په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٦\٢٠١٦

ئەم جارەیان کورد و (سایکس بیکۆ)یەکى خۆماڵى.

سەڵاح حەمەئەمین  

 
لەدواى ئازادکردنى شارى کەرکوک لە رێکەوتى ١٠/٤/٢٠٠٣دا و روخاندنى رژێمى (توتالیتاریا) ى بەعس ، بەمەبەستى دژایەتى کردنى کورد و ئاڵا پیرۆزەکەى کوردستان لە شارى کەرکوکدا ، لە سەرەتاى مانگى ئەیلوولی ٢٠٠٣دا عەرەبە هاوردە شۆڤینیەکان لەگەڵ هەندى لە تورکمانەکانى نیو ئەنجومەنى پاریزگاى کەرکوک پرۆژەیەکیان سەبارەت بەدروستکردنى ئاڵایەکى تایبەت بەشارى کەرکوک خستە بەردەستى (هیزەکانى هاوپەیمانان) لە شارى کەرکوکدا . لەوکاتەدا هەردوو حزبە باڵادەستەکەى کوردستان لە شارى کەرکوکدا درکیان بە مەترسی ئەو پرۆژەیە لەسەر دوا رۆژى ئەم شارە دیرینەى کوردستان و خەونى چەندین ساڵەى کوردانى کەرکوک بەمەبەستى گەڕانەوەى شارەکەیان بۆ ئامیزى کوردستان نەکرد ، ئەفسوس ئەوە بوو بڕیارى بەشدارێکردنیان لە لەگۆڕنانى ئەو خەونەدا کە هەزارەها شەهید لەپیناویدا خوینیان بەخشیوە . بۆ ئەو مەبەستەش داوایان لەهەردوو رێکخراوە هونەرییەکەى کوردستان لەکەرکوک ( ناوەندى کەرکوکى یەکێتی هونەرمەندانى کوردستان و لقی کەرکوکى سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان ) کرد کە ژمارەیەک لە شێوەکارەکانیان بەشدارى لە دروستکردنى ئاڵا بۆ شارى کەرکوک بکەن ، لەو کاتەدا بەندە وەک سەرۆکى ناوەندى کەرکوکى یەکێتی هونەرمەندانى کوردستان بەرەنگارى پرۆژەیەى دروستکردنى ئەو ئاڵایە بوومەوە ، بۆ مێژووش ئەوە ئەڵیم کە براى ئازیزم هوشیار ئەحمەد ئەسوەد وەک سەرۆکى لقی کەرکوکى سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان پاڵپشتى خۆى بەمەبەستى کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى دروستکردنى ئەو ئاڵایەى بۆم راگەیاند ، هەروەها هونەرمەندى شێوەکار و رۆژنامەنووسی کریستیانى فوئاد ئودیشو داود لەسەرەتاوە بەهەموو توانایەکیەوە لەگەڵمدا کارى بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو پرۆژەیە کرد . شایانى ئاماژەپێکردنە لەسەرەتادا هەردوو حزبە باڵا دەستەکەى کوردستان لە شارى کەرکوکدا داوایان لیکردین بەهەموو توانایکمانەوە کار بۆ هەڵوەشانەوەى ئەو پرۆژەیە بکەین و ئەگەریش نەکرا ئەوە پیویستە هەوڵى ئەوە بدەین کە ئەو ئاڵایەى بۆ شارى کەرکوک هەڵئەبژیردریت هیماو گوزارشتەکانى لە هیماو گوزارشتەکانى ئاڵاى پیرۆزى کوردستانەوە نزیک بیت وەیا هەڵگرى هەمان رەنگەکانى ئەو ئاڵایە بیت ، بەش بەحاڵى خۆم ئەو رایەیانم بەئەستەم بینی و لەلایەن خۆمەوە ئەو بیرۆکەیەم رەتکردەوە ، بەهۆى ئەوەى لە دیدى خۆمەوە هەرچ گۆڕانکاریەک بەسەر ئاڵاى کوردستان بیت ئەوە هیڵی سوورەو خیانەتیکى گەورەیە لەمەڕ ئەو ئاڵایەو خۆینى هەزاران شەهیدى رێگاى رزگارى خوازى کوردستان ، ئەوە بوو دواى پتر لە ١٠ رۆژ لە کارکردنى بەندەو هونەرمەندى شێوەکار فوئاد ئودیشو داود بەمەبەستى هەڵوەشاندنەوەى پرۆژەى دروستکردنى ئاڵا بۆ شارى کەرکوک ودواى ئەوەى هەنگاوەکانمان بەمەبەستى هەڵوەشاندنەوەى یەکەم هەنگاوى نەیارانى کورد بەمەبەستى دابڕانى کەرکوک لەئامیزى کوردستان لەئەنجامى هەڵوەشاندنەوەو لەگۆڕنان نزیک بووەوە ، بەر لەچەند رۆژیک لەو وادەیەى دەستنیشان کرابوو بەمەبەستى هەڵبژاردنى یەکێک لەو سکیچانەى بڕیار وابووبخرینە بەر دەستى ئەو لیژنەیەى ئەو ئەرکەى گرتبووە ئەستوو کە پێک هاتبون لە چەند ئەندامیکى ئەنجومەنى پاریزگاى کەرکوک و نوینەرى هیزەکانى هاوپەیمانان لە شارى کەرکوکدا ، نووسراوێک لەلایەن بەرپرسێکى باڵاى یەکێک لە حزبە باڵادەستەکانى کوردستان لە شارى کەرکوک ئاراستەمان کرا و تیدا ئەو بەرپرسە داواى کردبوو کارى جدى بەمەبەستى دروستکردنى ئاڵاى شارى کەرکوک بکەین ، بەڵام من ئەو بڕیارەم رەتکردەوە و سووربوونى خۆم لەسەر هەڵوەشاندنەوەى ئەو پرۆژەیە راگەیاند ، ئەوە بوو لە کۆتاییدا خۆشبەختانە توانیمان ئەو پرۆژەیە هەڵبوەشینینەوە .... هەوڵەکانى نەیارانى کورد بەمەبەستى دابڕانى کەرکوک لە ئامیزى کوردستان لەو ئاستەدا نەوەستا و دواى چەند ساڵیک لە هەڵوەشاندنەوەى پرۆژەى ئاڵاى شارى کەرکوک و تا ئەم دەمە نەیارانى کورد کار بۆ لەباربردنى خەونى چەندین ساڵەى کورد بەگشتى و کوردانى کەرکوک بەتایبەتى ئەکەن ، بۆ ئەو مەبەستەش چەند ساڵێکە ( بەرەى تورکمانى ) لەشارى کەرکوکدا بەهەموو توانایەکیەوە دژایەتى کورد و گەڕانەوەى ئەم شارە بۆ سەر هەرێمى کوردستان ئەکات و بەهەموو توانایەکیەوە کار بۆ ئەوە ئەکات کە شارە دیرینەکەى کوردستان کەرکوک بکریتە هەرێمێکى سەربەخۆ و بەڕاشکاوانە لەچەندین بوونەدا ئەوەیان راگەیاندووە.

 
بەداخەوە کارەکە لەو ئاستەدا نەوەستا و هەتى ئەهات دەنگى ئارەزوو هەوڵدان بەمەبەستى (بوونى کەرکوک بەهەرێمێکى سەربەخۆ) زیاتر تەشەنەى کرد و ماوەیەکى زۆرە تەنانەت ئەو دەنگە لەناو خودى کوردى ئەم شارەشدا سەرى هەڵداوەو بوونى هەیەو رۆژ لەدواى رۆژیش روو لە زيادبوون ئەکات ، ئەوەش بیگومان چەندین هۆکارو کاردانەوەى تایبەت بەشارى کەرکوک و هەرێمى کوردستان لەپشتییەوە بوونى هەیە . گەر ئیمە تێڕوانێنیکى هەمە لایەنەو و بی لایەنانە بۆ ئەزموونى چارەکە سەدەیەک لە حوکمڕانى هەرێمى کوردستان لەلایەن خودى کورد و هەردوو حزبە باڵادەستەکەى کوردستانەوە بکەین ئەوە بیگومان دەبینین ئەزموونێکى هیندە تاڵ و خۆیناوییە کە هیچ تاکێکى کورد بەلایەنگرانى هەردوو حزبەکەشەوە پییان قوت نادریت و قیزى لیدەکەنەوە کەبەداخەوە ئەو مێژووە چەندین ئەزموونى تاڵ و نشوستى سیاسەتى حوکمڕانى خودى کورد لە خۆئەگریت،کە تا ئەم دەمە تاکى کورد باجەکەى ئەدات لەوانە وەک نموونە ... شەڕى ناوخۆ ... خۆبەگەورەزانین ...قبوڵ نەکردنى یەکتر ... قورغکردنى دەسەڵات ... گەندەڵى تاسەر ئیسقان ... گەمەکردن بەقوتى هاووڵاتیان ... نان بڕین ... کپ کردنى دەنگى ناڕەزایی ... تیرۆرکردن ... پەلەکیشکردنى هیزى سەربازى وڵاتانى دراوسی بەمەبەستى دریژەپیدانى دەسەڵاتى حزب و لایەنیک ... ئەزموونى دووئیدارەیی کەتائەم دەمە باڵى بەسەر هەرێمى کوردستاندا کیشاوەو مەترسی دووبارە بوونەوەشى لیدەکریت ... سەرەڕاى ئەمانەش لەم دواییەشدا پەک خستنى پەرلەمانى کوردستان برینەکانى کوردو ئەزموونى حوکمڕانى کوردى قوڵترکردەوە.


بەداخەوە ئەمانەو چەندین هۆکارى تر وايانكردووە کەرکوکیەکان بەگشتى و کوردى ئەم شارە دیرینەى کوردستان بەتایبەتى هەزاران هەڵوەستە لەسەر گەڕانەوەى کەرکوک بۆ ئامیزى کوردستان بکەن . لەگەل ئەوەشدا دەسەڵاتى کوردى بەهیچ جۆرێک کارى جدى بۆ گەڕانەوەى کەرکوکى ( قودس و دڵى کوردستان ) بۆ ئامیزى کوردستان نەکردووە و تەنانەت کارى بۆ ئەوەش نەکردووە کە کوردانى ئەم شارە وەک مافیکى نەتەوەیی خۆیان بەشدارى لە دەنگدان بۆ پەرلەمانى کوردستان بکەن و نوینەریان لەو پەرلەمانەدا هەبێت ، بێگومان ئەوەش وەک ئاشکرایە زیاتر بۆ راگرتنى باڵانسی هیزى سیاسی و زۆرینەو کەمینەى حزبەکانى کوردستان ئەگەڕیتەوە ... سەرەڕاى ئەمانەش گەندەڵى تاسەر ئیسقان لەشارى کەرکوکدا کەئیدارە کوردییەکەى ئەم شارە تیوەى گلاوە هۆکارێکى ترە لەوەى خەڵکى کەرکوک سڵ لە گەڕانەوەى ئەم شارە بۆ ئامیزى کوردستان حوکمڕانى کورد بکەنەوە . لەگەڵ ئەوەشدا ئومیدى کوردى کەرکوک بەدوارۆژو گەڕانەوەى ئەم شارە دیرینەى کوردستان بۆ ئامیزى کوردستان خامۆش نەبووەتەوە بەڵام کزى و هەڵوەستەکردنیکى بەرچاۆى پیوەدیارە . ئەمەش وایکردووە خەڵکى کەرکوک بەگشتى و بەشێکى زۆر لە کوردى ئەم شارە بیر لەرێگا چارەیەکى تر بۆ دوارۆژى ئەم شارە بەدەر لەمانەوەى لەژیر ئاڵاى عیراق وەیا گەڕانەوە بۆ سەر هەرێمى کوردستان وەیا بوون بە هەرێمێکى سەربەخۆ بکەنەوە ، ئەوەش خۆى لەوەدا ئەبینیتەوە ، بەهۆى ئەوەى شارى کەرکوک بەپیچەوانەى شارەکانى ترى هەرێمى کوردستان تایبەتمەندى خۆى هەیە و سەرەڕاى نەتەوەى کورد نەتەوەى تورکمان و عەرەبی رەسەنى کەرکوک و هەروەها کلدوئاشوریشی تیدا ئەژیت ، کەگرنگە کورد رچاوى ئەم لایەنە بکات و کار بۆ رەوینەوەى ئەو ترس و دڵەڕاوکییە بکات و ئەوە بسەلمینى کە هیچ نەتەوەیەک لەم شارەدا و بەهیچ جۆریک هەست بەوە نەکات کەلەکاتى گەڕانەوەى کەرکوک بۆ سەر هەرێمى کوردستان لەشارى کەرکوک و هەرێمى کوردستاندا ئەبنە کەمینەو هیچ حسابیکیان بۆ ناکریت ، هەروەها ئەو حاڵەتانەى لەمەوبەر ئاماژەمان پیدا کە هەرێمى کوردستان تیوەى گلاوە لە شەڕى ناوخۆ و گەندەڵى .................هتد هۆکارێکى ترن لەهەڵویست وەرگرتنى نەتەوەکانى ترى ئەم شارە بەرامبەر بەگەڕانەوەى کەرکوک بۆ ئامیزى کوردستان . ئەستەمە هیچ تاکێکى کورد بەگشتى و کوردى کەرکوک بەتایبەتى بیر لە دابڕانى هەتى هەتایەى کەرکوک لە کوردستان بکاتەوە ، بەڵام وەک لەمەوبەر ئاماژەمان پیدا بەهۆى تایبەتمەندى ئەم شارەو ئەو ئەزموونە تاڵەى کە کوردستان لەماوەى حوکمڕانى خودى کوردا پیدا تیپەڕیوە پیویستە ئەم شارە بە تایبەتمەندى و سەربەخۆییەکى ئیدارى و دارایی و سیاسییەوە ( حوکمى خۆ بەڕیوەبردن ) بگەڕیتەوە سەر هەرێمى کوردستان کە خودى خەڵکى رەسەنى کەرکوک تیدا خاوەن بڕیار و چارەنووس و بەڕیوەبردنى ئیدارى و دارایی و سیاسی ئەم شارە بیت و دەرفەت بدریتە نەتەوەکانى ترى شارى کەرکوک نوینەر ورۆڵیان لە پەرلەمان و حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئیدارەى شارى کەرکوکدا هەبیت.


پيويستە بەرپرسانى کورد لەشارى کەرکوک و حزبە باڵادەستەکانى کوردستان بەر لەوەى بڕیار لەسەردوا رۆژى کەرکوک وەیا بەهەرێم بوونى کەرکوک بدەن تاوتوو هەموو لایەنەکانى ئەو بیرۆکەیە بکەن ، وەک ئاشکرایە و لەمەوبەریش ئاماژەمان پیدا ( بەرەى تورکمانى) و چەند لاییەنیکى عەرەبی لە شارى کەرکوکدا چەند ساڵیکە کار بۆ بەهەرێم بوونى کەرکوک ئەکەن و لەو بوارەشدا تورکمانەکان کار بۆ ئەوە ئەکەن ( خورماتو و چەند شوینێکى ترى تورکمان نشین ) بکەنە پاریزگا ، هەروەها عەرەبەکانى کەرکوکیش کاربۆ ئەوە ئەکەن ( حەویجە و ریاز و عەباسی و چەند شوینیکى ترى عەرەب نشین ) بکەنە پاریزگا ، ئەم هەوڵانە هەنگاوێکى مەترسیدارە لەسەر دوارۆژى ئەم شارە ... سەرەڕاى ئەمانەش لاى هیچ کەسیک شاراوە نیە کە بەهۆى سیاسەتى دژایەتیکردنى کورد و بەمەبەستى کەم کردنەوەى رێژەى کورد و سنوورى جوگرافیای کەرکوک رژێمى لە ناوچووى بەعس لە ساڵی (١٩٧٥)دا چەند شارو شارەدێ و دێى لە پاریزگاى کەرکوک دابڕاندو خستیە سەر پاریزگاى سلێمانى . لەدواى ئازادکردنى شارى کەرکوک لە ساڵى (٢٠٠٣)دا دەسەڵاتى کوردى لەم شارەدا وەک (ئەزعەفو ئەلئیمان) بەهەموو تواناێکیەوە کارى بۆ ئەوە کرد کە کوردى دانیشتووى ئەو شارانە فۆرمى خۆراکیان بۆ نیو شارى کەرکوک بگوازنەوە کە زۆربەیان تا ئەم دەمەش هەر لەو شارانەى خۆیاندا ماونەتەوە و دانیشتووى شارى کەرکوک نین وهیچ ئامادەییکیشیان تیدا نیە بگەڕینەوە نیو شارى کەرکوک ، ئەم حاڵەتەش خۆى لەخۆیدا مەترسییەکى ترە لەکاتى ئەگەرى بە هەرێم بوونى کەرکوک رووبەڕووى کورد ئەبیتەوە ، پیویستە لەسەردەسەڵاتى کوردى کارى جدى بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى دابڕانى ئەو شارو شارەدییانە بکات کەلەکەرکوک دابڕاون , شایانى ئاماژەپیکردنە لە هەردوو حاڵەتى ( بە هەرێم بوونى کەرکوک وەیا بوونى بەئیدارەیەکى سەر بەخۆ ) پیویستە کورد رچاوى ئەو گرفتە ترسناکە بکات.

 


salah1325681@gmail.com




 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک