٨\٢\٢٠٢٢
هەشتی ئادار رۆژی جیهانیی
ژنان:
ئەمڕۆ ناتوانم ھیچ
نەڵێم.

شووشان مستەفا
زۆر ھاوار ھەن دەرمان نەبڕیوون، زۆر وشە ھەن نەمانتوانیوە بیانڵێین،
زۆر گرێ لە ناخماندا ھەن نەکراونەتەوە، بە بیانووی جیاواز و لە ژێر
ناوی جیاواز تا ئەم چرکەیەش ژن دەکوژرێ و تیرۆری جەستەیی و گیانیی و
دەروونیی دەکرێ، تکایە وەک مرۆڤبوون لە ئافرەتان بروانن و توندوتیژیی
بەرامبەر ئافرەتان راگرن، ژنان و ئافرەتان بە درێژایی مێژوو لە ھەر
چوار پارچە نەخشی جوان و کارا و کاریگەرییان لە بوارە جیاوازەکان
بینیوە، بەشێکیان لە لووتکەی دەسەڵات بوون و بەشێکیش بە کارە
مرۆڤدۆستانەکانیان بوونەتە نیشانە و نموونە، بۆ ئێوەش ئەی
ھاوڕەگەزەکانم؛ ئێستا وێنا جوان و تایبەتە پڕ توانایەکانتان نیشانبدەن
واز لە شتی لاوەکیی بھێنن و بیسەلمێنن ئافرەت لێھاتوو و کارامەیە و
توانای کار و بەڕێوەبردن و گرتنەدەستی دەسەڵاتی لە سەرجەم دامەزراوە و
پلە و پێگەکاندا ھەیە تا چیدیکە ئافرەت
نەبێتە قوربانیی توندوتیژییەکان و بۆ
ریشەکێشکردنی ھەموو جۆرە جیاکاریی و نادادپەروەرییەک، بۆ داھاتوویەکی
باشتر و کۆمەڵێکی پڕ لە رەنگ پێویستە راشکاوانەتر لە پرسی ژن بروانن.
مێژووی رۆژی جیهانیی ژن هاوکاتە لەگەڵ خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دژی
هەڵاواردنی رەگەزیی و سێکسیی و چەوسانەوەی چینایەتی. ئەم رۆژە رۆژی
مێژووییە بۆ خەبات لە پێناو بەدیهێنانی مافی یەکسانیی و هەلومەرجی
باشتر لە ژیانی ژناندا.
هۆکاری دیارکردنی رۆژی هەشتی ئادار وەک رۆژی جیهانیی ژنان، رێزلێنانە
بۆ مێژووی خەباتی ژنانی کرێکاری کارگەی رستنی شاری نیۆیۆرکی ئەمەریکا
لە ساڵی ١٨٥٧.
هەلومەرجی دژواری کاری بێوچان و مووچەی نیوە و ناتەواوی کرێکارانی ژن،
کە لە کۆتایی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی ٢٠ لە وڵاتانی خاوەن پیشەسازیی
شانبەشان لەگەڵ پیاوان هاتبوونە مەیدانی کارەوە، ئەوانی ناچار دەکرد
ناڕەزایەتی دەرببڕن و بێنە کۆڕی خەباتی یەکسانییخوازیەوە بە شێوازی
رێکخراوەیی بەرنامەڕێژکراو یان تۆکمە دژی ئەو چەوسانەوەیە.
لەم رۆژەدا کرێکارانی ژن لە کارگەیەکی دەسکرد، دەستیاندایە مانگرتن بۆ
پیشاندانی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە هەلومەرجی نالەباری کار و خراپیی
مووچەیان. بیرەوەریی ئەم مانگرتنە لە لای کرێکارانی ئەم بەشە مایەوە و
ناڕەزایەتیی گشتیی لەم بارودۆخە لای ژنانی کرێکار درێژەی هەیە تاکو
ئەمڕۆشی لەگەڵ بێ.
هەشتی ئادار، ١٩٨٨ دوای نیو سەدە، ژنانی ماندوونەناسی بنکەی دەسبافی
کەتان لە شاری نیۆیۆرک لە ساڵیادی ئەو مانگرتنانە، بە هۆی هەڵاواردن و
هەژاریی و گوشاری زۆری کار و مووچەی نیوە و ناتەواو دەستیاندایە
مانگرتن. کاربەدەستانی کارگەکە بۆ سەرکوتکردن و پێشگرتن لە ئاشکرابوونی
لە ناو بەشەکانی دیکەدا ئەو ژنە مانگرتووانە لە شوێنەکەی خۆیان
دەستبەسەر دەکەن. بە هۆکارێکی نادیار ئاگر لە کارگەکە دەکەوێتەوە و
تەنیا ژمارەیەکی کەم دەربازیان دەبێ، زیاتر لە سەد کرێکاری ژن لە
ئاگردا گیانیان لەدەستدەدەن.
یەکەمین رۆژی جیهانیی ژن لە مانگی ئاداری ١٩١١ لە دانیمارک، ئەڵمانیا،
نەمسا، سویسرا و ئەمەریکا بەڕێوەچوو، بە ملیۆنان ژن بەشداریی
بەڕێوەچوونی رۆژی ژن بوون. سەرەکییترین داخوازییەکانیان ئەو کاتە
بریتیی بوون لە یاسایەک بۆ پاڵپشتی کرێکارانی ژن، مافی دەنگدان و
بەشداریی لە هەڵبژاردن.
لە لایەکی دیکەوە کێشەی جیاوازیی نیوان ژن و پیاو لە بەرانبەر کاری
یەکسان، کەمکردنەوەی کاتی کار و دابەزاندنی نرخی شتومەک
داخوازییەکانیان بوو، کە بۆ ئەمڕۆی ئێمەش نامۆ نین.
لە دوای شەڕی جیهانیی دووەم، لە وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا لە ساڵی ١٩٤٠
بۆنەی هەشتی ئادار بەڕێوەچوو، لەم وڵاتانە بە فەرمیی لە لایەن
دەوڵەتەوە شکۆدارانە بەڕێوەچوو وەک نیشاندانی خەمخۆریی بۆ کێشەکانی
ژنان..
ئێستە هەشتی ئادار لە زۆربەی زۆری ولاتانی جیهان هەموو ساڵێک بە رێزێکی
تایبەتەوە بەڕێوەدەچێ، وەک رۆژی ناڕەزایەتیی گشتیی و توندوتیژیی
بەرانبەر بە ژنان، هەروا رێزگرتن لەو کەسانەی کە بنەمای ئەم خەباتەیان
هەڵگیرساند بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان.
دەسکەوتەکانی رابردوو و پێشڕەویی بۆ چەسپاندنی یەکسانیی هەمەلایەنە بۆ
سەپاندنی مافە سەرەتایی و مرۆییەکانی ژنان، کەم نین. لە زۆربەی وڵاتانی
جیهان مافی دەنگدان و بەشداریی لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بەشداریی
هەڵسووڕانی رامیاریی و کۆمەڵایەتی بە فەرمیی ناسراوە.
هێشتا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە چوارچێوەی ژیانی هاوسەرییدا لە
لایەن کۆمەڵەوە یان شوێنی کار ژنان رووبەڕووی توندوتیژیی دەبنەوە،
یاسای دینیی و پیاوسالاریی دژە ژن لە زۆربەی وڵاتە دواکەوتووەکانی
جیهاندا ژنان ئازاردەدا و کاری پێدەکرێ، هێشتا لە پێشکەوتووترین
وڵاتانی جیهانییش هێزی کاری ژنان بەرانبەر بە کاری یەکسان لەگەڵ پیاوان
تا رادەیەک جیاوازیی بە خۆیەوە دەبینێ.
زۆربەی نەخوێندەوارەکانی جیهان ژنانن، ژنان و منداڵان گەورەترین
قوربانی ئاوارەیی و دەربەدەریی ناکۆکییەکانن. دیارکردنی جلوبەرگ بۆ
ژنان، (حیجاب)ی زۆرەملێ، دەستدرێژیی سێکسی و جەستەیی، توندوتیژیی و
تیرۆر لە ژێر ناوی (ناموس و شەرەف) و کپکردنی ئازادیی رادەربڕین،
نموونەگەلێکی سەرەکیی و ئاشکران کە رۆژانە وەک دیاردەی ئاسایی دژی ژنان
بەڕێوەدەچن.
پیرۆزبێ رۆژی جیھانیی ئافرەتان.
ئازادیی بۆ ھەمووان.
shushanmustafa100@gmail.com
|