریى پیاسه‌و ئێواره‌كانى له‌ شه‌قامى ئربات نووسیبووى له‌ كوڤارى ئه‌ده‌بى (روخساره‌كان) بڵاوكرایه‌وه‌.


له‌ ساڵى 1996 شیعر وه‌ك شه‌پۆڵ رووى تێده‌كات، به‌ڵام پێویستى به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى هاندان و پاڵپێوه‌نان بوو...


وه‌ك وتم نزیكترین شاعیر له‌ ئێلیا، پوشكین، برۆدسكى و مه‌ندلشتام بوون. هه‌ریه‌كه‌شیان كاریگه‌رییه‌كى جیاوازى له‌سه‌ر ئێلیادا هه‌بوو، پوشكین نموونه‌ى باڵاو ته‌واویى بوو،(پوشكین،ناوێكى خوازراوه‌ بۆ خودا) رۆژێك ئێلیا ئه‌مه‌ ده‌نووسێت و به‌مه‌ش هه‌موو شتێك ده‌ڵێت.مه‌نده‌لشتام (ده‌نگى سه‌رده‌مێكى لاواز و تراژیدى كه‌ له‌ كاتى خۆیدا نییه‌)، به‌ڵام چامه‌كانى یوسف برودسكى ( وه‌ك هه‌ویر وابوو بۆ شیعره‌كانى ئێلیا)، ئێلیا بێ برۆدسكیش ده‌بووه‌ شاعیر، به‌ڵام به‌ رێكى له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بووه‌ شاعیر. هه‌رچه‌نده‌ بوركانى هه‌قیقى شیعره‌كانى ئێلیا له‌دواى مردنى برۆدسكى ده‌ستى پێكرد.وه‌ك ئه‌وه‌ى سرووشت هه‌ستى به‌ بۆشاییه‌ك كردبێت و هه‌وڵیدابێت پرِى بكاته‌وه‌.

له‌ ده‌فته‌رى رۆژانه‌ى ئێلیادا:


13/01/1996 : ئه‌مرِۆ برۆدسكیم خوێنده‌وه‌ ... به‌ خودى خۆمم به‌راورد كرد (له‌رووى شعرییه‌وه‌) له‌ لاى برۆدسكى له‌ هه‌موو شوێنێكدا هه‌ندێ باڵنده‌ هه‌ن. وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ لاى من هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خوداكان؟!! وێكچوونێك له‌ نێوان ئێمه‌دا هه‌یه‌ ،من و وه‌رگرى خه‌ڵاتى نۆبڵ.. ئاى له‌م بیرۆكه‌یه‌ ....
28/01/1996 : هه‌ر ئێستا زانیم برۆدسكى ئه‌مشه‌و مردووه‌، له‌ نیۆیۆرِك، له‌كاتى خه‌وتندا، له‌ ئێستاوه‌ له‌ناوه‌خۆمدا هه‌ست به‌ ترس ده‌كه‌م كه‌ ئه‌م ناوه‌ بێنم، وه‌ك ئه‌وه‌ى بیگه‌رِێنمه‌وه‌و رێگه‌یه‌كى غه‌یره‌ به‌شه‌رى بگرێته‌ به‌ر...


29/01/1996 : بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ سه‌ودا ده‌وه‌ستم له‌گه‌ڵ (نا شت اللاشی) چونكه‌ ده‌مه‌وێ شتێك بۆ یوسف برۆدسكى بنووسم، هه‌موو كتێبى پیرۆزم كۆڵییه‌وه‌، له‌ كۆتاییشدا دۆزیمه‌وه‌، چامه‌كه‌ ناو ده‌نێم (خه‌ونه‌كانى یوسف).
31/01/1996 : یوسف برۆدسكى له‌ كانوونى دووه‌مدا كۆتایى به‌ (به‌شه‌كانى قسه‌) هێنا، (كۆمه‌ڵه‌ شعرێكى برۆدسكییه‌) له‌سه‌ر مێزه‌كه‌مه‌، له‌ هه‌موو شوێنێكدایه‌، هه‌موو گه‌ردیله‌یه‌ك داگیر ده‌كات، منیش ده‌مه‌وێت ئه‌م وزه‌یه‌ به‌كاربێنم، (وزه‌ى ئه‌تۆمى برۆدسكى) چونكه‌ ئه‌و ساته‌ وه‌ختانه‌ زوو به‌سه‌ر ده‌چن، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م (خه‌ونێك له‌ خه‌ونه‌كانى یوسف) ئاماده‌كرا، چاوه‌رِێى بكه‌ن وه‌ك بۆمبى ئه‌تۆمى.
29/02/1996: ئه‌م مانگه‌ ، مانگى من و برۆدسكى یه‌، یه‌كه‌م جاره‌ هه‌ست ده‌كه‌م شاعیرم، دواى تێپه‌رِینى ده‌ ساڵ به‌سه‌ر نووسینى یه‌كه‌م چامه‌مدا.ئه‌مه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ى مندا، ئه‌مه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ى چوار چاره‌گیدا، كه‌ ناتوانم خۆمى تێدا بپه‌ستم، ئه‌مه‌، له‌ده‌ره‌وه‌، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌، ته‌نیا سرووشێكى خودیى بێت، به‌ڵام من هه‌ست به‌ ملكه‌چ بوون و خووپێوه‌گرتن ده‌كه‌م به‌ هه‌ستى شه‌شه‌م و هه‌فته‌م و هه‌شته‌مم و زیاتریش... ده‌بێت (جه‌خت له‌سه‌ر ده‌بێت) ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌ بنووسم، ئه‌گه‌ر نا تا ئه‌به‌د له‌ناو چوارگۆشه‌دا ده‌مێنمه‌وه‌، له‌ناو قه‌رمیت دا، له‌وێ (كه‌ رۆیشتن قه‌ده‌غه‌یه‌)...
01/03/1996 به‌رده‌وام خۆم وه‌ك مرۆڤێكى بلیمه‌ت ده‌بینم، چه‌ند جوان ده‌بوو كه‌ هه‌میشه‌ (به‌شه‌كانى قسه‌)م له‌گه‌ڵ خۆم هه‌ڵگرتبا و وه‌ڵامى پرسیاره‌كانم دابایه‌وه‌. (جوانه‌ جیهانێكى دیكه‌ت له‌ گیرفاندا بێت)

به‌ڵام له‌ ساڵ 1996 دا یه‌كه‌م شكستى ئێلیا ده‌ست پێده‌كات، چونكه‌ له‌و كاته‌دا تاى بڵاوكردنه‌وه‌ى شیعره‌كانى گرتبوو، له‌ گۆڤارێكى ئه‌ده‌بى پایه‌به‌رزدا، راستى سه‌رهه‌ڵدانى تاى بڵاوكردنه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى من، چونكه‌ من به‌ هۆكارى په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانم، له‌ گه‌ڵ ناوه‌نده‌ ئه‌ده‌بییه‌كاندا، هه‌ندێ خه‌یاڵ پڵاویم كرد. به‌ كورتى: دواى ئه‌وه‌ى سه‌رنووسه‌رى گۆڤارێكى هاوچه‌رخ كه‌ بایه‌خى ده‌دا به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى شیعره‌كانى برۆدسكى له‌هه‌ندێ له‌ هه‌ڵبژارده‌كانى ئێلیادا، پێى وتم: كه‌ شیعره‌كانى ئئێلیا بڵاوده‌كاته‌وه‌. داواى وێنه‌یه‌كى ئێلیاشى لێكردم و ئێلیاشى بۆ چه‌ند ئێواره‌ كۆرِێكى شیعریى بانگهێشت كرد. به‌ڵام هیچ شتێكى بۆ بڵاونه‌كرده‌وه‌. هه‌مان شت له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌یه‌كى دیكه‌دا دووباره‌ بۆوه‌، به‌ڵێنییان دا شیعره‌كانى بڵاوبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام دواى ماوه‌یه‌كى زۆر، بڵاویان نه‌كرده‌وه‌. دواتریش ده‌ركه‌وت، كه‌ به‌رپرسى به‌شى رۆشنبیریى رۆژنامه‌كه‌، حه‌ز ناكات ناوى برۆدسكى گوێ لێبێت. هه‌ڵبژارده‌كانى ئێلیاش بێ گومان به‌ (خه‌ونه‌كانى یوسف) ده‌ستى پێ ده‌كرد.


دواى ئه‌وه‌ قۆناغێكى هیچگه‌رایى لاى ئێلیا ده‌ست پێ ده‌كات، شكستهێنانى له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى شیعره‌كانى كه‌ ئه‌مه‌ش شتێكى ئاساییه‌ لاى هه‌موو شاعیرێكى گه‌نج، وایكرد له‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كى نوێ بوه‌ستێت. كه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئایا بیرى كۆمه‌ڵایه‌تى چییه‌؟ خاڵه‌ به‌هێز و لاوازه‌كانى له‌ كوێ دان؟ بۆیه‌ وه‌ك رۆژنامه‌نووس ده‌ستى به‌ چالاكى كرد، ده‌ستى به‌ نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ى گوتاره‌كان كرد، سه‌ردانى شانۆ و پێشه‌نگا و ساڵۆنه‌ مۆزیكییه‌كانى كرد. واته‌ له‌ناوه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌ شته‌كان ده‌كرد. دواى تێپه‌رِینى ساڵێك تێبینى و پشكنینه‌كانى بوونه‌ پرۆژه‌ى نووسینى كارێكى سه‌ره‌كى به‌ناوى ( میكانیكاى بیرى كۆمه‌ڵایه‌تى).


له‌ پرِێكدا ئێلیا برِیارى دا ببێته‌ نوژدار،چونكه‌ لایه‌نێكى فه‌لسه‌فى له‌ پزیشكییدا ده‌دیته‌وه‌، هه‌وروه‌ها وه‌ك ده‌یووت : ( ده‌مه‌وێت یارمه‌تى خه‌ڵك بده‌م و بزانم چۆن) به‌ڵام پرسیاریشى ده‌كرد : (ئایا نوژداریى پیشه‌یه‌كى گونجاوه‌ بۆ پیاو؟)


هه‌ستم به‌ دارِمانێكى بێ سنوور كرد.هه‌موو شته‌كان به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كى دى ده‌رِۆیشتن، من دایكى شاعیرێك بووم، له‌ پرِ كوده‌تایه‌كى كرد. ئێلیاش كه‌ برِیارێكى ده‌دا ده‌مزانى بێ دوو دڵى ده‌یكات. له‌ته‌مه‌نى هه‌ژده‌ ساڵیدا برِیارى دا واز له‌ قوتابخانه‌ى هونه‌ر بێنێت، چونكه‌ سه‌فه‌ركردنى مامۆستایه‌كانى بۆ ئیسرائیل به‌ خیانه‌ت له‌قه‌ڵه‌م دا، به‌هه‌مان شێوه‌ وازى له‌ تیپى مۆزیكى (سۆنده‌ى ئاگر كوژاندنه‌وه‌ش) هێنا، دواى یه‌كه‌م ئاهه‌نگى جه‌ماوه‌رى له‌ 18 ئازارى 1996 دا. ئامانجیشى له‌مه‌ ئه‌وه‌بوو، به‌ته‌واوى خۆى بۆ شیعر نووسین ته‌رخان بكات.


ئێلیا هه‌وڵ ده‌دات بچێته‌ ئه‌كادیمیاى پزیشكیى روسى (ئامۆژگه‌ى سیتشینیف) به‌ڵام له‌ تاقیكردنه‌وه‌ى وه‌رگرتندا سه‌رنه‌كه‌وت.بۆیه‌ هه‌وڵیدا كارێك بدۆزێته‌وه‌، ناچار بوو له‌ ئامۆژگه‌ى (سكلیفوسوفسكى) بۆ فریاگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان كار بكات. واى لێهات كورِه‌كه‌م نه‌ناسمه‌وه‌. به‌یانییان كاتژمێر هه‌فت له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستا، بۆ ئه‌وه‌ى كاتژمێر نۆ بگاته‌ ئامۆژگه‌ و ده‌ست به‌كاره‌كه‌ى بكات. كه‌ بریتى بوو له‌دابه‌شكردنى ده‌رمان به‌سه‌ر نه‌خۆشه‌كاندا. تا كاتژمێر پێنچى ئێواره‌ بگه‌رِێته‌وه‌ ماڵ.( له‌كاتى شیوخواردندا یه‌كه‌م جار گوێم له‌ وشه‌ى "پیره‌كان" بوو، كه‌ زه‌مه‌نێكى دووره‌ هه‌موو شتێكییان بیرچۆته‌وه‌ ، كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ زانسته‌وه‌ هه‌یه‌) و هه‌روه‌ها چیرۆكى (كاركه‌ر) كه‌ (روخسارى نییه‌) و سرووشى دایه‌ ئێلیا بۆ ئه‌وه‌ى (گۆرانى به‌كاربه‌ر) دابنێت.


به‌ڵام چى سه‌باره‌ت به‌ شیعره‌كانى؟ شیعرى نوێى نه‌بوو، دواى چه‌ند تابلۆیه‌كى شكسپیریى سرنج راكێش، كه‌ ئێلیا له‌ ده‌فته‌رى رۆژانه‌ى خۆیدا نوسیبوون، راسته‌وخۆ و بێ ره‌شنووس ته‌نیا له‌ ماوه‌ى دوو رۆژدا، (بۆ زانین ئئێلیا شكسپیر و بایرۆنى به‌ ئینگلیزى ده‌خوێندنه‌وه‌ و هه‌ندێ جاریش ره‌خنه‌ى له‌ باسترناك ده‌گرت به‌وه‌ى وه‌رگێرِانه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌قه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ى یه‌ك ناگرنه‌وه‌) ئێلیا بێده‌نگ بوو. كاتێكیش پرسیارم لێكرد (چیدى شیعر نانووسى؟) به‌ گاڵته‌وه‌ پێى وتم : ( ئه‌گه‌ر كه‌سێك بۆ براده‌رایه‌تى داواى لێكردم.... ) به‌ڵام من دواى ساڵێك به‌ رێكه‌وت له‌ نێو كاغه‌زه‌كانیدا چامه‌یه‌كم دۆزییه‌وه‌ به‌ ناوى (كۆتایى) كه‌ ئێلیا تێیدا به‌ توندوتیژى ماڵئاوایى له‌ شیعر ده‌كات. هه‌رچه‌نده‌ دواتریش ده‌بنه‌وه‌ به‌ خوڵیاى شیعرى. له‌ ده‌فته‌رى رۆژانه‌یدا پاشماوه‌ى كۆمه‌ڵێكى ته‌واوى چامه‌ى فه‌لسه‌فى ده‌بینمه‌وه‌، به‌ڵام چامه‌ى (كۆتایى) ده‌بێته‌ دوا چامه‌ى. ( كانى شیعرى سیحراویم زۆر له‌مێژه‌، وشك بووه‌) ئێلیا ئه‌مه‌ى له‌ حوزه‌یرانى 1999 نوسیبوو.
24/ ئابى 1999 ئێلیا زوو له‌ خه‌و هه‌ستا، ده‌بوایه‌ كاتژمێر ده‌ بگاته‌ گه‌رِه‌كى (ستراگینۆ) له‌ مۆسكۆ. منیش ده‌بوایه‌ هه‌ندێ كار بكه‌م.پێكه‌وه‌ تێشتمان خوارد، بێده‌نگ بوو. جله‌كانى له‌به‌ر كردوو شته‌كانى به‌په‌له‌ كۆكرده‌وه‌.گیتاره‌ كاره‌باییه‌كه‌ى كرده‌ شانى، ته‌ماشاى ئاوێنه‌ى كرد. (تا ئێستاش ئه‌م دیمه‌نه‌م له‌ خه‌یاڵدا چه‌سپاوه‌)ئینجا به‌ره‌و رووى ده‌رگاى ده‌ره‌وه‌ رۆیشت، به‌دووى دا چووم : ( كه‌ى دێیته‌وه‌؟)له‌ لاى ده‌رگاكه‌ گووتى ( كه‌ى؟ دوا ده‌كه‌وم..)بۆ لاى مه‌سعه‌ده‌كه‌ رۆیشت.
بۆ به‌دبه‌ختیم ئه‌و رۆژه‌ له‌گه‌ڵ ئێلیادا نه‌بووم، دواى ئه‌م چركه‌یه‌ ئێلیام نه‌دیته‌وه‌.


وه‌ك براده‌ره‌كه‌ى (پیته‌ر) بۆى گێرِامه‌وه‌، برِیاریان دا مه‌ودایه‌ك له‌ رووبارێكى مۆسكۆ به‌ مه‌له‌وانى ببرِن، ئێلیا له‌ مه‌له‌وانى زۆر شاره‌زا نه‌بوو، به‌ڵام روحى شاعیرانه‌ى خوێنگه‌رمى ئێلیا خۆى و ئه‌وانیدیكه‌یشى باوه‌رِ پێ هێنا كه‌ مه‌له‌وانى باش ده‌زانێت. ( دواى ئه‌وه‌ دایكى پیته‌ر پێى گووتم،_ منیش برِواى پێده‌كه‌م_ چونكه‌ ئێلیا له‌ دوا رۆژدا له‌ ماڵى ئه‌و بوو، كه‌ ئێلیا زۆر دڵخۆش بوو، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ش واى لێكردبێت مه‌ترسییه‌كان له‌ بیر بكات.) دواتریش من له‌ شوێنێكى دیكه‌دا له‌سه‌ر تیپى (بیتلز) په‌یڤه‌كانى به‌رِێوه‌به‌رى كاره‌كانى لینۆن، ده‌خوێنمه‌وه‌ : ( هه‌رگیز لینۆنم وا دڵخۆش نه‌دیتبوو وه‌ك له‌ دوا رۆژى ته‌مه‌نیدا) منیش دیسان جارێكى دى سه‌رم بۆ حه‌تمییه‌تى رێكه‌وته‌كان داده‌نوێنم...
_________________________________

سه‌رچاوه‌: (الحوار المتمدن) ژماره ‌2746 له ‌ 22\8\2009

ماڵپه‌ڕی هۆشه‌نگ شێخ محه‌مه‌د