په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١١\٢٠١١

ئەردۆغان پیاوێک پڕاوپڕ لە ئیسلامبوون و فاشیزمبوون!

تاھیر حەسەن   


ئایدۆلۆژیای ئیسلام و ئایدۆلۆژیای فاشیزم دوو چەمکن، ھەڵگری جۆرێک لە ھاوپەیمانی و توانای پێکەوە ھەڵکردنیان ھەیە بەیەکەوە. ئەویش ئەو ڕێچکە ڕاسیزمەیە کە خۆی لەسەر توندڕەوی بنیاتەکانی دین و و ناسیۆنالیزمی دەمارگیر بنیات ناوە. ئەم ھاوکێشەیە بە جۆرێکە لە سیاسەت و کارکردی فاشیانەی پارتی داد و گەشەپێداندا ڕەنگی خۆی داوەتەوە. پارتێک ھەر وەک پارتە دەمارگیر و ڕاسیستەکانی تورکیا، ناواخنی سیاسەت و ھەڵسوڕانیان لەو دروشمە فاشیانەدا خۆی دەبینێتەوە کە لە سەرەتای دروست بوونی دەوڵەتی تورکدا بنیات نرا، ئەویش دروشمی (دلخۆش بە بەوەی تورکیت). ئەم دروشمە پڕاوپڕ لە فاشیزم و تێگەیشتنی ڕاسیستیانەیە. بەجۆرێک ھیچ بۆشاییەک بەجێ ناھێڵێت، بۆ ئەوەی تۆ کۆی کۆمەڵگەکانی ترو مرۆڤەکانی سەر ئەم سەرزەمینە لە ئاست خۆتدا ببینیتەوە.


کارکردن لەسەر ئەم بینات و چەمکە ڕاسیستیانە، بێ دابڕان بوەو سەرجەم پارتە دینی و ناسیۆنالیستەکانی تورکیا کاریان لەسەر کردوە. بۆیە بۆ کەسێکی وەک ئەردۆغانیش کە سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی تورکیایە، بە ڕاشکاوانە پێداگیری لەسەر ئەم چەمکە دەکات و نەفی کۆی نەتەوە جیاوازەکان و کەمە نەتەوەکانی تر دەکاتەوە کە بەھۆکاری داگیرکاری و بە شێوازی کاری ئیمپریالیزمانەی سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی لێکێنراون بەسەر دەوڵەتی تورکدا. ئەردۆغان دەڵێت لە تورکیادا تەنھا یەک دەوڵەت ھەیە، ئەویش دەوڵەتی تورکیایە. ئەم ھێمایە بۆخۆی ھیچی کەمتر نیە لەو دروشمەی کە ئینسانی تورک دڵخۆش و بەختەوەر دەکات کاتێک دەڵێت؛ دڵخۆش بە بەوەی کە تورکیت!


خەلکی کوردستان لە باکوردا، زیاد لە ٢٠ ملیۆن ئینسان دەبن و ھەروەک ھەر نەتەوەیەکی تری ژێردەست لەلایەن دەوڵەتی سەردەستەوە دەچەوسێنرێنەوە لە ژێر ناوی کورد بووندا، دەریایەک لە قوربانی بوون دراوە. خودی دەسەڵاتی فاشیزمی تورکیا لە نزیک سەدەیەک لەمەو پێشەوە ھەڵگری ئەم سیاسەتی دڵ ڕەقی و بێحورمەتی کردنە بوون بە مرۆڤی کوردەوە، لەو وڵاتەدا. من وەک ناسیۆنالیستێک دیفاع لە کورد بوون ناکەم، بەڵام وەک مافێکی ڕەواو ھەقی کۆمەڵگایەک کە خاوەن زمانی تایبەتی خۆیانن، دەبێت کۆی ئەو ئاستە لە چەوساندنەوە و بێڕێزی کردن بە بیست ملیۆن ئینسان ھەردەم شەرمەزار بکرێت، کە دەوڵەتی فاشیزمی تورکیا ھۆکارەکەیەتی. خودی ئەو بەربەریەتەی ئەم ناسیۆنالیزمە فاشیە ھەڵگریەتی ھیچی کەمتر نیە لە کۆی ئەو چەمکانەی کە ھیتلەر، ڕاسیزم و فاشیزم بوونەکەی فەلسەفەی حیزبە نازیەکەی خۆی لەسەر بنیات نا.


کارکردن لەسەر ئەو چەمکە فاشیزم بوونەیە، حیزبی ئیسلامی داد و گەشە پێدان تا ئێستا خۆی لەسەر بنیات ناوە، گەرچی ئەم حیزبە بە خودی فەلسەفە میانڕەوە دینیەکەی، توانیویەتی پشتگیری و ھەماھەنگی لەلایەن زلھێزانی جیھانەوە بەدەست بھێنێت و لەگەڵ ھەمان بەرژەوەندی چینایەتیانەی سیستەمە سەرمایەداریەکانی دنیادا ھاوئاھەنگە، لەلایەکی ترەوە ھەر خودی حیزبە ئیسلامیەکانی وڵاتانی عەرەبی و حیزبە ئیسلامیەکانی کوردستان وەک ئیلھام بەخشێکی مەزن دەیبیننەوە، بۆ سەرکەوتنی ئایندەی خۆیان و، بەو ئەندازەیەش دڵخۆشن پێی کە خودی ئەو حیزبە فاشیە بتوانێت لە ئایندەدا، کۆی ھێز و تواناکانی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بگێڕێتەوە و، خۆی وەک ئەو ئیمپراتۆریەتە پێناسە بکاتەوە لە بەرانبەر وڵاتانی ڕۆژئاوادا.

پارتی کرێکارانی کوردستان، تەنھا پارتێکی ناسیۆنالیزم چەپە کە ھەڵگری ستراتیژیەتی جیاوازترە لە کۆی پارتەکانی ھەرکام لە بەشەکانی تری کوردستان. ڕێبازی ئەو پارتە بە ئەندازەیەک سەرکەوتوو بوە کە توانیویەتی ملیۆنان لە ئینسانی زەحمەتکێش و ئازادی خوازی کورد و تورکیش بەلای خۆیدا ڕاکێشێت و خەباتەکەشەی لە پێناو ڕزگار کردنی کۆمەڵگادایە، لەو چەمکە فاشی و ڕاسیستیانەی کە تا ئێستا ئینسانی تورکی لەسەر ڕاھێنراوە. کۆمەک کردنە گشتیەکانی زلھێزانی جیھان بۆ دەوڵەتی سەرمایەداری تورکیا و پشتگیری کردنی لە کۆی ئەو ھێرشانەی دەیکاتە سەر پارتی کرێکاران، بۆخۆی ئەو ڕاستیە حاشا ھەڵنەگرە نیشان دەدات، کە ئەو پارتە، بە چ جۆرێک دەیەوێت لەم پارتە ناسیۆنالیزمە کوردیانەی دیکە نەچێت کە لای زلھێزانی جیھان، ھەڵگری چەمکە دیموکراتیک و عەدالەتخوازیەکانن!!!!!!!!!! ئەگەر پیناسە کردنی پارتی کرێکاران بە تیرۆریست و یاخی بوو لە قەلەم دەدرێن لەلایەن زلھێزانی نیزامی سەرمایەداری و خودی دەسەڵاتی فاشیزمی تورکیاوە، ئەوە پێچەوانەکەی دروستی تەواوی سیاسەت و ستراتیژی ئەو پارتە نیشان دەدات. چونکە ھەرکات زلھێزانی جیھان بەرگریان کرد لە پارتێک یاخود حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆن، بەو مانایە دێت کە سیاسەت و ئامانجی ئەو لایەنە یەکانگیرە لەگەڵ ئامانج و بەرژەوەندیەکانی زلھێزانی جیھاندا. پارتی کرێکارانی کوردستان چ کاتێک سیاسەت و ستراتیژیان وەک حیزبە ئیسلامیە توند ڕەوەکان بووە،(کە بەحیزبە تیرۆرستیەکان ناسراون) لە کاتێکدا خودی ئەو پارتە ئیسلامیانەی ھەردەم لەلایەن زلھێزانی جیھانەوە بەناڕاستەوخۆ پشگیری کراون و ئیدامە دراوە پێیان، لە پێناو دواخستنی ئاستی وشیاری سیاسی کۆمەلگاکاندا. بە پێچەوانەوە کە سێکی وەک ئۆج ئالان دەگیرێت و ڕادەستی دەوڵەتی فاشیزمی تورکیا دەکرێتەوە و، لە کۆی ئەم سەرزەمینەی کە باسی عەدالەتی و مافەکانی ھاوڵاتی بوون دەکەن، جێگایەکی بۆ ئەو تێدا نیە!!!!!!!!! ئەمە بۆخۆی تەنھا ڕاستیەکە، پەیوەستە بەو بەرژەوەندیە دەمارگیر و نا ئینسانیەتەوە کە کۆی سیستەمی ئەمڕۆی جیھانی سەرمایەداری لەسەر بنیات نراوە.

رەنگە بڵێن چۆن ئایدۆلۆژیای دینی ئیسلام و فاشیزم پێکەوە دێنەوە؟ خودی ئەو چەمکە توند ڕەویی و خۆ سەپاندنانەی دەدرێتە سەرشانی کۆمەڵگاکان و ناچار دەکرێن ھەڵگری ئەو یاسا و ڕێورەسمانە بن، بۆخۆیان ڕاستەوخۆ دەچنە ھەمان پێگەوە کە دنیای فەلسەفەی فاشیزم و ڕاسیزمی لەسەر بنیات نراوە. بە تایبەتیش خودی ئەم دوو ئایدۆلۆژیایە، ھەردەم کار لەسەر چەمکێک دەکەن، کە ئینسان توشی گیرۆدەی و نەتوانین لە دەرچوون بکەن بەرانبەر ئەو دوو ئایدۆلۆژیایە. بەمانایەکی تر خودی ئەو دوو چەمکە وا کۆمەڵگا ڕادەھێنن کە تایبەت مەندیەکانی کۆمەڵگایەکی چینایەتی لەخۆدا حەشار دەدات و وا نیشان دەدات، کە ئەو دوو چینە سەرەکیەی لە کۆمەڵگادا ھەن خاوەن یەک ئامانج و خاوەن یەک بەرژەوەندین. لێرەدایە کە خودی ئایدۆلۆژیای دین و فاشیزم ھەلگری یەک دنیا بینین کە بە قازانجی سەرانی دەسەڵاتدار و چینە دەوڵەمەندەکەی نێو کۆمەلگا تەواو دەبێت.


کاتێک پارتەکەی ئەردۆغان ھەلگری ئەو چەمکە دینیەیە، بە ھەمان شێوە ھەڵگری چەمکی دوەمیشە و بە ملیۆنان لە ئینسانی زەحمەتکێشی کورد ناچار بەوە دەکەن پشتگیری لەو پارتە بکات، چونکە ئیسلامە و ھەڵگری بنەما دینیەکانی دینی ئیسلامە. ئەم ھۆکارەشە وا دەکات ئاستی وشیاریە چینایەتیەکان لاواز بن و خودی ئەو چەمکە ترسناکە شۆفێنیەشی نەبین کە ڕۆژانە پیادەی دەکات.


ئەوە خەباتی یەکسانی خوازی و خودی خەباتی چینی کرێکار و بەشمەینەتانی کۆمەڵگایە، دەتوانیت کۆی ئەو چەمکە فاشیزم بوون و ئیسلامە سیاسیە لەبەریەک ھەڵبوەشێنێتەوە، نەک ئەو سیاسەت و مامەحەمەی کردنەی پارتە ناسیۆنالیزمە کوردیەکان دەیکەن بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا. تا ئەو کاتەی دەسەڵاتدارێتی نیزامی چینایەتی دەوڵەتی تورک بەردەوام بێت لەسەر ئەو بەرنامە فاشیزمەی خۆی، ململانێ ناسیۆنالیستیەکانیش بەردەوام دەبن و تەنھا خەڵکی زەحمەتکێش و بەشمەینەتی ئەو وڵاتە باجدەرە سەرەکیەکەی دەبن. فاشیزم و ئیسلامی سیاسی، تەنھا دەتوانێت دڵ ڕەقی و نائینسانی بوون و جەھل و دەبەنگی بەرھەم بھێنیت. خەڵکی کوردستان وەک مافێکی سەرەتایی خۆیان ھەقیانە لە ڕیفراندۆمێکی سەرتاسەریدا بڕیاری چارەنوس سازی خۆیان بدەن لەوەی جیا ببنەوە یان لەگەڵ ناوەندا بژین، سەرکوت و خوێناوی کردنی کۆمەڵگایەکی ژێر دەست، تەنھا دەتوانێت ڕاپەڕین و خەباتی بەردەوام لەگەل خۆیدا بھێنێت، نەک وا چاوەڕوان بکرێت ئەو چەوساندنەوەیە دەیگەیەنێتە ئاستی تەسلیم بوون و کۆیلایەتی قبول کردن!!!!!!!!


١١\١١\٢٠١١

ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک