په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٧\٢٠١٤

ئەم جارەیان چی لێدەکەوێتەوە؟

سوارە کەمال     

ئەگەر شی و شرۆڤەی دایەلۆگ و دان و ستاندنەکانی حیزبەکان بکەین سەرجەمیان لێکەوتەی نایەتی بەدوادا هاتووە.

لە سەردەمی بیستەکانی سەدەی رابردووی گەرێن، تەنها لە " شورشی " ١٤ تەموزی ساڵی ١٩٥٨وە، واتا لە گەڵ گۆرینی سیستەمی پاشایەتیەوە بۆ سیستەمی کۆماری بروانین، دەبینرێت حیزبی کوردی هەمیشە سێرەی لەسەر دیالۆگ و پێکەوە ژیان لەگەل نەتەوەی باڵا دەست کە عەرەبە کردووە ، بەردەوام ویستوویەتی بە رێگای دانوستاندن لە گەل حکومەتی ناوەنددا بگاتە خواستەکانی ، بەڵام تا ئەم ساتەش وێرای ئەوەی خەڵکی کوردستان کەمتەرخەم نەبوونە ، و بەردەوامن لە پشتوانی و قوربانی دان ، کەچی حیزبەکان نەیان توانیوە ئەم مللەتە بگەینن بە ئامانجی لە مێژینەی کە سەربەخۆیى و پێکهێنانى دەوڵەتە.

دانوستاندن و لێکەوتەکان:


١- سەرۆکی پارتی (مەلا مستەفا) له‌ ٢٦ی أكتوبر ١٩٥٨دا گه‌ڕایه‌وه‌ عێراق، لە لایەن حکومەتی عبدالکریم قاسم ەوە پێشوازی لێکرا، بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگا چارەیەک بۆ دۆزی کورد، وێرای ئەوەی پێک نەهاتن، لە ١٤/٧/١٩٥٨دا ، بە هۆی رووداوێکەوە شەر خزێنرایە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک (٢٧ تورکمان و ٣ کورد بونە قوربانی) ئەمەش بووە هۆکارێکی یارمەتی دەر بۆ شێواندنی پردی پەیوەندی نێوان سیاسیەکانی کوردو تورکمان، کە تاکو ئێستاش تورکمانە سیاسیەکان وەک کارتێک لە نێوخۆو دەرەوەی عیراق بە کاری دەبەن .

٢- لە رێکەوتی ١١/٢/١٩٦٤دا عەبدولسەلام عارف، لە هەموو بەرەکانی شەردا بریاری ئاگربەستیدا، رێکەوتننامەی لەگەل کورد راگەیاند، دیسانەوە ئەمەشیان سەری نەگرت ، فەرهودکردنی ماڵە کوردو دوو گوتاری و لێکترازانی سیاسیەکانی کوردیبە دوای خۆیدا هێنا.

٣- لە ٢٩/٦/١٩٦٦ لە لایەن عبدالرحمان بەزاز، پێشنیاری ١٢ ماددەیی دەکرێت، ئەمەش سەر نەگرت، و سەنگەرگرتنی کورد لە یەکتری بەدوای خۆیدا هێنا.

٤- ساڵی ١٩٧٠سەردەمی ئەحمەد حەسەن بەکر، رێکەوتنی ١١ ئازار راگەیندرا، دیسانەوە سەری نەگرت، و تەپڵی شەڕ لێدرا ، وێرای ئەوەی بە هەزاران کەس ئاوارەی وڵاتانی دنیا بوون، لە هەمان کاتدا بێ هیوایی بۆ سەرجەم بەشەکانی کوردستانی بەدوای خۆێدا هێنا.


(ئەم رابردووە ، لە مێژووی سیاسی و خەباتی چەکداری ، بەدەرجەی سەرەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لێ بەرپرسە، راستە ئەو سەردەمە قیادەی مەرکەزی و بەشێک لە لایەنگرانی کۆمەڵەی رەنجدەران لە ساڵی ١٩٧٤ دا لە شاخدا هەبوون و .. هتد ، یەکەمیان بۆی نەبوو بەشداری خەباتی چەکداری بکات ، دوومشیان زۆر بە نهێنی کاری رێکخستنێ دەکرد ، کەواتە شاخ لە ژێر کۆنترۆلی پارتی دیموکراتی کوردستان دا بوو. سەر ئەنجام خەباتی چواردە ساڵ لە قوربانی دان، بە رێککەوتننامەی جەزائیر لە نێوان عێراق و ئێران کۆتایی بەو بزوتنەوە هات).

