په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١١\٢٠١٣

ئەم ساڵ ساڵی دەست لەکارکێشانەوەیە.


رۆژ عەزیز      


ناسیونالیزمی کورد و بزووتنەوەکەی تووشی قەیران بوون بە تایبەتیی لە کوردستانی عێراقدا، ئەمەش لەوە سەرچاوە دەگرێ هەم حیزبی بنەماڵەن هەم حیزبی تاکڕەوانەن و هەم حیزبی پروپاگەندەی ریاکارانەن، بە تایبەتیی لەسەر بارودۆخی کوردستان و چۆنیتی بەرێوەبردنی دەسەڵات و وەڵام نەدانەوە بە خواست و ویستی خەڵکی ناڕازیی.


دەبێ ئەوە چ نهێنییەک بێ دامەزرنێنەری بزووتنەوەیەک یاخود حیزبێک ئەمرۆ دەست لە کار بکێشتەوە کە تا دوێنێ خەریکی فریودانی خەڵکی بووە خەڵکی پەلکێش کردوە بۆ نێو بزووتنەوەکەی، ئەمرۆ (روشدی عەزیز) دامەزرنێنەری بزووتنەوەی گۆران دەستی لەکارکێشایەوە و هۆکاری دەست لە کارکێشانەوەکەی رایگەیاند کە تاکرەویی لە نێو بزووتنەوەی گۆراندا هەیە، لەوە دەچێ روشدی عەزیز و هاورێکانی کە ئێستا لە نێو گۆراندا تازە زانیبێتیان کە تاکرەویی حیزبی سەرکردە لەم بزووتنەوەیەدا هەیە، لەوە دەچێ ئەم برادەرە و هاورێکانی تازە بە تازە نەوشیروان مستەفا و ماهیەتی حیزبە ناسیونالیستە کوردییەکان بناسن، بە بروای من ئەوانەی تا دوێنێ هاتوهاواریان بوو دژی گەندەڵی ئێستا خۆیان گەندەڵترین کەسن، لە هەمووی سەمەرەتر ئەوەیە پەرلەمانتارەکان سەری زمان و بنی زمانیان دژی گەندەڵیی بوو هاواریان دەکرد دەبێ قووتی خەڵکی بگەرێندرێتەوە بۆ خەڵک کەچی خۆیان قووتی خەڵکیان خوارد وەک هەردوو حیزبە باڵادەستەکە ئۆپۆزسیۆن لە هەموو کەس زیاتر حەزی بە ٤٩ ملیۆن دینارەکە بوو.


کەچی ئێستا لێرەو لەوێ هەر بۆ فریودانی خەڵکی دەڵێن ئەو پارەیە دەبەخشین فڵان رێکخراو فلان نەخۆشخانە، وەک ئەوەی خەڵک دەرۆزە بکا و دەسەلات لەم ناوچەیە هەژار بێ و پارەی بۆ کۆبکەنەوە، ئاخر تەکەی ئەم خەڵکە بە دەرۆزەکردن بژین ئەی مەگەر کۆمەڵگەی کوردستان و عێراق نەوت و سەروەت و سامانی کەمە؟


باشە ئەم پەرلەمانتارانەی ئۆپۆزسیۆن تاکەی خەڵک فریودەدەن ئەگەر یەک تۆز راستگۆ بوونایە دژی ئەو بریارە دەوەستانەوە کە رێگە دەدات ٤٩ ملیۆن دنیاریان پێ ببەخشرێ، نەک وەریبگرن و بیکەنە منەت بەسەر خەڵکەوە کە دەیبەخشینە خەڵک یاخود فڵان نەخۆشخانە و فڵان رێکخراو یاخود فڵان خوێندکار.


ئای کە چ گاڵتەکردنێکە بە عەقڵی خەڵک، بۆ ئەوەی کەسایەتی خۆیان بناسێنن بەم کارەو بزووتنەوەکەیانی پێ بەرنە پێشەوە .بەڵام وا دەرکەوت ئەمانە هەموو ریاکارانەو چاوبەستنە لەخەڵک وا خەریکە ریزەکانی ئەم بزوتنەوانە هەڵدەوەشێت ورۆژانە گوێبیستی ئەم کەس وئەو کەس دەبین دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان رادەگەیەنن لەریزەکانیان.بەبروای من دەست لەکارکێشانەوەو لێکترازان لە ریزەکانی بزووتنەوەی گۆران رەنگە لە هەموو لایەنەکانی دیکە زیاتر بێت ئەگەری جیابونەوەش هەیە لەم بزووتنەوەیەدا ،ئەم بزووتنەوەیە لەگەڵ دوو لایەنی روبەروە بەرەیەک سەرتاپا ئیسلامیە بەرەیەک هێشتا تروسکایەکی کەمێک خۆ بەمەدنی و پێشکەوتنخوازی تێدایە .واش دەردەکەوێت هیج کەس و تەنانەت ئەندام پەرلەمانیکی گۆران بۆی نەبێت لەخۆیەوە وەک عەلی حەمە ساڵح وئیڤار ئیبراهیم قسە لەسەر یاساو شتە بڤەکان بکەن.


بۆیە بە لێدوانی ئەم دوو ئەندام پەرلەمانتارە نارەزایەتیەکی گەورە کەوتە نێو بزووتنەوەی گۆرانەوە بەڵام هەر زوو گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵکردن و رێگەیان بەکەسی دیکەنەدا لەخۆیەوە قسە بکا یاخود لێدوان بدا. دەی ئیتر بزووتنەوەیەک ئەمە کاری بێ و ئەندام پەرلەمانەکانی دژی گەندەڵی بن کەچی خۆیان گەندەڵکار بن ئیتر چۆن دەستلەکارکێشانەوە روونادا.


دەکرێت بپرسین؟ ئەرێ بەراست عەلی حەمە ساڵح بۆ حیسابات زۆر باش بوو زۆر کەس باسی ئەوەی دەکرد بە لای هەر کەسێکدا بروا دەزانێ چەندی پارە لە گیرفانیدایە. ئەی دەبێ ئەم برادەرە حیسابی کردبێ ئەو پارەی وەریانگرتووە کە برەکەی ٤٩ ملیۆن دینارە بەشی چەند کارمەند و نازانم چەند چی چی دەبێ کە خۆی شی دەکردەوە، ئای کە چ گاڵتەجاڕییەکە ئەمانە دەیکەن.


با بێینە سەر یەکگرتووی ئیسلامی ئەویش تووشی نەخۆشی دەستلەکارکێشاوە بووە، لەم چەند رۆژەی رابوردودا ئەندامیکی پایەبەرزی ئەو حیزبە دەستی لەکارکێشایەوە دیارە لە نێو خۆی ئەم حیزبەشدا دەستە و دەستەگەریی و کێشەی نێوخۆیان هەیە لەسەر مەسەلە دینییەکان و تێکەڵبوونی ئەم حیزبە لەگەڵ دوو هێزی دەسەلاتدار لە کوردستان، کە تا دوێنێ یەکگرتوو خۆی بە ئۆپۆزسیۆن دەزانی بەڵام ئەمرۆ دەست لە نێو دەستی دەسەلات بۆ هاوبەشبوون لە دەسەلات و پارەخواردن کە موڵکی خەڵکی کوردستانە.


ئەمانە خۆیان زۆر بە موسوڵمان دەزانن کەچی خۆیان خەریکی پارەی خەڵکن دەیخۆن کە بەپێی دینەکەیان بێت وەک چڵکی دەست پێیان حەرامە، بەڵام دیارە لای ئەم حیزبەش پارە خواردنی خەڵک بۆ خۆیان حەڵاڵە و بۆ خەڵکیش حەرامە. ئەمانە هەمیشە رەخنەی پارتی و یەکێتی دەکەن کە گوایە پارەی خەڵک دەخۆن و پارەی حەرامە دەیخۆن کەچی نازانم ٤٩ ملیۆنەکە هی خەڵک نییە یاخود حەرام نییە بە پێی دینەکەیان بێ.


ئەمانە هاتوون فتواش دەدەن دەڵێن ئەو پارەیەمان پێ حەڵاڵە دەڵێن مافی ماندوبوونی ئێمەیە وەک ئەوەی خەڵک مەلا عوزێر و مەلا بەشیرەکان باس لە حەڵاڵیی دەکەن دەڵێی پارەی کرێکارییان وەرگرتووە دەڵێی کرێکارییان کردوە .ئاخر ئەمەیە قسەی ریاکارانە و ئەوپەری گاڵتەجاڕیی کە ئەمانە دەیکەن بە خەڵکی دەفرۆشنەوە، دەی ئیتر دەبێ چاوەرێی ئەوە بکەین ئەم حیزبەش بکەوێتە بەر نارەزایەتی خەڵک و سەرەنجام دەبێ بەرپرسەکانیان دەستلەکاربکێشنەوە، ئەگینا ئەوەندەی دیکە دەکەونە بەر نەفرەت و نارەزایەتی خەڵک.


با باسێک لە سەرگەردانیی سیاسی نێو یەکێتی بکەین، یەکێتی بارودۆخەکەی زۆر خراپە لە بارەی دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسەکانی یاخود جێگۆرکێی بەرپرسەکانی بۆ پۆستی دیکە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەو رۆژەوە نەوشیروان لە نێو ئەو حیزبە نەما ئیتر یەکێتی گورزی گەورەی خوارد و هەمیشە لە پاشەکشێدایە، دیار نەمانی جەلال تاڵەبانی لە گۆڕەپانەکە و نەخۆشکەوتنی ئەم رابەرەی ئەم حیزبە ئیتر ئەوەندەی دیکە یەکێتی بەرەو لێکترازان و پاشەکشە برد. ناسیونالیزمی کورد هەمیشە بەوە بەندە یەک رابەری هەبێت بێ تاکرەوی ویەک رابەر ناتوانێت سیاسەت بکات هەمیشە حیزبی ناسیونالیستی کوردی کە رابەرەکەی نەما ئیتر دەورانی تەواو دەبێت بۆ چەندین ساڵ پاشەکشە دەکات و وا زوو بزووتنەوەکەی هەڵناستێتەوە.


ئێستا یەکێتی نیشتمانی کوردستان تووشی ئەم قەیرانە بووە جێگۆرکێ بە بەرپرسەکانی دەکات پلنیۆم دەبەستێت خەریکی گۆنگرەیە، هەموو هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە رابەراتی یەکێتی بەم جۆرە بهێڵنەوە دەیانەوێ یەکێتی لەو قەیرانە رزگار بکەن. بە بروای من نەک رزگاری ناکەن بەڵکو زیاتر جیابوونەوە سەرهەڵدەدا و دەست لەکارکێشانەوەش زیاتر بەردەوام دەبێت، بۆیە ئەگەری زۆر کەمە یەکێتی لە ئاست نارەزایەتی نێو خۆی ریزەکانی دەربازی بێ و هەم نارەزایەتی خەڵکیش لە ئاست دەسەلاتیان کەم بکەنەوە. بۆیە ئەم ساڵ ساڵی نەهاتە بۆ حیزبە ناسیونالیستە ئیسلامییەکان لە کوردستانی عێراقدا.


دیارە وردە حیزبی دیکەش بوونیان هەیە بەڵام ئەمانە هیج کارە نین خەریکی وەرگرتنی مانگانەی مووچەی حیزبەکەیانن دانیشتوون بە عەقڵی دەیخۆن کاریان بەسەر هیچەوە نییە جاروبار برووسکەی پیرۆزبایی و برووسکەی ماتەمینی بۆ حیزبە گەورەکان دەنێرن ئەگینا هیچ کارە نین.


من قسەم لەسەر زۆرینە و کەمینە نییە ئەوە بۆ من پێوەر نییە حیزبی بچووک یان گەورە بۆ من ئەوە گرنگە ئەگەر هێزیکی کەمیش بی بەڵام گرنگ هەڵوێستە لە رووداوەکان لەسەر مەسەلە چارەنووسازەکان لەسەر ژیانی و گوزەرانی خەڵک لەسەر داخوازییەکانی خەڵک لەسەر ئازادیی و خۆشگوزەرانیی خەڵک. ئەم حیزبە بچووکانە بۆ ئەم مەسەلانەی باسم کردن لە سەرەوە یەک وشە ناڵێن چونکە نەکا حیزبە گەورەکان دڵیان لێ برەنجێ و مووچەکەیان پێ نەدەن جاروبار وردە بۆڵەبۆڵ دەکەن کە مووچەکەیان دوا بکەوێ.


بەڵام کە مووچەکیان پێ درا ئیتر بێ دەنگ دەبن هەندیک جاریش دەکەونە قسە بە دەسەلاتداران بۆ ئەوەی شتێک زیاتریان پێ بدەن بەڵام کە زانیان هیچیان زیاتر بەرناکەوێ بۆ خۆیان دادەنیشن هەندیک جار دەیانەوێ ببنە رابەری هەندێک نارەزایەتی دەیانەوی بەڵکو هێزی پێ بگرن بەڵام ناوێرن نەکا مووچەکەیان ببڕن.


ئێستا ئەوەی ماوەتەوە قسەی لەسەر بکەین پارتی دیموکراتی کوردستانە ئەم حیزبە یەک کەس سەردەربهێنی لە نێو ریزەکانیدا نارازی بێ رەنگە ئیتر دەکەونە گیانی سەرکوتی دەکەن بۆیە کەس نییە نارازی بی یاخود خەریکی جیابوونەوە بێ یان دەستلەکارکێشانەوە هەرچی دانراوە بە گرێبەست دانراوە تا پارتی مابێ دەبێ لەو جێگەیە بێ، نە پلنیۆم لای ئەمانە رۆڵی هەیە نە هەڵبژاردنی نێو ریزەکانی خۆیان نە کۆنگرە هەر سەرۆکمان بارزانییە ئیتر ناگۆردرێ تا دەمرێ، ئەگەر دوو کەسیش لە ژێر ناوچەی زەردا نارازی بن ئەوە هێزی ئاسایشی دەستبەجێ دەکەونە گیانیان، یەک کەس نابینی لە ژێر دەسەڵاتی ئەمانەدا دەنگی نارازی بەرز بکاتەوە بەرامبەر بەو دەسەڵاتە. بۆیە ئەمە حیزبی سەرکردە و بنەماڵە و حیزبی میلیشیایە زۆر مەترسیدارە دەست بردن بۆ جیابوونەوە و دەستلەکارکێشانەوەو نارەزایەتی. لە لایەکی دیکەشەوە پارتی دیموکراتی کوردستان ئێجگار قازانجی لەوەدا کردوە کە نەوشیروان لە یەکێتی جیابۆتەوە ئێتسا یەکێتی لاواز بووە لە ئاست پارتیدا و بۆتە هێزی سێیەم، بۆیە لەمەشیاندا قازانجی گەورەی کردوە جارێ دەستلەکارکێشانەوەی کادیران و بەرپرسەکانیان بوونی نییە لە نێو ئەم حیزبەدا بەو بەڵگانەی کە لە سەرەوە باسم کردن بەڵام رۆژێک ئەم پەتای دەستلەکارکێشانەوە و وازهێنانەش لە نێو ریزەکانی ئەم حیزبەدا سەرهەڵدەدا.


ئینجا نۆرەی کۆتایی هاتنە بە ئەندێشە و ئەندێشەبازیی بەم حیزبانە و بە هاتوهاواری ئۆپۆزسیۆن و ئەندام پەرلەمانەکانی کە گوایە وەک خێر هەندیکیان پارەکەیان دەدەن بە پرۆژەی خێرخوازی و بەخوێندکار بۆ دەرەوەی وڵات و بۆ نەخۆشخانە. لە کاتێکدا ئەمە ئەرکی دەسەلاتە ئەم کارانە بکات و پەرلەمانتارانیش یەک یەک تۆز راستگۆ بوونایە لەدژی ئەم بڕیارەی ٤٩ ملیۆن دۆلارەکە دەوەستانەوە نەک خەڵک فریو بدەن بە بەخشینەوەی ئەم پارەیان بۆ مەرامی سیاسی خۆیان و کەسایەتی خۆیان.


دەبێت خەڵکی نارازی کرێکاران وزەحمەتکێشان و هەژارانی ئەم کۆمەڵگایە واز لەم هێزانە بهێنن چیتر بەدیار چاوەروانی ئەمانەوە جۆش دانەمێنن وهیچ خۆشباوەریەکیان بەمانە نەبێت. هێزی خۆیان رێک بخەن و لە بەرەیەکی مەدەنی و رادیکاڵدا خۆیان ببینەوە هێزی خۆیان رێکخراو بکەن دەنگی نارەزایەتی خۆیان سەراسەری بکەنەوە بە هێزی گەورەوە بێنە مەیدان تەنها و تەنها ئەمە دەتوانێت رزگاریان بکا لە دەست بە ناو ئۆپۆزسیۆن و دەسەلاتی ٢١ساڵەی حیزبە ناسیونالیستەکانی کوردی کە تەمەنی هەموومان کۆتایی هێنا بەدیار چاوەروانیی و پەیمان و بەڵێنەوە.

 


nawzadidalak@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک