٢٠\٩\٢٠٢٥
ئەنترۆپۆسێنتریزم
یان با بڵێین: کەس
بە دۆی خۆی ناڵێت ترشە.

ڕەهەند شاخهوان برایم
ئەنترۆپۆسێنتریزم، بیرۆکەی ئەوەی کە مرۆڤەکان چەقی مانا و بەهان،
یەکێکە لەو وەهمە باوانەی بیری مرۆڤدایە و فەزای مێشکی مرۆڤی
داگیرکردووە چەندین سەدەیە. لە ڕووکەشدا، هەستێکی تا ڕادەیەک سروشتییە،
ئێمە جیهان بە چاوی مرۆڤەوە دەبینین. لە بنەڕەتدا، ئەنترۆپۆسێتریزم
هەڵسەنگاندنێکی ناڕەوانە و پێوەری هەڵەی بۆ بەکاردەهێنرێت لە نێوان
توخمەکانی بوونەوەران، مرۆڤ بە پێشەنگی ئەخلاقی دەزانن تەنیا لەبەر
ئەوەی خۆیان مرۆڤن. بەڵام ئەم پێوەرە بێبنەمایە، چونکە ئەگەر بەهای
ئەخلاقی لە عەقڵانییەتەوە سەرچاوە بگرێت، ئەوا هەندێک مرۆڤ هەن کە وا
بە تەواوی هی ئەوە نین بە هیچ جۆرێک پشتیان پێ ببەستین لە ڕووی
ئەقڵییەوە کە ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ کە مرۆڤ ناکرێت چەق بێت لەم ڕووەوە.
ئەگەر مرۆڤ لە ڕووی توانای ئازارچەشتن یان گەشەکردن و هێزەوە چەق بێت،
ئەوا ژمارەیەکی بێشومار بوونەوەرە نامرۆڤەکان بە ڕوونی شایستەی چەقێتی
دەبن. پێوەرەکان هەرچی بن، مرۆڤ-چەقێتی یان ئەوەتا ناکۆک دەردەکەوێت
یان وەک لایەنگرییەکی بێبنەمایە. ئەنترۆپۆسێنتریزم وەک پڕوپاگەندەی
گەردوونناسە کۆنەکان وایە، کە تێیدا باوەڕ دەکرا زەوی چەقی گەردوونە،
کە زانست و ڕاستی لە کۆتاییدا ناچاری کردین واز لەم بیروڕایە
بێنین(هەرچەندە هەتا ئەمڕۆش بەشێکی زۆری خەڵکی پێیان وایە کە زەوی چەقی
گەردوونە).
ئەنترۆپۆسێنتریزم لەسەر هەڵەیەکی میتافیزیکیی گەورە و مەترسیدار
دامەزراوە: وای دادەنێت کە مرۆڤ لە تۆڕی ژیان جیاوازە و باڵادەستە
بەسەریەوە. ئەم جیاکارییە هەڵەیە نەک تەنها ڕوانگەی ئەخلاقیی ئێمەی
شێواندووە، بەڵکو هانی کردەوەی وێرانکەریشی داوە بە ڕنینی دارستانەکان،
بەکارهێنانی ڕووبارەکان و ئاژەڵەکان وەک سامان، کە لە کاتێکا گرینگیدان
بە هەر یەکە لە ئاژەڵەکان و ڕووبار و دارستانەکانی نێو سروشت زەوی
گرینگیدانە بە خودی مرۆڤ و خودی خۆمان چونکە ئێمەش یەکێکین لەم سروشتە.
بە بەرزڕاگرتنی خۆمان وەکو مرۆڤ، ئەو سیستەمە بنەڕەتییانەمان لاواز
کردووە کە پشتیوانیمان دەکەن بۆ ژیان. ئارنێ نێس فەیلەسووفی نەرویجی لە
بواری ژینگەناسیدا دەڵێت: ژیان بەهای سروشتی خودی خۆی هەیە، بەبێ
گوێدانە سوود وەرگرتنی مرۆڤ. بیرمەندانی پۆست-هیومانیزم لە هەمان کاتدا
بیرۆکەی ئەنترۆپۆسێنتریزم دەخەنە ژێر پرسیارەوە کە پیانوایە: دەبێت
هۆشمەندی یان کەلەپووری مرۆڤ سنووری بەها دیاری بکات. ڕەتکردنەوەی
ئەنتڕۆپۆسێنتەریزم تەنیا گۆڕانکارییەکی ئەخلاقی نییە؛ بەڵکو
ڕەتکردنەوەی وەهمی زاڵبوون و قبوڵکردنی ڕاستییە.
کەواتە ئەرکە شیاوەکەی ئێمە ئەوە نییە بەرگری لە چەقێتی مردڤ بکەین،
بەڵکو ئەرکی ئێمە ئەوەیە دەممان لە ئاستی بەرزنرخاندنی خۆمان داخەین و
یەک تۆزێک بیر لەوە بکەینەوە و درک بەوە بکەین کە ئێمە هەڕەشەین بۆ
خوودی بوون ئەگەر بەردەوام بین لەسەر بەچەقکردنی خۆمان و چەقێتیمان
بکەین بە بیانوو بۆ کارە خراپەکانمان. هەبوونی بیرکردنەوەیەکی وەک
ئەنترۆپۆسێنتریزم لە مێشکمان، هەبوونی پێوەر و پلەبەندییەکە کە لەسەر
بنەمای خۆبەزلزانین دروستبووە. وازهێنان لە ئەنترۆپۆسێنتریزم هیچ لە
مرۆڤایەتی کەم ناکاتەوە بەڵکو ڕاستگۆیانە لە چوارچێوەیەکی فراوانتری
شتەکاندا پێگەیەک دادەنێت کە سەرکەوتووانەتر و یەکگرتووتر و بەردەوام
دەبێت. ئەگەر قوڵتر بۆی بڕۆم: ڕەتکردنەوەی ئەنترۆپۆسێنتریزم لەدەستدانی
مانا نییە، بەڵکو سەرەتای جیهانبینییەکە کە لەسەر بنەمای ڕاستی
دامەزراوە نەک وەهم.
rahandshakhawan@gmail.com
|