په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ئەنفال لەنێوان دووفاقیی دەسه‌ڵات و‌ زامی ساڕێژنەبوو‌ی خەڵکدا!


ستارە عارف   


14/4 لە هەرێمێکی بێ َحکومەت و‌ پەرتەوازەدا لەخوێ‌کردنە زامەکان زیاتر هیچی تر نییه‌ لەهەرێمێکدا کە سنووری دیاریکراو نییه‌ و‌ زۆرترین بەشی دابڕێنراو و ژێردەستەن لە هەرێمێکدا کە خاوەنی دەستووری خۆی نییه‌ و‌ هێڵە گشتیەکانی خۆبەڕێوەبردنی دیار نییه‌ و‌ ستراتیژییەتی نییه‌ و‌ سەرکردەکانی ئیرادەیەکی سیاسیان نییه‌، تا بتوانن هەڵوێستیان هەبێت.


لەبەناو هەرێمێکدا کە سێ پارێزگایان پێ بەڕێوە نەبراوە و‌ سەرەتاییترین خزمەتگوزارییان بۆ خەڵکەکەی دەستەبەر نەکردووە، ئیدی چۆن دەتوانن لەژێر باری کارەساتێکدا دەربچن کەناوی ئەنفالە و‌ زۆرترین بیرکردنەوە و‌ وردترین بەرنامە و‌ گەورەترین تێکۆشان و‌ ماندووبوو‌نی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانرێت مافی خۆیی بدرێتێ، بۆیە یادکردنەوەی ئەمساڵی ئەنفال وەک ساڵەکانی تر لەلایەن دەسەڵاتەوە مەبەستەکەی دیار بوو‌ بەتایبەتی لەم پێواژۆییەدا کە بەرەو هەڵبژاردن هەنگاو دەنێین.


دەسەڵات هەر وەک چۆن لەلایەنی هزری و‌ بەرنامە و‌ پەیڕەوی بەڕێوەبردن و‌ فیکرییەوە لاوازە بەهەمان شێوە بەهۆی نەبوو‌نی عەقڵیەتێکی فیکری و‌ رامیاری و‌ بەڕێوەبردنەوە توانای داڕشتنی پلانی کارکردنی لەهەموو بوارەکاندا نەبوو‌ە ئەمەش وای لێکردوە کەتووشی بۆشایی هزری و‌ پەروەردەیی و‌ فەرهەنگی ببێت و‌ بۆیە بۆشاییەکانی و‌ بێکاری بە پەنابردنە بەر کاری ناشایستە پڕکردۆتەوە کەگەیشتنە بەئاستی لێکەوتنەوەی گەندەڵی رامیاری و‌ بەڕێوەبردن و‌ رێکخستنی و‌ ئەخلاقی.


کارەساتی ئەنفال لەبەرئەوەی وێنەی لەجیهانیشدا دەگمەنە و‌ گەورەترین قوربانی و‌ نەهامەتی خەڵکی کورد و‌ گەرمیانییه‌کانە، بۆیە پێویستە لەئاستی نێودەوڵەتیدا کاری بۆ بکرێت، لەرێگەی بەکارهێنانی شاهید حاڵ و‌ بەڵگەنامە و‌ کۆمەڵێکی زۆر لەهاوڵاتیان و‌ رۆشنبیران و‌ کەسانی لەناو رووداوەکەدا ژیاون، بەڵام بۆ گەیاندنی ئەم هەنگاوانە ئیرادەیەکی سیاسی بەهێز و‌ داکۆکیکار پێویستە کەجەسارەت بکات و‌ ئەم هەنگاوە بنێت بەرەو دەرەوە، نمونە لیژنەی قەرەبوکردنەوەی زیان لێکەوتوانی جینۆساید هەر لەلایەن وەزارەتی ئەنفال و‌ شەهیدانەوە پێکهاتوە، هەرچەندە کەسایەتی شارەزا لیژنەکە بەڕێوە دەبەن، بەڵام چونکە دەسەڵات خۆی داکۆکیکاری دۆزەکە و‌ نەهامەتیەکانی گەل نییه‌، بۆیە کاری لیژنەکەش ناچێتە پێشەوە لەبەرئەوەی دەسەڵات لەپەرلەمانی ئێراق فشار لەحکومەت ناکات، هەر بۆیە گوێ بە لیژنەکەش نادات.


کەواتە دەسەڵاتێک کە بۆ ساتێکیش دڵی وڵاتانی دراوسێ ناڕەنجێنێت و‌ هەموو سەروەریەکانی ئەم گەلەی پێشکەش بە بەغداد کردوە، چۆن دەتوانێت لەئاستی نێودەوڵەتیدا هەنگاو بنێت یادکردنەوە پڕ لەدرۆکانیان هەر زوو بە هوتاڤ کێشانی گەرمیان و‌ سانسۆری بالیسان ئاشکرا بوو، کەهێنانەوەی روفاتی187شەهیدی ئەنفالکراو دوای چەند مانگێک دواخستن و‌ دیاریکردنی14/4 بەقەد ئەوەی نزیک بەهەڵبژاردنە، نیو هێندە لەبیری ئەوەدا نەبوو‌ن کە یادی ئەم رۆژە بە حورمەتەوە بکەنەوە، هێنانەوەی پارچە پارچەی ئەم روفاتانە و‌ هەر جارێک بۆ مەرامێکی دەسەڵات و‌ لەناو ئەو پەڕی بێ خزمەتگوزاری و‌ فەرامۆشکردنیاندا هێندەی تر لەرووی دەرونی و‌ ویژدانییه‌وە ئازاری زیاتری کەسوکاری ئەنفالکراوان دەدرێت و‌ ئەمە نەک هەر سەروەری نییه‌ بەڵکو جارێکی تر خوێ کرنە زامەکانیانە.


پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وەک مافێکی سەرەتایی خەڵک، هەرچەندە قەرەبوی ناخی زامدار و‌ ناسۆری کەسو‌کاری ئەنفالکراوان ناکاتەوە، وەلێ ئاوەدانکردنەوەی دەڤەرەکانیان و‌ ئاسانکاری بۆیان، کەمکردنەوەی ئازار و‌ زەمینەیە بۆ بیرکردنەوەیەکی نوێتر و‌ دەربازکردنی خەمێک بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت ئەو ئینتیمایە لایان کاڵ نەبێتەوە کە ئەوان خاوەنی گەورەترین قوربانین لەپێناوی دۆزێکی ڕەوادا.


دەسەڵات لەبەرامبەر کارەساتەکانی ئەنفال و‌ هەڵەبجە و‌ سەرجەم قوربانی و‌ نەهامەتیەکانی گەلدا زۆرترین بێ رێزی نواندوە، لەکۆنفرانسێکی مانگی 10ی 2008دا لەسەر ئەنفال کەرێکخراوی چاک سازی کردبوو‌و، سەرەڕای بانگهێشتکردنیان ئامادە نەبوو‌ن، کە ئەمە نیشانەی گرنگی نەدانە بەگەورەترین کارەساتی گەلێک لەکاتێکدا کەسوکاری ئەنفالکراوان لەگەرمیان و‌ قەڵادزێ و‌ دۆڵی جافایەتی و‌ شوێنی ترەوە هاتبوون.


لەگرنگترین ئەو خاڵانەی پێویستە بۆ کارەساتی ئەنفال بکرێت، پەسندکردن و‌ تەواوکردنی دەستوری هەرێم و‌ دیاریکردنی سنوری کوردستان و‌ دانانی بودجەی تایبەت بەگەرمیان و‌ پێشخستن و‌ ئاوەدان کردنەوەی ناوچە و‌ دێهاتەکانیان و‌ دروستکردنی کارگە و‌ شوێنی کار بۆیان و‌ هاوکاری کردنی رێکخراوە مەدەنی و‌ کەسایەتی و‌ شارەزایانی بواری ئەنفالە، بۆ بردنە پێشەوەی کارەساتەکە و‌ کارکردن لەسەری.


بەرپرسانی حکومی لەیادەکەدا داوایان لەحکومەتی ئێراق دەکرد ئەم کەیسە بەجینۆساید بناسێنێت، واتە خۆرسکانە و‌ بێ هیچ فشارێک بەغداد بێت و‌ بەکاری خۆی بزانێت، لەکاتێکدا کاری پەرلەمان و‌ حکومەتی هەرێمە فشار بخاتە سەر بەغداد و‌ کۆڵ نەدەن تا پەسند کردنی لەوتەی بەرپرسێکی وەزارەتی ئەنفالیشدا ئامادە نەبوو‌نی سەرۆکی هەرێم و‌ وەزیر و‌ نوێنەری حکومەتی دەگەڕاندەوە بۆ ئەوەی کەساڵانی تر هەمویان ئامادە بوو‌ن، وەک ئەوەی ئێستا پێویست نەکات چونکە لەرابردودا ئامادە بوو‌ن.


لە14/4ی ئەمساڵدا زۆر بەزەقی بەرژەوەندی حیزبی کەوتبوو‌ە پێش دەسەڵات بەئاشکرا شینی لەدەستدانی جەماوەر و‌ متمانە بەخۆ نەبوو‌نی دەکرد کە بەرەو یەکلابوو‌نەوەیەک دەڕوات شەرمەزارییە بۆ حکومەتێک18ساڵ تەمەنی بێت و‌ کەچی لەچەمچەماڵ کەسوکاری ئەنفالکراوان لەسەر ئەرک و‌ گیرفانی خۆیان هێما بۆ ئەنفال دروست بکەن، لەهەموشی مەرگەساتتر بەفەرمانی سەرۆک کۆمار جەللادەکانی بکەری ئەنفال تا ئێستا پارێزراون و‌ لەسێدارە نادرێن.


بێ خزمەتگوزاری و‌ راکردن بەدوای بژێویدا هێندەیتر خەم و‌ زامی کەسوکاری ئەنفالکراوانی قوڵتر کردۆتەوە و‌ هێندە خۆیان بێ پاڵپشت و‌ بێ خاوەن دەزانن کەهەست دەکەن، غەدر هەمیشە چارەنوسیانە، کەهەتا کۆتایی هەڵبژاردنی ئەمساڵ هیچ گۆڕانێک لەهیچ بوارێک بۆ هیچ تاکێکی ئەم هەرێمە چ جای کەسوکاری ئەنفالکراوان بەشێوەیەکی گەوهەری و‌ بەناوەڕۆک روونادات، بۆیە ئەم هەنگاوانە دەبێت باکگراوندەکەی هێز گەلێکی دڵسۆز و‌ عەقڵیەتێکی بەفیکر و‌ بەپلان و‌ پەرۆشی ئەم گەل و‌ دۆزە بێت، چونکە دەسەڵاتێ کە18ساڵە نەیتوانیوە ئەمە بکات تازە بەم پەلەپروزکێ یە ناتوانێت بەتەنگ قورسترین ئازاری گەلێکەوە بێت لەکاتێکدا هێشتا ئەم ڕەگە لە ئەودا نەڕواوە.

 


Stare_arif@hptmal.com