په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٧\٢٠١٤

عێراق گۆڕەپانی جەنگێکی بێ کۆتا.

شێرزاد وڵاتدۆست   


هەر لەگەڵ بنیادنانی وڵاتێک بە ناوی عێراق لەسەرەتای سەدەی بیستەم لەلایان وڵاتی بەریتانیای گەورەداگیریکەری ئەوسای جیهان بووە هۆی بەزۆر بەیەکەوە بەستنەوەی چەند نەتەوە و ئایین و مەزهەبێکی دینی جیا، کە هەریەکە لەم نەتەوە و ئایین مەزهەبە جیایەنە لەبیری بنیادنانی حکومڕانیەکی خودی بوون، کە خۆیان بتوانن دەسەڵاتی تەواوی ئەم ناوچەیە بکەن کە زۆرینەی پێکدە‌هێنن، کێشانی سنوری وڵاتێک بە ناوی عێراق بێ ڕەزەمەندی دانیشتوانی ئەوناوچانەی خرانە سەر ئەو وڵاتە بووە مایەی لە گۆڕ نانی بیری خود بەڕێوەبەری لەلایان زۆربەی ئەو پێکهاتە جیاوازانەی خرانە سەرئەودەوڵەتە نوێیە و بەخشینی دەسەڵات بە تەنها بە یەک لایەن کە ئەویش نەتەوەی عەرەب بوو ، لە ناو ئەم نەتەویەش پەیڕەوانی سوننە مەزهەبەکان هەڵبژێردران بۆ بەڕێوەبردنی عێراق تاک لەیانە.


گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایان نەتەوە و مەزهەبێکی دیاریکراو کە عەرەبی سونی بوو، بووە مایەی پشتگوێخستن و سەرکوتکردنی زۆربەی لایەنە جیاوەزاکانی تر ، بەشی هەرەزۆری ئەم پێشتگوێخستن و سەرکوتکردنەش بەرنەتەوەی کورد کەوت، سەرکوتکردن و کوشتن و هەوڵدان بۆ تواندنەوەی لایەنە جیاوازەکانی تر لەناو نەتەوەی عەرەبی لەگەڵ گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایان حزبی بەعسی عەرەبیەوە لەسەرەتای حەفتەکان بەدواوە تا ساڵی ٢٠٠٣ گەیشتە لوتکە ، وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا قوربانی سەرەکی لەم توندیژیە نەتەوەی کورد بوو ، کە بەدرێژای سەدەی بیستەم لەخەبات دابوو بۆ ڕزگار بوون لەو سنورە دەستکردەی پێی دەوترا عێراق.


لەگەڵ کۆتایی ڕووخانی دەسەڵاتی عەرەبی سونی کە حزبی بەعس بوو لە ساڵی ٢٠٠٣ دەرفەتێکی نوێ هاتە ئاراوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵەیەی سەدەیەک پێشتر کرابوو لە بیادنانی سنورێک بە ناوی دەوڵاتی عێراق ، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئەم هەڵەیە ڕاستنەکرایەوە بەڵکو درێژەی پێدراو دەسەڵات لە عەرەبی سونە وەگیراو بە عەرەبی شیعە بەخشرا ، کە ئەمەش بووەهۆی دووبارە نوێ بوونەوەو درێژە پێدەری ئەو جەنگە مەزهەبیەی زیاتر لە هەزار ساڵە لە نێوان سونە و شیعەدا هەیە، هەرچەند لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ عێراق شێوە بەڕێوەبردنێکی دیموکراسی بەخۆیەوە بینی ئەمەش لەڕێی هەڵبژاردن و بەژداریکردنی زۆربەی لایەنەکان لە حکومەت، بەڵام لەگەڵ زیاتر باڵادەستبوونی عەرەبی شیعە مەزهەب و کاریگەری دەوڵەتی ئێران لەسەر ئەم لایەنە دووبارە عێراق گەڕایەوە سەر ئەوڕێچکەیەی کە دووبارە بە تەنها لەلایەن پێکهاتەیەکیەوە حکومڕانی بکرێت و لایەن و پێکهاتەکانی تر پشتگوبخرێن، هەر ئەمەش بووە هۆی دووبارە سەرهەڵدانەوەی جەنگێکی مەزهەبی و ناوخۆیی.


دەرکەوتنی گرووپی چەکداری دەوڵاتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە ناوچەکانی عەرەبی سونی لە عێراق لەپاش گەشەکردنی ئەم گرووپە توندڕەوە لە وڵاتی سوریا و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانەی عێراق لە ماوەیەکی کەمدا و پەرەسەندی ئەم گرووپە بە سوود وەرگرتن لەناڕەزایی سوننەکان لە حکمڕانی عێراقی و نیگەرانی وڵاتانی عەرەبی لە زیاتر باڵادەستبوونی دەسەڵاتی عەرەبی شیعە و زیاتر باڵادەستبوونی هەژموونی دەوڵەتی ئێرانی بەسەر بڕیارەکانی بەرپرسانی عێراق دەرخەری ئەو ڕاستییە کە ئەم گرووپە لەم ڕێیەوە توانیویەتی بە ئاسانی ئەو ناوچانەی عێراق کۆنتتڕۆڵ بکات ، هەروەها ئەوەی زیاتر ئاگری ئەم ململانێیانە خۆشدەکات بە یارمەتی دانی لایەنێک لەدژی لایەنیکی تر بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان وڵاتانی عەرەبی و وڵاتی تورکیایە کە دەکرێت بەجەمسەری سونی ناویان بهێین لەبەرامبەریشدا جەمسەرەی شیعی هەیە کە وڵاتی ئێرانە، جەمسەری یەکەم بە یارمەتی دانی عەرەبی سونە و جەمسەری دووەم بە یارمەتی دانی عەرەبی شیعە لە عێراق لە پێناو باڵادەستی و پاراستی بەرژەوەندیەکانی خۆیان، عێراقیان کردووە بە گۆرەپانی جەنگێکی بێ کۆتا، کە زەردمەندی سەرەکی و قوربانی سەرەکیش لەم جەنگە تەنها هەوڵاتیانی عێراق خۆیانن و سوودمەندی سەرەکیش خودی ئەم دوو جەمسەرەن، کە بۆ یەکلایکردنەوەی ناکۆکیەکانیان گۆڕەپانێکی جەنگیان دەستکەوتووە کە بێ ئەوەی زەردەێکی وەها بە هاوڵاتی و وڵاتەکەیان بکەوێت دەتوانن درێژە بە جەنگەکەیان بدەن.

 


sherzad.wllatdost@gmail.com

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک