په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٦\٢٠١٣

ئەرێ بەس نییە؟

بەراوردێک: شەری ئاینزاکان چیمان پێ دەڵێ!


سوارە کەمال     

 

دووبەرەکیی، دوژمن، دوژمنایەتی، رق و کینە... هتد کۆمەڵی واژەن لە نێو هەر میللەتێکدا سەر وەدەرخەن، ئاسایشی هاولاتی و ناجێگیریی ئابووریی ئەو ولاتە دەکەوێتە تەنگژەوە، (ئازادیی و خۆشگوزەرانیی دەبنە خەون!) رەنگدانەوەی نەرێنیی باڵ بەسەر هەموو بوارەکانی ژیان دەپۆشی، و شیرازەی پەیوەندییە کۆمەلایەتییەکان بە شێوەیەک دەشێوێنن کە هیچ هێزێک نەتوانێ چارەسەریان بکا.

ئەگەر بڕوانیتە مێژووى سەرهەڵدانی ناکۆکیی نێو موسلمانان، بە تایبەت لە پاش بوونى ئیمام عەلى بە خەلیفە،((هەرچەندە سەرەتاى ئەم ناکۆکییە پێش بوونی (ئیمام عەلی)یە بە خەلیفە، واتە سەرەتاکەی دەگەرێتەوە بۆ ناکۆکیی نیوان هەردوو بنەماڵەى هاشمى و  بەنی ئومەیە، لەسەر دابەشبوونى دەسەڵات و بریاردان، دەستکەوت و دەرامەت)) دەبیندرێ ناکۆکیی نێوان سەرکردەکانی ئیسلام، لەبەرئەوەی لە کاتی خۆیدا چارەسەری گونجاویان بۆ کیشە و گرفتە ناوخۆییەکانیان نەکردووە، پەرەی سەندوە و شۆربۆتەوە بۆ ناو هەموو کۆمەڵکەی ئیسلامیی، گەیاندراوەتە ئەو ئاستەی ئاینزای شیعە و سونە و.. لێبکەوێتەوە. دوژمنایەتیان بەرانبەر بە یەک بە شێوەیەک بەردەوامە ئەگەر بەراوردى ئەو دووبەرەکیی، دوژمنایەتی، رق و کینەی... لە سەردەمى هەزارەى یەکەمدا هەیانبووە بەرانبەر بە یەک بێنینە پێش چاو و لەگەل ئەوەی لەم سەردەمەدا هەیە هەلیسەنگێنین، هیچ جیاوازییەکى تێدا بەدى ناکرێ، رەنگە لێت تێک بچێ کە لە هەزارەى سێیەم دا دەژی، (تەنها ئەوە نەبی جاران تەقەمەنیی و ترومبێلی بۆمبرێژکرا و چەکی بێدەنگیان نەبووە).

لە هەمان کاتدا ئەگەر لە سەردەمى حوکمرانیەتى خەلیفەکانى ئیسلام ورد بیتەوە دەبینری، بۆ سەرگوتکردنى بەرهەلستکار، زوور جار پەنایان بردووتە بەر فرتوفێڵ و کات بردنە سەر، تەنانەت هێندە دوژمنایەتیان بەرانبەر بە یەک توند بووە پەنایان بردووتە بەر خەلکى بییانی تاکو سەرکوتی یەکتری پێ بکەن، ئەمیش رێگەخوشگەر بووە، بۆ لە دەستدانى خەلافەت لە دەست عەرەب و کەوتووتە دەست خەلکی بییانی و... هتد.

کەواتە بەر هەر پێوەرێک ناکوکى نێوان شیعە و سونە بپێوردرێ دەبوایە چارەسەر بکرایە، لایەنى کەم کەس لەسەر ئاینزا سەر نەبڕدرایە ، بەلام مەخابن تاکو ئێستا بە بێ چارەسەر ماوەتەوە و بەردەوام مرۆڤ لەسەر ئایدیا و ناسنامە و ئاینزا زندان دەکرێ سەر دەبردرێ، دەکوژرێ و....

ئەگەر بەراوردێکی سەرپێی ئەم دۆخەی ئیسلامییەکان بکەین بە دۆخی ناکۆکییەکانی حیزبە کوردستانییەکان! بەرئەنجامێکمان دەخاتە پێش چاو!

با لە خۆمان بپرسین چی ماوە بەرانبەر بە یەک نەیانکردبی ! ئەرێ بەس نییە. دەبی هەموو لایەک بزانی جارێ کورد دەوڵەتی سەربەخۆیی نییە. بۆ نایەن هەندێ لەو ناکۆکیی و ململانێیە بێ بەرهەمانە لایەنی کەم لەم سەردەمە هەستیارە، دوای بخەن بۆ ئەو کاتەی کورد دەبێتە خاوەنی دەولەتی سەربەخۆی خۆی، وەرەن بە کاتییش بێ یەکتر پەسەند کەن، کەستان مەلایکە نین ئەوی ترتان شەیتان بی! سازش لەگەل سەدام، شای ئێران کرا، لەگەل مالکی، ئیران، تورکیا، بەردەوامن لە سازش ئەی بۆ لە ناوخۆ بۆ یەکتر نایکەن.؟ وەرن دەستبەرداری سڕینەوەی یەکتر بن، هەمووان دەزانن ململانێ و ناکۆکییەکان لەسەر چیە! ئایا جگە لە دەسەلات و بریاردان، دەستکەوت و دەرامەت و شتێکی تر هەیە!! بۆ نایەن رێگاچارەیەک بدۆزنەوە ئەم مللەتە قوربانیدەرە لەم ترس و دڵەراوکێیە رزگارکەن، وەرن بە ململانێ لەسەر کار و کرداری چاک و چاکتر بەرانبەر یەک بوەستن و.. ئەرێ بە راست پارتە کوردستانییەکان ئێوە ئەم مللەتە بە شایستەی ئەوە نازانن بە ئارامیی و ئاسوودەیی بژیێ؟؟؟

 


swarekemal@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک