١\٦\٢٠١٦
ئەم بارگاویبوونە،
حونجە ناكرێ.

ئەرسەلان مەحمود
پێشكەش بە ''پێشەوا مەحمود''.
قەرەباڵغییەكە،
جگە لەبێدەنگییەكی قوڵ، سامناك،
جگە لەتەنهاییەكی كپ، دڵتەزێن، جگە لەبارانێكی وشك، نابینا، جگە لەخۆم،
خۆمێكی ڕووت، بەتەنافی نەرێتەوە، گەنجێتی لەدەفری هەتاو دەچۆڕێ،
لەتەوافی دڵتەنگییەوە، پیری دەبارێ لەباخچە!
خۆڵبارانە،
مەست بەتاڵاوی فرمێسك،
سست بەسەر شانی شكاوی شەقامەوە، پەست لەژەهری ژیان، جەنجاڵییەكە هیچ
دیار نیە، میز بەهیچدا دەكەم، دەست لەچاوەڕوانی دەشۆم، وەك گەڕیدەیەك
لەبۆشایدا، بەدوای مانادا، هەر دەڕۆم و ئاوڕ لەهیچ نادەمەوە!
لەدڵی
خۆدا، دەڵێم:
هەتا خەیاڵ دەبا، ئافاتێك، هەتا چاو بڕ دەكا، كەنارێك! پاڵ
بەشەپۆلەكانی مەرگەوە دەنێم، لەناو مەرگدا، لەسەر گۆنای ئاو بەفۆنتی با
دەنووسم: وەك بەفر ناتوێمەوە لەتۆدا، وەك باران ناخنكێیت لەمندا، خاو
دەبینەوە لەململانێ و، نقوم دەبین لەیەكتردا!
بڕژێ
لەدڵتەنگیم،
باپڕبم لەنیگەرانیت، ئەم بارگاویبوونە، حونجە ناكرێ، هەڵامەت بگری،
دەیگرمەوە، ناكرێ بەگومانەوە، لەخواردنەوەت نەڕوانم، نا! دەزانم حەز
ناكەی هێندە ئاڵۆزو سەر سەخت بم، متمانە پاشەكەوت ناكرێت، ئاو دەمبات!
تۆ،
بۆ پشوودانێك،
لم كۆ دەكەیتەوەو، لەخۆت دەڕوانی، منیش بەئەندازەی فڕین، خەریكم بیر
دەكەمەوەو، بۆ خۆر دەڕوانم، بەقریووەی نەوڕەسان بێت، بناری یادەوەری،
ئاوەدانییەك باڵدەگرێ، وێدەچێ لەهەڕاجكردنی نیشتماندا، حیكمەتێك هەبێ
و، ئیمە نەمانزانی بێت!
ئەوە
تۆیت دەملاوێنیتەوە؟!
ئەی مەحاڵتر لەسەفەر، ئەی میهرەبانتر لەئاسمان، شەیتانە گوناهەكەی
دڵنەوایی، ئەی سەرابیتر لەشەبەنگ و شكۆی ژیان، ئەوە تۆیت، سوێند
بەشەپۆلە سەر شێتەكانی ناخت، بەڕۆناكی چاوەكانت، خەو بەخەونەكانتەوە
دەبینم، ئەو ڕۆژە هەردێ داهۆڵەكانی سیاسەت، بەئەلف و بای درۆكانی
خۆیانەوە بسوتێن، ئەو ئاوەی بڕژێ، وڵاتی خۆی، بەجۆرێ بونیات دەنێتەوە،
نان و ئازادی و ئایندەی تیادا وەك ماف، وەك ئەوەی هەیە بەش بكرێت..
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|