٢٧\١١\٢٠١٦
ئێران..
پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پێویستیی ھەنگاوێکی کردارییانە!

عەبدولڕەحمان*
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاکاندا، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ھەروا
بەردەوامە کە نموونەی ھەرە تازەی، ھەڵکۆڵینی ھەر دوو چاوەکانی
زیندانییەکە لە یەکێک لە بەندیخانەکان. لەگەڵ ئەوەشدا لانیکەم (٧) لە
زیندانیەکانیتریش بەرەوڕووی سزای لەمجۆرە بوونەتەوە.. پێشێلکردنی
بەردەوام و سیستەمیانەی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران وای کردووە کە رۆژی ١٥ی
نۆڤەمبەری ئەمساڵ کۆمەڵگای گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جاری
(٦٣)ھەم بڕیارنامەیەکی بکات و تیایدا بە ھوی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ
رژێمی ئێران بە توندی شەرمەزار بکات و داوای لێ بکات کۆتایی بھێنێت بە
رەوتی گرتن و ئەشکەنجەدان و سزای لە سێدارەدان. ئەگەرچی شەرمەزارکردنی
ئەمجارە زۆر جیاوازە لەوانەی پێشوو و دەبێتە ھوی قووڵبوونەۆەی
قەیرانەکانی ئەم رژێمە بەڵام دەرکردنی بڕیارنامە لە پێوەند لەگەڵ رژێمی
ئێران ھەنگاوێکی تەواو نیە. چون ئەم رژێمە لە بنەڕەتدا باوەڕی بە
مافەکانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی نیە.
ئەگەر سەیری ٣٨ ساڵ دەوڵەتداری ئەم رژێمە بکەین دەبینین مانەوەی ئەم
رژێمە بەندە بە پێشێلکردنی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ و بە دڵنیاییەوە
دەتوانین بڵێین کە ئەگەر رۆژێک لە روژان ئەم رژێمە دەست لە پێشێلکردنی
مافەکانی مرۆڤەوە ھەڵبگرێت ئەوا لەو روژەوە زۆر بە خێرایی لێک دەڕمێت و
ئەڕووخێت.
ئەم رژێمە بە ھۆی پێناسەی دەسەڵاتخوازی و فرەخوازییەوە، سڵ لە
پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناکاتەوە. لە ھەر شوێنێک بوونی ھەبێت دژ بە
مافەکانی مرۆڤ کاری کردووە و ھەڕەشەی لە کۆمەڵگای مروڤایەتی کردووە.
زۆرێک کلیپ و ھەواڵی وێنەیی تایبەت بە تاوانەکانی ھێزەکانی حەشدی شەعبی
لە عێراق و سوریا لە لایەک و وێنەگەلی تاوانەکانی داعش لە ناوچەی مووسڵ
کە بە زۆری لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بڵاو دەکرێتەوە، ھەر ھەموویان
ھەڵقوڵاوی ھزر و ئەندێشەی ناسەردەمیانە و دواکەوتووی کاربەدەستانی
رژێمی ولایەتی فەقیھی ئێرانن و سەر و بنی تاوانەکان یەک شتە.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاکاندا، ئەمجۆرە تاوانانە لە ژێر ناوی
"ئیسلام" دا بە یاسا کراوە. رژێمی دەسەڵاتداری ئێران کە دوای راپەڕینە
مێژوویی و سەراسەرییەکەی خەڵکی ئێران بەرانبەر بە رژێمی حەمەڕەزاشای
پەھلەوی لە ساڵی ١٩٧٩ و لەسەر دەستی (خومەینی) ھاتە سەر کار شتێک نەبوو
لەوە بەدەر کە دیکتاتۆرێک رۆیشت و دیکتاتۆرێکی خراپتر ھاتە سەر کار.
چون ئەم رژێمە ھەڵقوڵاوی داواکارییەکانی خەڵک و رەوتی شۆڕش نەبوو.
