ئەم هەڵبژاردنە
لەراپەڕین دەچێ.

ئیبراهیم بالیسانى
دواى داگیرکردنى (کوێت) لەلایەن رژێمى پێشووى ئێراقەوە ، دەرفەتێک بۆ
کورد هاتە ئاراو زەمینەى راپەڕینێکى سەرتاسەرى دروستکرد، لایەنە
سیاسیەکان بەگشتى و یەکیتى بەتایبەتى کەوتە جموجۆڵ وخۆئامادەکردن بۆ
دەستپێکردنى راپەڕین.
چوون بەرەوپیرى راپەڕین، پێویستى بەهەنگاوى لەسەرخۆ و وریایى هەبو،
ئەمەش بۆ ئەوەبوو تا دەستپێکێ راپەڕین ببێتە مایەى سەرکەوتن و
بەمرازگەیشتن. یەکەم هەنگاویش لەو بەرنامەیەدا تۆکمەتر کردنى رێکخستنە
نهێنیەکان و دروستکردنى شانەى چەکدار بوو لەشارو شارۆچکەو ئۆردوگاکاندا.
لەپاڵ ئەوەشدا دەبوایە پەیوەندى بکرێ بە زۆرترین ژمارەى خەڵک و ئەو
کەسایەتى و کەسانەى کە جێگاى بڕواو ئومێدبون بۆ پاڵپشتى و هاوکاریکردنى
گروپى رێکخراو، بەدواى ئەوەشدا دەبوایە هێزى پێشمەرگە هاوکات لەگەڵ
دەستپێکردنى چەخماخەى راپەڕین بگەنە هاناى شانەچەکدارەکان و هاوڵاتیانى
راپەڕیو.
بێگومان فاکتەرى سەرەکى بۆ سەرکەوتنى راپەڕینى ساڵى (نەوەدویەک)
تۆکمەیى ئەو بەرنامەیە بوو کە پێشتر لەشاخدا دارێژرابوو و حەکیمانە
کارى لەسەرکراو جێبەجێکرا.
هەموو ئەوانەى کە بەشدارى راپەڕین بوون یا ئەوانەى کە ئاگادارى
هاتنەئاراو دروستبونى راپەرین بوون، ئەوێ رۆژێ هەموو ئەوانە هەستیان
بەبوونى جموجۆڵێک دەکرد کەلەرۆژانى رابردوو بوونى نەبوو! بەهۆى ئەو
رەوشە تازەیەوە درکیان بەوەکرد کە ئەم ئامادەکارییەو جموجۆڵانە رۆژێکێ
نوێ دێنێتە ئاراو رۆژگارێکى تازەى لێدەکەوێتەوە.
هەڵهاتنى خۆرى رۆژێکى نوێ تەنیا لەئاسمانى یەک ناوچەو دەڤەردا
نەدەبینرا تابلێین: هاوڵاتیانى یەک شوێن هەستیان بەبونى رۆژێکى
تازەدەکرد، بەڵکو دەرکەوتنى لایەکى کەمى ئەو رۆژە لە کێوێکى بەرزەوە
تیشکى رووناکى گەیاندبووە هەموو شارو شارۆچکە و ئۆردوگایەکى کوردستان،
لەبەر ئەوە تێگەیشتنى هەموو خەلک وەک یەک بوو بۆ دروستبونى رۆژێکێ نوێ.
کەواتە ئەکرێ بلێین: هەموو تاکەکانى نێو کۆمەڵگا پێکەوە هاوکارو
بەشداربون بۆ هەڵهاتنى رۆژگارێکى نوێ.
ئێستاش وا بەرەبەرە هاوڵاتیانى کوردستان (دانیشتوانى سنورى هەر سێ
پارێزگا) بەرەو رۆژێکى نوێ و چاوەڕوانکراو نزیکدەبنەوە، ئەو رۆژەش
هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانە. ئەوەى بەندە لەئێستاوە تێبینى کردوە،
و رەنگە کەسانیتریش هەمان بۆچوون و تێبینیان هەبێ، ئەوچاوەڕوانکردن و
خۆئامادەکردنەیە کەلەلایەن چین و توێژەکانى کۆمەڵگاوە گیراوەتە بەر بۆ
هەڵبژاردنى داهاتوو کە وەک بڕیاری لێداراوە دەکەوێتە رۆژى بیستوپێنجى
مانگى تەموزى ئەمساڵ. ئەو لێڕوانینەى خەڵک بۆ هەڵبژاردن هەمان روانین و
تەماشاکردنە بۆ راپەرینى ساڵى نەوەدویەک، چونکە:
* ئەو کۆبونەوانەى پێشتر بۆ راپەرین دەکرا هەنووکەش کۆبونەوەى لەوجۆرە
لە سەر ئاستى بەرز ئەنجامدەدرێ.
* نوێکردنەوەى شانەکانى رێکخستن و دروستکردنى شانەیتر بۆ راپەرین
ئێستاش کۆبونەوەى رێکخستنەکان گەرموگوڕیان تێکەوتوە، لەهەموو لایەکەوە.
* پەیوەندیکردن بە خەڵک بۆ راپەرین، ئێستاش پەیوەندی دەکرێ بە خەلک بۆ
دەنگدان.
نامەوێ ئاماژە بەهیچ خالێکی تر بکەم کە ماناى لێکچونە لە نێوان رۆژانى
پێش ڕاپەرین و ئەو هەڵبژاردنەى کە دادێ. بەڵام مەبەستمە ئاماژە بەو
تێبینیانە بدەم کە بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە ئێستادا سەرنجیان راکێشاوم و
هەست بەبوونیان دەکەم وەک:
* چاودێریکردنى هاوڵاتیان لەوەى دەنگ بەکێ دەداو ئینتیمای بۆ کێیە !
* چاودێریکردنى ئەو کۆبونەوانەى کە لەلایەن هەندێ قەوارەوە بەنهێنى
ئەنجامدەدرێن! یا کێن ئەوانەى بەپێچەوانەى سیاسەتى قەوارەکەى ئەو کار
دەکاو دەنگ بەقەوارەکەى نادا !
* تانەو تەشەر دان لە قەوارەکانی تروخۆهەڵکێشان بە بەرنامەى قەوارەکەى
خۆیى! ئەمەش پێچەوانەى بنەماکانى دیموکراسیەت و مافەکانى مرۆڤە
بەتایبەت لەم سەردەمەدا.
* نوسین و دیدارو ئاخافتن لەسەر قەوارەکانی تر، نەک بانگەشە بۆ
قەوارەکەى خۆی! هەندێ لەو کەسانە مەبەستیان لەبەرچاوگرتنى
بەرژەوەندیەکانى خۆیانە نەک گشتى !
بێگومان لە سادەترین پێناسەدا هەڵبژاردن لەوڵاتە پێشکەوتووەکاندا واتای
دیموکراتییەت و مافدان بە ئازادیى تاک و رێزگرتنە لە بیروبۆچونى
بەرامبەر. لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێ ئایا لە کوردستانى دواى (هەژدە)
ساڵ لە حوکومڕانى دەتوانین بڵێین نیەت و
بڕوابون بەبنەماکانى دیموکراسى لە بیر و
ئەندێشەى کەسانى سیاسى و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و تێکڕاى تاکى
کورد بونى هەیە؟ ئەگەر وەڵام بەڵێ یە، پێویستە ئەم پڕۆسەیە بەشێوەیەکى
زۆر مەدەنیانەو دیموکراسیانە بچێ بەرێوە. کە ئەمەش بۆ هەموو
هاوڵاتییەکى کوردستان دەبێتە مایەی شانازى و سەرفرازی بەتایبەت بۆ
ئەوانەى کە کارى سیاسى ئهنجام دهدهن لە
کوردستان و ئەمڕۆ بە قەوارەیەک بەشدارن لەم هەڵبژاردنەدا.
پێویستە سانسۆر نەخرێتە سەر هیچ کەس و لایەنێک، هیچ قەوارەیەکى سیاسى
رەت نەکرێتەوەو ئەندام و هەوادارەکانیان نەخرێنە ژێرچاودێرى و تەنگەتاو
پێکردنیان! با هیچ کەس بانگ نەکرێ و چاوى لێ سوور نەکرێتەوە و
ناچارنەکرێ بۆ دەنگدانێک کە ئەو کەسە نایەوێ دەنگ بە قەوارەیەک بدات کە
خۆى برواى پێ نییە.
Info_balisani@yahoo.com
|