په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ئەمجارەیان، بۆچى بەشدارى هەڵبژاردنەکان بکەین؟!


بەشدار عه‌لی 


بە نیاز نەبووم وەڵامى کاک نەجمەدین شێخ بزێنى بدەمەوە،بەڵام لەبەر ئەوەى دەسەڵاتى سیاسى لە کوردستان تەبلیغى هەڵبژاردنى پارێزگاکانیان گەرمتر کردووە بۆ پەلکێشکردنى خەڵک بۆ گاڵتەجارێکى تر،بۆیە بە پێویستم زانى زیاتر رۆشناى بخەمە سەر ماهیەتى هەڵبژاردن و هۆکارەکانى بایکۆت کردنى خەڵک و لە نێویشدا کورتە وەڵامێکى ئەکتەرێکى نوێى ئەو فیلمە بدەمەوە کە دەمێکە نمایش کراوە ئەمجارەیان بۆ پرۆڤەکەى کەس نەچوو بە لایەوە!


کاک نەجەددین شێخ بزێنى لە ووتارێکدا کە وەڵامى منى داوەتەوە رەخنە لە هەڵوێستى من دەگرێت کە باکۆتى هەڵبژاردنى پارێزگاکانم کردووە و بە هەڵوێستێکى سلبى دەزانێت و لە سوێدەوە داوامان لێدەکەن بچینە هەڵبژاردن.


من لە ووتارەکى پێشووتریش ئاماژەم بۆ ئەوە کردوە لە وڵاتێک کە یاسا و دەستورێک لە ئارادانەبێت،وەکو خۆى ووتەنى کیانێکى سەربەخۆ بوونى نەبێت،ئازادى و سەرەتاترین بنەماکانى خۆ کاندید کردن و پروپاگەندە مەترسى گەورەى بەدواوە بێت،باس کردن لە هەڵبژاردن تەنها سەرمەستکردنى خەڵکە و هیچیتر.


پێم سەیرە کاک نەجمەدین باس لە هەڵبژاردنێکى ئازادانە دەکات لە کوردستان!پارتى و یەکێتى تاکو ئیستا یەکتریان پێقبوڵ نیە و رۆژانە خروقات و مل شکاندنەکان و پیلانەکانى یەکتر وەکو رۆژى روناک لە هەولێر و سلێمانى هەستى پێدەکرێت،هەلەبجە داواى خزمەتگوزارى کرد بارووتیان دەرخوارد دان،سرێشمە داواى ئاوى کرد گوللەیان پێشکەش کردن،کەلار داواى کارەباى کرد زیندانیان نیشاندان.ئەى دیارە کاک نەجمەدین ئاگادارى ئەوە نیە هەر ئەو مانگە لە هەندێک شوێندا نان و موچەى خەڵکیان بە بارمتە گرت بۆ راپێچکردنى خەڵک بۆ ناو تۆمارکردن،رۆژانە نوسەران و رۆژنامەنوسان هەرەشەیان لێدەکرێت زیندانى دەکرێن و دەکەونە بەر رەحمەتى ئەو ئازادییەى کە تۆ شانازى پێوە دەکەیت.


لە بەشێکى نوسینەکەى کاک نەجمەدین رەخە لە ئەداى قسەکانى من دەگرێت و بە شێوەیەک پێم دەڵێت سەرەڕى بوونى کەمووکورى و گەندەڵى ،بەڵام کارى باشیش زۆر کراوە و پێویست بوو من باسى بکەین.


کاک نەجمەدین کارى من ئەوە نیە بۆیەکردنى شەقامێک و پڕکردنەوەى کەند و جۆمێک و بەرزکردنەوەى ئاپارتمانێک(کە من تا ژیانم ماوە بۆم نیە قاوەیەکى تیادا بخۆمەوە)،دورستکردنى تەکیە و خانەقایەک،بکەمە ماشێتى نووسینەکانم و ستایشى بکەم،لەلایەک ئەگەر حکومەت بەم کارانە هەڵسێت وەزیفەیەکى بچوکى خۆى جێبەجێدەکات و خەڵکى کوردستان شایەنى زۆر لەوە زیاترە و سامان و سەروەتەکەشى ئەگەر نەدزرێ کارى زۆر مەزنترى بەدوادەبێت،لەلایەکى تر ئەوە نیە پارتى و یەکێتى لەشکرێک ماستاوچى و کۆڵکە نوسەریان لە خۆیان کۆکۆدۆتەوە و دەزگاى زەبەلاحى راگەیاندنى گەورە گەورەیان دامەزراندنەوە لەگەڵ چاککردنەوەى هەر بۆریە ئاوێکى گەرەکێک هەزار و یەک مەنەت بەسەر خەڵکەوە دەکەن!بۆیە من کار لەسەر ستایش ناکەم و لەهەر شوێنێک کەموکوڕى و نارەزایەتى و گەندەڵى و رۆتین و نایەکسانى بێمافى هەبێت من لەوێم و رەخنە دەگرم،شکور هێندە خاڵى رەش هەن لەم مەملەکەتە هیچ رۆژێک بێکار نین و بە ئاسودەى خەومان لێناکەوێت و هەمیشە ویژدانمان ئازارمان دەدات!


کاک نەجمەدین دەڵێت(ئەم هەڵبژاردنە دیاریکردنى چارەنووسە!)،راست دەکەیت منیش درکم بەوە کردوە بۆیە بووە هەوێنى نوسینێکم،بۆیە پێیان دەڵێم خەڵکینە!چارەنوسێکتان نەوێت بێ ئاو و بێ کارەبا و بێ رێگاوبان،چارەنوسێک هەڵمەبژێرن بە گوللە و ئاسن وەڵامى داواو خواستەکانتان بداتەوە،لەگەڵ چارەنوسێک مەبن بازرگانى و سات و سەوداتان پێبکات،ئەو چارەنوسە رەفز کەنەوە کە جگە لە گەندەڵى و بێمافى و نایەکسانى مژدەیەکى ترى پێنیە،چارەنوسى دەرخواردنى دەرمان و خواردنى ئێکسپایەر هەڵمەبژێرن...،زەنگێک بۆ دەسەڵاتى خەوتوو لێبدەن و بڵێن ئێمەش دەمانەوێت وەکو بەرپرسەکان بژین.


کاک نەجمەدین وێدەچێت لەدوایى راپەرینى 91 کوردستانى نەبینیبێتەوە،ئەگەرنا چۆن هەستى بەم نارەزایەتە قوڵەى خەڵکى کوردستان نەکردووە کە قوڵپى و توڕەى و بێزارى خەڵک بەو پەڕى خۆى گەیشتووە و خەڵک لە شەقام نەفرەت دەکات،شۆرشگێران ئاخ و پەشیمانى هەڵدەکێشن،کاریزماکان ئەوانەى خەڵک لێیان دەترسا ئیستا بوونە بە نوکتە و قسەى خۆشى شەوانە!ئیستا ئەو نیشتمانە نەماوە کە تۆ لەنێو هزر و بیرکردنەوەى خۆت چێت کردووە باب و باپیرانمان بۆ ئازادى و سەربەخۆى نانى بەردەمى ئێمەیان دەدا بە پێشمەرگە و تا بەیانى جگەر گۆشەکانى خۆیان برسیدەکرد،ئیستا وەکو(عبدولقادر سەعید)لە(گوڕ غەریب)باسیدەکات(نیشتمان شتێک نیە جگە لە دەنکە تەزبێحى وەریوى سەرشەقامەکان،ئەو شەقامەى کەس ئاوڕ لە رێبواریت ناداتەوە،هەر دەنکێکى دەکەوێتە ژێر پێڵاوى کەسێکەوە)کەسێکیش شک نابەیت بۆ هۆنینەوەى!بە پێچەوانەى راکانى تۆ، وەرە بەیەکەوە گوزەرێک بەنێو شەقام و پاس و تاکسى و بازار و زانکۆکانى کوردستان دەکەین بزانە چ شتێک ماوە ئەو خەڵکە بە کوردستان ببەستێتەوە؟!وەرە یەک مانگ کێشە و رێگرى بۆ گەنجان دورست مەکە بزانە یەک گەنج لەم کوردستانە دەمێنێت؟!


لەبەشێکى ترى نووسینەکەى کاک نەجمەدین دەڵێت ئەو هەڵوێستە خزمەتکردنە بە بەرژەوەندى دوژمنان!،منیش دەڵێم کاکى برا ئەگەر رەخنەگرتن لە دەسەڵات و سیاسەتێک کە خەڵکى ناچار بە 2 سەعات کارەبا و تانکیەک ئاو کردووە،ئەگەر باسکردنى گەندەڵى و دزى و راووڕوتیەک کە ئیستا لە کوردستان بەرێوە دەچێت و( مایکڵ رۆبن) لەم سەرى ئەمەریکاوە هاوارى لێهەڵساو خۆى بۆ نەگیرا،ئەگەر هۆشیارکردنەوەى عەقڵیەتێکى دۆگما کە خەڵکى نقومى نەزانى و نەفامى کردووە...،دوژمنەکان بەهێز بکات و هەرەشە بێت بۆ دەسەڵاتێک کە دوو دەیەیە خۆى بە حکومەت دەزانێ و شانى خۆى لە هەموو خزمەتگوزارییەک و بەرپرسیاریەتیەک خاڵى دەکاتەوە، کاک نەجمەدین پێویستە لەگەڵ من گومانێک داتبگرێت،ئەوە چ حکومەت و دەسەڵاتێکى بە گوتنى راستیەکان لاواز و لەباردەچێت!!!


لە کۆتاییدا بە کورتى وەڵامى چەند رستەیەک دەدەمەوە ئەگەر دەرفەت بوو لە فرسەتێکى تر قسەیەکى تریانلەبارەوە دەکەین.


کاکى برا کەسێک لە ئەوروپا چى پێویستى بەوە هەیە بچێت خانووى تەجاوز دورست بکات لەگەڵ وەرگرتنى جنسیەکەى سۆسیال و خانوو بەرەى گونجاو و ئاو و کارەبا و زۆر شتى ترى بۆ دابین دەکرێت،ئەوە من نیم حەزم لە بەرەلڵایى و سەرەڕۆییە،بەڵکو ئەوە دەسەڵاتى کوردییە خەڵک ناچار دەکات بە خانوەکى قورین و و لە کەند و کەلەبەرەکان کەلاوەیەک دورست بکات،ئەگەر دەسەڵاتى کوردیش وەکو ئینسان سەیرى هاوڵاتیانى خۆى بکات وەکو وڵاتانى ئەوروپا،خەڵکیش ناچار نیە لە نێو دەشت و دۆڵ لەگەڵ مار و دوپشک مناڵەکانى بخەوێنێ.


ئیتر من لەوپەڕى دڵسۆزیمەوە قسە دەکەم و تەنها ئێش و ئازار و کێشەکانى خەڵکى کوردستان دەمجوڵێنێ،لە هەوڵى بەردەوامیش دام بۆ گۆڕینى هەموو ئەو سیستەم و سیاسەت و بەرنامانەى دەیەوێت دەست و پەنجەى مرۆڤەکان بگرێت بۆ گۆڕانکارى.