ئەندامانى
پارلەمان و وەزیفەى دەست هەڵبڕین،
هەڵویستى دژبەیەکى
ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات.

گەرمیانى حەمەىپوور
لە کوردستانى ئازاد کراوى باشووردا ئەوەى بە مانا هێزى ئۆپۆزسیۆن
بووبێت لە ماوەى ئەم چەند ساڵەى حکوم کردنیدا نەبووەو هەڵبژاردنەکانى
25ى تەمووزى 2009 سەرەتا بوو بۆ هەڵاتنى خۆرى ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان،
ئۆپۆزسیۆن بە مانا تەواوەکەى خۆى کە پێکەوە لەگەڵ دەسەڵات هاوکارو
تەواوکەرى یەکتر بن لە کارکردن لە چوارچێوەى دەوڵەتێکى ئازاد و
دیموکراتدا، دەسەڵات لە پێکهێنانى حکومەتێکى کاراو ئۆپۆزسیۆنیش لە
دەرەوەى لە چوارچێوەى دەوڵەتدا وەکو چاودێر و دەست نیشانکەرى کەموکوڕى
و پێدانى پێشنیار بە حکومەت بۆ چارەسەر کردنیان، کە یەکێکە لە
کۆڵەکەکانى حکومەتێکى دیموکرات لە کوردستاندا بوونى نەبووە، بەڵام ئایا
دەکرێت لەمە بەدوا چاوەڕوانى لەدایک بوونى بین؟
ئەگەرچى ڕەنگە بیانوویەک هەبێت بۆ بڕیاردان لەسەر قسەکردن لە بارەى
دروستبوونى ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان، بەڵام وەک وتراوە مانگەشەو سەرلە
ئێوارە دیارە، من بۆ خۆم خەونى دروست بوونى ئەو وڵاتەم لا پوچەڵ
بوویەوە کە لە چوارچێوەی وڵاتدا لە کوردستاندا ئەو دوو هێزە وەکو ئەو
چەمکەى کە هەڵگرین لە داهاتوودا بێنەوە کایەوە.
خەڵکى کوردستان ئیتر ئەو خەڵکە فریودراوە نییە کە دەسەڵاتداران بە
ئارەزووى ویستەکانى خۆیان هەڵیان بسووڕێنن، چارەنووسیان وەک ئەوەى
خۆیان بیانەوێت ئاراستەى بکەن، ئەگەرچى پێشتریش ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان
بوونى نەبوو، بەڵام خەڵکى ناڕڕزى کوردستان لەڕێگەى ئەو ناڕەزایەتییە
شارستانی و مەدەنیانەى کە لەڕێگەى مانگرتن و خۆپیشاندانى جەماوەرییەوە
گرتبوویانە بەر تاڕادەیەک ئەو بۆ شاییەیان پڕ کردبووەوە، خەڵکى
گازاندەى لە حکومەت دەکرد و کێشەى خۆى باڵا دەکرد و بە ڕێگەى
یاداشتنامەو ڕێپێوان و مانگرتنەوە دەنگى خۆى بەدەسەڵات دەگەیاند و
چارەسەرى بۆ کێشەکان پێشنیار دەکرد.
بەڵام کە خەڵکى وەڵامەکانى حکومەت و لە حکوم کردنى چەند ساڵى دەسەڵاتى
کوردى بێزار بوو، ڕەوتى سیاسی جیاى هێنایە کایەوەو بە ئومێدى دروست
بوونى ئۆپۆزسیۆنى چالاک و پارلەمانێکى کارا، خەڵکى ڕوویان لە
سندوقەکانى دەنگدان کردو بە هیواى پێکهێنانى پارلەمانێک کە نوێنەرایەتى
ڕاستەقینەى گەل بێت. بەداخەوە ئێمە هەر لەیەکەم دانیشتنەکانى
پارلەمانەوە دیتمان ئەو هێزانەى نێو پارلەمان نەک وەک هەڵگرى
چەمکەکانیان بەڵکو وەکو دوو دوژمن کار دەکەن کە مەرجیان لە سەر
دوژمنایەتى کردنى یەکتر کردبێت بۆ بردنەوەى کورسییەکانى پارلەمان و لە
بری خزمەت کردنیش بە خەڵکى کوردستان وەک هەمیشە کورسییەکانى پارلەمان
بۆ بەرژەوەندى حزبەکانیان و دژایەتى کردنى بەرهەڵستکاران بەکار بێنن.
من بۆ خۆم پارلەمانتارێکى لیستى براوەى زۆرینەى کورسییەکانى پارلەمانم
نەبینى لە دەربڕینى یەک بۆچووندا خاوەنى بڕیارى خۆى بێت یان هیچ نەبێت
خاوەنى بۆچوونێک بێک بێت کەلەگەڵ سەرۆکى فراکسیۆنەکەى یەکانگیر نەبێت و
لەگەڵ بۆچوونى ئەندامێکى ترى سەر بەلیستێکى تر یەکانگیر بێتەوە، کە
سەرۆکى فراکسۆنەکەى لەسەر هەرشتێ دەستى هەڵدەبڕى هەموو ئەندامانى تەمبێ
کراوى لیستەکە تەنها دەست هەڵبڕینەکەیان لەسەردەمایەوە، هەر وەک چۆن لە
پارلەمانى پێشوودا بینیمان ژنە پارلەمانتار لەبەر خاترى حزبەکەى دەنگى
لەسەر بڕگەى فرەژنى دەداو بە ڕڕگەیاندنەکانیشی دەووت "من بۆ خۆم ڕازى
بە هێنانى ژنى دووەمى مێردەکەم نیم"!!.
کەواتە پوچەڵ بوونى خەونەکەمان شتێکى ناباو نییەو زۆریش ئاساییە، بەم
پێیە بێت هەرگیز دە سەڵات پێشنیارێک قەبووڵ ناکات کە هێزێکى ئۆپۆزسیۆنى
نێو پارلەمان پێشنیارى بکات و پێشم وانییە ئۆپۆزسیۆنیش دان بە یەک کارى
دەسەڵات بنێت و ببنە هاوکارى یەکتر. تاوانیش تەنها لەو کلتوورە دەق
گرتووەیە کە کورد چووەتە کەوڵیەوەو دەرچوونى مەحاڵە. ئێمەى میللەتیش
هەر قوربانییەکەى دەبین.
garmyan86@gmail.com
|