١٣\١١\٢٠٢٤
ئەنفال بە
وێنەیەکی تر.
سهعید عارف
بیانووی وێرانکردنی دێهاتەکانی کوردستان و پاکتاوکردنی خەڵكەکەی ئەوە
بوو، ژێرخانی هێزی چەکداری کورد لە ١٩٨٨دا وێران بکرێت، بەوەش کردەیەکی
سەربازی نەخشە بۆکێشراوی گەورە لە لایەن حیزبی بەعسی دەسەڵاتداری
عێراقیەوە بەجێهێنرا، هاوشێوەی پلەی نەخشە جەنگیە پێشکەوتوەکانی جەنگی
نێوان عێراق و ئێران، کردە سەربازیەکە هاوشێوە کرا بە ناوێکی ئاینی و
لە سورەتەکانی قورئان بۆ بە مێژوو نیشاندان و درامی کردنی پرۆسە
جەنگیەکە.
ئەو کاتانە هیچ ئاسەوارێکی ماس میدیا و سوشیال میدیای پێشکەوتوی وەکو
ئێستا لە ئارادا نەبوو، حکومەتی عێراق هەموو پرۆسەی پاکتاوکردنەکەی، لە
باوەشی خۆیدا بە ڕووداویكی ناوخۆیی دیزەبەدەرخۆنە کرد.
(ئەنفال) بوو بە روداویكی بنزەمینی و پەنهانی، تا ٢ ئابی ١٩٩٠ و بە
داگیرکردنی ولاتی کوەیت لە لایەن دەوڵەتی عیراقیەوە.
ئەو کاتە و لە پێویستی بیانووی لێدانی و زەقکردنەوەی سنوورشکێنییەکەی
دەوڵەتی عێراق، کردەی (ئەنفال) لە ژێرزەمینەکانەوە هاتە دەرەوە، وەکو
بەڵگەیەکی زیندوو سەرباری تاوانبارکردنی دەوڵەتی عێراق تاوانبارکردنی
سەرکردەکەی (سەدام حسەین).
ئەو کاتە دوو ساڵ بوو (ئەنفال) لە ناوخۆی عێراق تەواوکرابوو، جێی
تاوانەکان کوێرکرابووەوە و دێهاتەکان گیای دوو ساڵ لەسەر کەلاوەکانی
ڕوابوون. قوربانیەکان لە ژێر خاک خرابوون و سەرونگون کرابوون، لاشەیان
لە بیابانەکانی عێراقدا دوو ساڵ ڕزینی بەسەردا هات بوو.. کچۆلەی گەنج و
جوانیشیان لێ فرۆشرابوون بە یانە شەوانەییەکانی میسر و بە دانیشتوانی
میرنشینەکانی کەنداو.
ئێستا ٢٠٢٤ دەولەتی جوولەکە لە هەمان باری دەوڵەتی عێراقی ١٩٨٨ دایە،
گەرەکیەتی ژێرخانی هێزی چەکداری دژ بە خۆی پاکتاو بکا و لە وێنە
سەردەمیە تەکنەلۆجیاکەیدا و زۆر بە نەخشەی ورد و بەفراوانتر و
جیهانیانە.
لەم ساڵەیدا ٢٠٢٤ ئاوەدانیەکانی غەزەی وێرانکرد و سەروو چل هەزاری لێ
کوشتون و هێشتا بەردەوامە لە وێرانکردن و کوشتنیان، نزیکەی چارەکە
ملیونێکی لێ بریندار کردون، دانیشتوانەکانی تری برسی و کۆچبەر کردوە.
ئەو بۆچوونە عەرەبی و ناوچەییەی بەدرۆخستەوە کە وا خرابووە زەینەوە:
(سوپای ئیسرائیل توانای جەنگی درێژ خایەنی نییە)، زیاد لەوەش ئیسرائیل
پیشانی جیهانی دا توانای فراوانکردنی بەرەکانی جەنگی هەیە، بە لێدانی
هێزی میلشیای وابەستە بە ئێرانی ناحەزی خۆی و لە چەند وڵاتی وەکو سوریا
و یەمەن و (عیراقیش لە ئەجیندای لێدانی دایە)، بەڵام لە سەخترین لێدانی
لە (حیزبوڵا) و سەری ئەو حیزبەیە لە لوبنان، حیزبوڵای لوبنان دایەنگای
هەموو میلیشیا وابەستە ئێرانیەکانە لە هەرسێ وڵاتی سوریا و یەمەن و
عێراق و هەروەها پردی گەیاندنی توانستە چەکسازیەکانی ئێرانە بۆ خۆی و
هەموو ئەو میلشیایە شیعە مەزهەبانە بە دەسەڵات و دامەزراوەی حەماسی
سونی مەزهەبی فەلەستینیشەوە.
وڵاتی لوبنان بە تایبەت خەلکی باشووری لوبنان لە ئەنجامی ئەو لیدانەی
حیزبوڵاوە تووشی بارێکی هاوتا بە غەزە و وێرانکرنی ماڵ و کوشتن و
کوچبەری بوونەتەوە، لە ناوخۆی و دەرەوەی ولاتەکەیانەوە ڕووەو سوریا و
عێراق، وەکو هەواڵە دەرەکی و ناوخۆییەکان باسی ئەکەن کۆچبەری لوبنانی
گەیشتۆتە دەڤەری ڕۆژئاڤا و باشووری کوردستانیش.
ئیتر بۆ لەمەودوا و بۆ ئەم زستانە گوێبیستی چیرۆکە جیاجیاکانی برسێتی و
بێلانەیی و چادرنشینی ئەوانیش ئەبین.
لە ناوخۆی لوبنانیشدا، بە هەمان جۆر کۆچبەری فراوان هەیە، بە جۆرێک
(سکای باڕ) یانەیەکی شەوانەی بەناوبانگ و قەرەباڵغی لوبنانە، لەم
ڕۆژانەدا کاتێک خاوەنەکەی ئەبینێت خێزان و خەڵکێکی زۆر لە لوبنانیەکان
لەسەر شەقام و شۆستەی نزیک باڕەکە نوێن و ماڵیان خستووە، داوا لە
گاردەکانی بارەکەی ئەکات چیتر کاتی کاری خۆمان نییە و نابێت ئەو خەڵکە
بەو شێوەیە بژین و فەرمانیان ئەداتێ دەرگای بارەکە بۆ لێقەماوەکان
بکەنەوە و هۆڵی نمایش و دانیشتەکەی بکەن بە ماڵ و پەناگەی حەوانەوەیان.
١٩٨٨ کاتی ئەنفالی کورد، کچە گەنج و ناسک و نازەنینەکانی گەرمیان
دەسەلاتی عیراقی ئەیفرۆشتن بەم خاوەن باڕ و یانانەی شەوان و لەوێ بۆ
چێژخۆشکردنی کڕیارەکان بەکارئەهێنران. کاتێک لە دوای ڕاپەڕین و لە
نەوەدەکانی سەدەی پێشوودا سوراغیان کرا.. سەرکردەکانی کورد بۆ ئەوەی
لەوەڕیان لێ تێکنەچێت نەچوون بەدەم سۆراخی ئەو پەریزادە کوردانەوە و
بگرە یارمەتی دیزەبەدەرخۆنەیان دان. خوێنەری بابەت زۆر دوورتر مەڕۆ،
تەنها هەڵوێستەیەک بکە: (بەراوردی غیرەتی سەرکردەکانی کورد و غیرەتی
ئەو خاوەن باڕە بکە!).
٨\١٠\٢٠٢٤
- ستۆکهۆڵم
ماڵپهڕی سهعید عارف باپیر
|