٥- بە نا فەرمی لە ساڵی " ١٩٧٧" دا بەغداد داوای ناردنی نوێنەری لە یەکێتی کرد بوو ، درێژەی نەکێشا، کارەساتی هەکاری بەدوای خۆیدا هێنا.

٦- لە ساڵی ١٩٨٣-١٩٨٤ یەکێتی بە فەرمی کەوتە دانوستاندن لەگەل رژێمی بەعس، (پارتی نەک بەشدار نەبوو ، بەڵکو بە رێگاو ئاسانگاری جاشەکانەوە، چەندین زەبری لە کادرانی یەکێتی وەشاند)، ئەمەشیان سەری نەگرت، لە ئەنجامدا رژێمی بەعس بە گازی کیمیایی کیمیابارانی زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستانی کرد ، و دەستی بە ئەنفالکردنەوەی کورد کردەوە.

٧- پاش راپەرینی ساڵی ١٩٩١، بەرەی کوردستانی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، حیزبی شیوعی عێراقی - هەرێمی کوردستان،و حیزبی سوسیالیستی کوردستان، حیزبی سوسیالیستی کورد، حیزبی گەلی دیموکراتی کوردستان وحیزبی زەحمەت کێشانی کوردستان) دەستیان بە دان و ستاندن کرد لە گەل رژێمی بەعس لەمشیاندا نەگەیشتنە ئەنجام. له‌ ٢٦\١٠\١٩٩١دا رژێمی بەعس ده‌ستى كرد به‌كێشانه‌وه‌ى داموده‌زگا ئیداریه‌كان ، ویرای ئەوەی بووە هۆکاری تێکچوونی بژێوی و گوزەرانی خەلکی کوردستان، بەڵام دۆخی سیاسی کوردی بەرەو پێش برد.

٨- لە ساڵی ١٩٩٦ دا پارتی دیموکراتی کوردستان بە پشتیوانی رژێمی بەعس پەلەماری پایتەختی هەرێمی کوردستانی دا، سەرجەم ئەو لایەنە سیاسیانەی لە هەولێردا بوون کەوتنە بەر پەلەماردان ، ئەمەش بۆە هۆکارێک بۆ وونبوونی متمانەی نێوان کوردو سەرجەم ئۆپۆزسیۆنەکانی رژێمی بەعس ، لە هەمانکاتدا بووە فاکتەرێک کە یەکێتی زۆر زیاتر لە رابردوو نزیک بکاتەوە لە ئێران و پارتێش بێدەنگتر بکات بەرانبەر بە رژێمی بەعس و لە هەمان کاتدا بیبەستێتەوە بە تورکیا.

٩- لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ وە ، رژێمی سەدام رووخا ، بە هەموو پێوەرێک دەرفەتێکی باش هاتە پێش حیزبە کوردیەکان ، بەبەراورد لە گەڵ ساڵانی پێشوو زۆر جیاواز بوو، دەتوانرێت بگوترێت کورد خاوەن هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆ بوو، بەشەکانی تری کوردستانش چاوەروانی گواستنەوەی ئەم دەرفەتە بوون، بەرەو جێگیرکردنی سەرجەم ئەو پێگانەی کوردستان بەرەو سەربەخۆبوون دەبات، ببات ، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوەی دەبوو حیزبە کوردیەکان بۆ کوردستانی بکەن، بۆ ناوەندیان کرد، لە جێگای پاکسازی و چاکسازی لە پەیکەری دەسەڵات ، لە ناوخۆی هەرێمدا، کەوتنە دروستکردنی دامەزراوەکانی بەغداد و باشترین دەرفەتیان لە دەست کورد دا.

ئێستاکەش ، بە پێی شی و شرۆڤەی واقعی حاڵ بێ ، لە رێکەوتی ١٠/٦/٢٠١٤ بەدواوە بریاردان لە سەر چارەنووسی باشووری کوردستان، بەشی زۆری کەوتووتە ئەستۆی حیزبە کوردستانیەکان. لە هەمان کاتشدا ئەوەی بۆتە پرس و ترس ، لە ناوخۆی هەرێمدا ، هەڵوێست و گوتاری حیزبەکانە ، ئەگەر بە یەک گۆتاری یەکگرتوو کار نەکەن ،دەبێ ئەم جارەیان چی لێکەوتەیەکی بەدواوە بێ؟
 

 

swarekemal@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک