په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٧\٢٠١٩

ئەمەریکا و عێراق و دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی.


عەلی مەحمود محەمەد  


ڕۆژی١٧-٧ بە ڕۆژی دادپەروەری لە جیھان دەناسرێت و ساڵانە لەو یادە بەشێوەی جۆراو جۆر لە سەرتاسەری جیھان رێزی لێدەگیرێت و یاد دەکرێتەوە, لەم ڕۆژەدا پەیماننامەی ڕۆما لە ساڵی١٩٩٨ لە دایک بوو, کە بووە سەرەتایەک بۆ پێکھێنانی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی ناسراو بە ئای سی سی, ئەمەش خەونی لە مێژینەی عەدالەتخوازان بوو.

ساڵی١٩٩٨ ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆژەی بڕیارەکەی پەسەند کد بۆ دامەزراندنی دادگایەکی جیھانی تایبەت بە تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جینۆساید, لە دەنگداندا ١٣٠ وڵات لەگەڵ و٢١ بێدەنگ و٧یش دژ بوون, دژەکانیش بریتی بوون لە: "ئامەریکا, ئیسرائیل, چین, عراق, قەتەر, لیبیا, یەمەن".

لە راستیدا ئێستا وڵاتانی ئەندامی دادگا تەنھا نزیک بە چارەکێکی دانیشتووانی جیھان پێک دەھێنن, چین و ھیند و ئەمەریکا و روسیا و ئەندەنوسا و پاکستان کە زۆرینەی حەشاماتی دانیشتوانی جیھان پێک دەھێنن ئەندام نین, لە روی دەسەڵاتیشەوە وڵاتە بەھێزەکان وەک ئەمەریکا و چین و ھیند و روسیا, کە چوارگۆشەی ھێزی ئابووری و سیاسی و سەربازی ھەنووکەو ئایندەی جیھانن ئەندام نین لە ئێستادا.

ئامەریکا و دادگا و پێشینەی مێژووی لە گەڵیدا.

ئەمەریکا ھەموو کات لە ھەوڵوێستەکانی دوو لایەنە بووە, بەرژەوەندی لە کوێ بووبێت ئامادە بووەو پشتیوانی لێکردووە, چەک و پارەی دەدا بە عێراق بۆ کیمیاباران و جینۆسایدی کورد, ئاگاداری ھەنگاو بە ھەنگاوی سوپای عێراقی بوو, کەچی تا دوای پرۆسەکە لە ٨ی ئەیلولی ١٩٨٨ نەھاتە قسە, کە ٦ی ئەیلول کۆتایی ئەنفال راگەیەنرا, دوای ١٠ ساڵ لەو تاوانەش ئەوجا بۆ یەکەمجار وشەی ئەنفالی بەکار ھێنا, دواتریش تاوانی ھەڵەبجەی کردە یەکێک لە بەھانەکانی تۆمەتبارکردنی سەدام و روخاندنی, ئیتر گوێی بە دادپەروەری و ڕەوایی نەداوە, پشتیوانی لە دەست بەکار بوونی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی تایبەت بە یۆغسلاڤیا و ڕواندای کردووە لە ساڵەکانی"١٩٩٣,١٩٩٤"دا, ھەروەھا دادگای نیمچە نێو دەوڵەتی بۆ سیرالیۆن لە ساڵی"٢٠٠٠" و کەمبۆدیا لە ساڵی"٢٠٠٣" و لبنان لە ساڵی"٢٠٠٦", بەڵام بەھەموو شێوەیەک بەرەو ڕووی ICC وەستاوەتەوە.

بەرپرسانی ئیدارەی کلنتۆن بەشداربوون لەو دانوساندنانەی کە بە ڕێککەوتن گەیشت لەسەر یاسای بنچینەیی پەیماننامەی ڕۆما, ئەو پەیمانامە نێو دەوڵەتیەی لەسەر بنچینەی پەسەندکردنی لە ساڵی ١٩٩٨دا , دواتر لەبەر رۆشنایی ئەو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی ناسراو بە ئای سی سی دامەزرا.

ئامەریکا دەیەویست بە ھەموارکردنی پەیمانامەکەوە پەیوەست بێت بە دادگاکەوە, بەڵام نەیانتوانی قەناعەت بە وڵاتانی دیکە بھێنێت بۆ ھەموارکردنی بەرنامەی دادگا تاکو ببێتە ئەندام تیایدا, بەھۆی ترسی دەزگای سەربازی ئامەریکا"پنتاگۆن" لە دادگایی بارگاوی بە سیاسەت, بەرۆک بە ھاوڵاتیانی بگرێت, کە رۆژانە بەھۆی دەستخستنە ناو کارووباری وڵاتان و شەڕەوە دەگلێنە تاوانەوە.

ئامەریکا لە ڕۆژی کۆتایی وادەی واژۆکردندا لە ٣١-١٢-٢٠٠٠دا , واژۆی لەسەر یاسای پەیمانامەی ڕۆما کرد, ھاوکات نیگەرانی خۆی لەوە ڕاگەیاند کە پەیمانامەکە زۆر خاڵی زیاندار بۆ ئەو و کەلەبەری گەورەی تێدایە, کلنتۆن وتی خۆم و ئەو سەرۆکانەی لە دوای من دێن ڕێنوێنیان ناکەم ئەم رَێککەوتنامەیە پێشکەش بە ئەنجومەنی پیران بکەن بۆ پەیوەست بوون بە دادگاکەوە, تاکو ئەو خاڵانەی جێگای گومانی ئێمەن لانەبردرێن, واتا دادگایەکی دەویست بە باڵای بەرژەوەندییکانی ببڕدرێت و پارێزراو بن لە دادگاییکردن لە پای ئەو تاوانانەی ئەنجامی دەدات لە جیھاندا, بە تایبەتی لە وڵاتانی زۆنی جەنگ.

کلنتۆن پێش سێ ھەفتە لە بەجێھێشتنی کۆشکی سپی, لە دوا ڕۆژی دیاریکراو بۆ واژۆکردنی پەیماننامەکە لە بەرواری٣١-١٢-٢٠٠٠ دا, پەیماننامەکەی واژۆ کرد و وتی : ئامانج لە واژۆکردن قەت بەمانای ئەوە نییە پابەند بین بە پەیمانامەکەوە یان پەیوەست بین پێوەی, لە درێژەی قسەکانیدا وتی:ئامۆژگاریم بۆ جێگیرەوەم ئەوەیە پەیممانامەکە نە نێرێت بۆ ئەنجومەنی پیران بۆ بڕیاردان لەسەری و پەسەندکردنی.

لە بەرواری ٦-٥-٢٠٠٢ ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند, ئامەریکا بە فەرمی ڕایگەیاندووە نایەوێت بەشێک بێت لە دادگاکە, ھەروەھا ھیچ پابەندبونێکی یاسایی بە واژۆکردنی لە ٣١-١٢-٢٠٠٠ دا ناکات, بەمەش بڕیاری پاشگەزبوونەوەی دا لە واژۆکردنی پەیمانامەکە.

ئامەریکا لە گەڵ ئەوەدایە دادگا لە ژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشدا بێت, بۆ ئەوەی ھەر کاتێک ویستی ڤیتۆ لە دژی بڕیار و کارەکانی بەکار بھێنێت و بکەوێتە ژێر ڕەحمەتی خۆیەوە, لە بەرواری ٦-٥-٢٠٠٢ ەوە ئامەریکا ھەوڵوێستی نەیارانەی لەسەر دادگاکە وەرگرت, پاش ئەوەی بە فەرمی واژۆکردنەکەی ڕەتکردەوە, ڕامسفێڵد وەزیری بەرگری ئەوکاتی ئامەریکا دوای پاشەکشەکردنی ئامەریکا لە دادگاکە وتی: دادگا شەرعیەتی نییە, تەنانەت ھەڕەشەی تەداخولی سەربازی کرد دژ بە ھەر وڵاتێک ھاووڵاتیانی تەسلیم بە دادگا بکەن, ھەروەھا پەیماننامەی دوو قۆڵی لەگەڵ وڵاتان بەست بۆ پێشگرتن لە تەسلیمکردنی ھاووڵاتیانی بە دادگا, تەنانەت لە ساڵی٢٠٠٤ یاسایەکی دەرکرد بە ناوی نزرکت, تیایدا قەدەغەی کرد ھاوکاری ناسراو بە یوسید پێشکەش بەو وڵاتانە بکات کە پەیمانامەی دوو قۆڵی لەگەڵ واژۆ ناکەن سەبارەت بە تەسلیم نەکردنی ھاووڵاتیانی بە دادگاکە.

لە ساڵی ٢٠٠٢ دا, کۆنگرێسی ئەمەریکی بڕیاری لەسەر یاسایەک دا بەناوی پەلاماری لاھای, بە پێی ئەو یاسایە سەربازانی ئەمەریکی دەپارێزێت لە بەرامبەر لێپرسینەوەی ئەم دادگاییە, ھەروەھا یاساغیکرد فەرمانبەرانی دەوڵەتی ھاوکاری دادگای نیونەتەوەیی تاوان بکەن کە بە "یاسای پەلاماری لاھای ناسراوە", بە پێی ئەو یاسایە ھەموو مافێک دەدرێتە سەرۆک ھەر ڕێگایەک بگرێتە بەر بۆ ئازادکردنی ھەر ھاووڵاتیەکی ئەمەریکی یان ھەر کەسێک لە ھاوکارانی ئامەریکا بھێڵرێتەوە یان زیندانی بکرێت لە لایەن دادگای ناوبراوەوە یان بە فەرمانی ئەو دەست بەسەر یان زیندانی بکرێت.

بۆش یاسای پاراستنی تاکەکانی سەربازی ئەمەریکی واژۆ کرد, کە ڕەخنە بوو لە دادگای تاوانی نێو نەتەوەیی, ھەروەھا ھەڕەشەی بڕینی ھاوکاری ھەموو ئەوانەی کرد کە ھاوکاری دادگا دەکەن دژ بە ھاووڵاتیانی.

ئیدارەی بۆش کەوتە بەر ڕەخنەی توند سەبارەت بە ھەڵوێستی دژایەتیانەی بۆ دادگای تاوانی نێونەتەوەیی لە سەروبەندی چوار ساڵی یەکەمی دەسەڵاتیدا, ھەرچەندە تەحەفوزاتی وڵاتە یەکگرتووەکان لەسەر دادگای ناوبراو دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەردەمی بۆش و بە دیاریکراوی لە سەردەمی کیلنتۆنەوە دەستی پێکرد, وەک چاوەڕان دەکرا لەسەردەمی باراک ئۆباما لە ھەڵوێست و مامەڵەکردنیدا نەرمتر بوو لەبەرامبەر دادگاکە وەلێ بەشێوەی گشتی گۆڕانکاری نەکرا, زۆر ھۆی ناوخۆیی لە ئارادابوو بۆ ئەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان پەیوەست نەبێت بە دادگاکەوە گرنگترینیان دژایەتیکردنی پنتاگۆن و کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران و ھەواڵگری و.....بۆ دادگاکە , ھاوکات دەزگا سەربازییەکان نەیارن بۆ دان نان بەو دادگاییە لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە, بە تایبەت وڵاتە یەکگرتووەکان ھێزی زیاتری لە دەرەوەی سنوورەکان ھەیە بە تایبەت لە ھەردوو وڵاتی "ئێراق و ئەفغانستان"ئەگەری زۆرە بکەوێتە بەر تۆمەتبارکردن بە ئەنجامدانی پێشێلکاری و لێپرسینەوەو دادگاییکردن, کاتێک خۆی و ئەو وڵاتانە واژۆی پەیمانامەکە بکەن!, وەک لە ئەفغانستان بۆ ئەمەریکا و لە عێراق بۆ بەریتانیا.

کاتی خۆی لە لایەن ئەندامانی پارتی کۆماری لە ئەنجومەنی نوێنەران, تەنانەت لە لایەن زۆر لە ئەندامانی لیستی دیموکرات لە ئەنجومەنی پیران, لە ناویاندا ئەندامی ئەنجومەنی پیران خاتوو ھیلاری کیلنتۆن دژایەتی واژۆکردنی ئەم پەیمانامەیە کرا, وەلێ دواتر ھیلاری کلنتۆن سەبارەت بە پەیوەست نەبوونی ئامەریکا بە دادگاکەوە لە کینیا وتی: ھەست بە داخ و کەسەرێکی قول دەکەین بە ھۆی ئەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان ئەندام نییە لە دادگای تاوانی نێو نەتەوەیی کە دا مەزرا بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی جەنگ و ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژییەکان و تاوانەکانی دیکەی دژ بە مرۆڤایەتی".

پابەند نەبوون بە دادگای نێو دەوڵەتی تاوان لە لایەن ئامەریکاوە لە ڕاستیدا کەسەرێکی گەورەیە بۆ ئامەریکا کە پابەند نەبێت بە دادپەروەری نێو نەتەوەیەوە, کە ئیدعا دەکات و خۆی بە پارێزەری دادپەروەری لەجیھاندا دەزانێت, ھاوکات ھەڵوێستی نەگەتیفی ئامەریکا دەردەخات بەرامبەر بە دەزگا نێو دەوڵەتیەکان, کە لە زۆربەیان بەھۆی یەکان نەگیری بەرژەوەندیەکانی کشاوەتەوە.

ئیدارەی ئۆباما لە ڕێگەی ھیلاری کلنتۆنەوە لە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٦-٨- ٢٠٠٩ لە شاری نایرۆبی پایتەختی کینیاوە, لە ھەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراودا, لێدوانێکی دا بە قازانجی دادگای نابراو, لە لێدوانەکەیدا ھیلاری کلنتۆن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی کە ئامەریکا تاکو ئێستا بەشێک نییە لەو دادگاییە, ئەمە لە کاتێکدا بوو حکوومەتی نایروبی ڕایگەیاند ویستیان ھەیە تاوانبارانی خۆپیشاندانەکانی دوای ھەڵبژاردنەکانی کینیا کە زۆر پێشێلکاری گەورەی تێدا ئەنجامدرابوو لە دادگای ئای سی سی دادگایی بکرێن , کە دواتر دۆسیەی بۆ کرایەوە.

ئۆباما لە دیسەمبەری ٢٠١٤ رایگەیاند ئەمەریکا ئەشکەنجەی لە زیندانی ئەبوغرێب ئەنجامداوە و کەرامەتی مرۆڤی روشاندووە, لە راستیدا ھێزەکانی ئەمەریکا لە زیندانەکانی ئەبو غرێب و باغرام و غوانتنامۆ تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە, بگرە لە پاکستانیش.

ئۆباما ئەو کاتەی سێناتۆر بوو لە ساڵی ٢٠٠٤ رایگەیاند پێویستە ھاوکاری لێکۆڵینەوەکانی ئای سی سی بکەین , کە بووە سەرۆکیش ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠٠٩ وەک ئەندمی چاودێر بەشداری کۆنگرەی ساڵانەی دادگایکرد.

بۆ پەیوەست بوون بە دادگاوە, ئیدارەی ئۆباما رێگایەکی دوورو سەخت و نەگەیشتن بە ئەنجامی لە پێشدا بوو, پێویستی بەوە ھەبوو قەناعەت بە دەزگای سەربازی بھێنێت بۆ پەیوەست بون بە دادگاکەوە,ئەوەش پاش ئەوەی ئەو پێشنیارانەی ئیدارەی بۆش و کلنتۆن پێشکەشیان کرد بۆ ھەموار کردنی دادگا, پێش ئەنجامدانی ئەو ھەموار کردنە ٦٧ سەناتۆر لە ئەنجومەنی پیران لە کۆی ١٠٠ کەس بەھیچ شێوەیەک پشتیوانی ناکەن لەو ھەوڵە, ئەمەش بۆ خۆی دەربڕی ئەوەیە پەیوەست بوون بە دادگا لە توانای ئیدارەی ئۆباما نەبوو بە تەنھا, بە زۆر تەلبەند دەورە دراو بوو , لە کۆتادا نەک ئەمەریکا نەبووە ئەندام بگرە ئۆباما نەیتوانی لە ئەنجومەنی پیران بیخاتە دەنگدانەوە, کارەکە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەوەوە بوو, پەیوەست بوو بە پنتاگۆن و ئێف بی ئای و دەزگا ئەمنی و سیخوڕییەکان و ئەنجومەنی پیرانەوە, ئەو لە بەرامبەر ئەو ھەنگاوە سەرۆکی لا حەولە وەلا قوە بوو.

ئەگەر ئەمەریکا وڵاتانی روسیاو چین و ئیسرائیل ببنە ئەندام گرنگە, ھاوکار دەبن لە ھاوکاری سیخوڕی و دیبلۆماسی و پشتیوانی سیاسی و لۆجیستیکی و دارایی, ھەرچەندە دادگا زۆر پێویستی بە پەیوەست بوونی ئامەریکا و وڵاتانی دییەوە ھەیە, بەڵام زۆر لە ئەندامەکانی بەرگری دەکەن لە ئەنجامدانی ئەو چاکسازیانەی ئامەریکا دەیەوێت, بۆ ئەوی وا نیشان بدەن ناکەونە ژێر پاڵەپەستۆی ئامەریکاوە, ھەرچەندە لە دۆسیەی ئەفغانستان ئەمەریکا شکستی بە دادگا ھێنا.

لە سەردەمی بۆشدا, کاتێک دۆسیەی دارفۆر بووە ڕۆژەڤی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی بەرامبەر بەو پێشێلکاریانەی حکوومەتی عومەر بەشیر ئەنجامی دا لەو ھەرێمە, ئامەریکا ھەڵوێستێکی دیکەی وەرگرت و بڕیاری پشتیوانی و کۆمەکی داواکاری گشتی دۆسیەکەی دا, تەنانەت کار گەیشتە سەر ئەوەی کۆندەلیزا ڕایس ھەڕەشەی بەکار ھێنانی ڤیتۆی کرد دژ بە ھەوڵی وڵاتانی چین و فەرەنسا لە ئەنجومەنی ئاسایش, کە دەیانەویست ڕێگربن لەبەردەم دەرچوونی بڕیار سەبارەت بە عومەر بەشیر , کەواتە ھەموو کات ئامەریکا دوو فاقیانە ھەوڵوێستی وەرگرتووە, تەنانەت لەو سەردەمەی بە تەواوی دادگای ڕەتکردۆتەوە, وەلێ کە لە گەڵ بڕیارێک بەرژەوەندیەکانی جووت بووبێت چاوی لە ئاست ھەڵوێستەکانی پێشتری نووقاندووە.

سەردەمی ترامپ خراپترین پەیوەندی.

لە بەرواری ٢١-١١-٢٠١٦ فاتۆ بن سۆدا رایگەیاند سیا و ھێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤ تاوانی جەنگیان لە ئەفغانستان ئەنجامداوە, بە ئەشکەنجەدانی ٦١ کەس لە زیندانیان, ئەشکەنجەی جەستەیی و نەفسی و روشاندنی کەرامەتی لانی کەم ٢٧ کەس لەوان و لاقە کردنیان کراوە, بنسۆدا داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی لە نۆڤەمبەری ٢٠١٧ رێگای دا بە لێکۆڵینەوە لە تاوانی جەنگ کە لە ئەفغانستان ئەنجام درابوو, ئەمەش یەکەمجار بوو کار لەسەر تاوانەکانی سوپای ئەمەریکا بکرێت لە مێژووی دادگا.

لێ کاتێک دادگا ویستی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی ئەمەریکا بکات لە ئەفغانستان و دەست بە کردنەوەی دۆسیەکە بکات, ئیدارەی ترامپ بە شێوەی ھیستریا کاردنەوەی دەربڕی ,جۆن بۆلتون راوێژکاری ئاسایشی ئەمەریکی رایگایەند تۆمەتبارکرنی سوپای ئەمەریکا بە تاوانی جەنگ لە ئەفغانستان ھیچ بنچینەیەکی نییە,ھەڕەشەی نە دانی ڤیزاو ئابلوقەی ئابووری خستنە سەر دادگای کرد,ھەروەھا وتی بە ھیچ شێوەیە ھاوکاری دادگا ناکەین, نابینە ئەندام, دادگا وا لێدەکەین بۆ خۆی بمرێت.

ھاوکات مایک بۆمبیۆ وەزیری دەرەوە وتی: ئەمەریکا ڤیزا بەوانە نادات بەشداری لێکۆڵینەوە دەکەن لە تاوانی سەربازان و ھەواڵگری ئەمەریکا لە ئەفغانستان و وڵاتانی دی ھاوپەیمان, مەبەستی ئیسرئیل بوو لێرەدا.

لە بەرامبەردا سەرۆکی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی شیلی ئیبۆی ئۆسۆ جی بۆ ھێور کردنەوەی تەنگژەکە وتی: قوربانیانی ئێستاو رابردوو دوارۆژ ی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆساید خوازیارن ئەمەریکا ببێتە ئەندامی دادگاکە.

یەکێک لە بەندەکانی یاسای فیدرای ئەمەریکی ماف بە سەرۆک دەدات کە ھێز بەکار بھێنێت بۆ ئازادکردنی ھەر سەربازێکی ئەمەریکی کە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی دەستگیری کردبێت, ئەمەش بۆخۆی دەست ئازادکردنێکی ئاشکرای لەشکری ئەمەریکایە بۆ ئەنجامدانی تاوان لەودیو سنورەکانەوە.

لە کاتێک ئەمەریکا رەخنەی گرت لە روسیا کە ھەڕەشەی کشانەوەی کرد لە دادگا کە ئەویش وەک ئەمەریکا ئەندام نەبوو, تەنھا پەیماننامەکەی واژۆ کردبوو, کەچی بۆ خۆشی بەم شێوەیە مامەڵە لە گەڵ دادپەروەری دەکات.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەفغانستان بۆ خۆی ئەندامە لە دادگاو یەکێکە لە وڵاتای پێکھێنەر لە چوارچێوەی ١٢٣ وڵاتە ئەندامەکەی دادگا, ئەو وڵاتەی لەسەر خاکەکەی تاوان بکات لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت و دەچێتە چوارچێوەی پسپۆڕی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە.

پێشتریش کۆنگریسی ئەمەریکی لە ساڵی ٢٠١٥ دا بڕیاری ئەوەی دابوو, ھاوکارییەکانیان بۆ دەسەڵاتی فەلەستینی رادەگرن و ھاوکارییەکانیان پەیوەست کردبوو بە سکاڵانەکردن لە ئیسرائیل لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی .

تەنانەت ئەمەریکا بە ھەڕەشەکردن لە وڵاتانی ھاوپەیمانی رۆژئاوای وەک " یابان و ئەڵمانیا و کەنەداو ئوسترالیا" بەوەی پشتیوانی مادی خۆیان بکشێننەوە لە دادگا, لە کاتێکدا ژاپۆن یەکەم وڵاتی پارە بەخشە بە دادگا لە جیھان دوای ئەویش فەرەنسا و ئەڵمانیا دێن.

ھاوکات لە سەردەمی ترامپدا ئەمەریکا لە پەیمانی بازرگانی چەک کشایەوە , وە لێبوردنی بۆ ئەو سەربازە تاوانبارانە دەرکرد لە وڵاتانی زۆنی جەنگ گلاونەتە تاوانەوە , لە ناویاندا دادگای سەربازی سان دیغۆ لە ھەرێمی کالیفۆرنیای ئەمەریکا ئەفسەری ھێزە تایبەتیەکانی ئەمەریکا نیڤی سیلیزی بێ تاوان کرد, کە لە ساڵی ٢٠١٧

ەدا ھەرزەکارێکی برینداری ١٥ ساڵانە لە دەرەوەی دادگا لە شاری موسڵ کوشت , دواتر بە کۆمەڵ وێنەیان لە گەڵ تەرمەکەی گرتبوو, دەرکردنی لێبوردن بۆ تاوانبارانێک پێشێلی یاساکانی جەنگ و پەیمانی جنێفیان کردووە, بۆ خۆی تاوانە, کە ترامپ ئەنجامیدا .

ئێراق و واژۆ کردنی پەیمانامەکە.

واژۆکردنی ئەم پەیماننامەیە لە لایەن دەوڵەتی ئێراقەوە ئەھمیەتێکی زۆری بۆ سەر دواڕۆژی کورد لەم وڵاتە ھەیە, ھەرچەندە تورکیا و ئێران و سوریاش ئەندامی دادگا نین, گرنتی زامنی دوبارە نەبوونەوەی کۆمەڵکوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنگە لە ھەمبەری, وەک لە شەنگال و دوزو کەرکوک و گوندەکانی دی بینیمان, لە کاتێکدا کورد بە زۆر پۆستی گەورە بەشدارە لە دەسەڵاتدارییتی ناوەند, دەبوایە لەم ئاستەیا ھەنگاوی ھەڵبھێنایە,"ھەرچەندە ئێراق لە بەرواری١٥-٢-٢٠٠٥ پەیوەست بووە بە پەیماننامەکەوە, پاشان بێ ھێچ ڕونکردنەوەیەک پەشیمان بۆتەوە", کە لەوکاتەدا وەزیری دەرەوەی عێراق ھوشیار زێباری بووەو پەشەکشەکەش لە لایەن ئەوەوە ئەنجامدراوە, سەرۆک کۆماریش عجیل یاوەر و زاوای کوردان بووە, سەرەک وەزیرانیش ئەیاد عەلاوی بووەو خۆی بەلیبراڵ دەزانێت.

بە بڕوای من گرنگترین ھۆکار بۆ کشانەوەی عێراق لە دادگاکە و واژۆ نەکردنی ئەم پەیماننامەیە لە لایەن عێراقەوە بۆ ٣ خاڵ دەگەڕێنمەوە:

١-بوونی ئامەریکا لە ئێراق, ئەمە بەھێزترین خاڵە, ئەگەر ئێراق ببێتە ئەندام ڕاستەوخۆ لە کاتی پێشێلکاریدا دادگا دەبێتە تەرەف بەرامبەر بە پێشێلکاری وڵاتی داگیر کەر و ئەندامانی ھێزی ئامەریکا ئەوانەی پێشێلکاری دەکەن دادگایی دەکات, دیارە ئەمەریکا لە دادگایی ئەندامەکانی و سزا دانیانیەوە باکی نییە, بەڵکە لە بڕیارەکانی دادگا دەترسێت بە سزا دانی ھاووڵاتیانی بە تاوانە گەورەکان, نایەوێت سیناریۆی ئەفغانستان دوبارە بێتەوە.

٢-نەزانینی گرنگی دادگاکە و نزمی ئاستی ھوشیاری و ھەست نەکردن بە ڕۆڵی ئەم دادگاییە لە لایەن ھێزە دیموکراسییەکان و ھێزە نەتەوەییە کوردییەکان و عەرەبییە سونەکانەوە, کە زامنی ئاسایشیانە لە وڵاتی زۆنی جەنگ.

٣-مانی ڕوحی شەڕخوازی لە ناو دەسەڵاتدارانی نەتەوەی سەردەست بە تایبەت دەسەڵاتدارانی مەزھەبی شیعە کە گلاونەتە زۆر تاوانی گەورەوەو دەیانەوێتیش لە داھاتوودا درێژەی پێ بدەن, بە ئاشکرا ئەوان دژ بە ئەندامبوونی عێراقن لە دادگاکە .

لە کۆتاییدا ھیوادارم پاڵەپەستۆیەکی وا پێک بھێنرێت لە لایەن کەسوکاری قوربانیان و پارت و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە دەسەڵاتدارانی کورد وئێراقی ناچار بکەن ئەم پەیماننامەیە واژۆ بکەن , یان ھەر نەبێت بە ئەندام بوونی عێراق لەو دادگایە ببێتە خاڵێکی رێکەوتنی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.


رێکخەری تۆڕی ھاوپەیمانی رێکخراوە کوردستانییەکان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی


ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک