٢٢\٧\٢٠١٦
ئەردۆگان و
جەنەراڵەکان هەموویان بکوژی کوردانن.

خالید شهیدا
من هیچ باکم بە کودەتا و مودەتای تورکیا
نییە، بۆ من چ ئۆردۆغان چ جەنەڕالەکان یەک شتن. هەموویان بکوژ و
جەللادی کوردن، ئینجا کامەیان خەراپترە لەویدیکە ئەوە بە پێی هەلومەرج
و کاتی جیاواز لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێ.
بەڵام، من لە هەندێک شت گەیشتم بەو روداوانەی دوێنێی تورکیا. کوردەکانی
باشوور کەوتبوونە دوو بەرەوە، بەرەی ئیسلامیەکان و بەرەی نەتەوەییەکان(
بە هەموو بیروڕا جیاوازیانەکەنەوە) بەرەی ئیسلامیەکان بە تایبەت
یێکگرتووی ئیسلامی زۆر رەهایانە دۆعا و نزای بێ ژماریان دەکرد کە
کۆدەتاکە سەرنەگرێ، ئۆردۆغانیان بە سەرۆک ناودەبرد، کوردبوونی خۆیان
هەر بیرچوبۆوە، بە دەیەها پۆست دەکرا لە فەیسبوک وەک ئەوەی ڕووماڵی
ڕوداوەکانیان دەکرد.
من لەوە تێگەیشتم کە نەتەوایەتی لای یەکگرتووی ئیسلامیی هیچ واتایەکی
نییە، چونکە ئۆردوغانێکی ئیخوانی لە کوردێکی نا ئیخوانی باشترە هەمان
سیناریۆی مورسی لە میسر. من نەمبینیوە لەوەتەی هیرشەکانی سوپای تورک بۆ
شارە کوردیەکانی باکوور، تەنها یەک پۆست بکەن دڵۆپێک فرمێسک بۆ برا
کوردەکانیان بڕێژن و هیچ نەبێ بڵێن بە دەستێکی زۆردار شەهید کرا،
نەمبینی ناوچەوانیان تۆزێک گرژ بێت بۆ ئەتک کردنی کچانی کورد بە زندویی
و بە مردویی لەلایەن سوپای تورک، نەمبینی گوێ لە نزای دایکە جگەر
سوتاوەکان بگرن و بڵێن ئامین! لە دیدی ئیخوانگەرایی ئۆردۆغان ئێستا
سوڵتانێکی خەلافەتی عوسمانلیە، هەموو بینیمان کە دکتۆر عەلی قەرەداغی،
دکتۆر یوسف قەرزاوی چۆن بە هەموو قوڕگیان بۆ ئۆردۆگان دەپاڕێنەوە تا
گەیشتۆتە ڕادەی پیرۆزکردن و بەرزبوونەوەی بۆ پلەی پێغەمبەرایەتی کە
قەرزاوی نوسیبووی خودا و مەلائیکەتەکان و جوبرائیل ئۆردۆغان دەپارێزن.
کەواتە یەکگرتووی ئیسلامیی ئەوەی ئیخوان نەبێ (فلیس منهم)!
بەرەی نەتەوەییەکان کە بریتیبوون لە تێکەڵەیەک سیکولارو ناسیۆنالیستی و
چەپ و ڕاستیی تێدا بوو بێ ئەوەی هیچ بیرێک لە ئەنجامی کۆدەتایەکە
بکەنەوە کەوتبوونە هەڵپەڕکێ و خۆشی و چەقەنەلێدان، جا ئیتر گرنگ نییە
هەرچی دەبێ با ببێ بەس کۆتایی بە دەسەڵاتی ئۆردۆغان بێ. بیریان چۆبۆوە
کاتێک کۆدەتای سەربازیی کرا لە تورکیا ئەنجامەکەی بە چ تەواو بوو بۆ
دۆزی کورد.. بە هەر حاڵ، میدیای کوردیش بە هەمان شێوە کەتبوونە دوو تای
تەرازوەوە. ئێمە پیویستە بەر لەوەی هەر شتێک بین کورد بین، پێویستە
بزانین کێ دوژمنمانە و کێ دۆستمانە.
١٧\٧\٢٠١٦
ماڵپهڕی خالید شهیدا
|