په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٣\٢٠٢٢

ئەندازیارە راستەقینەکەی راپەڕین کێ بوو؟


عەلی مەحمود محەمەد  


ئەگەر باسی راپەڕین بکەین ناتوانین باسەکە دەرباز بکەین بێ ئەوەی بچینەوە سەر شەڕی کەنداوی دوو و راپەڕینی باشووری عێراق کە ئیسلامی سیاسی شیعە ناوزەدیان کردووە بە راپەڕینی شەعبانییە, چونکە پانۆرامایەکی ھەمە لایەنە نەخەینە بەردەست, وا دەبینرێت کەسێک ھاتووە لە کوردستان و عێراقی سەقامگیردا دۆن سپارتاکۆس و لینیانە ئاڵای شۆڕشی بەرز کردۆتەوە و راپەڕینی لە کوردستان ئەنجامداوەو کۆشکە زستانیەکانی قەیسەرەکانی یەک لە دوای یەک رزگارکردووەو ئالای خۆی لەسەریان داچەقاندووە. دەشێت کەسێک دوای دەستپێکی راپەڕین نەخشەی گرتنی شارو شارۆچکە و مەخفەری پۆلیس و رەباییەک و دەزگایەک و خۆپیشاندانێکی دارشتبێت, وەلێ روداوەکان پێمان دەڵێن راپەڕین و کۆڕەو محاڵەو بارودۆخی مەوزوعی نەک زاتی ھێنایانیەتە پێشەوە.

پانۆرامای شەڕی دووەمی کەنداو"کوەیت" .


سوپای عێراق رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٢-٨-١٩٩٠ کوەیتی داگیر کرد, ھەواڵەکە جیھانی تاساند, سەرشێتییەک لە لایەن سەدام حوسێەوە ئەنجامدرا دوور لە پێشبینیەکان. بەرەی کوردستانی کە لە دوای تاوانی ھەڵەبجەو قۆناغەکانی کۆتایی ئەنفالدا لە ٧ی ئایار دوای تێپەڕ بوونی تاوانی ھەڵەبجەو ٤ پرۆسەی ئەنفال پێک ھاتبوو. کاردانەوەی بەعس لە ھەڵەبجەو ئەنفالدا چاوترسێنیانی کردبوو, لە ١٢ی ئۆگستی ھەمان مانگ واتا ١٠ رۆژ دوای داگیرکردنی کوەیت بڕیاری ئاگر بەستی دا بەرامبەر عێراق" شیوعی و پارتی گەل دژی بوون, پاسۆکیش بەشداری نەکردبوو", لە ھەمان کاتیشدا کۆماری ئیسلامی ئێران لە کرماشان کۆیانی کردبوەوە بۆ ئەگەرەکانی روداوەکانی شەڕ و پێشھاتەکانی, بۆیە بەشێک لە نوێنەرەکانی بەرە لەو کۆبونەوەیەی بەرە بەشداری ناکەن, دەچنە کرماشان, ئەم کۆبوونەوانە تا راپەڕین لە ژێر سەرپەرشتی ئاغای محەمەد سەرکردەی قەرارگای نەسر بەردەوام دەبێت.


لە کاتێکدا جیھان بەرەو روی داگیرکاری کوەیت لە لایەن عێراقەوە ببوەوە بە یەکێتی سۆڤیەتیشەوە, بۆ یەکەمجار ڤیتۆی بۆ پشتیوانی لە عێراق بەکار نەھێنا. لە رێکەوتی ٧-٨ ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنی درعی سەحرای راگەیاند, لە ١٥ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٠ عێراق بڕیاری دا نەکشێتەوە لە کوەیت, بە دوایدا ھاوپەیمانی جیھانی ئۆپەراسیۆنی عاسفە سحرا راگەیاند"ئۆپەراسیۆنی رزگاری کوەیت", کە لە رێکەوتی ١٧ی یەنایەرەوە بۆ ٢٨ی فبرایەر بۆ ماوەی ٤٢ رۆژ بەردەوام بوو.


ئۆپەراسیۆنەکە پێک ھاتبوو لە ھاوپەیمانی سوپای ٣٤ وڵات و بە بەشداری ٩٦٦٣٤٤ سەرباز.


لە بەرەبەیان یرۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٧ی جەنیوەرییەوە فرۆکە جەنگیەکانی ھاوپەیمانان سەرتاپای عێراقیان بۆردومان کرد, بە بەشداری ٢٤٣٠ فڕۆکەی پێشکەوتووی نوێ, ھاوپەیمانان لە ماوەی چل و دوو رۆژدا١٠٩٨٦٧ جار بۆردومانی ناو عێراقیان کرد, بەڕێژەی ٢٥٥٥ جار لە رۆژێکدا, رۆژانە ٦٠٦٢٤ تەن بارودیان بەسەر خەڵک و سەربازگاکانی عێراقدا دەباراند, عێراقیان غەرقی دوکەڵ و ئاگرو خوێن و مەرگ و وێرانە کرد, تەنھا لە جارێکدا لە پەناگەی عامریە لە شاری بەغدا ئێسک و پروسکی ٣١٥ ژن و منداڵیان ھاڕی و تاوانی جەنگیان ئەنجامدا. ھاوکات ئەمەریکا بە رۆکێتی دور ھاوێژی کرۆز و بۆمبی ھیشۆیی و بۆمبی زیرەک و چەکی لیزەری پێشکەوتوو تا دەگاتە یۆرانیۆمی چاککراو لە عێراقی دەدا, ٢٨٨ تۆماھۆکی لە دەریای سورەوە بە عێراقەوە نا, عێراقیش ٨٦ سکودی نا بە ئیسرائیل و سعودییەوە. بە گشتی لە دوای جەنگی کۆریاوە شەڕی کوەیت گەورەترین جەنگ بوو لە جیھاندا. لە بەرامبەردا سەدام حوسێن لە ھەمان رۆژی راگەیاندنی عاسیفە سەحرا, ئوم ئەلمەعارکی راگەیاند کە لای عێراقییەکان بە ئوم ھەزائم بەناو بانگ بوو.


لەسەر داوای یەکێتی سۆڤیەت لە رێکەوتی ٢٢ی شوبات, عێراق رازی بوو ھێزەکانی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لە کوەیت بکشێنێتەوە, لە رێکەوتی ٢٤ ی مانگ ھاوپەیمانان ھاتنە ناو کوەیتەوە, ٢٦ مانگ لە ھێزەکانی عێراقیان دا کە لە حالەتی پاشەکشەدا بوو, لە ئەنجامدا لە ماوەی چەند کاژێرێکدا ٧٠ بۆ ١٠٠ ھەزار سەربازی عێراقی کوژرا, بە یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی مێژوو تۆمارکرا, ھەروەھا سوپای عێراق زیاتر لە ٣٠ ھەزار دیلی دا, لە گەڵ تێکشکانی٤٠٠٠ تانک, ٣١٠٠ تۆپ, ١٨٥٦ ئۆتۆمۆبیلی سەرباز گواستنەوە. ئەوەشمان لە یاد نەچێت لە ٢٣ی یەنایەر لە کۆی ٧٥٠ فرۆکەی جەنگی عێراق تەنھا ١٢٢ فرۆکەی بە ساغی مابوو, ئەویشی تەسلیم ئێران کرد. لە کاتێکدا لە ماوەی ٨ ساڵەی شەڕی ئێران - عێراق ھێزی ئاسمانی عێراقی جوڵەی لە ھێزی ئاسمانی ئێرانی بڕیبوو, ھەمان ئەو فڕۆکانە تاوانیان ئەنجام دەدا, ئێستا لەسەر سینی زێڕین پێشکەش ئێران دەکرێت.


دوای ئەو تێکشکانە سوپای عێراق لە سوپایەکی ملھوڕی شەڕەنگێزەوە بووە سوپایەکی تەسلیم بووی ملکەچی تەسلیم بوو لەناو خێمەی سەفوان, وێنای ئەو رۆژانە لە جەنگی جیھانیشدا نەبووە, ریزی دیلەکان و تەرمی قەراغ رێگاو بانەکان و تارمایی ئامێرە تێکشکاوەکان لەناو چڕە دوکەڵی بیابانە پان و بەرین شاشەی تەلەفزیۆنەکانی لە جیھان داگیر کرد.


لە ٢٦ی شوبات لە گەڵ کشانەوەدا, عێراق ئاگری لە بیرە نەوتەکان کوەیت بەردا, ملیۆنێک بەرمیل نەوتی رژاندە کەنداوی عەرەبییەوە, لە کۆی ١٠٨٠ بیرە نەوتی کوەیتی ٧٢٧ بیرە نەوتی تەقاندەوە, ١٢٨ پەڵە نەوتی گەورە کەنداوی عەرەبی داپۆشی, بەمەش گەورەترین تاوانی ژینگەیی لە مێژوودا ئەنجامدا.


لە ٤ی ئازار لەناو بیابانەکانی سەفوان لە سنوری سعودییە, بە سواری زرێپۆشی ئەمەریکی, شاندی عێراقی چوونە ناو خێمەی سەفوانەوە, عێراق بە فەرمی لەژێر خێمەکەدا تەسلیم بوو, ئەمەش سەرەتای مێژوویەکی نوێی جیھان بوو لەناو سیاسییەکان و کەناڵەکانی راگەیاندن پێی وترا سستەمی نوێی جیھانی, ئەمەریکا لە رێگەی ئەو خێمەیەوە بووە تاکە قوتبی جیھان, لەناو ئەو چڕە دوکەڵ و قەسابخانەیە نیولیبرالیزم و باڵادەستی ئەمەریکا لە دایک بوو, لە ژێر ئەو خێمەیە نەزمێکی تازەی جیھانی لە دایک بوو ئەمەریکا بووە کەڵەگای بێڕکابەری جیھان, لە بەرامبەر ئەم خۆبەدەستەوە دانەی عێراق ھێزی ئاسمانییەکەی دەستکراوە کرا لە لێدانی خۆپیشاندەرانی باشووری عێراق. لەو سەرو بەندەدا ھێزەکانی ھاوپەیمانی ئامادە نەبوون پێشوازی لە نوێنەری خۆپیشاندەرانی باشوور بکەن, ھۆکارەکەشی باڵا دەستی ئاراستەی ئیسلامی سیاسی بوو لە راپەڕینەکەیان. لە دوایدا لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەمەریکا ئەو ژەھرەی بە ناچاری نۆش کردو عێراقی لەسەر سینییەکی زێڕین پێشکەشیان کردەوە, بە مەش لە قەتڵگاکان زیاتر تۆڵەی لە خەڵکی عێراق کردەوە, وڵاتی بەرەو جەھەنەمی ترسناکتر لەوەی سەدام بردەوە.

راپەڕینی باشووری عێراق .

لە ٢٨ی شوباتەوە, شاری بەسرە جمەی دێت, چ لە ئەو سەربازانەی بە ساغی و بە برینداری لە ریزە دورو درێژەکاندا بە دوای یەک, دەڵێی مێرولەن, بە برینداری و سیمای دوکەڵاوی چڵکنەوە, بە سەری شۆڕەوە ملی رێگایان بەرەو ناو عێراق گرتۆتە بەر, وە چ کەسوکاری سەربازان لە ھەموو عێراقەوە لە سەرسنووری کوەیتەوە تا بەسرە کۆبونەتەوە بۆ ھەواڵپرسی رۆڵەکانیان, لەو کاتەدا سەربازێک بە لێدانی گولەیەک بە وێنەیسەدامەوە چەخماخەی راپەڕین لێدەدات, بێدەنگی دەشلەقینێ.


وەک دەگێڕنەوە لە ١ی ئازار ئەفسەرێک لە شارۆچکەی زوبێری سونی نشینی سەر سنوری کوەیت بە پێوە نانی گولە بە وێنەکەی سەدامەوە گڕی راپەڕینی لە عێراق ھەڵگیرساند, لە لایەکی دییەوە دەڵێن بەیانی زووی رۆژی ھەینی رێکەوتی ١ی ئازاری ١٩٩١ لە گۆڕەپانی سەعد لە شاری بەسرە, سەربازێک کە لە شەڕی کوەیت بە دۆڕاوی گەڕابوەوە, لە داخی ئەو ھەموو نەھامەتیەی لە شەڕ بینیبوی, گولەیەکی نا بە وێنەکەی سەدامەوە و گڕی راپەڕینی لە عێراق ھەڵگیرساند, ھەردوو روداوەکە لە بەسەرا و ھەمان رۆژ رویاندا. پێی دەچێت شیعەکان بۆیە باسی ئەوەی زوبێر نەکەن چونکە شارێکی سونی نشینە. ھەمان رۆژ شارەکانی بەسرەو میسان و کەربەلا کەوتە دەست خۆپیشاندەران, دواتر نەجەف و کەربەلا و دیوانیەو سەماوەو حیلەو کوتیشی گرتەوە, لە ماوەیەکی کەمدا تەواوی باشووری عێراق ھەمووی کەوتە دەست خۆپیشاندەران, تا راپەڕین گەیشتە شارەکانی عەزیزیەو مەحمودیەی رۆخی بەغدای پایتەخت, بە گشتی راپەڕین ١٤ پارێزگای گرتەوە بە کوردستانیشەوە.


لە رێگای سنووری ئێرانەوە ھێزە شیعەکانی وەک ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و حیزبی دەعوە زوو ھاتنە ناو عێراقەوە, بۆ رێکخستنی خۆپیشاندەران, دیارە لە زووەکەوە لە ژێر فەرماندەیی قەرارگای نەسری سوپای پاسداران ئامادە کرابوون.

راپەڕینی کوردستان.

لە ٤ی مانگ کە عێراق لە ژێر خێمەکەی بیابانی سەفوان تەسلیم بوو, لە بەرامەردا گڵۆپی سەوزی بۆ ھەڵکرا بۆ ئەوەی راپەڕین سەرکوت بکات. لەو چرکە ساتەوە قۆناغی سەرکوتکردنی راپەڕین لە باشوور دەستی پێکرد, رۆژی دوای سەفوان راپەڕین گەیشتە کوردستان بە دەروازەی رانیەیا, لێرەدا دەبینین ھیچ دەست پێشخەریەک نەک نییە بۆ راپەڕین لە کوردستان بگرە کات لە دوای باشووری عێراق و ھەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ھاوپەیمانانەوەیە بۆ سەرکوتکردنی راپەڕینی باشووری عێراق. رێی تێدەچێت لەوکاتەدا ئێران فشارەکان لەسەر ھەندێک لە سەرکردەکان کورد توند دەکات تا بەرەیەکی دیکە بکەنەوە فشار لەسەر ھاوپەیمانەکانی لە باشووری عێراق کەمبێتەوە, نامەو ھەوڵەکانی ئەوکات ئاماژەی وایان تێدایە. ئەگەر راست بن و لە پشکنینی کاربۆنی دەرچن, لە کاتێکدا زەمینەی راپەڕین دوای رێکەوتنی سەفوان و دەستکراوە کردنی ھێزی ئاسمانی عێراقی بۆ سەرکوتکردنی راپەڕین لاواز بوو, وەلێ کە خەڵک ئەنجامی دا, ئیتر ھێزەکانی بەرەی کوردستانی دوای کەوتن, ھەرچەندە ھەندێک لایەن وەک ینک, حشع, کۆمۆنیستەکان, و ...... لەدوای لێدانی عێراقەوە گەڕانەوە ناوخۆو لە جوڵەدا بوون.


ئەگەرراپەڕین لە کوردستان وەک باشووری عێراق سەرکوت بکرابایا بێ دەستکەوتەکانی کۆڕەو, کە کرا وەلێ کۆڕەو مایەکەی ھێنایەوە, وەک ھەڵەبجەو ئەنفال ئەندازیاری نابوو, بگرە ئەندازیارەکەشی وەک ھەڵەبجەو ئەنفال و حاجی ئۆمەران کە ھەی بوو خۆی دەشاردەوە, وەک ھەڵەبجە ھەتیو و بێکەس سەری دەنایەوە, کەس نەک باسی ئەندازیاری ناکرد, بگرە بەڵگەنامەی قولابیشیان بۆ پاکانە کردن دروستە کرد.


تا ئێستا ھیچ بەڵگەیەکی بڵاو کراوە نییە ھیچ ھێزێکی کوردی پێش ئەو مێژووە" راپەڕینی بەسرە١-٣-١٩٩١ "بانگەوازی بۆ راپەڕین کردبێت, ئەوەی ھەبووە جوڵەو پەیوەندیکردن و خۆ رێکخستنەوە بووە, لەو بێ ئومێدییەی تێی کەوتبون وەک خۆیان وتویانە جورئەتمان نییە وەک م م بڵێین ئاش بەتاڵە.


منداڵێکیش بایی ئەوە ژیری ھەبوو, دوایی حەڤدەی جەنیوەری ١٩٩١ ئەگەرێک بۆ روخانی رژێم و رپەڕین لەناو کۆمەڵێک ئەگەر دابنێ.


بە بڕوای ئێوە راپەڕینێک دوای ئەم ھەموو روداوە گەرم و شکستە مەزنەی سەدام ھاتبێت, دەشێت ئەندازیاری ھەبێت؟؟, وە ئەندازیارەکەشی بۆ خۆیان فیشەکێکیان نەتەقاندبێت؟؟ ئازیزێکیان خوێن لە لوتی نەھاتبێت؟


ھەموو کەس لە تاریک و روونی شەبەقی بەیانی پێنج شەممەی رێکەوتی ١٧-١-١٩٩١ەوە دەیزانی سەدام لە شکستە, چاوەکان دوکەڵ و ئاگری فرۆکەکانی ھاوپەیمانانی دەبینی, گوێیەکانیش گوێ بیستی تەقینەوەکان بوون, لەبان خانووەکانەوە چەپڵەیان بۆ لێدەدرا, ئەم بیرکردنەوەیە عەقڵێکی خاریقی ناویست, تەنانەت ئەوەشی سیاسەتی نەکردبوو لە ژیانیدا بەو ئەنجامە گەیشتبوو, جاشەکانیش لەوە تێگەیشتبوون دەبوایا خۆیان بە لایەکدا بدەن, ئاخر ئەوان راستە ئاخوڕیان لای رژێم بوو, بەڵام ھەریەکەیان کلکیان بە لایەنێکەوە بەسترا بوو.

راپەڕین و دەستکەوتەکانی.


راپەڕین تەنھا دوو ساڵ و نیو دوای ھەردوو تاوانی ھەڵەبجەو ئەنفال ئەنجامدرا, ھێشتا شوێن بزر بوونی ئەنفالکراوان و کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە لە زەینی خەڵکدا مابوو, ھێشتا دوکەڵی کیمیاوی و تەپ و تۆزی روخانی گوندەکان و کوشتنی خەڵک لە بەرچاوان بوو, ھێشتا ترس و لەرزی فڕی دانە خوارەوەی ھاووڵاتیان لە کۆپتەرەوە لە زەین و ھۆشدا بوو, ھاوکات دژە سەرکوتکردنی راپەڕین لە باشووری عێراق. حوسێنی زیندوو" حوسێن کامل" گولەی تانکەکەی کە نا بە حوسێنی مردوەوە, نیشانەی دەست نەپاراستن بوو. کوژرانی ٥٠٠٠ بەعسی لە راپەڕین بە کوشتنی ١٠٠ ھەزار لە ھاووڵاتیانی باشوور وەڵام درایەوە, ئەم دوو وێنە تراژیدیایە ئێستا و ٨٨ خەڵکیان ھاندا کۆڕەو بکەن. لە سەرەتادا ھێزەکانی بەرەی کوردستانی لە ناو شاری ھەولێر رێگری توندیان لە خەڵک کرد شار بەجێ بھێڵن, ئێمە تا بەرە بەیان بە ئۆتۆمۆبیلی پڕ لە ژن و منداڵی جل وبەرگ رەشەوە, ھەموو لە پرسەی شەھیدو ئەنفالدا بووین, رێگایان نەدا لە شار دەرچینە دەرەوە, وەلێ کە گولەی تۆپەکان گەیشتە دەوروبەری ھەولێرو رێگرکەران ھەڵاتن, ئیتر وەک روبار جەماوەر رێگای خۆی کردەوە, لێرەشدا خوێنی ئەو خەڵکەی لەو رۆژەدا بووونە قوربانی لە ئەستۆی ئەوانەیە کە رێگرییان کرد.


خەڵک بە بەجێ ھێشتنی ماڵ و شار, ئەو داستانەیان خولقاند کە لە مێژوودا ناوی نرا کۆڕەو, دوای تەنھا چوار رۆژ, داستانی برسی و سەرما بردووەکان چووە سەر مێزی نەتەوە یەکگرتووەکان.٥ی ئەپرێل بڕیارێکی ھەشت خاڵی بەناوی بڕیاری ٦٨٨ لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەرچوو بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل, بەمەش کۆڕەو بووە ھۆکاری گۆڕانکاری بۆ یەکەمجار لە مێژووی گەلی کورددا لە باشووری کوردستان. ھەڵەبجە و ئەنفال لە کاتی خۆیدا نەیانتوانی کاریگەری دابنێن, بەڵام کۆڕەو کە روحی ھەڵەبجەو ئەنفال و کاردانەوەی ئەو دوو تراژیدیایە بوو, جیھانی ھێنایە دەنگ, لێرەدا دەبینین تراژیدیا رایگشتی جیھانی و لەناو خۆشدا نەرمە ھێزی ناوخۆیی دروست کرد.


راپەڕین ئەنجامی نەبوو, وەلێ شکستی راپەڕین بووە سەرکەوتن. دوو ھۆکاری دواتر ھاتنە پێشەوە شەڕی کۆڕێ و بە رادەی کەمتر ئەزمڕ و راپەڕینەکانی مانگی تەموزی ھەمان ساڵی ناو شارەکان, وە سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لە سەرقەڵاو گەرمیان, ھەموو ئەمانە سەرکەوتنەکانی کۆڕەویان جێگیرترو بەرفراوانتر کرد.
کەواتە لە راستیدا ھەر ئێمەی جەماوەر ئەندازیاری راپەڕین بوبێتین, ئەوا بێشک ئەندازیاری کۆڕەوی ملیۆنی و راپەڕینی تەموزی ناو شارەکان بووین, ئەم واقعەی دروست بووە بەری رەنج و تێکۆشای ھەموومانە, نەک بەشداربووانی کۆبونەوەکانی فەیلەقی نەسر.


ھەموو روداوەکان ئەوە دەرەخەن, دەستپێکی راپەڕین لە عێراق و کوردستان خۆرسکی بووەو ئەنجامی رق لە شکست و سەرکوت, نەک ئەنجامی نەخشەو پلانەکانی کۆبونەوەکانی کرماشان.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک