٧\٥\٢٠١٦
عێراق؛ لە نێوان
واقیع و ئەندێشەدا؟!

ستار محەمەد قادر
دوای شکستی مۆدیلی ئەمریکی لەسیستمی حوکمڕانی لەعێراقدا، ئێستا بەر
لەوەی عێراق لەوڵات بچێت، لەشتێک ئەچێت، بە ئەندێشە بەشێوەیەک وێنا
کراوەو لەواقعیشدا شتێکی زۆر جیاوازتر ئەبینرێت، عێراقی نوێ لەدوای
2003 ەوە، جگە لەیۆتۆپیایەک کەئەمریکا ویستی بەزۆر لەسەر ئەرزی واقیع
دیفاکتۆی بکات، شتێکی نر نەبووە، تەوافوقی سیاسی و هاوبەشی لەحوکمڕانی
نەیتوانی شتێک لەدیدگای هێزە سیاسیەکان بگۆڕێت، ئەو دەستوورەیش کەلەژێر
جەبری ئەمریکیەکاندا نووسرایەوە، لەپرۆژەیەکی ئەمریکی زیاتر، هیچ
هێزێکی سیاسی باوەڕی پێی نیەو ئەرزشی بۆ دانانێت.
رووداوەکانی ئەم دواییە، ئەوەیان سەلماند، کەعێراق وەکو وڵات جگە
لەمۆدێلە کۆنە کلاسیکی و سێنتڕاڵەکەی، پێکهاتەی عەقڵی سیاسی هیچ جۆرە
مۆدێلێکی دیکە وەکو چارەسەر نابینن بۆ کۆتایی هێنان بەکێشە سیاسی و
قەیرانە کەڵەکەبووەکان.
لەدیدگای عێراقیەکانەوە، ئەو پاشاگەردانیە لەدەرەنجامی ئەو
دیمۆکراسیەتەوەیە کە ئەمریکا بەسەر واقیعی ئەم وڵاتەدا سەپاندوویەتی،
ئەوان خەرابی بارو دۆخەکە لەهەموو رووەکانیەوە، بۆ ئەو تەوافوقە
سیاسییە ئەگەڕێننەوە، کەبووە بەهۆکاری ئەوەی حکومەت و هێزە سیاسیەکان
میللەتیان وەبیر نەکەوێ و تەنها خەریکی چنینەوەی دەسکەوتە کەسیی و
حزبیەکانی خۆیان ببن!
ئەگەر تەماشای واقیعی عێراقیش بکەین لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە، ئەوا
مێژوویەکی تاریک و خوێناوی ئەبینین، مێژوویەک جگە لەقوربانی باوەڕ
ناکەم شتێکی ئەوتۆی تێدا بێت شایانی ئەوە بێت ئاماژەی پێ بکرێت!
کورد ئەبێت بەرچاو روونی ئەوەی هەبێت، گەڕانەوە بۆ ناوەند، بەهەر پاساو
و لەژێر هەر تایتڵێکدا بێت، گەڕانەوەیە بۆ نێو چوار گۆشەی سفر، شکاندنی
کۆدەکانی بەمەتەڵکردنی عێراق، ئەوە هەڵناگرێت، جارێکی دیکە ئومێد لەسەر
حەیاڵ هەڵبچنن، عێراق وڵاتێکە لەبەرایی ئاواکردنیەوە، تەنها تاکە
فۆرمێک لەحوکمڕانی توانیویەتی لەزیهنی سووننەو شیعەدا شەقڵ وەربگرێت و
وەکو ئەزموونێکی سەرکەوتوو بینرخێنن، ئەو فۆرمەیش دژ بەخواست و
بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان دەوەستێتەوە، کەواتا کورد دەبێت
لەنێوان ئەو دوو عێراقەدا چی دەست بکەوێت!
رەنگە پرۆسەی بەدیمۆکراسیکردنی عێراق، سەد ساڵی رەبەقی بوێت، چونکە
ئەوە جەبری لۆژیکەو ناتوانین خۆمانی لێ بدزینەوە، سەد ساڵ ئێشکگرتنی
وڵاتێک بۆ ئەوەی نۆبەرەکەی ببینرێت لەکۆشیدا، لەخۆگێلکردن زباتر ناکرێت
هیچ ناوێکی لێ بنرێت، بۆیە پێویستە لەسەر کورد واقیع بینانە مامەڵە
لەگەڵ واقیعدا بکات، نەک دوای ئەندێشەی ئەم و ئەو بکەوێت؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|