خومەینی بە قۆستنەوەی ھەستی ئایینیی جەماوەر کەوتە سەر شەپۆلی
راپەڕینەکەیان و دەستکەوتەکانی خەڵکی بۆ خۆی برد. ھەر بۆیە یەکەم
ھەنگاوەکانی بریتی بوو لە داپڵۆسین و سەرکوتکردنی ئازادییەکان و
کوشتاری ئازادیخوازان و نەھێشتنی سەروەرییەکانی گەل و پێشێلکردنی
مافەکانی کەمایەتییەکان و لەوانە کورد. فەتواگەلی تاوانکارانەی خومەینی
دژ بە رێکخراوی سەراسەریی موجاھیدینی خەلق و گەلی کورد بەڵگەگەلی ئەم
راستیانەن کە سیاسەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی ئەم رژێمەیشی لەسەر بونیات
نراوە.
یاسای ھەمیشەیی رژێمی ئێران لەسەر بنەمای تایفی و توندڕۆیی ئیسلامی
دارێژراوە و لە بنەڕەتدا ناتەبایە لەگەڵ ناوەرۆکی ئیسلام و دەقی
قورئانی پیرۆز کە جەخت دەکاتە سەر ئازادییەکان و مافەکان و سەروەریی
گەل. ھەر بۆیە لایەنە خەباتکار و ئازادیخواز و جەماوەرییەکان و لەوانە
سازمانی موجاھیدینی خەلق ھەرگیز دەنگیان بەو یاسایە نەدا.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاکاندا، سیستەمی داد سەربەخۆ نیە و ئەوەی
ناونراوە ھێزی یاسادانەر و سیستەمی قەزایی ئامێرگەلێکن بە دەست
حکومەتەوە بۆ داپڵۆسین و سەرکوتکردنی خەڵک و نەیارانی ئەم رژێمە. لە
ئێران (رێحانە جەباری) لە سێدارە دەدرێت تەنھا لەبەر ئەوەی بەرگریی لە
شەڕەف و نامووسی خوی کردووە. (فەریناز خوسرەوی) بۆ راکردن لە دەست
یەکێک لە مەئموورانی حکومەت کە ویستوویەتی دەستدرێژی بکاتە سەری، خۆی
لە ھوتێل (تارا) شاری مەھاباد فڕێ دەداتە خوارەوە و گیانی لەدەست دەدا.
قوربانیانی مەوادی ھۆشبەر تەنھا بە ھوی "گەڕەم"ێک مەواد و خەڵکانێک
تەنھا بە ھۆی دزییەکی (بچووک) رۆژانە لەسێدارە دەدرێن. لە کاتێکدا
بەرپرسانی ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییانە ماڵوێرانکارانەیەی وەک (ھەژاری و
لەشفروشی و بێکاری و دزی و ...) کاربەدەستانی حکومەت و سوپای پاسداران
خۆیانن.
ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەم پێ دا تەنھا بەشێکی بچووکن لە رەھەندە
کارەساتاوییەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و بە باشی ئەوە
دەردەخات کە رژێمی ولایەتی فەقیھی، ھەرگیز بە خواست و ئارەزووی خۆی
دەست لە کوشتار و ئیعدام و دەرکردنی بڕیاری دڕندانەی قرتاندنی دەست و
قاچ و ھەڵکۆڵینی چاو ھەڵناگرێت. زۆر پێویستە دۆسێیەی پێشێلکردنی
مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بەرز بکرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە
یەکگرتووەکان و سزای لە سێدارەدان لە ئێران ھەڵوەشێتەوە و
پێوەندییەکانی وڵاتان لەگەڵ ئەم رژێمە ببەسترێتەوە بە ھەڵوەشاندنەوەی
سزای ئیعدام و نەھێشتنی ئەشکەنجە.
___________________
*
نووسەر و چالاکوانی
سیاسی.
abdorrahman.m@gmail.com
|