٣٠\٣\٢٠١٢
ئەنجومەنی
رۆژنامەنووسانی رۆژھەلاتی کوردستان بە فهرمیی دامەزرانی خۆی راگەیاند.
ژمارەیەک لە رۆژنامەنووسانی کورد لە رۆژھەلاتی کوردستان دوای دوو مانگ
لە کاری ھاوبەش بۆ دامەزراندی رێکخراوێکی تایبەت بە رۆژنامەنووسانی
کورد لە ئێران" ئەنجومەنی رۆژنامەنووسانی رۆژھەلاتی کوردستان"یان
دامەزراندو لە بەیاننامەی دامەزراندی ئەنجومەنەکەش ھاتووە:" ئەنجومەنی
رۆژنامەنوسانی رۆژھەلاتی کوردستان وەک رێکخراوێک بۆ داکۆکی لە
رۆژنامەنوسانی کورد لە رۆژھەلاتی کوردستان رادەگەیەنێت و ھەوڵ دەدات
ببێت بە چەترێک بۆ پشتگیری لە کاری رۆژنامەنوسی کوردی و پشتگیری لە
مافو ئازادییەکانی رۆژنامەنوسانی کورد لە ئێران".
دەقی بەیاننامەکە بخویننەوە:
بەیاننامەی دامەزراندنی ئەنجومەنی
رۆژنامەنووسانی رۆژھەڵاتی کوردستان.
رۆژنامەنووسانو میدیاکاران!
ھاووڵاتیانی کوردستانی!
وەک ئاشکرایە رۆژنامەنووسی کوردی لە ئێران میژوویەکی سەد ساڵەی لە
چاپو بڵاوکردنەوە ھەیەو لەم راستایەشدا بە سەدان رۆژنامەنوسو
میدیاکار خزمەتی بەرچاویان بە کاروانی رۆژنامەنووسی کردووە. لەم
مێژووەشدا، رەوتی رۆژنامەنووسی کوردی گەلێک قۆناغی ھەستیاری بریوەو لەم
پرۆسەیەشدا، زۆر قۆناغی بایەخدارو کاریگەری لە کارکردی رۆژنامەنوسانی
کورد دەبینرێن کە جێی شانازی ئەم بزاڤەیە. ئەمەش دامەزراندنی
رێکخراوێکی پیشەیی بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسانی رۆژھەلاتی کوردستانی
کردووەتە پێویستیەکی مێژوویی بۆ رۆژنامەنووسان.
سەرەرای مێژوویەکی درێژ لە چالاکی ژورنالیستی و میدیایی لەم پارچەیەی
کوردستان، نەبوونی رێکخراوێکی پیشەییو چالاک بۆ داکۆکیکردن لە پرۆسەی
رۆژنامەنوسی کوردیو رۆژنامەنوسانی کورد لە ئێران، کەلێنێکی ھەست
پێکراوە لە ناو رۆژنامەنوسانو ئەمەش وایکرد ژمارەیەک رۆژنامەنوسی کورد
بە ھەستکردن بەم کەلینە پیشەییەو لە بانگەوازێکدا لە رۆژی(١٢\١١\١٣٩٠)
لەژیر ناوی"دەستەی دەستپێشخەر بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی رۆژنامەنووسانی
رۆژھەلاتی کوردستان"ئەم پێویستییە بە میدیایی بکەنو بانگھیشتنی
رۆژنامەنوسانی کورد لەئێران بکەن بۆ دامەزرانی ئەنجومەنەکە کە
بانگەوازەکەش لە گەڵ پێشوازی رۆژنامەنووسانو میدیاکارانی رۆژھەلات
بەرەوروو بوو. لە درێژەی ئامادەکاریەکانیش بۆ دامەزرانی ئەنجومەنی
رۆژنامەنوسانی رۆژھەڵاتی کوردستان لۆگۆو بەرنامەو پەیرەوی ناوخوی
ئەنجومەنەکە ئامادەکراو بە پەسندی رۆژنامەنوسانی بەشدار لە
ئەنجومەنەکە گەیشت.
پاش دوو مانگ کاری بەردەوامو تەواوکردنی ئامادەکاریەکانی قۆناغی
دامەزراندن،ئەنجومەنی رۆژنامەنووسانی رۆژھەلاتی کوردستان لە گەڵ سپاس و
پێزانینی خوی بۆ بەشداری میدیاکارانو رۆژنامەنوسانی چالاک لەم پرۆژەیە
و بە دەنگەوەھاتنیان بۆ بەشدارییان لە ئامادەکارییەکانی دامەزراندنی
ئەنجومەن، بەرەسمی دامەزراندنی خۆی وەک رێکخراوێک بۆ داکۆکی لە
رۆژنامەنوسانی کورد لە رۆژھەلاتی کوردستان رادەگەیەنێت و ھەوڵ دەدات
ببێت بە چەترێک بۆ پشتگیری لە کاری رۆژنامەنووسی کوردی و مافو
ئازادییەکانی رۆژنامەنوسانی کورد لە ئێران.
ئەنجومەنی رۆژنامەنووسانی رۆژھەڵاتی کوردستان
١٠\١\١٣٩١
، ٢٩\٣\٢٠١٢
a.r.rojhalat@gmail.com
|