په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٤\٢٠١٦

ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق و کورد.


جیهاد محەمەد     


ئەوەی دوێنێ و ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراقدا روویدا، دەمێک بوو روویدابوو، بەڵام حیزبە حوکمڕانەکانی کوردستان لێی بێدەنگ بوون، چونکە وا لە بەرژەوەندییان بوو. بەڵام دوێن و ئەمڕۆ بۆیە هاتوونەتە دەنگ چونکە پێگە سیاسییەکانیان وەک سەرۆکی کۆمار و جێگری دووەمی سەۆرکی پەرلەمان و وەزیرەکانیان کەوتوونەتە بەردەم هەڕەشەی لابردن.


لە دوێنێوە (١٣/٤) کۆمەڵێک لە ئەندام پەرلەمانانی لیستەکەی حیزبی دەعوە (مالکی )و لیستی ئەحرار( موقتەدا سەدر) و لیستی وەتەنی(عەلاوی) و هەندێک لە سوننەکان مانییان گرتووە و بە قسەی خۆیان نیسابی قانونیان تەواوکردووە، بۆیە ئەمڕۆ(١٤/٤) لە کۆبوونەوەکەیاندا بە بێ بەشداریکردنی دەستەی سەرۆکایەتی و فراکسوێنەکانی حیزبە کوردییەکان بڕیاریاندا بە هەڵوەشاندنەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان،هەروەها بە نیازی ئەوەشن لە کۆبوونەوەکانی ئایندەیاندا،کابینەکەی عەبادی و سەرۆکی کۆمەرار فوئاد مەعسوم هەڵبوەشێننەوە. ئەمەشیان بۆیە کرد گوایە لە پێناوی چاکسازیی و رزگارکردنی عێراق لە گەندەڵی!


دەمێکە نە هێزە سیاسییەکانی عەرەبی سوونە، کە ئێستا چەوساووەی دەستی شیعەن، نە هێزە سیاسییە شیعییەکان کە دەسەڵاتدارن درۆیان لەگەڵ کورد کردووە، دەمێکە هەموو ئەم هێزانە بە هێزە سیاسییەکانی کوردیشەوە تەنها بە ناو و لە پێناوی دابەشکردنی هێز و دەسەڵاتی سیاسیی و دزی و جەردەیی خۆیاندا پەیوەستن بە دەستوری عێراقەوە، کە تێیدا لەسەر شەراکەتی عەرەب و کورد و تورکمان و کەمایەتیە نەتەوەیی و دینییەکانی ترەوە رێکەوتوون و نووسراوەتەوە. دەمێکە ئەم شەراکەتە نەماوە و هەرکس لای خۆیەوە لەسەر حسابی گەلی عێراقی چەوساوە و ستەملێکراو لەم دەوڵەمەندییە زۆر و زەوەندەی عێراق دەلەوەڕێت.


ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراقدا روویدا، ئەگەر لە پەرلەمانی کوردستاندا، پارتی ئەمەی بۆ بکرایە، ئەوە بە ئاسانی و بە شێویەکی قانونی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی هەڵدەوەشانەوە و ولایەتەکەی مەسعود بارزانیشی بۆ ئەو کاتەی کە حەزی لێبوو درێژ دەکردەوە. بەڵام چونکە ئەم رێگە قانونییەی بۆ نەگیرایە بەر، بۆیە پەنای بۆ هێز برد و بە هێزی سەربازی و پۆلیس رێگەی لە دکتۆر یوسف محەمەد گرت بگەڕێتەوە پەرلەمان.


پارتی، ئەم حاڵەتە سیاسییە پشێوییەی ئێستای عێراقی زۆر پێخۆشە، لەبەر ئەوەی لە بەرژەوەندی جێبەجێکردنی ئەجندا سیاسییە تاکڕەوییەکەیەتی لە کوردستاندا، چونکە دەتوانێت ئەمە بکات بە بیانوو، کە عێراق تازە کەڵکی ئەوەی نەماوە شەراکەتی لەگەڵدا بکرێت، بەم بیانوەش پرۆسەی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی دەتوانێت رابگەیەنێت.


پارتی دەستی لەوە شتوە کە لە حاڵەتێکی وادا ئەگەری ئەوە هەیە، کە گەلی کوردی باشور بکەوێتە بەردەم کارەسات و تراژیدایی شەڕوشۆڕێکی نا بەرابەر لەگەڵ عێراق و لەوانەشە لەگەل ئیران و تورکیاشدا. ئەگەرێکی واش، کە زۆر پێویستە پێشبینی بۆ بکرێت، چونکە کوردستان بووە بە قەیرانستان و هیچ مەسەلەیەکی سیاسیی و ئابووری و دارایی و مرۆیی و پەروەردەیی و تەندرستیی نەماوە کە تووشی قەیران نەبووبێت. سەرەڕای ئەمانەش کوردستان خاوەنی هێزێکی سەربازی تۆکمە و بە توانای پڕ لە چەک و تەقەمەنی نییە بۆ بەرەورووبوونەوەی هێزێکی سەربازی دیکە لەسەرو هێزی داعشەوە. پێشبینی ئەوەش دەکرێت، کە لە حاڵەتی پڕۆسەی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردیدا، داعش زیاتر چاو بداتە سەر کوردستان و هێرشەکانی بۆ سەر کوردستان چڕتر بکاتەوە. دیسان پێشبینی ئەوەش دەکرێت، کە ئێران و عێراق و تورکیا و سوریا وەک پیشە دزێو و ناشیرینە رەگەزپەرستییەکەیان رێکبکەون دژ بە گەلی کورد و سەربەخۆیی گەلێ کورد.


کێشەکەش تەنها لەوەدا نییە کە پارتی دەیەوێت ئەم سەرکێشییە بکات بە گەلی کورد،چونکە بە بێ سەرکێشی کردن مەحاڵە ئازادی و سەربەخۆیی بۆ هیچ تاک و گەلێک بهێنرێتە دی ـ هەروەک زۆرێک لە فەیلەسوف و زاناکانی بواری ئازادی و دیموکراتی ئەمەیان پشتڕاستکردۆتەوە ـ بەڵکو کێشەکە لەوەدایە، کە هیچ پاڵبشتێکی ناوخۆیی و دەرەکی ئاشکرا نییە بۆ ئەم سەرکێشییە. هیچ جۆرە پلانێک نییە بۆ وەستانەوە لە ئەگەری داخستنی دەروازەکانی ئێران و تورکیا و عێراق و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و برسێتی. هیچ جۆرە پلانێک نییە بۆ بوژانەوەی کشتوکاڵە وێرانەکەی کوردستان. هیچ جۆرە پلانێک نییە بۆ فرۆشتنی نەوت و گازی کوردستان، کە ببێت بە سەرچاوەی داهات بۆ ئەو دەوڵەتەی مەسعود بارزانی دەیەوێت رایبگەیەنێت.


کێشەی گەورەی خەڵکی کوردستان، چ لە ئێستا و چ لە رابردوودا ئەم حیزب حیزبێنەییە بووە، کە حیزبەکانی پارتی و یەکێتی خاوەنی دەسەڵاتبوون لە ناو(شۆرش و بزووتنەوەی رزگاریخواز)ی گەلی کوردا. بە هیچ جۆرێک رێز و شکۆمەندییان بۆ خەڵک نەویستوە، تەنها خەڵکیان بەکارهێناوە بە ناوی"کوردایەتی" و گەیشتن بە ئازادی و رزگاری. لە ماوەی ٢٤ ساڵی حوکمڕانی ئەم حیزبانەدا بە تایبەتی پارتی و یەکێتی تەنها بۆ حیزبەکانی خۆیان هەوڵیانداوە و هەموو کۆمەڵگای کوردییان تووشی دەیان قەیران کردووە و خۆشیان لەو پەری دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانییدا دەژین. کێشەکە لەوەدایە کە ئەمانە حوکمڕانن و هەر ئەمانەش دەبن بە خاوەنی ئەو دەوڵەتەی رایدگەیەنن، واتە هیچ رووناکاییەک نییە لە بەردەمی خەڵکدا، کە ئەگەر بە ریفراندۆم دەنگیاندا بە راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی، لە پاشەڕۆژدا ئەم دەوڵەتە درێژە نەدات بە ستەمکاریی و چەوساندنەوە، درێژە نەدات بە دزی و جەردەیی و گەندەڵی، درێژە نەدات بە نایەکسانی و نادادپەروەری.


رۆژانێک هەبوو پارتی دیموکراتی کوردستان، شەڕیان لەسەر ئەوە دەکرد کە دەبێت ئاڵای عێراق شان بە شانی ئاڵای کوردستان لە پەرلەماندا بشەکێتەوە.


مام جەلالیش لەو ماوەیەی سەرۆکی کۆماری عێراق بوو بە هیچ جۆرێک رازی نەدەبوو کە باس لە هەڵوەشانەوەی عێراق بکرێت و یەکێتی خاکی عێراق بکەوێتە بەردەم هەڕەشە و مەترسییەوە.


پارتی لە پێناوی سەرکەوتنی ئەجندا حیزبییەکەی خۆی و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لەسەر دەستی مەسعورد بارزانی دەیانەوێت سەرکێشییەکی گەورە بە گەلی کورد بکەن و بە حسابی خۆیان هەڵوێستی ئەمریکا و هاوپەیمانان و ئەوانەی پشتیوانی کوردن لەمڕۆدا دژ بە داعش ئیحراج بکەن!


لای پارتی گرنگە شەڕوشۆرێکی گەوەرە و کارەساتبارییەکی گەوەرە بەسەر گەلی کورد بێت بەڵام بە مەرجێک قسەی خۆیان سەرکەوێت، لە پێناوی ئەوەی هەتا هەتایە ئەم حیزبە ببێت بە حیزبی قائید، بنەماڵەی بارزانیش ببن بە مەلکی کوردستان.


١٤\٤\٢٠١٦ - سلێمانی
ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک