په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٤\٢٠١٨

ئەرێ بەڕاستیی لەگەڵ بەجیھانناساندنی دۆسیەی ئەنفالن؟


عەلی مەحمود محەمەد  


لەم رۆژانە پەرلەمانتارێک داوای لیستی ئەنفالچیەکانی لێمکرد, بۆ ئەوەی بەدوای ناوی باوکی نەیارێکی سیاسی حیزبەکەی بگەڕێت"کەچی بیرۆی دادگای باڵای تاوانەکان چەند مەترێک لەو پەرلەمانەوە دورە کە تیایەتی, پاش ئەو ھەموو وەعدو بەڵێنەی لە بانگەشەی ھەڵبژاردن دای کە کار بۆ دۆسیەی ئەنفال بکات, تا ئێستا زیندەوەرێکیان نەچووونە سکاڵا لەسەر حکومەتی کوردستان تۆمار بکەن کە بڕیارەکانی دادگا جێبەجێ ناکات" کەچی بە بەرپرسێکی پارتەکەیم وت فڵان کەس تاوانبارە لاتانە, وتی ٢٧ ساڵ زۆر نییە لە بیری بکەین.

ئەمە ھەڵوێستی حیزبەکانە لە تاوانباران, کاتێک لە ریزی نەیارانیدا دەبێت ئەوە تاوانبارە, کاتێک دێتە ریزی خۆیەوە بە ئاوی زمزمی حیزب شۆردراوەتەوە, لاتان سەیر نەبێت قەڵەمە کۆنەکانی بەعس و برقیە نوسەکانی پیرۆزباییەکان بۆ سەدام لە بەرامبەر تاوانەکانی ئەنفال و ھەڵەبجە ئێستا زۆر دڕن.

تا ھەنووکە ھەوڵ زۆر دراوە لە دەرەوە بە تایبەت لە لایەن چالاکوانانەوە بۆ بەجینۆساید ناساندنی دۆسیەکە, وەلێ مخابن تا ھەنووکە ھیچ ئەو ھەوڵانە نەبوونە ھەوڵێک بۆ دانپێنانی حکومەتەکان, کە ئەمەش بە دوو رێگا دەبێت, یەکەمیان لە رێگای دەرکردنی بڕیار لە حکومەتی وڵاتانەوە بۆ سزادان لە ئینکارکردنی جینۆسایدی کورد وەک ئەوەی بۆ ھۆلۆکۆست کراوە, یاخود لە رێگای دادگایی تاوانبارانەوە دەکرێت ئەمەیان بۆ کورد سانایە ئەگەر بێنە ژێر باریەوە, بەھۆی ئەوەی زەمەنی ئەنجام دانی تاوانەکە ٣٠ ساڵە و ھێشتا زۆر لە بکەرەکانی زیندوون و بەشێکیان لە ھاندەرانن ,لە رێگای بە دادگا گەیاندنی تۆمەتبارانەوە ئەم ھەوڵە دەگاتە ئەنجام , کە ژمارەیەک لەو تۆمەتبارانە لە وڵاتانی دەرەوە دەژێن, ھەنگاوی یەکەم بۆ بەدادگا گەیاندنی ئەمانە دانی ناوەکانیانە بە پۆلیسی ئینتەرپۆل, کە پێش ١١ ساڵ لەمەوپێش خۆیان داوایان کردووە بە فەرمی ناوەکانیان بۆ بنێردرێت, ھاوکات پێش دوو ساڵ لەمەوپێش ئەنجومەنی دادوەری لە بەردەم کەناڵەکانی راگەیاندن وتیان ناوەکان دەنێرن بۆ پۆلیسی ئینتەرپول, وەلێ نەکرا دواتر, تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەی ھەرچەندە حکومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر شانازی بە دۆسیەکانی دادگای باڵای تاوانەکانەوە دەکا و جار جارە بە دەستکەوتی خۆی دەزانێت, کەچی ھیچ رێزێک لە بڕیارەکانی ناگرێت و تا ھەنووکە ئەنجومەنی دادوەری پێی وایە ئەو تۆمەتبارانە کە ژمارەیان ٤٢٣ کەسە تەنھا لە بەغدا تۆمەتبارن لە کوردستان ھاووڵاتی ئاساین.

من بە ئەزموونی خۆم پێم وایە دروشمی بە جیھان ناساندن و شتی لەم بابەتە کە جار جار لە بۆنەکان حکومەت و حیزبەکان بەرزی دەکەنەوە درۆیەکی پوچ و بێ مانایە, ئەو ھەنگاوە تەنھا لە رێگای دادگایی تۆمەتبارانەوە دەبێت کە بەشێکیان ناسنامەی بیانیان ھەیە , نموونە ئەگەر یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپا دادگایی تۆمەتبارێک بکات و سزای بدات بە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید ئەوە ئەنجامەکەی دەبێتە بڕیاری ھەر ٢٧ وڵاتەکەی یەکێتی ئەوروپا, چونکە بڕیارەکە وەزارەتی داد دەیدات, کە بەشێکە لە دەزگای حکومەت, ئەوەش بڕیاری حکومەتە, بە گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ یەکێتی ئەوروپا دەبێت بڕیاری ھەموو حکومەتەکانی یەکێتی ئەوروپا , شانس لە دادگاییکردنی تۆمەتبارانی ناسنامەی عێراقی زۆر زیاترە لە فرانس ڤان ئانرات بازرگانی چەکی کیمیاوی ھۆڵەندی کە بە ١٦,٥ ساڵ حوکم دراو تاوانبار کرا بە ھاوبەشی لە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی, چونکە ئەوان راستەوخۆ بەشدارن لە تاوانەکەو ھەڵاتووی دادگان لە وڵاتی خۆیان, شایەد و سکاڵاکەرو بەڵگە زیاترە لە سەریان.

 

 

alimahmud2001@yahoo.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک