په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٦\٢٠١٣

ئەرێ هەقمان نییە بترسین؟


سوارە کەمال


بەرئەنجامی ناکۆکیی و ململانێی بێ بەرهەمی پارتە سیاسییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان، بۆتە هۆکاری ئەوەی رێژەیەکی بەرچاو لە رێکخراوە مەدەنیەکان، نووسه‌ران و رۆشنبیران و چاودێرانی‌ سیاسیی‌ و پەرلەمانتاران و هەڵسوڕاوانی حیزبە سیاسییەکان،! هەر لایەنەو بە شێوازێک رەخنە لە سیاسەت و کاروکردەکانی دەسەڵاتدارانى کورد بکرن، ویرای ئەوانیش دەنگی نارازیی لە نێو شەقامی ناوچە جێناکۆکەکان، بەرانبەر بە ئەدای بەرپرسە ئیدارییەکان، کەلێن و کەموکورییەکان لە بوارەکانی خزمەتگوزاری، تەندروستیی، پەروەردە، ئاسایش، جۆنیەتی جێبەجێکردنی ماف و داواکارییەکانی کۆمەڵانی خەڵک لە زیادبوون دایە. بەرانبەر بەو هەموو رەخنانە، دەسەڵاتدارانى کورد لە بری پێداچوونەوە و چاککردنی ئەو کەموکورییانەی نواندویە لەمەر ئەو ئەرکە نیشتمانییەی لە ئەستۆی دایە، هەمیشە پاساوی نالۆژیکیی هێناوەتەوە بۆ خۆدەربازکردن.


دەتواندرێ بگوترێت بۆچوونی زۆرێنەی دانشتوانی ناوچە جێناکۆکەکان، لەگەل سیاسەتی دەسەڵاتدارانى کورد یەکناگرنەوە!
ئەوەی لێرەدا دەمانەوی لێَوەی بدوێن، بەرئەنجامی هەڵبژاردنە لە ناوچە جێناکۆکەکان..
دیارە هەڵبژاردن لە ئیراقدا بووە بە نەریت، واتا رێژەی بەدەستهێانان لە دەنگی دەنگدەر، دەتوانی بتگەینێتە دەسەڵات یان وەلاتبخا.

ئەنجامی هەڵبژاردن لە پارێزگای دیالە و سەلاحەدین چیمان پێی دەڵیت؟


وەک لە پێشتر ئاماژەمان پێدا دەسەڵاتدارانى کورد ئامادە نین دان بە هیچ شکستێکدا بێنن ، بەڵکو بەپێچەوانەوە بۆ هەر شکستی پاساوی هێناوەتەوە.


یەکیک لەو باساوانەى کە حیزبە دەسەلاتدارەکان لەم ماوانەى دوایدا کردبووینە ئامانجیک بەرانبەر بەو گلەیی و گازندەو رەخنانەی لێیان دەگیرا دەیان ویست شکستەکان بخەنە ئەستووی ئۆێۆزیسیون ، بوونی فرە لیستی بوو! خۆشبەختانە لە هەڵبژاردنی ٢٠١٣ دا ئەو پاساوەشیان بە دەستتەوە نەما، هەموو لایەنە کوردستانیەکان بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بوون، بەڵام مەخابن ئەم یەک لستیە نەبووە هۆی بەدەستهێنانی کورسی زیاتر، تاکو دەسەڵاتی کوردی لە حکومەتە مەحلیەکان جێگیربکا، بەڵکو بە پێچەوانەوە لەم هەڵبژاردنە بەشێک لەو دەسەڵاتەی بەدەسێیەوە بوو لەدەستی دەردەکرێت...


بۆ نموونە لە پارێزگای دیالە کە خانەقین و سەعدیە و جەلەولا و زەرباتیە و بەدرە و جەسان و جەبارە و... دەکەونە سنووری ئەو پارێزگایە (تەنها ئەگەر بروانینە پێگەی خانەقین لە رووی ئابوورییەوە پاش کەرکووک دێت واتا بە دووەم شار ئەژمار دەکرێت لە ناوچەی باکووری ئیراق. لە رووی پێگەی جوکرافیکەشیەوە وێرای ئەوەی سنورە لەگەل ولاتی ئیران لەهەمان کاتدا چەندین چالە نەوتی هاوبەش هەیە لە نێوانیاندا). ویرای ئەوەش سەرجەم لایەنە کوردستانیەکان نەک نەیان توانی ئەو کورسیانە بەدەستبینن کە پێویست بوو، بەڵکۆ رێژەیەک لەو کورسییانەی کە بەدەست کوردەوە بوو ئەویشیان لە دەست دا..


بۆ نموونە:
رێژەی کورسی بەدەست ھاتوو لە پارێزگای دیالە بەم شێوەیە بووە:
کورسی    ساڵ
٩        ٢٠٠٥
٦        ٢٠٠٩
٣        ٢٠١٣
لە پارێزگای سەلاحەدینیش بەم شێوەیە بووە:
کورسی    ساڵ
٨        ٢٠٠٥
٢        ٢٠٠٩
١        ٢٠١٣

واتا لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٣ لە پارێزگای دیالە لە کۆی ٢٩ کورسی تەنھا ٣ کورسی بەدەست ھێناوە ئەمیش دەکاتە ١٠.٣٤٪.


لە پارێزگای سەلاحەدینیش (خورماتوو، حەمرینی سنووری کوردستان لکێندراوە بەم پارێزگایەوە) لە کۆی ٢٩ کورسی تەنھا ١ کورسی بەدەستھێناوە واتا لە سەدا ٣.٤٥٪ بەدەستھێناوە، ئەم رێژە کەمە لەدەنگھێنان بۆمان دەسەلمێنی بەراورد بە ھەڵبژاردنەکانی ساڵانی پێشووتر، سەروی سەدا ٦٠٪ کورسیەکانی لەدەست داوە، واتا دەسەڵاتی لەدەست داوە. ئایا ئەم بەرئەنجانە ئاماژە نیە بۆ جددیەتی ئەو رەخنانەی لە حکومەتی ھەرێم دەگیرێ.


ئەی ئەگەر پارتە کوردستانیەکان بەردەوام بن لەسەر قاڵکردنی یەکتر، ھەلخەلەتاندنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، خەریک بن بە ناکۆکی و ململانی بێی بەرھەم، لەجیاتی سەرنج راکێشان وبەدەستھێنانی دەنگی غەیرە کورد بۆ کورد، خەریکی لێکردنەوەو کرینی دەنگی کورد بن لە یەکتری،!! گەراندنەوەی خاک نەکەنە ئەولەویاتی کارەکانیان،و... ھتد. دەبی نشتەجێبوانی ئەو ناوچانە چاوەروانی چ جۆرە پێشھاتێکی گوشندە تر بکەن!؟


دیارە ئەو پێشھاتە بە حەز و دوعا و خەوبینین وچەپلەلێدان و گۆرانی و قسەی بریقەدار... ناسردرێتەوە !! بەڵکو کاتێک ئەو پێشھاتە گوشندەیە نامێنی کە حکومەتی ھەرێم تێگەیشتبێ کە دەبێ بەدیھێنەری خۆشگوزەرانی و ئاسایش و رەخساندنی ھەلی کارو پیادەکەری عەدالەتی کۆمەلایەتی بی وە دەبێ ئەو بەرژەوەندیانەی تەنھا بۆ حیزب دەکەرێتەوە لەخۆی داماڵێ ... تەنانەت لەو کاتانەشدا کە رووبەرووی تەنگژەی سیاسی و ئابووریش دەبێتەوە نابێت دەستبەرداری خۆشگوزەرانی و ئاسایشی کۆمەڵانی خەلکەکەی بێت..

پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەی ئەگەر ئەم حکومەتی ھەرێمە بەردەوام بوو لەسەر گۆی نەدان بەو پێشنیارانەی خراوەتە پێشی وە ئەو رەخنانەی لێی دەگیرێت پشتگۆی بخات. کاتی ھەلبژاردن لە کەرکوک ئەنجام درا کە ئەمرۆ ھەموو دامو دەسگا ھەستیارەکانی بەدەست کوردەوەیە دۆخی کەرکوکیەکان بەم ھەموو دەسەڵاتەوە لەم ناھەموارییدایە ، ئەی ئەگەر ھەڵبژاردن ئەنجام دراو ئەو دەنگانەی کە لە ٢٠٠٥ بەدەستی ھێنابوو، نەی ھێنێتەوە!!؟ دەبی حالی کەرکوکی یەکان بە چی بگات؟. ئەی لە پارێزگای موسل کە لە ٢٠٠٩ دا نۆ(٩) کورسی بەدەستھێنابوو رێگای پێنەدرا بەشداربێ لە پێکھێنانی حکومەتی مەحلی، کاتی لەو رێژەیە کەمتر بەدەست بێنی دەبی کوردەکانی نشتەجێی پارێزگای موسل چی چاوەروانیان بکات؟


ئایا ئەم رێرەوەی حکومەتی ھەرێم گرتوویەتە بەر بەرەو لە دەستدانی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم نامان با؟ ئەرێ ھەقمان نێە بترسین؟
 


swarekemal@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک