١٥\٦\٢٠٢٢
ئەردۆغان نەک هەر فاشیست، داڕێژەرەوەی
فاشیزمیشە.

ئەرسەلان مەحمود
دونیا بەکەسانی گەمژە لەناو ناچێت، ئەوانە لەناویدەبەن توانای چاک و
باشتر کردنییان هەیە، بەڵام لەم پێناوەدا یا هیچ ناکەن یا پێچەوانە
بگۆو ڕەفتارو جێبەجێدەکەن، هەرگیز ئاواتم بەمەرگی هیچکەس نەخواستووە
بەڵام تەمەننای خراپترین چارەنووس بۆ ئەوانە دەکەم کاتێک لەهەمبەر پرسی
نەتەوەو نیشتمانەکەیان سازش دەکەن و دەکەونە قەیرانی قوڵی ئاکاری و
ئەخلاقییەوە!!
کورد بۆ چکەس پێویستی بەفاشیست سەلماندنی داگیرکەرەکانی نییە، ئەوانەی
فاشیست ناسناکەن و هیچ لەفاشیزم تێناگەن، ئەگەر بیانەوێ ئاسانە، بــا
بفەرموون سەیرێکی حاڵی کورد بکەن بەسیانە، بەڵام کاتێک کوردێک جا لەژێر
هەر بڕو بیانوویەکدا بەنمونە بێت و بییەوێت لەسەر هەڵوێستە مەزنە
مرۆییەکەی ئامینە کاکە باوەو هەر کارەکتەرێکی هاو بنەماخوازی مرۆیی و
هاو پرەنسیپ، ئەردۆغانی فاشیست و فاشیزمی مەزهەبی پارتەکەی پاساو بدات،
مرۆڤ لەخۆیدا شۆک دەبێ، لەکاتێکدا تەنها جیاوازییەک لەنێوان زیهنیەتی
هیتلەرو ئەردۆغان و داگیرکـــەرانی تری کوردستان ئەگەر بوونی هەبێ،
ئەوەیە؛ ئەوان بەهەڵبژاردن هاتوون، چجۆرە هەڵبژاردنێک، ئەمە بابەتێکی
ترە.
ئامانجی کۆمۆنیزم و سۆسیالیزم و ئاینیزم ئەگەر دواجار جڵەوی هزری و
ئەخلاقی و ئابووری کۆمەڵگە بێت، ئەوا فاشیزم ڕێنامەی جڵەوخوازی
عەقڵانیەت و بەکۆمەڵایەتی کردنییەتی، ئیدی ئەوەی سەنـتەرە دەوڵەتە،
کۆمەڵگەیە، لەدەسەڵاتێکدا تاکڕەهەند، مرۆڤ نییە، لەهەر کوێ بینیت مرۆڤ
خراوەتە خانەی خزمەتی کۆمەڵگەو دەوڵەت، بـزانە لـەو شوێنە دەوڵەتێک
هەیە دڕندەو فاشیزم حوکمی دەکات.
ئەوەی بییەوێ فاشیستەکان بناسێتەوە، ئەگەر وەک بەراز توانای
ئاوڕدانەوەو تاقەتی خوێندنەوەی مێژووی نییە، خۆۆۆ تەڵاقی حزبەکەی
ناکەوێ گەر چەند چرکەیەک بگەڕێ بەدوای خەسڵەت و دروشمەکانی فاشیزم،
یەککەس، یەک دەوڵەت، یەک سەرکردە، دروشمی نازییەکان نەبوو؟ هەموو شتێك
لەناو دەوڵەت، هیچ لەدەرەوەی دەوڵەت، تاکە دروشمی مۆسۆلۆنی نەبوو؟ یەک
زمان و یەک نەتەوەو یەک نیشتمان، خۆ دەقێکی ئاسمانی نییە، ئەی بەردی
بناغەی دەوڵەت و ئایدیاکەی ئەردۆغان نییە؟!
تەمەنی فاشیزم لەتورکیا 19 نــا، 99 ساڵە، لەئەردۆغانەوە دەستپێناکا،
ئەردۆغان فۆڕمەلەو دیزاینی کردوەتەوە، دەزانی جیاوازی نێوان کــەمال
تورک و ئەردۆغان ئەگەر هەبێ، چییە؟ کەمال سکۆلارێکی ناسیۆنالیست و
فاشیست، ئەردۆغان ئیخوانییەکی ناسیۆنالیست و فاشیست بوون، ئەم
عەقڵییەتە نەک هەر لەسەر کوردو جیهانیان، هەردەم لەسەر خودی تورک خۆیشی
مەترسیدارو هەڕەشەیە.
فاشیزم تەنها وشەو چەمک و ڕێبازێک نییە تا لەڕێگەیەوە سوکایەتی بەتاک و
جڤاک و ئەوانە بکرێ ناخوازن خۆبەدەستەوە بدەن، شێوازێکی دیاریکراوی
سیاسەتی خۆپەرستانەی کرداری خۆ بەسوپەر پاوەرزانەکانە، ئەوانەی وەک
ئەردۆغان دەیانەوێ دەوڵەت و تاک لەدەستخۆدا جڵەو بکەن و هەمووان
لەدەوری سەرۆک و پارتەکەی کۆببنەوەو بەبێ بیر کردنەوە جێبەجێ بکەن!!
ئەردۆغان لەدەرەوەی تورکیا هیچ شتێک نابینێت، ئەوەی دەکەوێتە دەرەوەی
جوگرافیای دەوڵەت یا مۆڵگەی تورکیایە یان لەتورکیا زەوت کراوە، خەڵکی
یا تورک و ئیخوانی یا تورکی هەڵگەڕاوەو دژە تورکی، ئەو بەزەبری هێز
لەناوەوەو هەم لەدەرەوەی وڵاتەکەی فراوانخوازی دەکات، ڕاوەدوی
نەیارەکانی ئەنێ و چاو ئەبڕێتە خاکی خەڵکانی تر، کۆمەڵکوژی ئەکاو
سامانی ئەوانی تر ئەدزێ و بەتاڵان ئەبا، ترس و تۆقاندن و تیرۆرو
کۆنتڕۆڵ بەکاردەهێنێت لەپێناو هەیمەنەو هەژموونگەری پێگەو دەسەڵاتەکەی.
ئەردۆغان، لەهەر کوێیەکی ئەم دونیا کوردێک، ئەرمەنییەک، قوبرسیەک،
یۆنانییەک، تەنانەت هەر کەسێک و گەلێک، نەتەوە، نیشتمان و دەوڵەتێ هەبێ
دۆستایەتی ئـەمانەو ئازادیخوازانی تر بکــات و بیەوێ پشتیوانییان بکات
دژو لالوتییەتی، فاشیزم خۆی ڕەچەڵەخوازی کوێرانەیە، ئەردۆغان خۆی
لەنەوەی مەغۆل و تاتارە، دەی ئـەی کـاکی کورد زمــان زەحمەت نەبێ
پێمانناڵێیت فاشیست کێیەو فاشیزم چییە؟!
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|