په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٨\٢٠١٧

ئەندیشەکانی شەوێکی تەنیایی.


سه‌‌لاح رێبوار      

پێشکەشە بەو کەسانەی خۆیان لەو ئەندیشانەدا دەناسنەوە.

ئای چەندی پێ خۆش بوو هەر ڕۆژ بوایە، بە ڕۆژ هەرگیز بە تەنیا نەدەبوو. هەمیشە چەند برادەرێکی دەدۆزینەوە. خۆ ڕەنگە دەربەدەری وایکردبێ، هەر یەک بە دوای سەبووری خۆی دادەگەڕا. هەندێک بەدوای قسەوباس دا دەگەڕان و هەندێکی تر تەنیا بە دوای ئاودەنگییەوە بوون. کە یەکتریان دەدیت گرێی دەروونی خۆیان بۆ یەکتری دەکردەوە. ئەوە پیشەی ڕۆژانەیان بوو. بەبێ یەکتری ئۆقرەیان لەبەر دەبڕا. لەبیرییەتی کە هەندێک بە گەشتێکی هاوینە گەڕانەوە، شار چۆل و هۆل بوو. زۆر بێزاربوو بوو. یەک یەک ڕۆژەکانی دەژماردن کەی دەگەڕێنەوە. دەیان زانی کێ سەفەر دەکاو کەی دەگەڕێتەوە. بە هەرحاڵ ئێستا باشە زۆربەیان لێرەن. هەر ڕۆژە ئەگەر لە ئیش نەبن و دەستیان بەتاڵ بێ ئەوا یەکتری دەبینن. بۆیە هەمیشە هەندێک بۆ کۆڕ گەرم کردن هەر هەن. ئەو ئێوارەیە تا درەنگانێک لەگەڵ چەند برادەر لەسەر تەختێک لە ناو پارکی پێش مۆڵەکە دانیشتبوون. یەکێکیان تازە گەڕابووەوە. هەواڵی نوێی پێبوون، بۆیە هەر باسی ئەولایان دەکرد، ئەگەرچی باسەکان ئەوەندە نوێش نەبوون، کەم یان زۆر هەر دووبارە دەبوونەوە، بەڵام هەرگیز وەڕس نەدەبوون. هەریەک سەدان بیرەوەری پێبوو دەیگێڕایەوە. ئەوڕۆش وەک هەموو ڕۆژانی تر باسی زۆر شتیان کرد و زۆر کەسیشیان سەرکۆنە کرد. ڕقی دڵی خۆیان پێ داڕشتن. خۆ ناهەقیش نەبوون. هەرکەسە وخەفەتی لایەنێکی لەدڵدابوو، دەربەدەریش بارەکەی دە ئەوەندە قوڕس کردبوو. ئای دەربەدری کە دەردێکی گرانە. ئاودەنگیان تەنیا لەیەکتری دەدیتەوە. جوانیش لەیەک تێدەگەیشتن. زۆر جار تەنیا بە هێما شتیان بۆ یەکتری دەدرکاند. هەر هەموویان لەژیان بە گلەیی بوون، لەو دەربەدەرییەی حەسرەت و تاسەی ئەولایان وەک برینێکی قووڵ بە ناخدا ڕۆچووبوو.


ئەو جیاوازی لەگەڵ ئەوانی تر هەبوو. ئەوان ماڵێکی گەرم وگوڕیان هەبوو. وایان نیشاندەدا دەگەڕێنەوە ناو ماڵ و کەسێک هەیە چاوەڕوانیان بکا. ئەو تەنیا بوو تاکە سەبووری ئەو کاتانە بوو کە لەگەڵ ئەوانی تردا یەکتریان دەدیت و دوو قسەی کۆنیان بەبا دەدان. نەیدەویست بێتەوە ماڵێ. ئێ خۆ ئەو لە ماڵێ هەر تەنیایی بەبەردابڕابوو، بەس نەبوو بەڕۆژ ئەو برادەرانەی هەبوو سەبووری پێ بێن. دەیزانی ئەگەر بێتەوە تەنیایی چاوەڕوانی دەکا. ئەی کە ناخۆشە. ئەو لەماڵێکی گەورە ڕاهاتبوو. لە هەموو ژیانی هەر ئاپوورەی خەلکی دیبوو. ئێستا لە ناکاو بە تەنیا ماوەتەوە، هەموو بەجێیان هێشت. ئەی کە تەنیایی دەردێکی کۆشندەیە، ئەگەر مرۆڤ لێی ڕانەهاتبێ. بەڕاستی سەختە. هەر جارەی کاتی ڕۆیشتنە ئەو خەم دایدەگرێ. ئاخر دەیزانی تەنیای چاوەڕوانی دەکا.


شەو ڕاشکابوو ئەوانی تر ماڵئاواییان کرد و لەسەر خۆ بەجێیان هێشت و لە تاریکایی بزربوون. ئەویش بە ناچاری ملی ڕێگای ماڵە چۆل و هۆل و خامۆشەکەی گرتەبەر. زۆر کەسێکی هێمن بوو. بە هێدی پێپیلکەکانی دەبڕین و لەسەرەخۆ کلیلی دەرگای بادا. دیاربوو دەنگی زەنگی تەلەفۆن دەهات. دوای ئەوەی سەیرێکی کاتژمێرەکەی کرد حەپەسا، بەو درەنگەی دەبێ کێ بێ؟ خۆ ڕەنگە کەسێک ژمارەکەی بەهەڵە لێدابێ. کە لە تەلەفۆنەکە نزیک بۆوە و ژمارەکەی دیت ناسییەوە. سەری بادا. ئاخر نازانم بۆ واز ناهێنن... خۆ ئابڕوویان نییە.... ڕووی خۆی وەرگێڕا بێجامەکەی هینا خوارێ و دەبەریکرد. بە هێواشی لەسەر سیسەمەکە لەسەر پشت لێی ڕاکشا. دیسان لەبەر خۆیدا ئاخر بۆ واز ناهێنن؟ هەر ڕۆژە یەکی بەگژەوە دەنێن، وەرسیان کردییە. لەلای خەڵکی بەدرۆ باسی شت دەکەن. شت هەڵدەبەستن، کە هیچ بنەمایەکی نییە. ئێ خەڵکیش دەیەوێ چاکەی بکا و تەلەفۆن بۆ ئەو دەکەن. خۆ ئەوان نازانن کێشەکە چییە و لە چاکەی خۆیانە. هەڵەیەک لەوان نییە. کێشەکە ئەو بێ ئابڕوانەن، وازی لێنایێنن. چاوەکانی لە بنمیچی ژوورەکەی بڕیبوون و خەویش بەچاوانی دا نەدەهات.... ئەوە تاکە شەو نییە ئەو دەردەی دەدەنێ، خۆ دوا شەویش نابێ. هەمیشە لەلای خەڵکی باس دەکەن، خەلکیش تەلەفۆن دەکەن. ئەوان دەزانن ئەو بەوە قەڵس دەبێ و ئۆقرەی لێدەبڕێ. بەڕای خۆیان وایان لێک داوەتەوە، بەو شێوەیە چۆکی پێ دادەدەن و شتەکان وەک جاران لێدێتەوە

دیمەنەکانی ڕابردووی وەک فیلمێکی دراما لەبەر چاو دەهاتن و دەچوون، هەر بڕگەیەکیش بە ئاخێک کۆتایی دەهات .... ئای چەند بەحەسرەت بوو وەک خێزانێک بە ئارامی بژیابان. چەند خۆش بوو ئێستا بەلای کەمی نەوەکانی لە ئامیزبان قسەی خۆشی بۆ بکردبان. ئەوانی تریش پرسیاری بازاڕیان لێ کردبا کێت، هەواڵ و دەنگوباسی نوێ! ئەو خۆزگەیە دەباتە ژێر گڵ. ئاخر ئەو بەختەی بۆ وا نەگبەتی بوو. ئەوان هێشتا تێناگەن کە شووشە شکا، هەرگیز وەک خۆی لێنایەتەوە. ئەوان هەر نەوەستان شوولیان لێ هەڵکێشابوو... دەرد نەما پێی نەکەن.. ئاخر بۆ؟


هەر چەندی کرد و کراندی هەوڵەکانی بێ هوودە بوون. ئەو تا زوو بوو نەیدەویست ئاوەکە بشلەقێ و خەڵک لێیان تێبگا ... بەس تازە هیچ لەدەستەوی نەمابوو. ئەوە چەندەمین جاربوو دەڕۆیشت... خۆ جارەکی لەگەڵ ئەو خوێڕیەی ڕۆیشتن، هەر هەمان ڕۆژ بۆ ئێوارەکەی گەڕانەوە. دیار بوو ناردبوونیانەوە. من بەو تەمەنە هەموو شتێکم قەبووڵ کرد، چەندین ساڵە ئەوە حاڵمە. بەڕاستی ژیان لەگەڵیاندا دۆزەخ بوو. ئیدی سووکایەتی نەما پێم نەکا. هەر ڕۆژە بەبیانۆیەک دەردەبووەوە. ئەجا کاتی با یان نا، بەبێ هۆ دەبوایە سەرکۆنەم بکا. ئێستا بەجێی هێشتم و خستمیە دۆزەخی تەنیایی .... دەزانی زۆر ناخۆشە، بەڵام ئاسوودەترم کەس سووکایەتیم پێناکا. کە بەیانیان هەڵدەستم خۆ چیتر دوو چاوی مۆن و ڕووێکی گرژ و ترش وتاڵ نابینم.... ئاخ.


ئێستاش وەبیریەتی کە گواستیانەوە، هێشتا تارای بوکێنی کۆن نەبووبوو، پستە و چرپە دەستی پێکرد ..... چۆن دەستی خۆی شکاند، چ ئاگرێکی هێنایە ناو ژیانی خۆی و خێزانی. ئەوەی ئێستا دەزانێ، خۆزگە ئەو دەم دەیزانی..... چۆن ژیانی خۆی بەدەستی خۆی کردە دۆزەخ. ئاگر بوو ئاگر... دادی نەدەدا.... ئای چ زمانێکی هەیە .... دەڵێی شەیتانە شەیتان. ئەدی ئەوە نییە ئێستاش لەکۆڵی نابیتەوە. هێشتا ماوە کاولتری کا.... دڵی هێشتا دانەکەوتییە.


تەمەنی منداڵی و هەرزەکاری ئەوەندە خۆش بوو کەس قسەی لە قسەی نەدەکرد. کوڕی نۆبەرەی ماڵێ بوو. لە هەموو منداڵەکان گەورەتر بوو. کە ئەو لە دایک بوو، ئەوان بەحەسرەتی منداڵ بوون. پێش ئەو چەندیان بۆ نەژیابوون. ئای کە دڵیان پێوەبوو. خۆ دوای وی منداڵی تریشیان بوون، بەڵام ئەو لە هەمان خۆشەویست تر بوو و هەمیشە جێی تایبەتی خۆی هەبوو.


ئاخێکی هەڵکێشا. خۆزگەم کە ڕۆیشت قەت نەدەهاتەوە. شەش مانگ، شەش مانگی ڕەبەق نەهاتەوە، ئاخر چی بکەم خاڵی و خاڵی من هەردووکیان بوونە مۆتەکە بەسەرمەوە ..... هەر لێم نەگەڕان، تا دوایی چرای سەوزم بۆ پێکرد و گەڕایەوە. (گەوزێکی دا) لەبەرخۆ ... ئەگەر ئەو دەمی مەسەلەکەم یەکلا کردباوە، ئێستا وام لێ نەدەهات. بە تەنیا..... بە تاقی تەنیا لەو ژوورە کش و ماتە، بێ دەنگ، بۆنی مردنی لێدێ... ئاخر ئەوەندە کش و ماتە جیاوازی لەگەڵ گۆڕ چییە.... خۆ جیاوازی من و مردن تەنیا هەناسە دانە و هیچی تر. بەس نییە بیرەوەری کۆنم زۆرن و ئای کە بیر لەو کاتانە دەکەمەوە... چەند سەردەمێکی خۆش بوو. ژیان جۆرێکی تر بوو.... مرۆڤ نەیدەزانی خەم چییە...تەنیا برسی نەبای، هەمیشە دەوروبەرت گەرم بوو ... ئێستا خەمی هیچت نییە، تەنیایی نەبێ. ئەوەتە نییە هەرسێکیان پشتیان تێکردم. بە ساڵیش تەلەفۆنەکم بۆ ناکەن. ئەدی بۆ دەڵێن کاتی ژن و مێرد، ناخۆشیان دەبێ یان لێک دادەبڕێن منداڵ بێ لایەن دەبن... ئەی بۆ ئەوانەی من بێ لایەن نین؟ ئەوەندەی وەبیرم دێ شیرو تیرم لێ دەسوون ... دەبێ شیری حەرامیان خواردبی.... خۆزگەم وچاخ کوێربام.... ئەو دەمی خەڵکی دەیگوت منداڵیان نابی و بڕایەوە.


تەکانێکی دایە خۆی و ڕووی وەرگێڕا. چاوی لە وێنەکەی تەنیشت پەنجەرەی بڕی، خۆزگەم بەو کاتەی کە گەنج بووم. ئیشەکی باشم هەبوو، ئەو کچە مامۆستایەکە بەخۆی پێی گوتم بەس تۆ ڕازی بە بە کراسی بەری خۆم دەتکەم .... پێم گوت ژنم هەیە، گوتی خۆ ژن ژنی نەخواردییە . ئیدی ئەو دەمە ڕۆیشت ناگەڕێتەوە .... خۆ ئەو دەمی کێشەمان زۆر بوون، دەمتوانی لێی جیا ببمەوە و ژنێکی ترم هێنابایە، ئاخ تازە تێپەڕی. تازە هینابوویانەوە... دەیانگۆت ئەگەر منداڵتان ببی، ئیدی پێکەوە دەنووسێن... لەبەر خاتری منداڵ لێک نێزیک دەبنەوە.


هەندەک چاوەکانی هەڵگڵۆفتن و وەبیری هاتەوە چۆن هاتە دوکانێ و بەبێ سڵاو، ڕاست گوتی (ئەگەر بێیەوە ماڵێ، تەلەفۆن بۆ پۆلیسی دەکەم) دەک نمەک بە حەرام بی. ئاخر چیم بۆ نەکردی. هەر دانەکاسای، دەرمان (درەگ) و سەرخۆشی و ئوتومبێل بەسەرخۆشی لێخوڕین و کێشەی لەگەڵ پۆلیس ... ئاخ. خۆ کاتی هەرزەکاریش هەروا بوو. کاتی لە قوتابخانە دەریان کرد دوایی بە چەقۆ چووبووەوە ئەوێ ... خەبەری پۆلیسیان لێ دابوو .... پۆلیس هاتنە دوکانێ. خۆ ئەوە جاری یەکەمی نەبوو .... ئەو کاتی هەر لەخانی کۆن بووین لەسەر دەمەقاڵییەک پێی گوتم یان تۆ یان ئێمە ماڵ بەجێ دێڵین.....


ئاخ چەند لە زمانی خەڵکی دەترسم مێشێکت لێ دەکەنە گامێش، لە هیچەوە شتت بۆ دروست دەکەن.


لە ناوەڕاستی شەستەکان بوو بووە پێشمەرگە. لەگەڵ هێزێک ڕەوانەی دۆڵی ئاکۆیانیان کردبوو. لەوێ وەک گەنجێکی دونیا نەدیتە چەند جار بە چاوی خۆی دیتی چۆن پێشمەرگە گیانیان دەسپێرن. بەچاوی خۆی دەیدیت ئەوەی دوێنێ پێکەوە گاڵتەیان دەکرد و دڵخۆش بوون، ئێستا چۆن بەلادا دەکەوێ و گیان دەدا، چۆن دەست و پێ دەپەڕن و هات و هاواری برینداران چەند ناخۆش بوو. بەخۆشی یەک دوو جار لەسەر مردنێ گەڕابووەوە. ئاخر شەڕەکە زۆر سەخت بوو خۆ ئێستاش کە دەڵێی شەڕی هەندرێنی هەموو کەس دەزانی کام شەڕە. لەوێ زۆر کەسی ناسین. کاتێکی خۆش بوو، سەرەتای لاوی بوو. سەردەمی زێرینی تەمەنی بوو، زۆربەی پێشمەرگەکان یان هاوتەمەنی خۆی بوون یان هەندێک باخۆشتر بوون. تاک و تەرایەک بەتەمەن بوون و زیاتر دونیا دیدە بوون. نە خەمی ئەوڕۆ و نە بیریان لە بەیانی دەکردەوە. مرۆڤ تەنیا لەو کاتەی دەژیا کە هەبوو. هەموو هاوڕێ و هاوسەنگەر بوون، باسی هەموو شتێکیان بەبێ پەردە دەکرد. ئای کە بیرەوەری خۆش بوون.


لە ناکاو دەنگی فڕۆکە هات. هەموو هەڵاتن و خۆیان شاردەوە. بەڕێکەوت ئەو لەگەڵ مەلا مەجیدی خۆیان خزاندبوو پەنای تاوێرە بەردەکی گەورە. یەکەم جار بوو ببینی کەسێکی بەتەمەن ئەوەندە لە مردنێ بترسێ. دەستەکانی دەلەرزین، ددانەکانی قرچەقرچیان بوو. کە ئەو دیمەنەی دیت حەپەسا. هەرگیز بیری لەوە نەدەکردەوە ئەو مرۆڤە بەتەمەنە لە ترسان ئۆقرەی لێ ببڕێ. کە ئێواران دادەنیشتن، خۆ قسەوباس هەر هی ئەو بوون. ئەی چەند باسی ئازایەتی خۆی دەکرد. ئەوڕۆ لە پێش چاوی بووە هیچ. تا لە دوایێ بۆی دەرکەوت، هەمووی درۆ بوون. ئەوانی دی لەمێژ بوو دەیانزانی، بۆیە کە سەربردەکانی دەگێڕانەوە قاقا پێدەکەنین. بەس ئەو لەبەر خۆشباوەڕی باوەڕی دەکرد.

 
ئەرێ بۆ ژیان ئەوەندە سادە بوو، بۆ کەس خۆی لەویتر جیا نەدەکردەوە. گرنگ ئەوەبوو ئەو ڕۆژەی نان و ئاوت هەبایە و بەس. مرۆڤ بەهەموو شت ڕازی بوو. دوایی کە شەڕ کۆتایی هات گەڕانەوە. ئەویش هاتەوە شارەدێیەکەی خۆی .... ئای چەند بەختەوەر بوو ... کوڕەکی جوان و کەم دوو بوو. خەلکی ڕێزیان لێدەگرت. خوێندەوارییەکی باشیشی هەبوو. بۆیە بە ئاسانی دامەزرا و ئیشەکانیشی بە ڕێکی ڕادەپەڕاندن.


خەڵکی هەر بەباشە باسیان دەکرد. کەم نەبوون ئەوانەی بەروەڕوو پێیان دەگۆت. ئەوە زیاتر هانی دەدا ڕێز لەخۆی بگری و دیمەنێکی جوان لە کەسایەتی خۆی نیشان بدا. ئەو هەموو ئاکارە جوانانە وایان کردبوو، سەرنجی کچانیش بەلای خۆی داڕابکێشێ. جار بە جار بە تیلە چاو تەماشایان دەکرد .... بە هۆی ئیشەکەی و هەر لەماڵێ بابیشی بووو گوزەرانێکی باشی هەبوو.

 
ئەرێ بۆ ئەوەندە لە ژن هینانێ بەپەلە بوو؟ وەک بڵێی کێچی کەوتینە کەوڵی ... ئەوەندە بە پەلە بوو. بە هەر نرخەک بایە دەیەویست ژن بینی. ئای خۆزگەم دەستی خۆم شکاندبایە .... ژن بەژنیان بۆ کرد و هەر چۆنی بوو ژنی هینا. لەو ڕۆژەی بە دواوە ژیانی گۆڕا نەیدەزانی لای کێ بگری و چۆن هاوکێشەکان ڕابگری. ئاخر زۆر گەنج بوو. کارێکی ئەوەندە ئەستەم بوو دەرهەقی ئەو هەموو کێشانە بێ. ئیدی نەیدەزانی پەنا بۆ کوێ ببا.

 
لەناکاو یەکسەر نێوچەوانی گرژ بوو. ئێ خۆ ئەوی تر باشتر نەبوو، تەنیا و تەنیا پارەی دەناسێ ئاخ چی بکەم، لەبەر قسەی خەڵکی هیچم پێ ناگوترێ ... ئەو کاتەی خانیمان فرۆشت دڵخۆش بووم پارەیەکی باشمان قازانج کرد. بەس ئەو نەهات ئیمزا بکا دە ڕۆژان دواکەوت... لەسەر ئەوە بانق هەندەکی باشی لە نرخ داشکاند و ئەویش بەخۆی ئەوەندەی کە مابوو خستیە گیرفان و بردی ... خۆ هەر پرسیاریشی نەکرد بڵێ بابە بەو تەمەنەی تۆ ئیش دەکەی، ماندی دەبی. بەو قوڕبەسەری و هەناسە ساردییەی ئەو پارەت پەیدا کردووە. بە قەرز دەم دەیتێ یان نا .. بردی ئەی کە بێ ڕەوشت بوو .... خۆ بەڕاست پاریش کە گەڕاوە ئەو هەموو پارەی بە زڕتەبۆزی لە کابرای بەد بەخت ستاند و ئەدی ڕاو و ڕووت چییە؟ ... خۆ کابرا موڵکی خۆی بوو . دەوەرە لەسەر مولکی خۆت ئەوجا بە زڕەکەرانە ئەو هەموو پارەت لێ بستینن. خۆزگەم کوڕی من نەبا. منیش وەکی خەڵکی تر تفەکم لێدەکرد و دەمگوت دەک ڕووت ڕەش بی. بەس ئێستا هیچم پێ ناکرێ، لەوەی دەترسم ناوی منیش لەسەر ئەو بێ ڕەوشتەی پیس بی. خەڵک بە خراپە تەماشام بکەن، بڵێن چ پەروەردەیەکی هەبووە. بەس خۆ ئەو کوڕە قەت گوێی لە من ڕانەگتییە.... ئەوە نەبوو بووە فەرمانبەر و ئیشەکی باشی هەبوو. منیش هەر بۆ ئامۆژگاری پێم گوت ئاگات لە پارە و پوولی بی ... ئاخر زوو یان درەنگ ئەتوو دەبی ژنێ بینی. ئەوەندە بە بێ شەرمی و جینگزی وەڵامی دەدامەوە .... (بە قیژە) وازم لێ بینە! باسی پارەی لەگەڵ من مەکە! تا دوایی پارەی لە ناکەس بەچەترین کەس بە قەرز وەرگرت. لەو کەڕوکوندەی. بەڕاستی لێک دەوەشێنەوە. ئاخر ئەویش ئەوەندە پوولەکی بوو هەر بە پەلە لێی ستاندەوە. خۆشییەکە لەوەی دابوو، وای دەزانی بە دیارییەو داوای لێناکاتەوە. باش بوو هەر زوو بۆ پارەکەی ئەو سەر ئەو سەری بوو تا لێی نەستاندەوە وازی لێ نەهینا
ئای چەندم لەدڵدایە، بەس خەڵک تێناگا.... جا خۆ ناهەقیش نین، خەتای خۆمە. من ئەوەندە لە قسەی خەڵکی دەترسم، ئەوانیش ئەوە چاک دەزانن و بۆیە بەڕیان لێ ڕاکێشایە.


ئاخر پێم ناڵێن بۆ ئەوەندە بە پەرۆشن، من بی هێنمەوە... ئەو منی بەجێ هێشت و مەسەلەکە بڕایەوە. تازە ئێمە جیا بووینەوە. خۆ ئێستا هەموو کەس دەزانی... ئەی کە بێ ئابڕووە. پار کە گەڕانەوە، تەلەفۆنی کرد.


- ئەلۆ.
- چیت دەوێ.
- وەرە با پێک بێینەوە.
- چی؟
- دە لە کەرێ شەیتانی وەرە خوارێ.
- ترق..(تەلەفۆنەکەم لەسەر داخست).

ئاخر پیاو قسەی بۆ نایە. ئەو من بەجێ دێڵێ. ئێستا هەر ئەو بەمن دەڵێ (لەکەری شەیتانی وەرە خوارێ) ئەوەندەی دەکەم هیچم بەرامبەر بێ ئابڕوویی و بێ شەرمی ئەو پێ ناگوترێ ....

ئەدی ئەو مخەنەتە بۆ ناڵێی، هەر دەیگۆت دەبی تەلەفۆنی بکەی. کاتمان دانا دەیزانی چ کاتەکی تەلەفۆن دەکەم. کە زەنگ لێی دا وە ئەوی دابوو وەڵام بداتەوە .... ئەو بەقەست وایکرد .... تا ئەو جواب بداتەوە... دەیەویست ناچارم کا قسەی لەگەڵ بکەم. منیش لەسەرم داخست. ئەوەندە مخەننەتە زمان و دڵی یەک نییە.....


ئەدی بۆ ئەوەی ناڵێی. بە مێوانداری وەک دۆستێکی کۆن و ناسیاوێک بەسەردان هاتبووە ماڵیان. ئەوە گوایە دۆستن و لە مێژە یەکتری دەناسن و یەکتری بەسەر دەکەنەوە. یەکسەر لێی پرسی بوو، ئەدی کوڕەکەت کووە چی بەسەرهاتەوە کێشەکەی بەکوێ گەیشت؟


حەپەسا! ئێوە ئەوەی لە کوێ ئەوە دەزانن؟


ئەوە هەموو خەڵکی دەزانی لە بەندیخانەیە. لە ڕۆژنامەش چەند جار نووسراوە. زۆر دڵی گران بوو. قەت نەیدەزانی ئەوەندە دوو ڕوون لەلایەک خۆیان بە دۆست دەزانن و لەلایەکی تریش وەک خەنجەر بە تەوسەوە تانەو تەشەری لێدەدەن. لەو کاتەوە ڕۆیشت پشتی تێ کردن و پەیوندی لەگەڵ بڕین.


خۆ ناهەق نەبوو. دایک و باوک منداڵیان هەر چۆنی بی هەر خۆشیان دەوێ، هەرگیز پشتی بەرنادەن و نهێنییەکانیشی هەر حەشار دەدەن. ئەوان وایان نیشان دەدا دۆستن، ئەوجا شتی وا هەستیاری بە رووی دا بدەنەوە. ئەوە بەڵگەی دوو ڕووییانە، ئاخر چۆن خەڵک دەتوانێ متمانەیان پێ بکا. ئێستا نازانم باسی من و خوشک و براکانی دیم چۆن دەکەن. ئای دوژمنت نەبن. هیچ چەکەکی ناپارێزن، تەنیا بتوانن بتشکێنن.. ئیتر باسی ئێمە چۆن دەکەن ...... نازانم. بەس دەبا بیکەن. زمانیان کونێ کەندووێ نییە تا بە ئاسانی بە قوڕی بیگری.


ئەرێ بەڕاست کێشەکان بۆ ئەوەندە ئاڵۆزن؟ هەرشتەک دەبی خەلکی خۆ تێکەڵ دەکەن و دەبنە پیاو چاک و ناوبژی کەر. ئاخر کاکی خۆم کەس لە منی پرسییە لە چ دۆزەخەکی داژیایمە. دە جارەکی لە نەخۆشی بپرسن، بزانن ئازاری دەردی چۆنە. ئەو ژنە هەر لەسەرتا، کاتی هینایان تەنیا دژی یەک کەسمان نەبوو... هەر ڕۆژە شەڕی بە یەکی دەفرۆشت. ئەی چ زمانێکی هەیە لە ژەهری پیسترە .... خۆ هیچی وەدەست نەکەتبایە شەری بە دایکم دەفرۆشت. چ قسەی ناشیرین هەیە پێی دەگوت.. ئەو ژنە بەستەزمانەش، هەر دەیگۆت با دەنگمان نەچێتە دەرێ ..... بێ دەنگ بن. بەو جۆرە بەردەوام بوو، هەر ڕۆژە بەبیانۆیەک. ئەو دەمی چاکم لەدەست دەهات و دەبوایە شتەکم بکردبایە .... لێی جیا بووبامەوە و لە کۆڵە خۆم کردباوە. بەڵام ئێستا چیم پێدەکرێ.


لە ناکاو بیری ڕۆیشت. دەرەبەهارێکی خۆش بوو باوکی پێی گۆت دەبی بچی سەرێکی لێبدەی. ئەوە ساڵ و نیوەکە ئێرەی بەجێ هێشتووە. زۆر سەیرە دەتگووت لەگەڵ شنەبای بەخت بەڕێ کەوتبووم. هەر لە فڕۆکە خانەی دابەزیم، برادەری هەرە نزیک و دۆستی هاوسەفەری ئەوم لە پێش پەیدابوو. پێکەوە بۆ لای ئەو کەوتینە ڕێ، ئەویش وەک پیشەی خۆی ئێواران لە باڕێکی ئێرانی نزیکی کارەکەی دادەنیشت. کە هاتینە ژوور هەموو شتێک ڕاوەستا. چاوم لێبوو چۆن ئەو حەپەسابوو. نەیدەزانی ئەوە راستە یان خەنە. دوای چەند چرکەیەک ئەوجا فرمێسکەکانی داچۆڕان و تێگەیشت ڕاستە. بیست ڕۆژ پێکەوە بووین هەمیشە قسەمان دەکرد، باسی هەموو شتێکمان دەکرد. کاتمان بەفیڕۆ نەدەدا. سەیرم پێ دێ. هەموو خەڵک دەڵی من کەم دووم، ئەدی بۆ ئەوەندە قسەم دەکردن. هەموو شتێکم دەگێڕایەوە. بێ باک، بەبێ ترس. ئای ئەو بیست ڕۆژە خۆش بوو، ئەوەندە دڵم خۆش بوو. هەرگیز لە یادم ناچێتەوە. ئێوارەی ڕۆژی پێش هاتنەوەم، چەند گران بوو. باوەڕم نەدەکرد بەجێی بێڵم و لەبەر چاوم بزربێتەوە. دەزانی زۆرناخۆشە بەیانی دەبێ بەڕێ کەوم. ئەو چرکەساتە وەک بۆمبێک بۆ هەردووکمان. بەڕاستی بۆ هەردووکمان کاتێکی خۆش بوو .... هەرگیز لە ژیانم ئەوەندە خۆم بە ئازادی نەبینیووە. نا بەبیرم نایێ.


ئەرێ بەڕاست خێزانی کاک سلێمانی هەمیشە تەماشای ئالقە تورکییەکان دەکا. بەس بزانی یەک گوێی لێدەگری ..... ئیدی دەداتە دوێ و نایبڕیتەوە. من حەزم لە فیلم و شتی وا نییە. بە تایبەتی تورکی. قەت تەماشا ناکەم، بەس ئەوێ ڕۆژێ باسی کچێکی دەکرد، زۆر سەرنجی ڕاکێشام، سەرم سوڕما، هەندەک سەیر بوو. بە تەوسەوە دیگێڕاوە. وابزانم مەبەستێکی هەبوو .... چونکە هەرجار نا جار دەیگوت ئەدی وانییە... خۆ تۆ باش لەو شتەی تێدەگەی و دەزانی. ئالقەکەی کە ئەو باسی دەکرد، ئەکتەرە سەرەکییەکە وابزانم ناوی ئەیلول بوو لە زنجیرە درامایەک بەناوی (لێم ببوورە) ئەو ئەیلولە ببووە دەزگیرانی دوژمنی تا تۆڵەی خۆی بکاتەوە... وەبیرم نەمایە ئەو خێزانە برای یان بابییان کوشتبوو. ئەیلول ناوی خۆی نەبوو بەس بەو ناوەی ببووە دەزگیرانی دوژمنی. بووبووە دەزگیرانی دوژمنی خوێنی، تەنیا بۆ ئەوەی تۆڵە بکاتەوە. ئیتر خوشکە ئەوەندە درێژ دادڕ بوو لە گێڕانەوە، حەوسەلەی بردم. ئەوەی هەستم پێکرد، مەبەستی ئەوە بوو، ئەوەی منیش دەبێ وابێ؟ خۆ من چاکم وەبیرە، ئەوی من بابی جاش بوو ..... من نازانم ئەوە هەقی بەمن داچییە؟ خۆ هەموو خەڵک دەزانی بابی وی لەسەر کەرایەتی خۆی کوژرا .... ئەوان بەسەر بۆسەی پێشمەرگان دا کەوتن، چەندیان لێ کوژران و ئەویش بریندار بووبوو. پێشمەرگە لێیان پرسی بوو بتنێرینەوە ناو حوکمەتی یان بتبەینە بارەگای تا چارەسەرت بکەین؟. وابزانم بە فێڵ ئەو پرسیارەیان لێ کردبوو. ئەویش گوتبووی بمنێرنەوە ناو حوکمەتی .... ئیدی گولەکیان لێ خەسارکردبوو. خۆ ئەوی بابی وی کوشت بۆرە خزمێک بوو لەگەڵ ماڵی مە. ئیتر نازانم هەقی بەمە دا چییە؟ نە من بە خۆم و نە خێزانیشمان نە دوژمنی کەسین و نە کەسیشمان کوشتییە.... جا بۆ تۆڵە لە خێزانی مە بکاتەوە. بەس بەو پێیەی هەندەک خزمایەتیمان لەگەڵ ئەو پێشمەرگەی داهەبوو کە بابی تەواوکرد. خۆ ئەو پێشمەرگە بوو، ئەرکی خۆی بەجێ گەیاند، جاشێکی کوشت.


دە بیهێنە بەر چاوی خۆت. ئەگەر ئەو هەموو ژن و کچە جاشانەی لەو شەڕانە کوژراینە، ئەو هەموو جاشە ئەنفال چییانە. بە دوای ئەو پێشمەرگانە دا بگەڕێن کە کەس و کاریان کوشتینە و سواری خۆیان کەن تا تۆلەی دەکەنەوە. ئەو دونیایە چی لێدێ ( سەری بادەدا).


(چەند چرکەیەک بێ دەنگ بوو دوایی بیری کردوەوە) ئاخر ئەوە تێک ناکاتەوە... خۆ ئێمە ژن بە ژنیمان کردبوو. ئای ژن بەژنی پیسترین کولتوور بوو لەناو کوردان کە هەبوو. ئەگەر ئێستا نەشمایە، بەڵام بۆ من هەر مایە ئەو دۆزەخەی دوای ئەو هەموو ساڵە، هێشتا نەدەتوانم خۆمی لێ ڕزگار کەم، نە دەشتوانم دەستی ماچ کەم. دەک ئەو کەسە بە نەفرەت بی ئەو کولتوورە پیسەی داهێنا. خۆ ئەگەر یەکیان دانەنیشتبا، دەبوایە ئەویتریش بڕوا. ئەگەر یەک تەڵاق بدرابوایە دەبوایە ئەویتریش تەڵاق بدرێ. بەو مانایەی چوار کەس وەک چوار ئاژەڵ پێکەوە لە تەویلەیەک بەسترابنەوە ..... ژیان و مردنیان پێکەوەبی. بەڕاستی ئەو تڕە کەڵەکە سەرناگری. ئیدی هەر ئەوە بوو کە ئەوی ئێمە لەلای وان دانەنیشت، وەک نەرێت خۆ دەبویایە ئەویش بڕۆیشتبایە.... بەس نەڕۆیشت. ئەی کە داکەکی زمان لووسی هەبوو... کە قسەی لەگەڵ دەکردی وەک بە ژەهر سڕی دەکردی. هەر جارەی دەڕۆیشت دەیهیناوە. خۆ ئەویش نە بای دیبێ و نە باران، چەند ڕۆژەکی خۆی کڕومات دەکرد و دوایێ دەستی بە فتنەو شەڕ و گێچەڵان دەکردەوە. شەڕی بە هەمان دەفرۆشت .... ئەوەندە لە بنەوەیە ئەوەندە بە کینە و بوغزە ..... کەس وەبەر غەزەبێی نەکەوی. خۆ ئەگەر کەسەک نەیناسی دەڵێی مەڕی خودایە، بێ دەنگ قسەیەکی لەدەم دەرناچی. کاتی چاوی خەڵکی لێ بزردەبوو، ئەوجا زمانی ببینە .... ژەهرە ژەهر هەلدەڕێژی. جا لەگەڵ هەر کێ بی گرنگ نییە، تەنیا شەڕوگێچەڵ دروست بکا.


با هەق بڵێین ئەوی ئێمە ناهەقی نەبوو دانەنیشی. دەزانی چ دەردێکیان پێ دەکرد، لێیان دەدا. هەر هەموویان سووکایەتییان پێ دەکرد. لە هەمووی خراپتر خەسووە پیسەکەی من بوو. هەرچەندە بە خۆی هەوێداربوو و بەسەر ژنێکی تر هێنرابوو، ئەوی مەش درابووە کوڕی هەوێیەکەی. ئەوجا لەهەمان خراپتر بوو. هانی دەدان لێی بدەن. لە نێوان ژووری خەسووم و ئەو ژوورەی وەکوو ژووری ئەشکەنجە بوو بۆ ئەوی ئێمە. خەسووم کە گێی لە لێدانێ دەبوو سەری شۆڕدەکردەوە و هاواری دەکرد (دە لێی دەن، باشی لێدەن. با تەمبێ بی .... بە تەنیا بوخچەکی هاتییە، دەیەوێ بە دوان بچیتەوە). تا گەیشتبووە ئەو ئاستەی دۆشەگی بووکێنیان لە ناوەڕاست شەق کردبوو تا نەتوانن لەگەڵ یەک بخەون ..... ئێ ئاخر کێ هەیە بەرگەی ئەو هەموو دڕوندایەتییەی بگری .... هاتەوە گوتی ئەگەر بشمکوژن ناچمەوە .....ئەنگۆ لێرە بمکوژن، نەک ئەوان بە سووکایەتی و ڕەزیلی لەناوم بەن. گوتی من بەو حاڵەی دانانیشم. ئای من چەند ساویلکە بووم، خۆش باوەڕ بووم هەموو درۆیەکانی خەسووم بوون. ئەوان لەلایەک هەموویان بە ژن و پیاوەوە دژی ئێمە بوون، چونکە خوشکمان ڕاگرتییە و ناچاری ناکەین بچیتەوە. لەلایەکی تر خەسووم نەیدەویست من لە کچێ وی جیا ببمەوە. بەو زمانە لووسەی منی هەڵخەڵەتاندبوو، خۆ ئەگەر ئەوانیتر نەبان ڕەنگە شتێکی خراپم دەرهەق کردبایە. ئاخ بەس ئێستا چی.... خۆزگە ئەوەندە ساویلکە نەدەبووم. ئەوەی ئێستا دەزانم ئەو دەمی دەمزانی.


ئەوەی من سەرم لێ سووڕمایە .... ئەو مخەننەتەیە. دوای ئەو هەموو ساڵانە ئەو هەموو پێشکەوتنە، ئەو هەموو خوێندنە، هەمان ئاواز لێدەدا. هەمان ئاوازی لێدەدا. ئەوە نەبوو ئەوێ ساڵێ چووبوونەوە. ئێخەی کچی ئەوی ئێمەی گرتبوو، بەرمەیدان پێی گوتبوو (ئەوە هەمووی خەتای دایکت بوو.. ئەو سەری هەموو کێشەکان بووە). ئافەرین خەیاڵی بەتاڵ ئاخر هەمیشە پێیان دەگوتم خوێندن مرۆڤ ژیرتر ناکات ئەوە هۆش و ئاوەزە زانیاری و خوێندن بەکار دینی. ئەگەر ژیری لە ئاوەزت دانەبوو هەزار گەواهی نامە تەنیا وەک کلینیکس دەست پێ بسڕەوە.


ئەو بێ ئابڕووەش هەمیشە منی دژی ئەوی ئێمە هاندەدا، دڵیان بەوە دانەدەکەوت، بەخویان چییان پێ کردییە. دەیەویست ماڵی خۆشمانی لێ بکاتە دۆزەخ. منی هاندەدا گولەیەکی لێ خەسارکەم. دەیگوت بەخوای گولەکیشی لێ خەسارە. نایشارمەوە هەندەک کاریگەری لەسەر منیش دانابوو. بەڵام ماڵێ، ئەوانی تر هەمووی لەپشت بوون و تەواو بەرگریان لێ دەکرد. بەس خۆشبەختانە ناردیانە شاری تا خزمەتی برایەکم بکا، لەوێ ئیشی دەکرد. لەو فیتنەو هەرایەش بیپارێزن. ئێستا بیر دەکەمەوە، ئەگەر بە قسەی ئەو بێ ئابڕووەم بکردبا و شتەکم لێ کردبا هەم ژیانی وی و هەم ژیانی خۆشم کۆتایی دەهات و ئەویش وەک بەرزەکی بانان دەچووەوە لای داکە دڵ ڕەشەکەی و خێزانی مەشی بەیەکجاری لەناو دەبرد. قەت لەخۆم خۆش نەدەبووم.... قەت.

 
بەڕاستی من دژی ژن نیم و باوەڕی تەواویشم بە یەکسانی لە نێوان ژن و پیاو هەیە. بۆ من یەکسانی یانی چۆن دەبێ دژی پیاو بین لە چەوساندنەوەی ژن دەبێ بە هامان شێوە دژی ژنی وا بە شەڕ و گێچەڵیش بین، کە وەکی ئاگری دەیەوێ ژیانی خێزانەکی بکاتە دۆزەخ ... ئەگەر نا یەکسانی دەبیتە زاڵکردنی یەک لایەن جا ژن بێ یان پیاو، بەبێ جیاوازی.


ئاخر ئەو دایکی ڕایگرتبوو. ئەگەر نا لەمێژ بوو ئێمەش لێک جودا بووبووینەوە. ئەو ئەگەر لەبەر دایکی نەبایە نەیدەویست لەلای من دابنیشێ. خۆ لەو ساڵانەی دوایی، ڕۆژەک هەر لەخۆیەوە دەربووەوە، هەرچی خراپ بوو بە هەموو خوشکوبراکانی دام. دویێ، هینایی وبردی گۆتی (ئەگەر لەبەر داکم نەبایە ڕۆژێکیشت لەکن دانەدەنیشتم) خۆ نەیدەشاردەوە، لەو ڕۆژەی دایکی مرد ئیدی زمانی ویش بوو بەڕەللا بوو.

ئاخر ژنەک دایکی یان کەسێکی تر توندی لێ بکا لەلای مێردی دابنیشی. کەواتە قەت ژنی ئەو مێردە نەبووە. جا جیاوازی ئەو جۆرە ژنە لەگەڵ لەش فرۆشێک چییە؟ ژیانی هاوسەری دەبێ بە دڵی هەردووک لابێ. ئێ خۆ دەزانم لای خۆمان نە کوڕ نە کچ هیچیان بڕیاریان بەدەست نییە و خەڵکی تر بڕیار دەدا. بەڵام کە چاریان نەبێ، دەتوانن ژیانێکی ئاسوودە دروست بکەن. و ڕێز لەیەکتری بگرن، ئەگینا با جودا ببنەوە. وەک ئەوی مە. ئای چۆن بە قسەی بەکری مام ئاغام نەکرد، کە پێی گۆتم زۆر عەیبە شەرم لە خۆت بکە، خوشکی تۆ تەڵاق درا، تۆش شەرم ناکەی نە بات پێدادێ و نە باران خۆزگەم ئەو دەمی بە ئاگا هاتبام ئێستا ڕەنگە ژیانێکی تر و ماڵێکی ترم هەبایە خۆ ڕەنگە بەختەوەرتربام. بەڵام ئێستا چی. تەنیا ژوورێکی گۆڕ ئاسا، خامۆش تەنیا بۆنی مەرگی لێدێ و بەس. ئەوە هەمووی خۆم بەسەر خۆم هێنا. ئەرێ بەڕاست ئەو هەموو خەڵکە چۆن پێکەوە دەژین، دەبی ئەوانیش بەختیان وەک من تەنیا ژەهری مار بی ..... قەت باوەڕ ناکەم. لە خێزاندا کێشەش هەیە و دەمەقاڵیش هەیە. بەڵام ناگاتە یەکتری سووککردن و شەڕ و گێچەڵ، نا باوەڕ ناکەم. ئەوە تەنیا بەختی نەکبەتی من بوو تووشی ئەو بەڵایەی هاتم .... کە جەنەی دەگری وەک کەری دێزەیە و قسەی لەگەڵ ناکرێ...

 
(لە ناکاو خەیاڵی بۆ لایەکی تر ڕۆیشت) ئەوەتە نییە حەوت ساڵ و نیوە رۆیشتییە. تا ئێستا نەم دیتییە. ئەگەر کاک شاهۆ سەرکۆنەی نەکردبایە، تەلەفۆنیشمان نەدەبوو. چی پێ بڵێم زۆر هەوڵم دا پەیوەندیم لەگەڵی دا هەبێ. ژنی هێنا لێی نەگێڕامەوە. منداڵیان بوو بە حەسرەت بووم بیبینم کەچی نا ڕاستەوخۆ بە بیانۆی دەگوازینەوە و خانوو دەکڕین خۆی دەدزییەوە. زۆر بە ساردی وەڵامی دەدایەوە. خۆزگە وجاخ کوێربام ئەوجا چی دەبوو با ببا
ئەوە حەوت ساڵە وازم لێی هێنایە، کەچی ئەوان بە زۆری دەیانەوێ پینەی کەن و بەملی منی داببڕنەوە نایانەوێ بڵێن دایکیان تەڵاق دراوە، ئیتر کێ دەبیتە بەراگێڕی ڕوح زلی ئەوان، گرنگ نییە ئاخ (سەری بادەدا).


چاوێک لە چەکمەجەی دۆڵابی بەرامبەری دەکا، ئەلبوومی وێنەی دێتە بەرچاو لەسەر چەکمەجەکە دانرابوو. هەر بە خەیاڵ وێنەکان دێنێتەوە بەرچاوی خۆی .... هەناسەیەکی قووڵ هەلدەکێشێ ئای کە خۆشم دەویستن. هەموو شتێکم لە پێناوی ئێوە دا کرد. ئەوە پاداشتەکەم وەرگرتەوە، دەی.

دەک بە نەفرەت بن. هەر هەمووتان، کە بەو دەردەتان بردم .... ئای چەندم هەوڵدا نێوانم لەگەڵیان باش بێ. ئەوان مەرجیان هەبوو. تا بەینیان لەگەڵ من باش بی. مەرجەکە من لەگەڵ دایکیان پێک بێمەوە. ئاخر بۆ تێناگەن ئێمە جیا بووینەوە، ئەو منی بەجێ هێشت جام کە پڕ بوو لێی دەڕژێ. ئەو هەموو سوکایەتییەی ئەو ساڵانەی دوایی بەمنی کرد، نەک جام لەسەری ڕژا، منیان کوشت ... منیان لە ناخەوە کوشت. ڕوو بە ڕوو منی دەشکاندەوە. ئای کە شەرمم لەخۆم دەکێشایەوە. ئەو جارەی بە سەفەر چووبوو، منیش هەندەکم خواردەوە. ئێ خۆ هەموو کەس دەخواتەوە. خۆ قەت لەماڵێ نەدەوێرام قومەک وەک مرۆڤ بخۆمەوە، ئێ خۆ من زۆر زۆر کەم، بە دەگمەن پێکێک دەخۆمەوە. من چوزانم ئەو زووتر دەگەڕێتەوە. دەزانی کە هاتەوە چی کرد؟ خۆ شووشەکەشم فڕێدابوو، لە دەرێ لەناو بەرمیلی زبڵی گەڕابوو و دیتبوویەوە. چەند قسەی ناشیرین هەیە پێی گوتم. خۆ من وەک مرۆڤێک خۆم نەدەدیت. ئاخر لەوە نەفرەتی تر هەیە دەرفەتی هەناسە خواردنەوەشی لێ بڕیبووم. هەمیشە لەوەی دەترسام دەرمان خواردیم کا ....... نازانم، نازانم ئەی لەو بەد بەختییەی ..... دڵ ڕەش و زمان پیس. نازانی چی لەگەڵ بڵێی... بەو دوایەی خۆ قسەشمان بەدەگمەن لەگەڵ یەک نەدەکرد، هەر ئەوەندەبوو لە خانووێک بووین و بەس. ئەوانیش دەیانزانی، بەڵام پێیان ناخۆش بوو خەڵکی بڵێ دایک و باوکیان لێک جیابووینەوە .. ئەوجا کێ دەبێتە بەراگێڕ، ئەوە لە مێشکی ئەوان دانییە.

 
ئەدی ئەو مخەنەتە بۆ ناڵێی، سەرەڕای هەموو شتێکی دەزانی و ئەوجا بەمن دەڵێ (تەنیا داکم ئەو خێزانەی ڕاگرتییە) خۆ ئەو لە دایکی زۆر پیستر بوو جا ئێستا بەکەلکی چی دێ. دەبێ هەر حەسرەت بکێشم و خۆزگە بخوازم داری خۆزگەش قەت بەری نەگرتییە. ئەگەرنا چیم پێ دەکرێ ئەو مارە ژەهراوییە نازانی چی لێبکەی، تڕۆ بووە هەر واز ناهێنی. ئاخر دەوەرە ئەو بەمن دەڵێ (لە کەرێ شەیتانی وەرە خوارێ) ئێ سەرەڕای ئەو هەموو سووکایەتی و قسەی ناشیرینی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ... هەر ئەو منی بەجێ هێشت. وای دەزانی من نەمدەتوانی خواردن دروست کەم، یان جلەکانم بشۆم ئیتر هەر زوو بەدوای دا ڕادەکەم و مەمنوونی دەبم بەس بگەڕێتەو. دەبا هەر چاوەڕوانکا. گوتبووی نایەمەوە هەتا (داوای لێبووردنم لێ نەکا) باشە من هیچ خراپەیەکم لە خۆ شک نایە، تا داوای لێبووردن لەو بکەم .... دوای ئەوە باوەڕم بەو قسانە نییە، دەبا هەر لەوێ بە ڕەزیلی بکەوی، ئەو جودا بوویتەوە خۆی خۆی تەڵاق داوە... با هەموو کەس بزانی. لەدوای من ئەو بێوەژن نییە .... تەڵاق دراوە هیچ پەیوەندییەکیشی لەگەڵ من نەمایە. بەس زۆر بێ ئابڕووە ... ئەوەندە بێ ئابڕووە، خۆ ڕەنگە بێتە سەر گۆڕیشم تا پێشانی خەڵکی بدا چەند شەریفە و ئەوە خوی تی، کە بێگانە دیاربن ئەوەندە خۆی بەڕێز پیشان دەدا، بەڵام وای لەوەی خەزەبی لێ بگری ...... ئامانی نییە

هەموو دەیانزانی و بە ئاشکرا گوتبووم ئەو کوڕە بەکەلکی ئەو نایە ڕووح زل، خۆ زاڵ کەر، هەڵپەرست و شێتە. پێم گووتن ئەو کوڕە جيگای متمانە نییە زۆر ناکەس بەچەیە، لە ڕقی من مێردی پێ کرد... هەموو بوونە یەک. من بە تەنیا بووم. دەبا بیخوا. ئەدی ئێستا چ دەڵێن کە هەموو شتەکان وەک ڕۆژی ڕووناک وەدەرکەوتن.


