په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٦\٢٠١١

ئەنجامی کۆبوونەوەی

''بەڵێ بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی - نا بۆ توندوتیژیی و سەپاندنی بێچارەیی''.
 


لە بەرواری 4/6 لە هەولێرى پایتەختی هەرێمی کوردستان بە بەشداری 120 کەس، لە ناویاندا 10 پارتء لایەنی سیاسیء ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوی مەدەنی ژنانء لاوان و کەسایەتی ڕۆشنبیرو یاسایی و ئەکادیمی و ئاینی و توێژەری کۆمەڵایەتی و کەسانی پسپۆڕو شارەزا لە بواری پرسی نەتەوەیی و دیموکراتی، کە کۆبوونەوەکە لە لایەن پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستانەوە ڕێکخرابوو بە دروشمی (بەڵێ بۆ ئاشتیء چارەسەری دیموکراتیانە نا بۆ توندوتیژیی و سەپاندنی بێچارەیی). لە کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی تاوەکو کاتژمێر 4:30ی پاش نیوەڕۆ بەردەوام بوو. لە هەمان کاتیشدا هەر سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنء دوو لایەنەکەی دەسەڵات بانگهێشت کرابوون، بەڵام هیچ کامێکیان ئامادە نەبوون.


لە کۆبوونەوەکەدا پڕۆژەی هەموو لایەن و کەسایەتییەکان خوێندرایەوە و بارودۆخی ئەمڕۆی ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەڵسەنگێندرا و تیشک خرایە سەر پرسە نەتەوەیی و دیموکراتییەکان و باس لەو قەیرانە سیاسی و ئیداری و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فکریە کرا کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگای کوردستان بۆتەوە. زۆر بە ووردەکاری باس لە ئالیەتی چارەسەرکردنی کێشەکان کراو هەریەک لە ڕۆڵ و ئەرکی حکومەت و پارتەکانی ناو دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی پەرلەمان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و راگەیاند و کەسایەتی ئەکادیمی و ئاینی و ژنان و لاوان کرا. تێیدا جەخت لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی و گۆڕانکاری بنکەیی کرایەوە، کە پرەنسیپی دیالۆک و چارەسەری ئاشتی و دیموکراتیانە بە بنەما وەربگیرێت لەگەڵ پشگیری تەواو لە داخوازییەکانی گەل و کارکردن بۆ جێبەجێکردنیان، ڕێگە نەدرێت داخوازییەکانی گەل بەکاربهێندرێـت بۆ ململانێی سیاسی. هەروەها داخوازییەکانی گەل و بانگەوازییەکانی زۆرێک لە پارتیەکان بوو بە هۆکارێک بۆ ئەنجامدانی دیالۆک لە نێوان هێزەکان. بەڵام تەنگکردنەوەی کۆبونەوەکان لەنێوان هەردوو پارتی دەسەڵات و سێ پارتی ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان رەخنەکراو بە پێویست بینرا کە هەموو کۆبونەوەو گردبوونەوەیەک لەپێناوی چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا هەموو هێزو لایەن و پێکهاتەکانی کۆمەڵگا تێدا بەشداربن، چونکە پرسی بنیاتنانی دیموکراتی و چاکسازی پرسی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگایە نەک چەند هێزو لایەن، هەموو تاکێکیش پێویستە خۆی بەرپرسیار ببینێ لە چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی و دیموکراتیانەی گەلەکەمان. لەتەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووان لیژنەیەکی هاوبەشیان پێکهێنا لە 27 کەس لە نوێنەرانی پارتی سیاسی و ڕێکخراو و کەسایەتی، بۆ ئامادەکردنی راگەیەندراوێکی هاوبەشی کۆبوونەوەکە و کۆکردنەوەی پڕۆژەکان و رێکخستنیان و گەڵاڵە کردنی پڕۆژەیەکی هاوبەش و ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی ئایندە،. کۆی بڕیار و راسپاردەکانی کۆبوونەوەکە بەمشێوەیە بوو:


1- بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان پێویستی بە گۆڕانکاری و سەرلەنوێ بونیادنانەوەیەکی دیموکراتیانە و چاکسازی سیاسی و ئیدارى و دادپەروەرى هەیە و ئەمەش لە رێگای دیالۆک و دانوستاندنی دیموکراتیانەوە دەبێت.
2- پێویستە لەم قۆناخەدا هەموو لایەک ئەرکەکانی بەباشی جێبەجێ بکات، چونکە گۆڕانکاری تەنیا بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان ناکرێت.
3- پێویستە ئالیەتی گۆڕانکاری و دیالۆک بەرفراوان و دەوڵەمەند بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە کۆنفرانسێکی بەرفراوان ببەسترێت کە نوێنەری دەسەڵات، ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، کەسایەتی ئەکادیمی، رۆشنبیر، کۆمەڵایەتی، ئایینی و نوێنەرانی جەماوەر لەهەر ناوچەیەکی کوردستان تێیدا بەشدار بن.
4- پێویستە پێوانەی دیموکراتی و نەتەوەیی بەبنەما وەربگیرێت لەکاتی دیالۆک و رێککەوتندا، نەک سازش و پەراوێزخستنی داخوازییەکانی جەماوەر.
5- لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە ئەنجامنامەی ئەم کۆبوونەوەیە بگەیەنرێتە سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکان، هەروەها هەر سێ دەزگاکەی هەرێمی کوردستان "سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی حکومەت"، هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە هەموو ئەو لایەنانە بەشدار بن لە کۆبوونەوەی ئاییندەدا..


ئەو پارت و ڕێکخراوانەی کە بەشداربوون
:


1- پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان
2- حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
3- حیزبی زەحمەتکێشانی سەربەخۆی کوردستان
4- حیزبی ڕزگاری کوردستان
5- پزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
6- بزوتنەوەی دیموکراتیخوازانی کوردستان
7- پارتی چەپی کوردستان
8- پارتی پارێزگارانی کوردستان
9- بزوتنەوەی ڕزگاری دیموکراتی کوردستان
10- پارتی کۆماری کوردستان
11- یەکێتی ئافرەتانی پارێزگارانی کوردستان
13- ئەنستوتوێی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ
14- بزاڤی ژینگەو یەکسانی
15- یەکێتی ژنانی کوردستان
16- ژنانی زەحمەتکێشانی سەربەخۆی کوردستان
17- ئافرەتانی زەحمەتکێشانی کوردستان
18- کۆمەڵەی پشتیوانی قوربانیانی جەنگ
19- ئەنجومەنی ژنانی ئازاد
20- کۆمەڵەی ژیانەوەی گەنجان
21- یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان
22-بزوتنەوەی لاوانی 17ی شوبات
23- ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان
24- ڕێکخراوی ئەلەند
ئەوانی تر کەسایەتی سەربەخۆو ڕۆشنبیرو ئاینی وپسپۆری یاسای و ئەکادمی وتوێژەرەوەی کۆمەڵایەتی.

 


ئەنجوومەنی بەڵێ بۆ دیالۆگ
5\6\2011

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک