٣٠\٧\٢٠٢٥
ئێران و ئیسرائیل، چی لە دوای شەڕ؟

عەبدوڵا ساڵح
دوای ئەو شەڕە کۆنەپەرستانەی کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی (١٣ی
حوزەیرانی ٢٠٢٥) لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەفەرمانی (نەتەنیاهۆ)ی
جینایەتکار بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد و دوانزە ڕۆژی خایاند، وە دوای
بەشداری ڕاستەوخۆی
ئەمەریکا، وەک هاوپەیمانی ئیسرائیل، لە ڕۆژانی
کۆتاییدا، سەرۆکی
ئەمەریکا (ترەمپ) وەک "ناوبژیوانێک" دەرکەوت بۆ
کۆتاییهێنان بەو شەڕە. ڕاستە شەڕەکە وەستا، ناوچەکە و جیهانیش
هەناسەیەکی ئارامیان هەڵکێشا، بەڵام کۆتایی هاتنەکەی، لانی کەم لە
ئێستادا، تەنیا هەر ئاواتێکە و هیچی تر نا، لەبەرئەوەی هۆکارەکانی
سەرهەڵدانی هێشتا بە هەمان هێزی خۆیان بەردەوامن و ماون، بەڵام
دەتوانرێت ئەم وەستانە وەک "پشوودانی جەنگاوەر" هەژمار بکرێت تا لەوێدا
هەر لایەنێک دەست بەرێ بۆ هەڵسەنگاندنی دەستکەوت و زیانەکانی لەم
ڕووبەڕووبوونەوەیەدا و خۆی بۆ پێشهاتەکانی دواتر ئامادە بکا، بە
دڵنیایەوە و لە دوا شیکردنەوەدا ، تاکە زەرەرمەند تیایدا جەماوەری
ستەملێکراوە لە هەردوو وڵات و ناوچەکە بە گشتی. شەڕەکە وەستاوە، بەو
پێیەی ئامانجی ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی نەبووە، بەڵکو سەپاندنی
هاوسەنگیـیەکی نوێی هێز بوو بەسەر ئەم دەوڵەتەدا.
ئەمەریکا دەیەوێت
ئێران دەوڵەتێکی (موتەعاریف) بێ و دەستبەرداری دروشمە تائیفیـیەکانی
بێت بە هەناردەکردنی "شۆڕش" و ببێتە دەوڵەتێکی کراوە بۆ سەرمایەگوزاری
ئەمەریکی و تێکەڵ بە پرۆسەی گەشەی سەرمایە بێ لە ناوچەکەدا بەو شێوازەی
ئەمەریکا مەبەستیەتی.
سادەترین پێناسەی ڕێژیمی ئێران هێزێکی دژە شۆڕشە کە بە پشتیوانی
ئەمەریکا و ڕۆژئاوا دەسەڵاتی خۆی داسەپاند بۆ ئەوەی ئەو شۆڕشە
جەماوەریـیە لەخۆ بگرێت کە لە دژی دەسەڵاتی شا (شوباتی ١٩٧٩) سەریهەڵدا.
ئەمەش بنەمای سەرهەڵدان و دامەزراندنی بوو. سادەترین پێناسەش بۆ
ئیسرائیل دەوڵەتێکی ڕەگەزپەرستە کە لەسەر حسابی ئاوارەبوونی ملیۆنان
فەلەستینی دامەزراوە، قەوارەیەکی ڕەگەزپەرستە کە بە
ئەمەریکایەکی بچکۆلە
دادەنرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
کۆماری ئیسلامی ئێران لە یەکەم پێکدادانی ئەم شەڕەدا، دەستەبژێرترین "نوخبەی"
لە سەرکردایەتی سەربازی و کادرە زانستییەکانی تێداچوون. ئەمەش دوای
دەیان ساڵ لە هاشوهوشی دروشمی "هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی و بنیاتنانی
هیلالی شیعی" وخەرجکردن و بەهەدەردانی ملیارها دۆلار بۆ جبەخانەی
مووشەکیی ڕژێم کە شانازی پێوە دەکرد، دروستکردنی بەرنامەی ئەتۆمی و
دامەزراندنی دەستوپێوەند (باسک) لە ناوچەکەدا وەک کارتێکی براوە کە
بتوانێت زامنی باڵادەستی خۆی بکات و مەترسی شەڕ لە ناوخۆی خۆیدا دوور
بخاتەوە. ئەم (باسکانە) یەک بە دوای یەک داڕمان و ئەوانەشی کە
مابوونەوە لە ماوەی شەڕی دوانزە ڕۆژەدا تەنیا تەماشا چیبوون! هەموو
ئەمانە لەسەر حیسابی سەپاندنی توندترین و دڕندەترین شێوەی گەمارۆی
ئابوووری کە بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپێندرا، بەڵام هەر لە یەکەم
ساتەکانی ئەم شەڕەوە فشۆڵی ئەم پێکهاتە سەربازیـیە لە بەرەنگاربوونەوەی
ماشێنی جەنگی ئیسرائیل-ئەمەریکادا دەرکەوت.
لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و ئێستاشی لەگەڵ بێت،
ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕووخان لە ناوخۆدا بۆتەوە لەسەر دەستی جەماوەری
بەتەنگهاتوو، تاکە چەکشی بۆ بەرەنگاری ئەم جەماوەرە، سەرکوت و زیندان و
پەتی سێدارە بووە. سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی دەرەکیش،
دەستوپێوەندەکانی (باسکەکانی) و بەرنامە ئەتۆمیـیەکەی بە باشترین
ئامراز داناوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسیە.
سەبارەت بە ئیسرائیلیش کە قێزەونترین تاوانی دژ بە خەڵکی سڤیل لە
فەلەستین، بە تایبەتی لە کەرتی غەززە، ئەنجام داوە و بەردەوامیشە و
درێغی نەکردووە لە بەکارهێنانی کوشندەترین چەکی دژی ئەم خەڵکە، کە
دوایینیان لە سیاسەتی نا ئینسانی برسیکردندا خۆی دەبینێتەوە. دوای
وەستانی شەڕ، دەبێت مشتومڕەکە، لە ناوخۆدا، لە دەوری بەردەوامی
دەسەڵاتی ناتانیاهۆی تاوانباری جەنگ و حکومەتە فاشیستەکەی فۆکۆس بکا.
هەروەها پێویستە سەرنج لەسەر ئەوە بێت کە ئەم سەرکردایەتیـیە ڕاستڕەوە
کۆمەڵگای ئیسرائیل بەرەو کوێ دەبات. ئایا ئەم حکومەتە ڕاستڕەوە
سەرکەوتنەکانی ئەم دوایـیەی خۆی دەقۆزێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتن
لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا و درێژەدان بە هەوڵەکانی بۆ دەرکردنی
دانیشتوانی غەززە و لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە و لەباربردنی
خەونی دەوڵەتی فەلەستینی لە ڕێگەی سیاسەتەکانی دەوڵەتێکی هار و
ئینسانکوژ، دەوڵەتێک کە تەنانەت زۆرینەی هاوڵاتیانی ئیسرائیلیش
نایانەوێت و پشتیوانیی لێناکەن؟ لە ڕووی دەرەکیشەوە بناغەی سیاسەتەکەی
بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی ئاشتی بەسەر وڵاتانی ناوچەکە لە ڕێگەی
هێزەوە.
گومانی تێدا نیـیە کە ئەم شەڕە درێژکراوەی هەمان سیاسەتی
ئەمەریکایە کە
لە ساڵی ١٩٩١ بە داگیرکردنی عێراق دەستی پێکردووە، هەروەها سیاسەتە
ڕەگەزپەرستیـیەکانی حکومەتی ئیسرائیل کە بە دامەزراندنی "ئیسرائیلی
گەورە" کار بۆ جێبەجێکردنی دەکات. جەوهەری ئەم سیاسەتە لە داڕشتنی
نەخشەی سیاسی و ئابووری ناوچەکەدایە بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیـیە
ستراتیژیـیەکانی هەردوو وڵات، ئیسرائیل و
ئەمەریکا مسۆگەر بکات، لە
هەمان کاتدا ڕۆڵی دوو ڕکابەری سەرەکی
ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دوور
بخاتەوە- چین و پاشان ڕووسیا- و سنووردارکردنی کاریگەرییەکانیان لەوێدا.
ئەمەریکا بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بۆ
وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت سعودیەی سەلماند کە شەریکێکی جێگای
متمانەیە و ئەو واشنتۆنە نیـیە کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا
دەرکەوتووە، کاتێک سعودیە لە ساڵی (٢٠٢٣)، لە ڕێگەی نێوەندگیری چینەوە،
پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران دامەزراندەوە.
ئاشتی لە ناوچەکەدا نە لە ڕێگەی چالاککردنی بەرداشی سەربازیی ئیسرائیل
و ئەمەریکاوە دێتە دی، نە لە ڕێگەی چالاکی سەربازیی دەستوپێوەندەکانی
جمهوری ئیسلامی و سیاسەتە کۆنەپەرستانەکەی بۆ گومڕاکردنی کۆمەڵگا و
دوورخستنەوەی لە واقیعی ململانێی بەردەوامی ئەم دوو جەمسەرە کۆنەپەرستە،
بەڵکو لە ڕێگەی خەباتی یەکگرتوو و سەربەخۆی چینی کرێکار و هەموو مرۆڤە
خەباتکار و ئازادیخوازەکانی ئەم دوو وڵاتە بە تایبەتی و وڵاتانی
ناوچەکە بە گشتی بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم سیاسەتە و بنیاتنانی کۆمەڵگایەک
کە ئازادی و یەکسانی و ژیانی خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان تێدا فەراهەم بێ،
دوور لە شەڕ و کارەساتەکانی و ماڵوێرانیـیەکەی.
a_salih11@hotmail.com
|