٢٢\١٠\٢٠١٦
ئەردۆگان لە پشتی پەردەکەوە چی لە ھەگبە دایە!؟

عەبدوڵا ساڵح
وردبینی زۆری ناوێ بۆ ئەوەی لەو ڕاستیە تێبگەین کە شادەماری داعش ھەر
لەسەرەتای سەرھەڵدانیەوە تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێ حکومەتی تورکیا بووە.
ھاوکاری و کردنەوەی سنورەکانی تورکیا بۆ چەکدارانی داعش چ بۆ ئاودیو
بوون ، چارەسەری بریندار ، گەیاندنی چەک و تەقەمەنی و پارەی قەتەر و
سعودیە تا دەگاتە بازرگانی کردنی نەوت و کەل و پەلی دیکە . ئەم ھێزە
دڕندەیە لەکاتێکدا بە چەقۆ سەری ڕفێندراوە ڕۆژئاوایەکانی دەبڕی، بارمتە
کانی قونسوڵخانەی تورکیای لەموسڵ ئازاد دەکرد ! ئەم کەین و بەینە
ھەمووی بەبەر چاوی ئەمەریکاو ھاوپەیمانانیەوە ئەنجام دراوە بێ ئەوەی
مێشێکیان میوان بێ!
بەبەر چاوی سەربازانی تورکیا خەڵکی کۆبانی پەلامار دەدران و دەکوژران
لەسەر دەستی داعش ئەوانیش چاوەڕێ شکستی شەڕڤانان بوون، مەگەر ئەو
داعشەی ئەوکات ھەر ئەو داعشەی ئێستا نیە کە گوایە تورکیا پەلاماری
دەدات!؟
گرتنەوەی شارۆچکەی دابق دوێنێ لەلایەن " سوپای سوریای ئازاد " بە
پشتیوانی ڕاستەوخۆی ھێزی سەربازی تورکیا بە ماوەی کەمتر لە ڕۆژێک ،
تەنانەت وەک باس دەکرێ کەمتر لە کاتژمێرێکیش، ئەو شارەی پیرۆزیەکی
تایبەتی لای داعش ھەیە ، پێشتریش شاری جەرابلوس و چەند شارۆچکەی دیکەش
لەلایەن ھەر ئەم دوو ھێزە بە جۆرێک کە لە ماوەی نزیکەی دوو مانگدا ٢٠٠٠
کیلۆمەتر دوجایان " ئازاد " کردوە ، پرسیارێکی جدی دێنێتە گۆڕێ ، تۆ
بڵێی داعش ئەوەندە بودەڵە بێت لە شارە پیرۆزەکەی خۆی بەو ماوە کورتە و
تەنانەت بێ تەقە ئەوێ چۆڵ بکا ؟ لە کاتێکدا سوپای سوریای دیموکرات نزیک
بە دوو مانگی ویست تاکو شاری مەنبەجیان لەچنگ داعش رزگار کرد بەسەدان
شەرڤان گیانیان لەدەستدا!؟
ئەم سینارێۆیە ڕوون ئاشکرایە وڕێکەوتنی پێش وەختی لەپشتە ، ھەمان
ئەوچەکدارە ڕیشنانەی کە بێتەقە دابقیان بۆ سوپای تورکیاو
ھاوپەیمانەکانی چۆڵکرد، دەبرێنە تورکیا ودیکۆری دەم و چاویان دەگۆڕدرێ
و بەناوی چەکداری سوپای ئازادی سوریا دەکرێنەوە بەودیودا بەتایبەتی ،تورکمان
و عەرەب زمانەکان، و بەبەر چاوی کامێراکانەوە دەست دەکەنەوە بە نوێژی
جەماعەت ، نوێژی سەرکەوتن!
پێداگری تورکیا لەسەر ھێشتنەوەی ھێزە سەربازیەکەی لە باشیک، ئەگەر لە
دوورماوەدا بەمەبەستی دروستکردنی بەربەست بێت لەبەرامبەر نفوزی ئێرانی
شیعە و دواتر خەونی ویلایەتی موسڵ، ئەوا لە کورت ماوەدا ھەوڵی
فریاکەوتنی ھاوپەیمانە داعشەکەیانە لەشەڕی بەناو ڕزگارکردنەوەی موسڵ
ئەمەش بەساتو سەودا لەگەل ھێزەکانی ھاوپەیمان کە ئێستا منەتی
لەناوبردنی داعشمان بەسەردا دەکەن و حیزبەکانی کوردایەتیش پێشمەرگەی
برسی تێدا بەکوشت دەدەن. چ گەمەیەکی چەپەڵە لالۆ!!
١٧\١٠\٢٠١٦
a_salih١١@hotmail.com
|