٢٠\٧\٢٠١١ عەقڵانیەت و تراژیدیا.
کۆمەڵگهی مرۆڤایەتی بە گشتی و ھەندێک لەو کۆمەڵگانە پتر بە قۆناغی تراژیدیادا گوزەریان کردوە، یەکێک لەو کۆمەڵگانە کۆمەڵگهی کوردییه کە ھەردەم بە ناو قۆناغی تراژیدیا و رووبەرووی ھێزی کارەساتبار بۆتهوه، واتە نەوەکانی کۆمەڵگهی کوردی زۆر باش بەوە ئاشنان کە کوشتن و لەناوبردن و دواتر ئاوەرەبوون و زیاتر لەمەش بە درێژایی مێژوو خاکەکەی داگیرکراوە، کاتێک لە باشوور راپەرین کرا لە نۆههت و یەک گەلی کورد لە باشوور چاوەروانی ئەوەیان دەکر کە لەوە رزگاربوون چیدی رووبەرووی ئەم تراژیدیایانه ببنەوە کە لە رابردوودا رووبەرووی ببوونەوە بەڵام کاتێک جەنگی ناوخۆ روویدا لەوە تێگەیشتن کە ئێستا ماوە بۆ ئەوەی پتر سەرکردە سیاسییهکان لەوە تێبگەن کە ئەم قۆناغە تێپەری کە چیدی میللەت رووبەرووی تراژیدیا نەکرێتەوە.
کورد ھەم بە دەستی داگیرکەرانەوە چەوسێندراوەتەوە ھەم بە دەستی کورد خۆی.. کەواتە ئەم چەوسانەوەیە بۆتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی پتر قۆناغەکانی وهدەستھێنانی ژیانێکی ئاسوودە و ئاسایی دوا بکەوێ، لە ماوەی رابردوو تراژیدیا جارێکیتر خۆی نمایش کرد کە بینیمان میللەتێک داوای ئاو و ژیانی ئاسوودە دەکا.. لێرەوە جۆرێکی تر لە تراژیدیا و دیکتاتۆریەت خۆی نمایشکرد کە ھەروا بە ئاسانیی لە بیرەوەریی نەوەی ئێستای کورد ناچێتەوە.
من لێرەوە دەمەوێ قسە لە سەر ئەوە بکەم کە ھەرگیز تراژیدیا نابێتە ئهزموون و بەرھەمھێنەری ئایدیایەکی روون بۆ داھاتووی میللەتی کورد، گەر سەیری وڵاتە ئەفریقییهکان بکەین دەبینین کە ھەرچەندە لە نێو تراژیدیا و خەمناکییدا دەژیێن بەڵام دواتر دەگەنە ئەو ئامانجەی کە بیریان لێ دەکردەوە و پێویستیان بوو، بەڵام کورد نە ئهزموون لە تراژیدیا وەردەگرێ نە فێری ئەوەش دەبێ کاتێک دابنێ بە ھەڵەکانی خۆیدا بچێتەوە.. ھەرچەندە قەیران ھەبێ بەڵام بە یەکگرتوویی چارەسەر دەکرێ. خاڵێکی زۆر گرنگ کە دەبێ ئاماژەی پێ بکەم ئەویش ئەوەیە کە دەبێ لە داھاتوودا تراژیدیا وەک ئهزموون سەیر بکری و ببێتە بەرھەمھێنەری عەقڵانیەت.
بەریتانیا
|