راگەیاندنى
( ئەنستتیوتى کوردستان بۆ مافەکانى مرۆڤ
)
Kurdistan Institute for Human Rights
خەڵکى ژیاندۆستى کوردستان
داکۆکیکاران لەماف و ئازادیەکانى مرۆڤ
ئێمەى کۆمەڵێک لە چالاکوان و داکۆکیکاران لە مافەکانى مرۆڤ لەکوردستان
لە سۆنگەى بڕوا بوونمان بە شکۆمەندى و ماف و ئازادیەکانى مرۆڤ وە
بەئیلهام وەرگرتن لە بەها باڵاکان و کۆى ئاین و کلتوور و ئەزمونە
جیاجیاکانى مرۆڤایەتى لەژێر دروشمى (مرۆڤسالارى
- مەدەنیەت – پەرەپێدان ) رێکخراوى (
ئەنستتیوتى کوردستان بۆ مافەکانى مرۆڤ ) بە فەرمى رادەگەیەنین .
( ئەنستتیوتى کوردستان بۆ مافەکانى مرۆڤ )
رێکخراوێکى ناحکومى سەربەخۆیە و لە پێناو چاودێریکردن و پاراستن
و گەشەپێدانى مافەکانى مرۆڤ لە کوردستان و قوڵکردنەوەى گیانى
لێبووردەیی و بەهێزکردنى کلتوورى مەدەنیەت کاردەکات .
( ئەنستتیوتى کوردستان بۆ مافەکانى مرۆڤ )
لەو دەروازەیەوە هەنگاو دەنێ کە رێزگرتنى مافەکانى مرۆڤ بۆ ئێمەى گەلى
کوردستان چارەنووسە . مێژووش ئەو راستیە بەردەوام دەسەلمێنێتەوە کە
تەنها رێگەى بەختەوەرى و پەرەپێدان و سەرفرازى راستەقینەى گەلان
رێزگرتنە لەماف و ئازادیەکانى مرۆڤ .هەربۆیە بۆ ئێمە کە تا ئەم
چرکەساتەش مەزنترین گەلى بێدەوڵەت و داگیرکراو و دابەشکراوى جیهانین
پرسى مافەکانى مرۆڤ پرسى بوون و نەبوونە . یەکێک لە گرنگترین کەناڵ و
میکانیزمە هاوچەرخەکانى ئەو پرۆسەیەش دام و دەزگا ناحکومیەکانن .لێرەوە
بوونى ( ئەنستتیوتى کوردستان بۆ مافەکانى مرۆڤ )
بە گووتارێکى مرۆڤسالارانەى راستەقینەوە بە پێویستیەکى گرنگى
سەردەمیانەى کۆمەڵگاى کوردستانى دەزانین .
( ئەنستتیوتى کوردستان بۆ مافەکانى مرۆڤ )
رێکخراوى سەرجەم خەڵکى کوردستانە بەهەموو پێکهاتە جیاجیاکانیەوە . ماڵى
هەر کەسێکە بخوازێت خزمەت بە ماف و ئازادیەکانى مرۆڤ بکات .
( ئەنستتیوتى کوردستان بۆ مافەکانى مرۆڤ )
لە پاڵنەرێکى مرۆڤایەتیەوەیە بۆ خزمەتى مرۆڤ بێ لەبەر چاوگرتنى رەنگ ،
رەگەز ، نەژاد ، زمان ، ئاین ، بیروباوەر ، ئاستى ئابوورى ،
تایبەتمەندى کۆمەڵایەتى و پێگەى جوگرافى ئەو مرۆڤە .
هیوادارین هاوبەشێکى کارا بین لە بەهێزکردنى تەوژمى مەدەنیەت لە هەرێمى
کوردستان و راگەیاندنى ( ئەنستتیوتى کوردستان بۆ
مافەکانى مرۆڤ ) خستنەسەرێکى جۆرى بێت بۆ پرۆسەى دروستکردنى
کۆمەڵگایەکى مۆدێرنى نمونەیی ... کۆمەڵگایەک کە تیایدا ماف و
ئازادیەکانى مرۆڤ دەبنە بابەتێکى پیرۆز و سازش هەڵنەگر.
عەلى کهریم
لەجیاتى دەستەى گشتى
ئەنستتیوتى کوردستان بۆ مافەکانى مرۆڤ
هەرێمى کوردستان هەولێر
10-7-2008
|