په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١١\٢٠١٩

    ئەمن ولۆم!

دارا خونچە

لە بنەبانی ژۆرێوە

          خەریکی راونانی تارماییەکانم..

                               خڕیان مۆڕەم لێدەکەن! ١

دەخوازن ئەزیش

لە بۆشاییە تاریکەکان بیخولێنمەوە

   لە کووچە و کۆڵان و باژێڕان

                   هەراسانیان بکەم - هەراسانم بکەن..

دەخوازن ئەزیش

   ئاوری دەروونم

   وە سۆژیانی باڵی پەپوولەکان خۆشبکەم

            ئاهی دڵم

            وە قرچەقرچی سۆز و ئەوینیان دابمرکێنم!

دەیانهەوێ ئەمنیش

   دەست لە مەژییم بشۆم ٢

         ئەسپی جەستەم ئاوزینگ بدەم

                   راوی ریوی و

                   مامز و کێرووشک و کیوییان کەم!

گەرەکیانە منیش

   گەشتی ناجێیان بکەم

   مێینان لەسەر پەنجانی خۆم هەڵسووڕيێنم

         خارن و ڤەخارن.. دامبڕزێنن ٣

              وێنە لە تەک.. ناودارانی هندوڕ پیچ و ٤

                  پاشماوەی پاشا و ماشایان بچرکێنم!

لە بنەبانی ژۆرێوە

   خەریکی راونانی تارماییەکانم

   لێ هاوڕێیان.. (هاوهاوەکان) مەبەستیانە ٥

   کۆیلە ئاسا تێکڕای جەستەم بڕەتێنم

         خۆم لەبەریەک هەڵزڕێنم

         هێندە پەیداکەم پێی نەژیم.. پێشی نەمرم

              دە هێندە و پتر و پتریش

              لە دوڕ دەستی ٦

              کۆیلەداری سەردەم بکەم.. نەیڕەنجێنم!

لە گۆشەیەکی رۆشەنی

   بنەبانی ژۆره تەسکە گەورۆنەکە

   خەریکی راونانی تارماییەکانم

              دار و بەردی ئەو جیهانە ناجیهانەش

                      رێم لێبگرن.. رێی وان ناگرم! ٧

ئەمن ولۆم.. ٨

        هەر لە بنەبانی ژۆرێوە

                     خەریکی راونانی تارماییەکانم...

___________________________________________________________

١- خڕ: هەموو.. گشت.. کۆ.. سەرتاپا.. هەمی.. سەرجەم.

٢- مەژیی: مێشک.. مۆخ.

٣- خارن و ڤەخارن: خواردن و خواردنەوە.

٤- پیچ: پووچ.. بێ نێوەرۆک.. بێ ناواخن.

٥- هاوهاوەکان: وەک پەیڤەکی تازە لەسەر بنچینەی پەیڤی لێکدرای (هاوڕێ) دامڕێشتیە.. وە واتای؛ هاوبیر.. هاوکار.. هاوڵاتیی.. هاوپیشە و... تد.

٦- لە دوڕ: لە نێو.. لە ناو.. لە هندوڕ.. ل ناڤ.

٧- وان: ئەوان.

٨- ولۆ: ئەوها.. ئاوها.. ئیوها.. ئاوەها.. ئاوا.. وا.. وەتۆ.. بەو شێوە.. بەو جۆرە.

 

نیسانی ٢٠١٩

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک