په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٤\٢٠١٥

ئەردۆغان و سیستەمی سەرۆکایەتی.

هۆشیار ئەوڕەحمان   

 

ئەو شێوە سیستەمە سەرۆکایەتیەی کە ئەردۆغان مەبەستێتی لەداهاتودا ببێتە سوڵتانی ، لەدورو نزیکەوە هیچ پەیوەندییەکی بەو شێوە سەرۆکایەتیەوە نیە، کە ئێستا لەئەمەریکاو موکسیک وئەلمانیا دەوڵەتانی (G20) هەیە، کە زۆربەیان دەوڵەتی بەستاندارت فدراڵی بەتەمەن و تۆکمەن.. دیسانەوە لەوانە ئیتاڵیا وئوسترالیا و هیندستان وئەرژەنتین و بەریتانیا و روسیا بەرازیل و کەنەدا، بەڵکو ئەوەی ئەردۆغان دەیەوێت ولەخەیاڵی خۆی گەلاڵەی کردوە بریتی دەبێت لەڕژێمێکی توتالێتێرو تاکڕەو تاک حیزب.. ئەوەی ئەردۆغانی خستە سەر کەڵکەڵەی سیستەمی سەرۆکایەتی نائومێدبونی حکومەتەکەیەتی لەپەیوەندییەکانی دەرەوەو ناوەوەی تورکیایە.. حکومەتی ئاکەپە لەساڵی ٢٠٠١ لەهەوڵی ئەوادایە کەلە دەسەلاتدا بمێننەوە لەدەستی نەدەن ئەردۆغان خودی خۆی لەو ساڵەوە کەسی یەکەم و دەسەڵاتی یەکەمبوە، بۆیە هێنانەپێشەوەی سیستەمی سەرۆکایەتی هیچ پەیوەندییەکی بەگەشەو پیداویستی کۆمەڵگای تورکیاوە نیە، بەڵکو تەنها بریتیە لە حەزێکی لەڕادەبەدەری ئەردۆغان بۆ تاکڕەوێتی،، ئەگەینا چ هونەرێکە پاش ٩١ ساڵ لە پراکتیزەکردنی سیستەمی پەڕلەمانی تورکیا بیەوێت لاسایی ئەمەریکا بکاتەوە.. ئەگەر ئەمە پەیوەندی راستەوخۆی بەچەقبەستنی سیاسەتی تورکیاوە نەبێت لەدەرەوەو ناوەوەدا! لەراستیدا تورکیا دەمێکە خەریکی پێکەوەنانی یەکێیتیەکی حیزبەئیخوانیەکانە لە ولاتانی عەرەبی و ئیسلامی دژی یەکێیتی ئەوروپای مەسیحی، بەڵام بەکەوتنی ئیخوانەکانی میسر تورکیا ڕوی خۆی لە ئەمەریکاو رۆژئاوا وەرگێڕاو بیری لە ئەلتەرناتیڤ وتۆڵەسەندنەوە کردەوە وپێشتر ئەردۆگان پان ئیسلامیستەکانی هاوەڵی وەکو کەمالیستەکان رقیان لە رۆژئاوا بو، پێشتریش پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ تورکیادا تەنها لە ڕێگەی دامەزراوەی سوپاوە بو، کە سوپا هەژمونی لەدەستدا و کەوتە ژێر ڕکێفی ئەردۆغانەوە پەیوەندییەکانیش بەرەو کاڵبونەوە نەمان چون وتەنانەت ئێستا ئۆباما نەسەرکردەیەک ،نە حکومەتێکی ئەکتیڤ نابێت لە تورکیادا و ئەوەی دەبینێت ئەردۆغانە، کە بۆ ئەمەریکا لەئێستادا لە پوتین وبەرلەسکۆنی وچافیزی ڕەحمەتی تێناپەڕێنێت.. لەبەر ئەمانە و کۆمەڵێک هۆی تر تورکیا متمانەی لەدەستداوە لای ئەمەریکاو ئەوروپا بەتایبەتی لەناوەراستی ساڵی ٢٠١٤ دەوڵەتانی ئەوروپی وئەندامانی ناتۆ بەچاوی گومانەوە دەڕواننە حکومەتەکەی ئەردۆغان و تەنانەت بۆ زۆربەی کۆنگرەکانی تایبەت بە تیرۆری جیهانی تورکیا بانگێشت ناکرێت یا لەپەراوێزەوە پرسەگورگانەیەکی پێدەکرێت ڕیپێوانی سەرۆکەکانی جیهان دژی داعش لە پاریس نوێنەری تورکیا لە دوای دواوە دەرکەوتوە، لەکاتێکدا تورکیا یەکێکە لەدەولەتە بەشەوکەتەکانی نێوبوندی ناتۆ. تورکیای ئێستا کەلەساڵی ١٩٢٣ بەرواڵەتیش بێت بەتیۆری دەستورەکەی علمانیە، بەڵام لەگەڵ هاتنە سەردەسەڵاتی ئەردۆغاندا لە پرەنسیپەکانی علمانیەت دوردەکەوێتەوەو بەرەو داخران وخۆ گرمۆڵەکردن دەچێت، لەبەر ئەوەی حکومەتی ئێستای تورکیا لە پرۆسەی هەڵبژاردن ودێمۆکراتیەت دەترسێت و هاوکات واهەست دەکات کە رۆژئاوا سوکایەتی بەتورکیا دەکەن و بەکەمیان دەزانن و رۆژئاواش بە تێکدەری راستەوخۆ ناوخۆی تورکیا دەزانن، بەتایبەتی ئەردۆغان پێیوایە لۆبی ئەمەریکی کەیسی فتح اللە گولەن دژی حکومەتی تورکیا دەجوڵێنن و گومانیان لەهەمو دامەزراوەیەکی ئەمریکی وئەوروپی هەیە کەلەپشتی کێشەناوخۆییەکانی تورکیاوە بن! هێنانەپێشەوەی مەسەلەی سیستەمی سەرۆکایەتی هەوڵێکە بۆ رزگاربون لەو کایە و دۆخە نالەبارەی ،کە ئیستا حکومەتی ئەردۆغان گیرۆدەی بوە و متمانەی بەکەس نەماوە و ئازادی رادەربڕین بەرادەیەک تەسک کراوەتەوە نوسەرێک لەسەر دێڕێک نوسین دەبیتە میوانی بەندی خانەو تاوانەکەشی دەبێتە هەوڵی کۆدەتاکردن بەسەر حکومەتدا.

