په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ئێران و دەرفەتە لەدەستچووەکانی لە عێراق.


جەلال نەقشبەندی


لەم دواییانەدا و بۆ یەکەمجار، وەلی فەقیهی رژێمی ئێران سەردانی هەندێک لە شارەکانی کوردستانی ئێرانی کرد و ئەمەش بووە هۆی سەرسووڕمان بۆ هەمووان. لەبەر ئەوەی وەلی فەقیهی پێشووی ئێران کە لە رۆژی 13ی جۆزەردانی ساڵی 1368 (1989) کۆچی دواییکرد، لە ماوەی 11 ساڵ دەسەڵاتیدا نەک تەنیا ئامادە نەبوو سەردانی کوردستان بکات بەڵکو دژ بە گەلی کورد فتوای جیهادی دەکرد. ئەمە یەکەم خشتی سیاسەت و مامەڵەکردنی ئەم رژێمە بوو دەرهەق بە کورد کە هەرگیز راست نەکرایەوە و هەروا بەردەوامە.

هەموو لایەک دەزانن کە ئەم سەردانەی عەلی خامنەیی مەبەستێکی سیاسی لە پشت بوو، هەر بۆیە پێویستە بزانین ئەم مەبەستە چ بوو؟

یەکەم شت کە بە مێشکدا دێت، ئەو هەڵبژاردنەیە کە بڕیارە رۆژی 22ی جۆزەردان بکرێت لە ئێران. لەمڕووەوە، ئەم سەردانە و وتارەکانی عەلی خامنەیی دەبێ بخەینە قاڵبی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بە مەبەستی کۆکردنەوەی دەنگ بۆ پاڵێوراوی وەلی فەقیهی رژێمی ئێران واتا ئەحمەدی‌نەژاد.

راستییەکی دی، رەوشی ئێرانە کە خامنەیی ناچار کردووە لە هەموو کێشەکانیدا خۆی بێتە گۆڕەپانەکە و مۆرەیەکی بۆ نەماوە بەرەنگاری کێشەکان بێتەوە و مانەوەی حکومەتەکەی دەستەبەر بکات. هەروەک لە پرۆژەی دەرکردنی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە عێراق، خۆی بە شەخسی هاتە مەیدان. بە واتایەکی دی، دەبێ رەوشی ئێران لە دواقوناغی هەبوونیدا تاوتوێ بکرێت کە ئێستاکە نوقمی زۆرێک قەیران و مەترسی بۆتەوە. ئەو مەترسی و قەیرانانەی کە ناڕەزایەتی خەڵکی سەرانسەری ئێران لە بەرانبەر ئەم رژێمەدا وەک راپەڕین و سەرهەڵدان لە شوێنە جیاجیاکانی ئێراندا گەیشتۆتە لووتکە و ئێران نەیتوانیوە بە سەرکوتکردن و لە سێدارەدان دایانمرکێنێت.

عەلی خامنەیی لە وتارەکانیدا لە شارەکانی کوردستان بۆ شاردنەوەی ئەو ترسەی سەرتاپای رژێمی گرتۆتەوە گوتی: ”بەداخەوە لەو دیو سنوورەکانی رۆژئاوای ئێران، ئەمریکاییەکان سەرقاڵی پیلانگێڕانن، خەریکی تیرۆریست پەروەرین. پارەی بۆ خەرج دەکەن و چەکیان بۆ دابین دەکەن و ئەمریکاییەکان لە پشت سنوورەکانی رۆژئاواماندا ریًَکیان دەخەن” و پاشان سوننیەکان و کوردی بە کرێگرتەیی ئەمریکا تاوانبار کرد کە گوایا لە لایەن ئەمرێکاوە رادەهێنرێن و پارەیەیان پێدەدرێت و ....

بەڕاستی کاتێک مەلاکانی دەسەڵاتدار لە ئێران زاریان دەکەنەوە مرۆڤ بێزی هەڵدەستێت. وەلی فەقیهی پیشوو واتا خومەینیش لە هەمان یەکەم مانگەکانی سەرەتای دەسەڵاتیدا (1979) خەڵکی کوردستانی بە جیابوونەوە لە ئێران و هاوتەریبی ئەمریکا تاوانبار کرد و پاشان فتوای جیهادی لەسەر دەکردن. هەروەک دەربارەی رێکخراوی موجاهیدینی ئێرانیش هەر لە سەرەتاوە بەمجۆرە مامەڵًەی کرد. ئەم قسەیەی عەلی خامنەیی بەر لە هەر شتێک باس لە پێناسەی کۆنەپەرستانە و فراوانخوازییەکانی ئەم رژێمە دەکات و رێگە بۆ دەستدرێژیکردن بۆ سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان خۆش دەکات. ناوبراو کە نەیدەتوانی لە لایەک دەسەڵاتخوازییەکانی خۆی بۆ سەر کوردستان بە گشتی و کوردستانی عێراق بە تایبەتی بشارێتەوە و لە لایەکەی دیکەشەوە ئەمەش راستەوخۆی دەرببڕێت کە «کوردستانی عێراق بەشێکە لە ئێران» لە وتارێکدا لە شاری سەقز گوتی: «جەماعەتی کورد، قەومی کورد تەنانەت ئەوانەی لە دەرەوەی ئێرانن، زۆربەیان خۆیان بە ئێرانی دەزانن و شانازی بە ئێرانیبوونی خۆیانەوە دەکەن». خامنەیی لە هەمانکاتدا بەم قسەیە ویستویەتی وڵامی ئەو کەسانە بداتەوە کە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیبوو لە ئاست بوردومانکردنی کوردستان لە لایەن ئێرانەوە و بڵێت کە «هەر کات بمەوێت بوردومان دەکەم». لەبەر ئەوەی دەستبەجێ لە وتارەکەیدا گوتیشی: « ئەو کوردانەی لە دەرەوەی ئێران خزمەت بە ئەمریکاییەکان دەکەن دەبێ بزانن رەنگە بە شێوەیەکی کاتی شتێکیان وەدەست بکەوێت بەڵام دواجار نفرین و لەعنەتی قەومی کورد وازیان لێ ناهێنێت و تاقیبیان دەکات....».

بەڵام بەڕاستی چ قەوماوە کە وەلی فەقیهی رژێم دوای 30 ساڵ بەمجۆرە هاتۆتە مەیدان و بەمجۆرە قسە دەکات؟! لە راستیدا ئەم رژێمە دوای تێپەڕبوونی 30 ساڵ، چی دی توانای دەسەڵاتی نەماوە و نیشانەکانی ئەم راستیەش لە هەموو لایەکەوە دەرکەوتووە. عەلی خامنەیی پێیوایە کە بە هەمان تاکتیکەکانی پێشوو دەتوانێت بەسەر ئەو قەیرانانەدا تێپەڕێت کە بەرۆکی پێگرتووە. هەر بۆیە دەبێ بەم رژێمە و عەلی خامنەیی بڵێن کە: لەم 30 ساڵەدا ئەوەی لەدەستتان هات دژ بە ئۆپۆزیسیۆن کردتان، لێ بە هۆی بنەما پتەوەکانی ئۆپۆزیسیۆن، کە تەنیا و تەنیا پشتی بەستووە بە وزە و ورە و توانای خۆی و گەلەکەی نەتانتوانی لە گۆڕەپانەکە بەدەریان بکەن.

هەنووکە سەردەمی زێڕینی ئۆپۆزیسیۆن و خەڵًکی ئێرانە. ئەو هات و هاوارکردنانەی عەلی خامنەیی کە لە سەرەتای ساڵی 2009ەوە دەستی پێکردووە تەنیا لەم راستەوەیە دەکرێت بەدرووستی شڕۆڤە بکرێت. ئەگەر رژێمی ئێران لە ساڵی 1991ەوە هەتاکو ئێستا و بە تایبەتی لە ساڵی 2003وە، عێراقی وەک ”قەڵغان” بە کار هێناوە بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا، هەنووکە ئەم ”قەڵغان»ەی لێسەندراوەتەوە و عەلی خامنەیی ئەم دەرفەتانەی لەدەست چووە. ئەمە وەرچەرخانێکی گرینگە کە دەبێ درک بکرێت و ئامادەیی هەبێت بۆ هەنگاونانێکی مێژویی و چارەنووس‌ساز کە هەر دێت و لێی نیزیک دەبینەوە.

لە نیشانەکانی ئەم قۆناغە نوێیەشدا، دەتوانین. مانەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە عێراق، گۆشەگیرکردنی و ریسواکردنی زێدەتری دەست و پێوەندەکانی ئێران لە عێراق، دووکەوتنەوەی زیاتری عێراق و دەوڵەتی عێراق لە رژێمی ئێران و نزیکبوونەوەی عێراق و عێراقیەکان لە ئۆپۆزیسیونی ئێران وەک نموونە باس بکەین کە لە ئایندەیەکی نەک زۆر دوور زیاتر دەردەکەوێت.

لە ئاوها رەوشێکدایە کە دەکرێت بزانین کە لەبەر چی وەلی فەقیهی رژێم بە شەخسی چۆتە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بۆ پاڵێوراوی خۆی و بۆ یەکەم جاری لە کوردستان سەری دەرهێناوە. رژێمێک کە هەتا سەر ئێسک دژ بە نەتەوەکان و دژ بە ئایینەکان و دژ بە کەمایەتیەکانە. کاتێ خامنەیی دەڵێت کورد خۆی بە ئێرانی دەزانێت مەبەستی ئەوەیە کە نەتەوەیەک بە ناو کورد هەبوونی نیە. لەبەر ئەوە کە کورد لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا لە مافە هەرە سەرەتاییەکانی خۆیشی بێ بەش کراوە.


کەوایە جەوهەری هەڵوێست و مامەڵەکردن لە بەرانبەر ئەم رژێمەدا و لەم قۆناغەدا دەبێ «توند» و «بەهێز» بێت. لە بەرانبەر پڕوپاگەندە و تۆمەتەکانی ئەم رژێمە ناکرێت بە نەرم و نیانی مامەڵە بکرێت و سەردەمی ئەم سیاسەتە بەسەر چووە. دەبێ نیشان بدرێت کە کۆمەڵی نێودەوڵەتی چی دی پێویستی بەم رژێمە نیە. رژێمێک کە 55 جار لە دام و دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئیعدام و ئەشکەنجە و دەستگیرکردنی مەحکووم کراوە. رژێمێک کە ئامادە نیە دەست لە چەکی ئەتۆم هەڵبگرێت و هەروا بەردەوامە لە رەوانەکردنی تیرۆر و بونیادگەریی ئیسلامی.

 


j.naghshbandi@gmail.com