١٥\٥\٢٠١٧ ئەردۆغان و کوانووەکانی عوسمانلی.
هۆشیار ئەوڕەحمان
لە کۆنسێپتی دەوڵەتی تورکی سەردەمی دەسەڵاتی ئاکپارتیدا بیرۆکەی بادانەوە وگەرانەوە بەرەو کەلتوری عوسمانیەت قورسایی خۆی بەسەر کۆی دام ودەزگاکانی حکومەتی ئاکپارتیدا سەپاندوە، کە سەرجەم هەوادارانی ئەو کوانووانە ئەردۆغان واحمد داود ئۆغڵو بە (ولي عهد)ی خۆیان دەزانن وناوزەد دەکەن، بە تایبەتی دەڵێین سەرەوەریەکانی ٦ سەدەی حوکمرانی عوسمانی لەخودی کەسایەتی ئەردۆغاندا دەبینینەوە.
نمونەیەکی زیندووش بۆ نزیکی ئەم کوانووانە لەئەردۆغان و ئاکپارتیەوە سەربازەکانی سەرپەیژەکانی کۆشکی (بێشتەپە) یە، کە سەربازەکانی بە پۆشاکی سەربازی سەردەمەجیاوازەکانی دەسەڵاتی عوسمانیەکانەوە دەردەکەون وهەمیشەش پۆشاکە زڕیپۆشەکانی یەنیچەری پێشقەرەوڵیانە، بۆیە گەر تەماشایەکی ژیانی رۆژانەی خەڵکی تورکیا بکەین دەبینین وردە وردە کەلتوری عوسمانی دەگەڕێتەوە وتێکەڵی نێو ژیانی خەڵکی دەبێتەوە لە ڕێگەی پەروەردە و خوێندن وکەناڵەجیاجیاکانی ترەوە، ئەمە جگە لەوەی کوانووەکانی عوسمانی، کوانووی ئەلپەرین ، کوانووی سادات وەکو حیزبێکی مۆڵەت پێدراو لە ٧٣ ولایەتی تورکیا بنکەو بارەگای فەرمیان هەیە، تەنانەت لەم ماوەیەدا یانەیەک بەناوی (عوسمانلی ئوجاکلاری) کراوەتەوە هەر زو گەیشتە ڕیزی یانە پلەیەکە نایابەکانەوە، ئیتر ئەوەی پێشگری ناوی عوسمان هەڵگری ئەستێرەی دەدرەوشێتەوە! گوایە لە ژێر فشاری ئەم کوانووانەدا ئەلف و بێی عوسمانی لە خوێندنگاکاندا کراوەتە بەرنامەی خوێندنەوە؟
قادر جانپۆلات سەرۆک و سکرتێری گشتی کوانووەکانی عوسمانیە و سەبارەت بەسەرۆک کۆمار ئەردۆگان دەڵێت هەمو تورکیا بەو سەرکردەیە قەرزارە و سەروەریەکانمان بەندە بەکەسایەتی ئەردۆغانەوە! ئێمە سەربازی ئەوین... ئەندامانی کوانووەکانی عوسمانی هەر هەمویان بەتەمەن گەنجن واتا ڕێکخراوی گەنجانن و داکۆکی بۆ گەڕانەوەی کەلتوری عوسمانی دەکەن لە روکەشدا ، بەڵام بەکردار ئەم دامەزراوەیە ئامانجی تری هەیە و ئاکپارتی بەهەمو تواناکانیەوە پاڵپشتی لێدەکات ، چونکە ئەمانە بەرەفتار وەکو ئاکپارتی لاوەکان رەفتار دەکەن و (اشبال الخلافة)ن، ئەگەینا چۆن دەتوانن کرێی بارەگە سەرەکیەکەیان، کەبرتیە لە تەلارێکی (١٥) نهۆمی بەناوی (Ata Plaza) لەناوەراستی پایتەخت ئەنقەرەدا دابین بکەن؟ ئەمە جگە لە شارەکانی تر ، کە ٧٣ بارەگای تریان هەیە و! لە ڕاستیشدا ئەم کوانووانە هێزی چەکدارن و لە کاتی پێویستدا پاڵپشتی هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ئاکپارتی دەکەن، وەکو لە ئێوارەی کۆدەتاکەی تەموزدا لەسەر پردی (بوغازیجی) دەرکەوتن و سەربازەکانیان بە زیندویی فڕێدایە نیو دەریاوە، بۆیە سیماکانی دەوڵەتی قول سەرتاپای ئاکپارتی گرتۆتەوە بەهەمان شێوەی پارتی دۆغری یۆڵی سەردەمی تانسۆچیلەر، کە سەرجەم گروپە قاچاغچی* و مافیاکانی لەژیر سیبەری خۆیدا ڕێکخست بو بۆ کوشتنی کورد وتورکە چەپەکان وکەناڵێکی هەماهەنگی بۆ دروست کردبون لە نیوان مافیاکان و تیمێکی جەندرمەدا لەکوردستان بەناوی (ژتیم)لە ڕێگەی و وەزیری ناوخۆی ئەوساوە (محمد ئەغار)، کە لەو رۆژگارەدا عەبدوڵا چاتڵی*** ناودارترین چەتەکانی دەولەتی قول بوو، کە بە سەدان لاو و گەنجی کوردی شەهید دەکرد و دەیخستنە نێو (بیرەکانی مەرگ***)ەوە دۆسیەی (قاتل مجهول) دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە، کە دەولەت خۆی قاتیلەکە بوو.. تیرۆری دەوڵەت بوو لە ڕێگەی باندەکانی مافیاوە بەسەر کورد جێبەجێدەکرا
ئێستاش میلیشیاکانی کوانووەکانی ئەردۆغان هەمان ئەو تیرۆرە دووبارەدەکەنەوە لە ژێرناوێکی سەرنجڕاکێشەری تردا ئەمانیش لەماوەی ١٢ ساڵی رابوردودا پشکی شێریان بەرکەوتوە لە کاری تیرۆریستیدا، کەبەکوشتنی (هرانت دینک) و میسیۆنێرە مەسیحیەکان دەستی پێکردوە و ئەگەرچی بەنیازیش بوون ساڵی ٢٠٠٦ پاپای ڤاتیکان (بەنەدیکتوسی شانزەهەم) کە ٣/١٢/٢٠٠٦ بەسەردانێک هاتە تورکیا لەو ڕوداوەدا چەند کاسانێک دەستگیرکران، کەبە نیازبوون پاپا بکوژن وپاشان ئەو گومانلێکراوانە بەر لێبوردن کەوتن و داڵی ئاکپارتی بەسەرشانیانەوە نیشتەوە لەسەردەمی داکەوتنی داعشیشەوە یەکەم چالاکی ئەم گروپە شەهیدکردنی ٣٢ لاوە سۆسیالیستەکان بوو لە سوروچ ، کە بۆ پاڵپشتی لە سەرکەوتنی (کۆبانێ) لە سوروچ خلتانی خوێنکران و پێشتریش تەقینەوەکەی ئامەد هەر ئەمان ڕێکخەرەکەی بون وخۆکوژی داعشیان بۆ میتینگەکەی هەدەپە ئامادە کردبو، کەبەدوایدا تەقینەوەکەی ئەنقەرەش هەر کوانووەکانی عوسمالی ئەنجامیان داوە . دوا چالاکی نوێی ئەم گروپەجەکدارانەی ئاکپارتی لە ئیوارەی ١٦/٤ دا بوو، کە ڕژانە نیو کوچەو کۆڵانەکانەوە دژ بەبەرەی نەخێر.
پەراوێز: * (عوسمانلی ئۆجاکلاری، ئەلپەرین ئۆجاکلاری، سادات ئۆجاکلاری) هەر هەمویان گروپی چەکداری میلیشیایی ئاکپارتین و هەمان کردەوە قیزەونەکانی تانسۆچیلەر دوبارەدەکەنەوە.
*
(عەبدوڵا چاتڵی)
گەورە مافیا وچەتەی بەناوبانگی ساڵانی ١٩٩٠ ڕژێمەکەی ئەوسای سەرۆک
وەزیران تانسۆ چیلەر وەکو سەرپەرشتیار تیمە کورد کوژەکانی سەرپشکی
کردبو هەمو سەرۆک جاشەکانی ئەو سەردەمە لە ژێر فەرماندەیی چاتڵی دا
لاوی کورد وچەپی تورکیان دەکوشت، ئەم باندەش بەهۆی ڕوداوی هاتوچۆی
(سوسورلک)وە ئاشکرا بوو، کە عەبدوڵا چاتڵی وکۆمەڵێک سەرۆکی مافیا و
جەند سەرۆک جاشێکی کورد لەو پێکادانی ئۆتۆمۆبیلەدا تیاچوون.
|