تا ساڵی ٢٠١٠ ئەردۆغان بەیەکێک لە ١٠٠ سەرکردەی کارامەی جیهان ناوزەد دەکرا بەپێی هەڵسەنگاندنی رۆژنامەی (Time)، بەڵام لەنیوەی ساڵی ٢٠١٤ تا ئێستا گۆڤاری (The ecomonest) بەتاکڕەوی ناوزەدی دەکات.

جگە لەوە مەسەلەی سیستەمی سەرۆکایەتیەکەی ئەردۆغان هەڕەشەیەکە لە کورد ونەیارەکانی تری لەناوخۆی تورکیا لەجەهەپە ومەهەپەو بزوتنەوەی خزمەتگوزاری ( گولەنیەکان). پێکهاتەکەی سەرۆکایەتیەکە بەپێی لێدوانەکانی ئەردۆگان لە تەلەفیزیۆنی تەرەتە بەو شێوەیەکی زۆر سەیرو سەمەرەیە، کە هەر ٣ پێگە سەرەکیەکەی بەویستی ئەردۆغان دادەنرێن ولادەبرێن واتا لەگەڵ خۆیدا دێن لەگەڵ خۆیدا ئاوادەبن.

کێشەی سەرەکی لەپێش بەرەوپێشەوەچونی تورکیا لە ئێستادا پارتی دادوگەشەپێدان وسەرۆکەکەیەتی!

دەسەڵات و کەسایەتی ئەردۆغان لەساڵی ٢٠٠٢ تا ساڵی ٢٠١٠ بەکەسایەتیەکی کاریزمایی و دەوڵەتمەدارێکی بەهێز ناوزەد دەکرێت و وەکو یەکێک لەسەرکردەکانی جیهان دێتەژماردن. بەئەندازەیەک وەکو سەرکردەیەکی (پۆپۆلیست) جەماوەری لەلایەن هەندێک لەئەندام پەڕلەمان ووەزیرەکانی ئاکەپەوە وەکو خەلیفەی موسڵمانان لەسەر زەوی باسیدەکەن.


ئەردۆغان ئیمڕۆ لەتورکیادا هەمو قۆناغەمەترسیدارەکانی تێپەڕاندوە، جگە لەوەی هەندێک لە بزوتنەوەی خزمەتگوزاری گولەنیەکان دەپرینگێتەوە، لەوە بترازێت هیچ سەنگێک بۆ پارتە لەئاوچوەکانی جەهەپە ومەهەپە ناکات، چونکە لەدوا دوهەڵبژاردنەکانی ئەپریل وئاپدا هەردولایانی لەبۆتەدا و گۆشەگیر و لەبڕکی گەشەکردنی خستون.. دەمێنێتەوە سەر پارتە کوردیەکان، کە مەترسی ئەردۆغان لە (HDP) و(DBP) بەپلەی یەکەم لەژمارەی کورسیەکانیان نیە لەپەڕلەمانی داهاتودا، بەڵکو لەبەرنامەکانیانە، کەداوای سەربەخۆیی و جیاکردنەوەی ناوچەدەکەن لەسەر مۆدێلی کوردستانی باشورو رۆژئاوا و هەروەها ( خەباتی چەکداری مەدەنی دێمۆکراتیشیان پێکەوە گرێداوە)..


لە راستیدا ئەردۆغان زۆر لە دەمیرتاش دەترسێت، چونکە لەسەردەمی شەروپێکادانەکانی کۆبانیدا هادەپ بەسەرۆکایەتی هاوسەرۆکیان سەلاحەدین دەمیرتاش لەدەستپێکردنی پرۆتێستۆکانی شارەکوردستانیەکانی باکور بۆ پاڵپشتی کۆبانێ وکۆتایی پێهێنانی خەڵکە راپەڕیوەکە وەکو سەرکردەیەکی لاو زۆر عەقلانی رەفتاری کرد، بەوەش سەرنجی دەوروبەرو ئەوروپای بۆ بزوتنەوەی کوردانی باکور بەدەستهێنا. بەبەراورد بەرەفتاری ناڕون ولێڵی ئەردۆغان لەسەر سەرجەم مەسەلەکان لەپێشیانەوە هەڵوێستی لەسەر داعش ..


جگە لەوە کێشەی سەرەکی ئەردۆغان بۆ بەرقەرارکردنی سیستەمی سەرۆکایەتی ئەم حێزبانە نین، بەڵکو کێشەی ئەردۆغان مەسەلەی ئابوری وگۆشەگیریەکەی ئێستای تورکیایە، کە سەرمایەی خۆماڵی تورکیا بەپەلە دەچێتە دەرەوەو سەرمایەی بێگانەش کە تا ساڵی ٢٠٠٩ خۆی دەدا لە ١٧،٣ملیار.. لە ئێستادا لە ٥،٤ تێناپەڕێنێت، بەتایبەتی سەرمایەدارانی کەنداویش لەترسی تەنگەژەی ئابوری تورکیا سەرمایەکانیان دەکێشنەوە... ئەگەینا ئەردۆگان هیچ کێشەیەکی نیە بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی سەرۆکایەتی جا بەمۆدێلی هەر ولاتێک بێت ئەمەریکا یا فەرەنسا دەسەلاتی تەواو یا نیوە دەسەڵاتی مۆدێلی ئەوروپی!


چونکە ئەردۆغان خۆی گوتەنی کێشەی نیە لەگەڵ ئەوە نیە، کە مۆدێلەکەی ئەمەریکا کەی دەستی پێکردوە و چۆن گەشەی کردوە..کە لەساڵی ١٧٨٧ بۆ ئیمڕۆ، کەدەکاتە ٢٣٨ ساڵ.. ئەردۆغان کاری بەسەر مۆدێلەوە نیە.. لەڕاستیشدا کاتی خۆی ئەتاتورکیش سەرۆک کۆمار بو دەسەلاتەکەی رەها بو، ئینۆنۆش بەهەمان شێوە لە کاتێکدا سیستەمەکەش هەر پەڕلەمانی بو، بۆیە ئەردۆغان ئێستاش کێشەی نیە.. سەرۆک وەزیران بێت، یا سەرۆک کۆمار دەسەڵاتەکانی ڕەهایە هەر وەکو ئەوە وایە، کە سیستەمەکە ( سەرۆکایەتی بێت)،، بــــەڵام ئـــــەو سیستەمە سەرۆکایەتیەی کە ئەردۆغان دەیەوێت بەبەری تورکیای ببڕێت، بریتی دەبێت لە تونێــڵێـــکی تاریــکی دیــکتـــاتۆریەتی بێ کۆتایی!

چونکە ئەردۆغان هەرگیز جارێکی تر دەسبەرداری دەسەڵات نابێت لە تورکیادا و کۆشکە سپیەکەشی بۆ ئەومەبەستەو بۆ خۆی دروستکردوە... ئەردۆغان خۆی کەسایەتیەکەی وایە، یا ڕاوێژکارەکانی ڕایدەسپێرن؟ ، کەبەچەند بابەتێک کۆمەڵگای تورکیا تاقی بکاتەوە.. ماوەیەک لەمەوپێش لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی تورکێکی موسڵمان ئەمەریکای دۆزیوەتەوە ، نەک کریستۆفەر کۆلۆمبوس، بەدوایداکاتی ئەوەهاتبو بڵێ هیندەسورەکانی ئەمەریکا بەرەسەن تورکن! باوەڕی بەیەکسانی ژن وپیاو نیە، کەلەدونیای دێمۆکراتیشدا دەزانرێ ژن وپیاو لەڕوی بایۆلۆژی وفیزیکیەوە جیاوازن، بەڵام دەکرێ لەمافدا یەکسان بن، کە ژنێک لەدابەشکردنی میراتدا نیوەی براکەی بەرکەوت وەکو ئەوا وایە ، کە نیو مرۆڤ بێت لەچاو براکەیەوە.. وەکو گوتمان ئەردۆغان ئەم باسانە ناوە ناوە دەخاتە نێوخەڵکەکەیەوەو هەر جارەی بۆ مەبەستێک بۆ نمونە ئەو کاتانە کەهەست دەکات ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان وەکو پێویست ڕۆڵی شیاو بۆ تورکیا ڕەچاوناکەن ئەردۆغان حیکمەتێک لەم جۆرانە بڵاودەکاتەوە.. هەروەها کە ئەوروپاییەکان بۆ بونە ئەندامی تورکیا دەست دەنێن بەڕویانەوە ئەمان دەگەڕێنەوە بۆ سەربوردەی باپێرانیان لەبابەتی زیندوکردنەوەی (١٦) سەربازە تورکەکان کە هێما بۆ ١٦ دەوڵەتی تورکی لە مێژودا بەجل وپۆشاکی ئەوەی کەلەئەفسانەکاندا هاتوە. واتا ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان زۆربەیان پەرچەکردارن بۆ نمونە لەم رۆژانەدا دوای ئۆپەراتسیۆنەکەی سەر دامەزراوەی ( زەمان) ڕێکخراوی نیودەوڵەتی (RSF) تورکیا لە ڕیزبەندی ئازادی رۆژنامەگەریدا کەوتۆتە دوای هەندێک دەوڵەتی ئەفەریقیەوە لەوانە زمبابۆی.


لەکۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ ئەردۆغان بون ونەبونی هەر وەکو یەک وایە، ئەگەرچی لەدوا راپرسی ناو ئاکەپەشدا لەکۆی ٣١٢ ئەندام پەڕلەمانی خۆیان، تەنها ٣٠ ئەندامیان لەگەڵ ئەوەدایە کە سیستەمی سەرۆکایەتی کاری بۆ بکرێت، بەڵام لە ٩٠٪ پێیانوایە ئەم سیستەمە دەبێتە لەمپەڕو ڕێگر لەپێش پرۆسەی دیمۆکراتیەوە وەکو ئەوەی تورکیا لە دێمۆکراتیەتدا یەقیکردبێتەوە.!!

خاڵە هاوبەشەکانی سیستەمی سەرۆکایەتیەکەی ئەردۆغان و سەرۆکایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا ڕیچارد نیکسۆن!


سەردەمی دەسەڵاتی سەرۆکی ئەمەریکا ڕیچارد نیکسۆنی ساڵی ١٩٦٩ بۆ ١٩٧٤ خاڵێکی ڕەشە لەمێژوی سیستەمی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا ، نیکسۆن لە ٢٧/٦/ ١٩٧٢ لەپێناوی دوبارەکردنەوەی دەسەلاتەکەی بۆ چوار ساڵی تر پەنایبردە بەر کۆمەڵێک رەفتاری نەشیاو و نەگونجاو بەسیستەمی حوکمڕانی لەئەمەریکادا، ئەویش بەئاشکرابونی سکانداڵی (Water gate*) هەوڵەکانی لەپێناوی مانەوە لەدەسەلاتدا بەشێوەیەکی نایاسایی. کە بەڕێکەوت لەلایەن پۆلیسێکەوە تێبینی کراو ئاشکرابو، کەهەندێک لەپیاوەکانی نیکسۆن خەریکی دانان وچەسپاندنی چەند ئامێرێکن بۆ گوێگرتن لە تەلەفۆنەکانی (پارتی دێمۆکرات) و دزینی بەڵگەنامەکانیان ، کەبارەگاکەیان لەناو دامەزراوەی واتەر گێتدا بو. لەکۆتاییدا نیکسۆن و کۆماریەکان نەیانتوانی لەبەرانبەر فشاری مێدیا رۆژنامەکاندا خۆیان ڕابگرن بەتایبەتی رۆژنامەی واشنتون پۆست ڕۆڵی سەرەکی گێرا لەدەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک نیکسۆن و پڕکردنەوەی شوێنەکەی لەلایەن جێگرەکەیەوە (جیرالد فۆرد).. ئەمە لەکاتێکدا نیکسۆن هەوڵێکی زۆریدا نەکەویت وپارەیەکی زۆری بەخشانەوە، کە ئەو پارانەشی بەشێوەی نایاسایی دەست کەوتبو..


ئەوەی مەبەستە لەگێڕانەوەی ئەم سکانداڵەی نیکسۆن ١٢ خاڵەلەیەکچوەکانێتی لەگەڵ ئەو سیستەمە خەیاڵاویەی ، کە ئەردۆغان دەیەوێت لەداهاتویەکی نزیکدا ببێتە ئیمپراتۆری!


سەرەتای سیستەمی سەرۆکایەتی لە ئەمەریکادا میژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٧٨٧*. واتا بۆ ئیمڕۆ دەکاتە ٢٣٨ ساڵ وتەنها یەک سکانداڵی تێدا دەرکەوتوە! بەڵام سەرەتای دەرکەوتنی سیستەمی سەرۆکایەتی یا پاشایەتی یا ئیمپراتۆری لە تورکیادا یاساکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٧٦ کەبۆ یەکەم جار هەوڵدراوە دەسەڵاتەکان لەدەست یەک کەسدا قەتیس نەکرێن وپاشان لەساڵی ١٩٠٩ دوبارە دەسەلاتی سوڵتان عبدالحمید مەرجدارکراو دەسەلاتەکانی لە ژێر فشاری ( اتحاد الترقي) دا، بەرادەیەک دەسەڵاتەکانی سوڵتان خەریک بە هاوشێوەی (مۆنارخی دەستوری بەریتانی) بێتەوە.. پاش کۆتایی شەڕی جیهانی یەکەم هاتنەسەردەسەلاتی اتحاد الترقي بەنوێنەرایەتی مصطفی کمال ئەتاتورک دەستوری ساڵی ١٩٢١ داڕشت ودواییتر لەساڵی ١٩٢٤ دیسانەوە سیستەمی سەرۆکاتیان لەدەستی یەک پاشادا کۆکردەوە وپەڕلەمانێکیشیان بۆ داتاشی، کە ساڵی ١٩٢٧ ئەندام پەڕلەمانەکانی هەمو لەدامەزراوەی سوپابون (عەسکەر بون).. دوای مردنی ئەتاتورک لەساڵی(١٩٣٨)دیسانەوە ساڵی ١٩٦١دەستکاری سیستەمەکە کرایەوە لەسەردەمی دێمۆکراتەکاندا تارادەیەن شکۆمەندی بۆ پەڕلەمان گەڕێنرایەوە تا کۆدەتا شومەکەی ساڵی ١٩٨٠ کەنعان ئێڤەرنی بەسەردا هات و لەساڵی ١٩٨٢ دیسانەوە لە ڕیگای یاساکانی جونتاوە کایەکانی دێمۆکراتی خرانەوە نێو جامخانەی کتێبخانەکانەوە.. ئەوەی کێشەی سەرەکیە لە تورکیادا دەستورەکەیەتی کەداتاشراو و ناجێگیرە*! ئەگەینا ئێستاش ئەردۆگان خۆی حاکمی مطلقە.


هەمو خاڵەکانی سکانداڵی واتەرگێتی نیکسۆن دەمێکە لە تورکیای ئەردۆگاندا پێشێلکراوە.


١- ئەو مەسەلەیەی کە سکانداڵی واتەرگێتی تەقاندەوە مەسەلەی گوێگرتن لەتەلەفۆنی ئۆپۆیۆسیۆن، ئەردۆگان ،نەک هەر ئەمەی لەسەر ئاستی تورکیادا جێبەجێکردوە، بەڵکو چاودێری لەسەر نزیکترین هەڤاڵەکانی خۆی داناوە .. کۆشکی چانکایەو ماڵی عبداللە گوڵ و ژورو هۆڵەکانی بەنمونە.. زۆربەی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری پارتی دادوگەشەپێدان لەبەر ئەم رەفتارانەی ئەردۆگان دورەپەرێزییان هەڵبژاردوە یان لە شەڕیکی بەردەوامدان لەگەڵ ئەردۆغان وەکو (بولەند ئارینج) ی جێگری سەرۆک وەزیران وسەرۆکی پەڕلەمانی تورکیا ساڵانی ٢٠٠٢ تا ٢٠٠٧.. جەمیل چیچەک ومحمد علی شاهین و ئەمانەو نیوەی گەلی تورکیا بەرنەفرەتی ئەردۆغان کەوتون.
٢- لێنەپرسینەوە لەدز وگەندەڵکاران: لەدەوری نیکسۆن کۆمەڵێک وەزیرو رۆژنامەنوسی نزیک بەخۆی هەبو، جگە لەوانە کەسیتر نایتوانی لە نیکسۆن نزیک بێتەوەو هەر ئەوانەو رەفتارەکانیان چارەنوسی نیکسۆنی بەرەوئاوابون برد. ئەم دیارەدەیە بەدیوی ئەردۆغانیدا ٤ وەزیرو کوڕەکانیان لەسکانداڵی ١٧ و ٢٥ /٢٠١٣ تێوەگلاون، کە سکانداڵەکە زۆر لەوەی واتەر گێت ئابڕوبەرترە! جگە لەوە تاڵانکردنی بانکی ( ئاسیا) بەو بیانوەی خاوەنێتیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جەماعەتی بزوتنەوەی خزمەتگوزاری ( گولەنیەکان).
٣- بەرتەسکردنەوەی ئازادی رۆژنامەگەریدا هەمان روداوەکانی واتەر گێت لە تورکیا لەپەلاماردنی دامەزراوەی (Zaman to day) دوبارەکرایەوە، تا ئێستا بەدەیان نوسەرو رۆژنامەنوس لەکونجی زیندانەکانی تورکیادان بەتاوانی ئینقلاب، نەک رەخنە لە حکومەتەکەی ئەردۆغان.
٤- لەسکاندالەکەی واتەر گێتدا نیکسۆن کۆمپانیای ( Milk- Food) بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتەکەی قۆرخکردبو، ئەردۆغانیش نەوتی ڕەش و پارەی ڕەشی نەوتی بەقاچاغ فرۆشراوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میرەکانی کەنداو. دادۆشینی هەمو کۆمپانیا و هۆڵدینگە گەورەکانی تورکیا.
٥- خەراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن خۆی وکوڕ وکەسەنزیکەکانیەوە.
٦- بێدەسەڵاتکردنی دامەزراوەی داد وکۆکردنەوەی لەدەمی خۆیدا.
٧- ترس لە شتێک کەلە واقیعدا بۆنی نیە و وەهمیە، دەسەلاتی هاوتەریب (پەرالێل ئیقتیدار) واتا ئەردۆغان بۆ زیندانی کردنی نەیارەکانی بەتایبەتی گولەنیەکانی ناو ناوە دەسەڵاتە نهێنیەکە.
٨- کۆکردنەوەی پارەو پیتاک لە ڕێگەی ئاسانکاریەوە بۆ بزنیسمانەکان بەشێوەیەکی نایاسایی لەلایەن خەڵکەنزیکەمانی خۆیانەوە.
٩- لێدانی هەر دامەزراوەیەک، کە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ دەسەڵات.
١٠- ئاراستەکردنی هەمو جومگەکانی دەوڵەت لەپێناوی مانەوە لەدەسەڵاتدا هێنانەپێشەوەی( سیستەمی سەرۆکایەتی ) بەنمونە.
١١- سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەو رۆژگارەدا کە گەرمەی شەڕی ( ڤێتنام)ە، لەوپەڕی خەراپی دابڕاویدابوە،، سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆغانیش لەسایەی پشتگیری لە ئیخوانەکان و سەرەنیزەکەیاندا (داعش) تورکیا بەرەو دابڕانی نێودەوڵەتی بەکێش دەکات لەڕووی ئابوری سیاسیەوە.
١٢- ناڕونی هەڵویستی نیکسۆن لای خەڵکی ئەمەریکا لەسەرسەرجەم مەسەلە ناوخۆیی ودەرەکیەکان بەتایبەتی مەسەلەی درێژەدان بە شەڕ لە ڤێتنام..
ناڕونی هەڵوێستی ئەردۆغان لەسەر سەرجەم مەسەلە ناوخۆیی ودەرەکیەکان، بەتایبەتی ناڕونی هەڵویستی حکومەتەکەی بەرانبەر بەهاوپەیمانان لەسەر پەیوەندی وهەماهەنگی لەگەڵ گروپە تیرۆرستیەکان (داعش).

* دەرەنجام؛ ئەگەر مۆدێلەکەی نیکسۆن راست بوایا، ئێستا دێمۆکراتیەت لەسەردەمی ئۆبامادابەم شێوە جوانە رەنگی نادایەوە.
ئەم هەمو بەراوردکاریەمان بۆ ئەم دو سەرکردەیە لە تاکڕەوێتیدا بۆ مۆدێلی سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ ئەوە کردەوە، کە نیکسۆن ٤٣ ساڵ لەمەوبەر ئەوە هەڵانەی کردوە، کە ئەردۆغان ئێستا بەبەرچاوی هەمو جیهانەوە دەیکاتەوە.
* سیستەمی سەرۆکایەتی: کاتی خۆی١٧٨٧ بۆ کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی پیرۆزی کۆلۆنیاڵە ئینگلیزەکان دروستکراوە ،، ئەوێ ڕۆژێ بۆ دژایەتی حوکمڕانی ئاغا ئینگلیزەکان ئەمەریکیەکان هەڵسان لەپەنای دەسەلاتەکەی ئینگلیزدا دەسەڵاتێکی هەڵبژێردراویان دانا لەگەڵ دادوەرێکی سەربەخۆدا لەبەرانبەر حاکمە تعین کراوەکە.
* دەستوری ١٩٢٤ دەستورێکە بەتیۆری علمانی وبەپراکتیک دیکتاتۆری داتاشراو بۆ یەک میللەت و یەک زمان و یەک خاک و یەک ئاڵا. هەر لەبەر ئەوەشە ، کە دەستوری تورکیا دەستورێکە هەمیشە پێویستی بەهەموارکردنەوە وراستکردنەوە هەیە وهیج سیستەمێکی لەسەرداناڕێژرێت.
* ١٧ و ٢٥/٢٠١٣ گەورەترین سکانداڵی گەندەڵیە لە مێژوی حوکمرانی تورکیادا، کە چوار کوڕە وەزیر و وەزیرەکانی پارتی دادوگەشەپێدانی تێوەگلاون، هەرکەسێک لە تورکیادا لەهەر پلەوپایەیەکدا بێت باسی ئەو روداوە بکات چارەنوسی عبداللە گوڵ وبولەند ئارینچ چاوەڕێ دەکا.

 

ماڵپەڕی هۆشیار ئەوڕەحمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک