٥\٩\٢٠٢١
ئەمەریکا لە
پرۆسێسی بوون بە ژمارە دوودا.

عامر سابیر
پرۆفیسۆر کیشور مەحبوبانی١ کە دیپلۆمات و
ئەکادیمیستێکی سەنگافورییە. خاوەنی چەندین کتێبە، بەتایبەت دەربارەی
چین و وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ئاسیا ئەنووسێ. مەحبوبانی پێی وایە کە تا ساڵی
٢٠٣٠ چین پیش ئەمەریکا ئەکەوێت و ئەبێت بە یەکەم ئیقتیسادی گەورەی
دنیا.
لە ساڵی ٢٠٠٠ دا ئەمەریکا ٥ ترلتۆن دۆلار قەرزاربوو، بەڵام لە ساڵی
٢٠١١ دا ئەم قەرزە (ناشناڵ دێت) بوو بە ١٤ ترلیۆن دۆلار. وە لە ٢٠٢١ دا
(ناشناڵ دێت)ی ئەمەریکا بەرزبۆوە و بووە بە نزیک بە ٢٨ ترلیۆن دۆلار.
کە ئەمە بەرزبوونەوەیەکی زۆر خەیاڵییە تەنھا لە ماوەی ١٠ ساڵدا٢.
مەحبوبانی ئامۆژگاری ئەمەریکا ئەکات و ئەڵێت لە ئێستادا کە ئەمەریکا
ژمارە یەکە، ئەبێت وەک نموونە (ڕۆڵ-مۆدڵ) خۆی پیشانبدات بۆ چین و بە
شێوەیەکی عاقڵانە ڕەفتار بکات و ڕێز لە یاسا نێونەتەوەییەکان بگرێت. تا
لە سبەی ڕۆژدا کە چین بوو بە ژمارە یەک، ئەویش بە شێوەیەکی عاقڵانە
ڕەفتار بکات.
دۆناڵد ترامپ (سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا) و جۆزێف بایدن (سەرۆکی ئێستا
ئەمەریکا) ھەردووکیان بە شێوازی جیا جیا بەرگری لە مەوقعی ئێستای
ئەمەریکا ئەکەن. جارێک بە ئینکاری ڕۆچوون بۆ بوون بە ژمارە دوو. وە
جارێک بە ھەڕەشە و شەڕ، بۆ مانەوە لە ژمارە یەکدا. ھەوڵەکانی ترامپ بێ
ھودە بوو، وە ئەمەی بایدنیش بێ ئەنجام ئەبێت. ھەرچەندە ئەوەی بایدن
ئەیکات ئەتواندرێ زیاتر خەڵکی پێ ئیقناع بکرێ وەک لەو گەمژەییانەی کە
ترامپ کردی و زیاتر ئەمەریکای بردە دواوە.
محبوبانی پێی وایە کە چین، وەک یەکێتی سۆڤییەت نییە و چین ھەرگیز ھەوڵی
ئەوەی نەداوە و نادات کە ئایدۆلۆژیای حیزبی کۆمۆنیست بنێرێ بۆ وڵاتانی
دەرەوە و ھەوڵی دروستکردنی حیزبی کۆمۆنیست لە وڵاتانی تردا بدات. وە
پێی وایە کە ئەمەریکا و ڕۆژئاوا پێویستە کە سوپاس گوزاری حیزبی
کۆمۆنیستی چین بن. چونکە وەزعی چینیان ئارام ڕاگرتووە و کۆنترۆڵیان
کردووە. وە پێی وایە ئەگەر لە جیاتی حیزبی کۆمۆنیست، ناسیۆنالیستەکان
بێنە سەرحوکم، ئەوا زۆر شت لە ڕۆژئاوا قبوڵ ناکەن و دنیا لەوەزعێکی
نائارامتر و خەتەردا ئەبێت.
جۆ بایدن لە ٢٠١٤ دا کاتێک کە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا (باراک ئۆباما)
بوو، لە وتارێکیدا لە کۆڵۆڕادۆ گاڵتە ئامێزانە ئەڵێ چین ٦ بۆ ٨ جار
زیاتر لە ئێمە ئەندازیار و زانا پێئەگەیەنێ٣.
وە درێژەی پێ ئەدات و ئەڵێ بەڵام چالێنجی ھەر کەسێک ئەکەم، کە تەنھا
یەک پرۆژە، یەک گۆڕان، یەک بەرھەم کە داھێنانی چین بێ، پێم بڵێ.
پاسکاڵ کۆپن٤ کە خەبیرێکی کاروباری چینە
و بە ڕەچەڵەک بەلجیکییە و خاوەن بەرنامەیەکە بە زمانی ئینگلیزی کە
تایبەتە بە چین، بەناوی تێڕوانینی پاسکاڵ بۆ چین (پاسکاڵس چاینە لێنز).
پاسکاڵ سەرسوڕمانی خۆی لەو ئیدیعا بێبناغەیەی بایدن لە ساڵی ٢٠١٤ دا
پیشان ئەدات و ئەڵێ لە ٢٠١٤دا تەنھا لە شاری شنزن، کە ئەم شارە یەکەمیش
نییە بۆ داھێنان لە چیندا. بەڵام چوار کۆمپانیای گەورەی تێدابووە کە
داھێنانی چین بووە و باشترین و سەرکەوتووترین بوونە لە جیھاندا، کە
ئەمانەی خوارەوە بوون؛
Huawei (Chinese Multinational Technology Company)
Tencent (is a world-leading internet and technology company based in
Shenzhen)
BYD “Build Your Dreams” (a Chinese manufacturing company)
BGI Group “Beijing Genomics Institute” (genome sequencing company)
بەڵام لە ٢٨/٠٤/٢٠٢١ دا، ھەر جۆ بایدن خۆی کە سەرۆک کۆمارە و لە یادی
١٠٠ رۆژەی دەستبەکاربوونیدا لە وتارەکەیدا بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا (ستەیت
ئۆف زە یونیان سپیچ)٥ وتی؛ لە دە ساڵی
داھاتوودا گۆڕانکاری زۆر گەورە ڕووئەدات کە لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا
ڕووینەداوە لە مەیدانەکانی (ئارتیفیشێڵەڵ ئینتلجینس، بایۆ تیک و
ئینۆڤەیشندا (داھێنانی نوێدا)). وە وتی ئێمە لە دوای وڵاتانی تری
جیھانەوەین و لەگەڵ چیندا لە پێشبڕکێداین بۆ بردنەوەی سەدەی ٢١.
ھەروەھا وتی ھەرکەس خاوەنی ١٠ ساڵی ئایندە بێ، ئەوە ئەبێت بە گەورەترین
ھێز(سوپەر پاوە)ی جیھان. بایدن لە ٢٠١٤ دا گاڵتە بە چین ئەکات یان بۆ
مەبەستی تر نایەوێ ڕاستییەکان ببینێ. بەڵام لە ٢٠٢١ دا ئەڵێ لە
دواوەین!
لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا چین گۆڕانکاری گەورەی کردووە. بە تایبەت لە
بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریدا سەروەتێکی خەیاڵیان سەرفکردووە. پاسکاڵ
ئەڵێ چینییەکان وتەیەکی زۆر کۆنیان ھەیە کە ئەڵێن " بۆ ئەوەی پێشکەوی و
دەوڵەمەندبی، یەکەم شت کە بیکەی ئەوەیە کە ڕێگاوبانت چاک بکەی". بۆیە
ئێستا چین کراوە بە گوندێکی بچوک و ٣٠ ھەزار کیلۆمەتر ھێڵی
شەمەندنەفەری خێڕا و ١٢٠ ھەزار کم ڕێگاوبان و ١٣٠ ھەزار کم جادەی خێرا
(ھای وەی) یان بنیات ناوە، وە تەنھا لە شارێکی وەک (شەنگھای)دا ٢٢ ھێڵی
ئاسنی ژێر زەوی (سەب وەی) بۆ کراوە .
ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا، چین زیاتر لە ٧٥٠
ملیۆن لە دانیشتوانەکەی، کە لە ژێر ھێڵی ھەژارییەوە بوون، بەرزکردۆتەوە
و بوونە یان نزیک بوونەتەوە لە چینی مام ناوەند. بە پێچەوانەوە لە چەند
دەیەی ڕابردوودا لە ئەمەریکادا ھەژاری تا ھاتووە زیادی کردووە.
جۆ بایدن لاسایی چین ئەکاتەوە و لە وتەکەیدا بۆ کۆنگرێس لە ٢٨/٠٤/٢٠٢١
دا ڕایگەیاند کە ٢.٢ ترلیۆن دۆلار خەرج ئەکات بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی
ئابووری ئەمەریکا و خزمەتی بەساڵاچوان و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی
دانیشتوانەکەی. وە وتی کە تا کۆتایی ئەم ساڵ (٢٠٢١) بلوێنێک ڤاکسین
ئەنێرێ بۆ وڵاتانی دەرەوە. ھەروەھا ڕایگەیاند کە ئیتر پاڵپشتی
بلوێنەرەکان کە بە ١٪ ناویبردن، ناکات و یارمەتی چینی ژێرەوە ئەدات و
ئەمەریکا لە ژێرەوە بۆ ناوەند بەرز و فراوان ئەکاتەوە.
پاسکاڵ کۆپن پێی وایە کە ئەمەریکا ١٠٠٪ کۆپی چین ئەکات. ئەو ٢.٢
تریلیۆنەی کە بایدن بڕیاری داوە تا ئێستا تەنھا ٢٠٪ گۆنگرێس ڕەزامەندی
نیشان داوە بۆی، لە کاتێکدا لە چین تا ساڵی ٢٠٢٥ تەنھا شارەوانییەکانی
شارە جیا جیاکانی چین، ٥ تریلیۆن دۆلار سەرف ئەکەن بۆ پەروەردە و
تەندروستی و داھێنان لە ناوچەکانی خۆیان. ئەمە سەرەڕای ئەو ١.٦
تریلیۆنەی بۆ پرۆژەی پشتێنە جیھانییەکە لە ٢٠١٣ ەوە دەستی پێکراوە.
بایدن لە ناردنەدەرەوەی ڤاکسینیشدا لاسایی چین ئەکاتەوە، کە ناردنە
دەرەوەی ڤاکسین پێشتر چین دەستی پێکردبوو، وە تا ئێستا نزیک بە ٥٠٠
ملیۆنی داوە بە وڵاتانی دەرەوە.
پاسکاڵ ئەڵێ ئەمەریکا ئەگەر کۆپی چین بکات، ئەوا نایباتەوە، چونکە چین
زووتر و باشتر و گەورەتر دەستی پێکردووە. وە وتەیەکی (ستیڤ جۆبس- کە
یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیای ئەپڵ) ئەھێنێتەوە کە ئەڵێ؛ "بۆ
ئەوەی پێشبڕکێ ببەیتەوە، نابێت بڵێی ھەمان شت بە ھەمان ڕێگا باشتر
ئەکەم، ئەبێت بە جیاوازتر بیکەی بۆ ئەوەی بیبەیتەوە".
جۆزێف ستیگڵیتز٦ کە لە ٢٠٠١ خەڵاتی نۆبڵی
لە ئابووریدا وەرگرت، لە ٢٠١٨دا لە وتارێکیدا لە (بزنز سکوڵی نەرویجی)
ئەڵێ؛ لە ساڵی ٢٠١٥دا ئەو ڕێکخراوەی لیستی ئیقتیسادی وڵاتان ڕێک ئەخات،
بڕیاریان دا پێوانەی (پی پی پی) بەکاربھێنن بۆ پێوانەی گەورەیی ئابوری
وڵاتەکان. وە بۆ ئەوەی کارێکی وا بکەن ئەبێت زۆربەی وڵاتانی دنیا ڕازی
بن لەسەری. بەڵام دوو وڵات لە دژی وەستانەوە، یەکەم ئەمەریکا بوو، کە
نەیئەوست ببێت بە ژمارە دوو. وە دووەم چین بوو کە نەیئەویست ببێت بە
ژمارە یەک لەو کاتەدا.
بەداخەوە زۆر کەس، کە لە نێویاندا ھەندێ لە کۆمۆنیستەکانیش، کە تەحلیلی
ڕووداوەکانی ئەفغانستان و کێشەکانی تری دنیا ئەکەن. ڕوسیا (کە
ئیقتیسادەکەی ھێندەی کۆریای باشورە و تەنھا بە چەکە نەوەوی و جبەخانە
سەربازییەکەیەوە سەرکێشی ئەکات) و یەکێتی ئەوروپا، بە ڕکەبەرەکانی
ئەمەریکا دائەنێن و زۆر جار چین ئەکەنە دوای ڕوسیا و یەکێتی ئەوروپاوە.
ڕوسیا بە تایبەت لە چەند دەیەی ڕابردوودا زۆر چۆتە دواوە و وەک وڵاتانی
ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست تەنھا پشتی بە ناردنەدەرەوەی نەوت و غاز بەستووە،
کە پێشتر لە سەردەمی سۆڤییەتدا وانەبوو، وڵاتێکی پێشکەوتووتر بوو.
بە دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی سارد و داڕوخانی یەکێتی سۆڤییەت لە ١٩٩١
دا. ئەمەریکا ڕکەبەرێکی تری داتاشی بۆ خۆی کە تیرۆریزمی ئیسلامی بوو،
بۆ سەپاندنی ھەژموونی باڵادەستی خۆی بەسەر دنیادا. لە ئێستاشدا کە بە
کشانەوەی لە ئەفعانستان تیرۆریزمی ئیسلامی کە لە بنچینەدا دروستکراوی
دەستی خۆی بوو، کردەوە ژێر باڵی خۆی. ئیتر لە ئێستا بەدواوە چین ئەو
دوژمنە سەرەکییە ئەبێت کە لە ناوخۆ و دەرەوەدا بەکاریبھێنێ بۆ درێژەدان
بە ملھوڕییەکانی و سەپاندنی ھەژموونی خۆی لە ئاستی دنیادا.
_______________________________________
سەرچاوەکان:
١-Has
China Won? The Chinese challenge to American Primacy. (2020).
Kishore Mahbubani. Published by Public Affairs, ISBN: 1541768132.
کیشور مەحبوبانی کە ئەکادیمیستێکە خەڵکی سەنگافورەیە و پێشتر دیپلۆمات
بووە (لە ١٩٧١ تا ٢٠٠٤) لە وەزارەتی دەرەوەی سەنگافورە کاری کردووە و
ماوەیەکیش سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایسی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو.
مەحبوبانی زیاتر لە ١٢ کتێبی نووسیوە و بەشی زۆری دەربارەی چین و
ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە و چەند جارێک لە لیستی پڕفرۆشترین کتێبەکانی دنیا
بوو. مەحبوبانی لە ساڵی ٢٠١٤دا لەلایەن گۆڤاری (پرۆسپێکت)ەوە کە لە
بەریتانیا دەردەچیت. بە یەکێک لە ٥٠ بیرمەندی گەورەی دنیا ناسێنراوە.
٢-
https://theconversation.com/why-america-has-a-debt-ceiling-5-questions-answered-164977
٣- لینکی
وتارەکەی جۆ بایدن لە 2014 دا:
https://www.youtube.com/watch?v=xuEOVL_ICew&t=0s
٤-
China’s New Normal, by Coppens Pascal. (2019).
Pelckmans Pro
٥- لینکی
وتاری جۆ بایدن لە ٢٨/٠٤/٢٠٢١ لە کۆنگرێسی ئەمەریکا.
https://www.youtube.com/watch?v=Bh87V3f0FaA
٦-
Economics professor Joseph E. Stiglitz, who received
Nobel’s Memorial Prize in Economics in 2001, held a lecture at BI
(Business Intelligence) Norwegian Business School, where he was
appointed honorary doctorate.
https://www.youtube.com/watch?v=Iaw4n9IZDdc
PPP (Purchasing Power
Parity) VS Nominal
پی پی پی و نۆمینەڵ دوو شێوازی جیایە بۆ ڕیزکردنی ئابوری وڵاتان.
١\٩\٢٠٢١
ماڵپهڕی عامر سابیر
|