په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٢\٢٠١٠

ئەمنى بەعس و ئاساییشى سلێمانى ... ئەمەیان بۆ ئاوڕدانەوە.

هیوا ڕەش   

 

هاوتەمەنەکانى ئێمەومانان ، ئەوانەى لە سایەى سەردەمى بەعس دا ژیاون هەموو ئەزانین کە ناوى ئەمن بهاتایە بارى دەروونیمان تێک ئەچوو ، ئەمن ئەو دەزگا سەرکوتکەرە بوو گشتمان سڵمان لێ ئەکردەوە ، خوا نەکردە کەس کارى پێیان نەکەوتایە و ڕێى نەبردایەتە فەرمانگە ترسناکەکەیان، چونکە یان تێهەڵدراو وە یان لەکەدار ئەبووى، دەزگایەکى ئابڕوو تکاو و بەدناو و قێزەون ، مەترسیدار و مەرگبار ، دەزگایەک بوو پیشەى تۆقاندنى خەڵک بوو و لەم ڕووەوە هەرچى دەربارەى بووترێ ئەستەمە وێناى ڕاستەقینەى بکرێ ، بەڵام ئەوەى من ئەمەوێ بیڵێم ئەوە نیە ، بەڵکو قسە کردن لە سەر دوو کارمەندى لاوى ئاساییشى بەکرەجۆیە ( هاوکار و کۆژیر ) لە ژوورێکى بچکۆلەدا کە هەر لە ژوورە تاکه‌که‌سییه‌کانی زوو ئەچوو ، لە جیاتى کێبڵ و قامچى و شوێنى هەڵواسین و فەلاقە ، مێز و کۆمپیوتەر و کورسى لێ بوو ، لە جیاتى دانەجیڕە و جنێو و سووکایه‌تیی جەلاد ، پێشوازى گەرم و ڕوخسارى بە پێکەنین ، لە جیاتى پیاوکوژ دوو کارمەندى ماندوو نەناسى لێ بوو بە لێبووردەییەوە کارى هاووڵاتییانیان ڕائەپەڕاند.
 

بەش بە حاڵى خۆم لە سەردانى فەرمانگەکان جاڕسم ، هێندە ساردى و کەمتەرخەمى ئەبینم جیقڵدانەم بە بەریەوە نامێنیێت و تووشى بێزارى ئەبم، دوژمنى بەرتیلم بەڵام لە داخى کارمەندى غەمساردى ئەم سەردەمە بۆم بکرێت دەمى پۆلیسى بەردەم خەستەخانە بە پاقڵاوە سواغ ئەدەم ، یان لایەکى گیرفانى پرسگەیەکى فەرمانگەکان بە پارە ئەدڕێنم تا بە ڕوویەکى خۆشەوە پێشوازى بکرێم ، وە یان خوانەخواستە ڕێم بکەوێتە تاپۆ بۆم بکرێت دوو هێندە پارە ئەدەمە پارێزەرێک تا کارەکانم بۆ جێبەجێ بکات ، بە ڕاستى پێم خۆشە کەسێکم لێ بمرێت بەڵام بە بەردەمى فەرمانگەیەکى دادنووس دا تێپەڕ نەبم ، لەوانەش ناخۆشتر کە ئەچم بۆ مووچەکەم پاسەوانەکە لە برى ئەوەى بمپشکنێت ئەڵێ : کوا هەویەکەت ؟ ! کە هەموو ئەوروپا بگەڕێیت گوێت لە پرسیارێکى وا نابێت ، ئەمانە وایان لێ کردووم هەتا بۆم بلوێت خۆم لە کاروبارى فەرمانگەکان ببوێرم ، بەڵام کە ڕۆژى یەکشەممە 31 1 2010 بۆ کارێک ڕێم کەوتە ئاساییشى بەکرەجۆ ئەگەر پێویستى نەکردایە ملى ڕێگەم نانایە بەر ، کەچى ئەمجارەیان پێچەوانەى هەموو جارەکان بوو ، بە جیا لە ڕابردوو ئەمجارەیان کە چوومە ژوورەوە تووشى کارمەندێکیان هاتم کە ناوى - سەباح - بوو و پێشمەرگەیەکى دێرینى یەکێتى و برادەرم بوو زۆر ڕێزى لێ نام و ئامادەیى خۆى دەربڕى ئەگەر کارێکم هەبێت بۆم ئەنجام بدات بەڵام من ئەرکى شەخسى خۆم نەخستە ئەستۆى و بە سوپاسەوە پێشوازییە جوامێرانەکەیم لێ وەرگرت ، لە دوایى دا چوومە ژوورە تەنگ و باریکەکەى وێڕاى کورسى و مێز و کۆمپیوتەر و دوو کارمەندە لاوەکە پێنج کەسى بە ئیشى لێ بوو ، چۆن دەرگاکەم کردەوە هەر ئاوهاش دامخستەوە و چاوەڕوانیم کرد تا چۆڵ بوو ئینجا چوومە ژوورەوە .

(هاوکار و کۆژیر) کە لە ژوورێکى پەنگ خواردووى هەناسەى دەیان کەس کارەکانیان ئەنجام ئەدا ، زۆر بەڕێز و حورمەتەوە پێشوازییان کردم و هەر بە هەمان حورمەتەوە کارەکانیان بۆم ڕاپەڕاند و بە هەمان شێوەش بەڕێیان کردم ، ئەوەى مایەى نیگەرانى من بوو ئەو دوو لاوە کە بەوپەڕى شیلگیرى و دڵسۆزى و لێبووردەییەوە لە ژوورەکەى خۆیان دا سەرقاڵى جێبەجێکردنى فه‌رمانى هاووڵاتییان و فەرمانى حکومەتن بۆ ئەبێت شوێنێکى گونجاو و شایستە تریان بۆ فەراهەم نەکرێت ، دڵنیام ئەوان کە پەروەردەیەکى ئاوها ساغلەمیان هەبێت لە هەر کوێیەک دابنرێن وەکو ئێستایان دڵى خەڵکى ڕائەگرن و ئیشەکانیشیان جێبه‌جێ ئەکەن بەڵام ئەو کاتە ئاسووده‌تر و تەندروستیشیان پارێزراوتر ئەبێت .

تۆ بڵێى بەرپرسەکان بۆ هاندان و کێبڕکێى هاوتاکانى (هاوکار و کۆژیر) بیر لە پاداشتیان بکەنەوە جا ئەگەر بە سوپاسگوزاریشیان بێت ؟ ! لێرەوە بە هیوام گەنجانى ووڵاتەکەم هەموویان ببن بە کاکە (هاوکار و کۆژیر) و لە فەرمانگەکان دا نموونەیان زۆر و زۆر تر بن .

 


07701309524

Hewarash1@yahoo.com