ئەو جینگزەش بە پاڵان خوێندنی تەواوکرد... بەس لە پێناو چی؟ بەڕاستی پەشیمانم دەبوایە هەر زوو لە پیزەخانەیەک ئیشی بکردبایە.

 
(ئاخێکی قووڵی هەلكێشا) ئەدی هەمووم لێ وەخۆ نەکەوتن سواری سەرم بوون دەبێ بچینەوە. ئاخر من تەواو وازم لەولای هێناوە... هیچم لەوێ نەمایە. ژیانی من لێرەیە.. بچمەوە ئەوێ چی بکەم ... من کە ئەوێم بەجێ هێشت ژیانم نەمابوو... ئێستا لێرە ژیانم بنیات نایە و لێشی ڕازیم. باشە بۆ لەخۆم تێک بدەم و بچمەوە لەوێ دەست لەبەر ئەو کەسانە پان بکەمەوە کە ئەوێم لەبەر ئەوان بەجێ هێشتییە. من بۆ خانەنیشینی ئامادەنیم، لە بەهای خۆم دابەزینم. هەرچەند بە ئاسانیش دەتوانم ئەوە بکەم بەڵام من بەهای ڕابردووی خۆم لا گرنگترە لە هەموو جیهان. ئیدی هەر ڕۆژە، ئەوە حاڵم بوو بە هەموویان هەر هەموویان دەبی بچینەوە. لە هەموو لایەکی تەنگاویان کردبووم. نەیاندەبڕییەوە . ئەو تاس و حەمامە بەردەوام بوو، هەرجارە یەک یەک بە تەنیا یان بە کۆمەڵ. بە دەمەقاڵی و جارجارە لەسەریان دەقیژاندم. بەس من بڕیاری خۆم دابوو، تەنیا ئەگەر بە سەفەر بچمەوە و چاوم بە کەسو کاران بکەوی ئەگینا ئێرە جێگای منە.

 
کە منیان پێ ڕازی نەکرا ئیدی هەردووکیان لێرە هەموو شتیان فرۆشت و چوونەوە، خۆ چەند زوو چوونەوە ئەوەندە زووتر گەڕانەوە... هاتنەوە سەر سفرەی بەتاڵ.... ئای کە قسەی منیان پێ هیچ بوو. وایان دەزانی من لە هیچ تێناگەم .... ئەوجا کاکم بەمن دەڵێ حەز ناکەم کەس پێم بڵی (ئەدی من چیم گووت، ئەدی وام نەگوت) ئەوە سیفەتیان بوو. چ چاوەڕێ لەو جۆرە کەسانە دەکەی. ئێستا زۆر تەنیام زۆر بە حەسرەتی هاودەنگیمە... بەڵام بەس نییە هەر بەیانییەک لەگەڵ لە خەو هەستان لمووزێکی خوار و دوو چاوی مۆنم لە پێش نییە. خۆ ئێستا بشمرم دڵم خۆشە، نە کەس سووکایەتیم پێ دەکا و نەکەسیش لافم لەسەر لێدەدا...


خۆ من هەتا ئەوانم لەلا بوون ژیانم هەر نەمرۆ نەژین بوو. بە حاڵ کرێمان پێ دەدرا. قەت پارە لەلای مە خۆی نەدەگرت، چۆن دەهات ئەوها بزردەبوو. ئەوەندە دەست بڵاو بوو، منیش بەو تەمەنەی ئیشم دەکرد و لەدەستی ئەوانم دەنا. ئیدی وەکی گۆمی بێ بن هیچ دیار نەبوو. بەڕاست دەبێ ڕاست بی. بۆیان باسکردم کاتی خۆی بەوەی ڕازی نەبووە کە من شتم دەکڕی و خەرجی ماڵێم دەکرد. دەبێ چووبی قوماش و شتی تری بەخۆی لە دوکانێ هێنابی و ناردبیتییە لای دایکی، ئەویش بە نیوە قیمەت فرۆشتبیتییەوە، ئای کە خۆش باوەڕ بووم. خۆ دەڵێن زۆر کەس دەیزانی. ماڵێ خۆشمان دەیان زانی بەس وابزانم لەبەر دڵی من خۆیان تێکەڵ نەدەکرد. تا بگرە خێزانی مامۆستا جەمالی هاوسێمان جارێکیان بە ماڵێ مەی گوتبوو، ئەو کوڕە قەت نابیتە خاوەنی هیچ، چونکە چەندی پەیدا دەکا ئەو ژنەش بە دووقات لە دوکانێ دینی و بە نیوە قیمەت دەفرۆشیتەوە و پارەکەش دەچیتە لای دایکی ئیتر کەس نازانێ چی بەسەردێ..... ئاخ. ئەدی بۆ ئێستا باش دەژیم هەرچەندە دەرامەتم ئەوەندەش نییە، بەڵام دەژیم سەفەر دەکەم و قەتیش بێ پارە نیم... باش نییە، پێویست دەستی کەس نیم. هەموو شتەکان وا پێدەچی من سەخت لەشتەکان تێدەگەم. لە خۆش باوەڕی خۆمە. ئیتر نازانم خراپ یان باش سەرەڕای ئەو هەموو شتانە، ئێستا بە تەنیایی لێرەم بێ کەس خۆ ڕەنگە بشمرم کەس نەزانی ... تا مەگەر برادەرەکانم بمدۆزنەوە .... جا ئەو منداڵانەم بۆ چین، بەکەلکی چی دێن.


خۆ باشە ئەو هەتیمە گەلەک زووتر، هەر لە خانووی خۆمان بووین مەیدانی لێ خواستم یان من یان ئەوان دەبێ لایەکمان ماڵێ بەجێ بێڵن ... سەرەڕای ئەوەش زۆر بە حەسرەتم منداڵەکەی ببینم ... ئەوەش هەموو لە بن سەری ئەو داکە نەفرەتییەیتی .... ئای ژنێکی ژەهراوییە. ئێستا تەنیا ڕیگای بۆ ماوەتەوە کە ئازارم بدا.. دەک وەک دایکی ڕەزیلی بمری و تۆڵەی منی لێبیتەوە. ئای خۆزگەم کەسێکی خۆم لێرە بایە.... ئیتر لێیان بێ منەت دەبووم .... هەموو دونیا هی من دەبوو. ئیتر هەستی بە ماندووبوونێک بێ کۆتایی دەکرد. هێدی هێدی چاوەکانی لێکناو خەوێکی خۆش تا شەوێکی تر و کۆمەڵێ بیرەوەری خۆشی و ئازاری تر. خۆ هەرگیز تەواو نابن.

______________________________
ئەو کورتە چیڕۆکە بەسەرهاتی مرۆڤێکە کە بەسادەیی لە ژیانێک دەدوێ و هەڵەکانی خۆی و بێ ویژدانی ئەوانی تر وەبیر خۆی دێنێتەوە.
سرووشی ئەو ئەندیشانە، بە تایبەتی ژوورێک خامۆش لە چیڕۆکی کوندەبەبۆی کوێری سادق هیدایەت وەرگیراوە.

 

ماڵپەڕی سەلاح رێبوار
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک