په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

    ئەمشەو تێر ئاوێزانى باڵاى کوڕێک بە.


زیاد نادر عاڵڵایى

شەوانە خەونت پێوە دەبینم ..
خەو بە ڕەنگت ..
بە عیشقت .. بە چاوت ..
خەو بە دەنگت ..
بە نیگات .. بە ناوت ..
خەو بەهارێکى ئازیزە،
حەزەکانى بنیادەمى تیا دەڕوێ..
گەلێک کەڕەت،
خەوم لە واقیع خۆشتر دەوێ ..
دوێنێ شەو لە خەونما،
تۆ بووکێ بووى،
لە دەستى زاواى حەزەکانمدا سەمات دەکرد،
ئاونگ لە ڕووتا دەتکا و‌
گوڵ لە دەمت چرۆى دەکرد..
پەیتا پەیتا مەستى سەما و‌
مەستى ئاوێزان بوونى باڵاى یەک بووین و‌،
وەک دوو جەمسەرى جیا،
هێند لەسەرخۆ لەباوەشى یەکترى تواینەوە،
لەنێو چیمەنێکى پڕ بۆن و‌ گوڵ و‌ جوانى و‌ سەوزایى ڕاکشاین..
تۆ.. تەنها نەرگزە کراسێکى نەرم و‌ تەنکت لەبەردابوو،
بەشەرمێکى پڕ لە نازى کچێنى،
سەرت بەسەر دەستە تامەزرۆکانم لارکردەوە،
منیش لە ئەستێرەیەکى هەوەسباز ڕووتتر ..
پڕ گڕ و‌ پڕ لە عیشق ..
پڕ هاڵاو پڕ لە ئەڤین ..
ویستم هەرچى بارانە سۆزى حەزى ئیرۆسیەتە لەگەڵ یەکەم بروسکە ماچدا،
ببارێنەمە بەهەشتى دامەنت ..
بەڵام،
خەیاڵ گووتى: نەء .. نەکەى ..
لە دانووسان پەلامار بدەى ..
چونکو ژن بەر لە چەشکەى لەززەتى چوونە بەهەشت،
حەزى لێیە هەناسەکانى پڕ لە بۆنى گوڵ و‌ عەترى ڕەیحانە و‌
گوێشى پڕ چریکەى پەرەندە و‌ کەنارى بێ ..
ووردە ووردە لە ڕۆحییەک .. لە بەژنى یەک، نزیک و‌ نزیکتر کەوتینەوە و‌
بەباڵاى یەکترى ڕۆچووین.
ئاوریشمى پرچت زەنگوڵ زەنگوڵ مروارى بۆن و‌ تەڕاییان لێ دەچۆڕا و‌
جەستەشت شەلالى هەوەس و‌ حەز و‌ شێتى ببوو..
پەنجەکانم لە پرچە ئاودارەکەت ئاڵاند و‌ دەتگووت هەورێکى کۆچەرى باراناوى لەنێو پەنجەکانمدا دەتوێنەوە..
بۆنى عەترى کچێنیشت نغرۆى ئۆقیانووسى سەراسیماییان کردبووم ..
دەمم بۆ لیمۆى مەمکەکانت برد تا زەمزەمى لەزەت و‌ شیرینیان هەر بۆ خۆم بێ ..
کەچى زاتى ڕامووسینیانم نەکرد نەبا بڵێى "بێ ئەدەب، بەئەدەب بە" ..
لەپەلەهەورێک عاشقتر.. پڕگڕتر.. پڕتاوتر.. سەرشێتتر خۆم دەنواند..
وەکو گڕکان خەریک بوو گڵپە و‌ فوارەم هەڵدەستا ..
لەناکاو تۆ بە دەنگێکى لە نەسیم ناسکتر گووتت:
هۆ شێتەکە، گۆرانییەک بۆ شادى ئەم ئاوێزان بوونە بچڕە..

ئەمشەو تێر ئاوێزانى باڵاى کوڕێک بە،
کە عەشقى تۆى لەچاوى هەڵگرتووە ..
ئەمشەو تێر ئاوێتەى ڕوحى عاشقێک بە،
کە چڵە نێرگزێکى لە پایز خۆشتر دەوێ ..
ئەمشەو تێر نغرۆى حەزە ئیرۆسیەکانى شێتێک بە،
ژنى بەقەد نیشتمان لا پیرۆزە"
نەرم نەرم لێک ئاڵاین و‌ لەنێو باوەش و‌ سینەى یەکتریدا نێرڤانا و‌
بەهەڵمژینى سێو و‌ لێوان لەناخى یەکتر بزر بووین..
وەکو دوو برسى شیلەى هەناسەکانى یەکتریمان دەلستەوە و‌
نوقڵى شیرینى دەممان دەتواندەوە ..
هێند ڕۆمانسیانە وەکو دوو لاولاوى سەرکێشى پڕ حەز، لەبەژنى یەکتریدا ئاڵاین!!
خاک دەیویست ئێمە بەو ئاوێزان بوونەوە هەڵڵوشێ و‌
ئاسمانیش حەزى دەکرد بمانکاتە دوو ئەستێرەى عاشق و‌ لەسینەى ساماڵى خۆیمان دا.

 

      ئەدرێس.

لە ئەدرێسى دڵى گڕگرتووى تەنیام
نەماى .. نەژیاى .. سڕایەوە ..
لە جەنگەڵى ئەندێشەى چڕو ،
پڕم .. ژاکاى .. شکاى .. بڕایەوە ..
لەخانەى بەدەنى ماندووم ،
ڕماى .. کوژراى .. زوو توایەوە ..
لە ئاتەشکەدەى چاوى منا،
سووتاى .. هەڵقرچاى .. تلایەوە ..
هەرچى گەش بوو.. لێم ڕەش کردى ..
چى جوان بوو.. لێم بەش کردى ..
چى ئازیز بوو لێم سووتاندى ..
هەرچى بزەبوو لێم وەراندى ..
هەرچى لە دڵتا شیرین بوو ،
وەکو ژەهرى مارم لێکرد ..
هەرچى لە شنە فێنکتربوو،
وەک ئاگرى گڕدارم لێکرد ..

دەشێ تۆ خۆشمت بوێ ،بەڵام
خۆشەویستى تۆ مەحاڵە ..
دەشێ من شەهدو شیلە بم ،
لێ عیشقى تۆ زرکەتاڵە ..
دەشێ من زەریاى بێ پەى بم ..
تۆ ڕووبارێکى بێ ڕەوتى ..
هەنگاو مەنێ ناگەینەیەک
من یەک لەتم .. تۆش دوو لەتى !

 

zyadnadr@yahoo.com