١٥\٣\٢٠١٨
ئەم زریانە شێتە.

نەژاد عەزیز
سورمێ
زەوی دەنکە حەبێ
نییە
ئەویش ئافرەتێ بێ ھانا، بێ دەرەتان
ئەمە زریانە کوێراییتان دەکاتەوە .
ھەوری گریان و گۆرانی
بە ئاسماناندا دەفرێنێ.
ئەم زریانە ،
((بێ دەنگ بن گوێم بۆ دڵم ڕادەدێرم ))
گوڵئەستێرەی وشە ئەمشەو بەرەڵڵایە
ھەتاو بەسەر شەوەزەنگ و شەختەی شیعردا دەبارێ..
نەْ...دونیا بە باسەرابی ئاسۆی لێڵتان نابزوێنرێ..
خۆری شیعر ،
ئەم جوانییە کوشندەیە
دەرزی نێو کادانێ نییە،
نیھان بدرێ..
(لە درەختێکی تەنیا دەکا
بە پشتێ شاخێ ڕووتەوە..
لە نێرگزی پشکوتووی چاوەکانیدا
پایز نەورۆزێکی نوێیە
نھێنیەکی شیعرئارایە ،
جاری وایە لە سێبەری مێروولەیێک پاڵدەکەوێ
جاریش ھەیە ھەموو دونیا بەشی ناکا ..)
چی ناو دەنێی ؟
ئەم زریانە شێت و شێتە ، چی ناو دەنێی ؟
نووری خوایی ،
یا چەند ساتی کورتخایێنی دنیایی ؟
چی ناو دەنێی ؟
باڵای شیعر،
یا گۆرانیەکی ئاوارە ..؟
١٩٨١
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|