٣\٣\٢٠١١
ئەرێ کێ لە
تێکشکاندنى ئیرادەى گەل بەرپرسیارە؟

ئیسماعیل عەبدولڕەحمان
ئەم دۆخەى ئێستا خۆر هەڵاتى ناوەڕاست تێیدا گوزەر دەکا، سەد لەسەد لە
بەرژەوەندى گشتى گەلانى ناوچەکە دایە، ئەویش بەهۆى ئەو
پێشکەوتنە گەورەیەى لەبوارى ڕاگەیاندن هاتۆتە ئاراوە ، کەنەک ڕێگە
بەشاردنەوەى ڕاستیەکانى ئەو سەردەمە نادات، بەڵکو هەرچى کارو کردەوەى
دژ بەگەل لەڕابردوو کراوە دەیهێنێتەوە بەردەست و میللەت لەجۆرو شێوازى
ناپاکى و فڕت و فێڵ و درۆی دەسەڵاتدارەکانى ئاگەداردەکاتەوە ، کەهەر
بەوهۆیەوە گەلانى وڵاتانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست نەک هەر ڕوى ڕاستەقینەى
سەرۆکەکانیان بۆ دەردەکەوێت ، بەڵکو ئاگایان لەئێش و ئازارى یەکترو
خۆشبەختى گەلانى دیکەى ئەوروپاو ئەمەریکاش هەیەو دەزانن لەدنیاى
دیموکراتى و پێشکەوتندا دەسەڵات بۆ کەسێک و بنەماڵەو هۆز و تیرەیەک
پاوان ناکرێت ، بۆیە گەلانى خۆر هەڵاتى ناوەڕاست مافى ڕەواى خۆیانە
سەرۆک و پاشا ناپاکەکانیان لەدەسەڵات بێنە خوارى و ڕیسواو سەرشۆڕیان
بکەن، گەر سەیرى ڕێژەى سەروەت و سامانى هەردوو بنەماڵەى سەرۆکى تونس و
میسر بکەین ، ئەوجا دەزانین میللەتى ئەو دوو وڵاتە چەندە لەسەر حەق
بوونە ، و ئەو دوو سەرۆکەش چەندە ناکەسبەچەو دزو جەردەو ناپاک بوینە
بەرانبەر بەگەلەکەیان ؟ کەواتە میللەت تاکو دڵى بریندار نەبێ و ئازارى
خیانەتى سەرۆک و کاربەدەستانى وڵاتى تینى بۆ نەهێنێ ، بیر لەخۆپیشاندان
بۆ گۆڕینى سەرۆک و سیستەمى ڕژێمەکەى ناکاتەوە ، بۆیە هەر جۆرە
کۆبونەوەو خۆپیشاندانێکى جەماوەرى لەڕوى دەسەڵات هۆکارى کارو کردەوە
خراپەکانى دەسەڵاتە.
گەل و ئەرکى گۆڕینى دەسەڵات : یەکێک لەو نیعمەتە گەورەو نایابەى میللەت
بەدەستى دەهێنێ ، ئەو نیعمەتەیە کەتواناى گۆڕینى دەسەڵاتى وڵاتەکەى خۆى
هەبێت ، چونکە ئەگەر هەر میللەتێک لەو نیعمەتە بێبەش بێت ، ئەوە هەرگیز
بەتەماى کودەتاى سەربازى خۆش بەخت نابێت ، چونکە لەوانەیە لەناو ڕژێمە
دیکتاتۆرەکان هەرگیز کودەتاى سەربازى ڕونەدا ، کەپێشان واباوبو دەستەو
تاقمێک بەکودەتا گۆڕانکاریان لەوڵات دەکرد ، و دوایش هەرخودى کودەتا
چیەکان دەبونەوە دیکتاتۆرو بەردەبونە گیانى بەشێکى زۆر لەگەلەکانیان ،
چونکە میللەت دەستى لەگۆڕینى ڕژێم بەکودەتا نەبوو ، یان گەر گەلى میسرو
تونس بەتەماى کودەتاى سەربازى وڵاتەکەیان بوایەن یان بەتەماى بەهانا
هاتنى دیموکراسیە درۆینەکەى ئەمەریکا بوایەن بۆ ڕۆژ هەڵاتى ناوەڕاست ،
ئایا هەرگیز ئەو دوو ستەمکارە دزەیان لەکۆڵدەبۆوە ؟
کەواتە ئەوەى بەهاناى میللەتەوە بێت تەنیاو تەنیا ئیرادەى پۆڵاینى
خۆیەتى ، کەخۆشبەختانە ئەمڕۆکە بارو دۆخێکى واهاتۆتە ئاراوە ئیرادەى
گەل دەتوانێت گۆڕانێک لەهەر وڵاتێکدا دروست بکات ، کەبە گەورەترین هێزى
سەربازى نەکرێت ، کەواتە ئەمڕۆکە ڕۆژى گەلە ، بەڵام پێویستە گەلیش
بزانێ چۆن و لەچ کاتێک تینى ئیرادەى بەگڕ بخات و چۆنیش بەکارى بهێنێ و
ئامانجیش لەبەکار هێنانى چییە؟ چونکە مەبەست و ئامانجى گەل جۆراو جۆرن
و بچوک و گەورەى تیایە ، بۆیە دەبێت بەگوێرەى قورسى ئامانجەکە تین
بداتە بەرخۆى ، چونکە بۆ هەندێ داواکارى خزمەتگوزارى یان لەسەر بڕیارە
یاسایەک تەنیا پێویستى بەتوێژێک یان گەڕەکێک هەیە بۆ ناڕازى دەربڕین و
خۆپیشاندان.
بەڵام بۆ گۆڕینى سیستەمى سیاسى و حکومڕانى لەوڵات، گەورەترین تواناى
جەماوەرى دەوێت ، بۆیە دەبێت هەموو یان زۆرینەى تاکەکانى میللەت خۆى
سازو ئامادەبکات ، بۆ دەستبارگرتن و بەدەما خستنى ئەم سیستەمە حکومە
چەقیوەى کەخەڵک پێى ناڕازییە، هەروەک چۆن بۆ ڕاپەڕینى بەهارى 1991
زۆرینەى زۆرى چین و توێژەکانى میللەت ئیرادەیان کردەیەک و گەورەترین
گۆڕانکاریان لەمێژوى کورد تۆمارکرد، کەگومانى تیانییە گەر بەئیرادەى
گشتى میللەت نەبوایە دەسەڵاتى داسەپاوى ڕژێمى بەعس لەکوردستان
هەڵنەدەتەکا ، کەواتە بۆ گۆڕانکاریە گەورەکان و بەتایبەت گۆڕینى ڕژێمى
فەرمان ڕەوایى ، میللەت پێویستى بەئیرادەی یەکگرتوى خۆى هەیە ،
بەشێوەیەک کەئەو ئاراستەى لەپشت ئیرادەى میللەتەوەیە دەبێت سەد لەسەد
نیازى پاک بێت و مەبەستى شاراوەى تایبەتى خۆى نەبێت ، چونکە ئیرادەى
میللەت لەسەر نیازى گڵاو هەرگیز بنیات نانرێ.
سەبارەت بەوڵاتى ئێمە وەک هەرێمى کوردستان، هەرچەندە دواى سەرکەوتنى
ڕاپەڕین و دەرپەڕاندنى دەسەڵاتى بەعس لەزۆرینەى ناوچەکانى کوردستان،
خەڵکى بەشەرفى هەرێمى کوردستان هەرگیز بەخەیاڵیاندا نەدەهات ڕۆژێک
دابێت ئیرادەیان یەکبخەنەوە بۆ سەرەونغرۆکردنى دەسەڵاتە کوردیەکەیان ،
لەکاتێکدا میللەت بەچەپڵەڕێزان و هەستکردن بەشانازیکردن پێیانەوە
لەپێشوازیاندابون لە هاتنەوەیان بۆ کوردستان ، پیاوانى شۆڕش و شاخ
بەهۆى ڕژانى دەریایەک لەخوێنى میللەتەکەیان گەیشتنە دەسەڵات ، کەچى
بەبینینى سەروەت و سامانى میللەت هەم ڕابردویان لەبیرچو هەمیش لەبیرى
ئایندەى گەشى دادپەروەرى میللەتیش نەبون ، بۆیە دواى بیست ساڵ
لەدەسەڵاتیان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر میللەت نائومێد دەبێت لێیان ، کەئەوانە
گیانى خۆپەرستى و حزبایەتى و خزمایەتى بەتەواوى دەبەنگى کردون و گوێ
بەداخوازیە ڕەواکانى گەل نادەن ، بۆیە هەستى ناڕەزایى بونى تاکەکانى
کۆمەڵگە هەردەم بەرەو هەڵکشانە ، بەڵام بێئەوەى هێزێکى بەتواناو تۆکمەى
لێپێکبێت تاکو بتوانێت بەکەمترین زیان و ماوە گۆڕانێک بەویستى میللەت
بێنێتە کایەوە ، بۆیە بەداخەوە پێشئەوەى بتوانرێ گەل یەکبخرێت و
بەفەرمى لایەنێک سەرپەرشتى بکات ، کۆمەڵە خەڵکێک بەپلان و هاندانى چەند
کەسێکى نابەرپرسیار لەخۆپیشاندانى هێمنانەوە ، دەستیان بۆ بەرزکردنەوەى
ئەو ئامانجە برد کەپێى دەوترێت گۆڕینى سیستەمى سیاسى لەهەرێمى کوردستان
، کەئەو سیستەمەش دەسەڵات لەسەرى دەڕوات ، یەکێتى و پارتى تێیدا
هاوبەشن ، بۆیە دەبوایە لەبارەگاکانى یەکێتیەوە دەست بکرایە بەپاکسازى
نەک بازدان بەسەر ئەو هەمو دەزگا گرنگەى یەکێتى کەبەرپرسى یەکەمى
گەندەڵین لەسلێمانیدا ، کەچى هێرش بکرێتە سەر لقى چوارى پارتى کە
بەمێوان دادەنرێ لەشارى سلێمانى ، چونکە هیچ دەسەڵاتێکى حکومى نییە لەو
شارە ، لەلایەکى ترەوەش بەگوێرەى ئەو خۆپیشاندەرانە کەنەیانتوانیوە
بارەگاى لقى چوار داگیرکەن ماناى وایە ئەم پەلەمارە ئیرادەیەکى
لاوازبوە نەک ئیرادەى پۆڵاینى گەل ، چونکە بێگومان ئەو تەوژمە
ناڕەزاییەى میللەت نییە کەلەسیستەمى دەسەڵاتە نادادپەروەرەکەى
کوردستانى دەگرێت.
هەرچەندە خەڵک بەگشتى ئومێدیان بەخۆپیشاندانێک هەبوو کەزۆرترین جەماوەر
بەشدارى تێدا بکات ، بۆئەوەى بەبێ توندو تیژى و پەلەمارى بێئاکام ،
لەناوەڕاستى شاردا وەک گۆڕەپانى تەحریر لەقاهیرە مانبگرین و سەرنجى
هەموو میدیاى جیهان بۆلاى خۆیان ڕابکێشن و دەسەڵات بەچەپڵەلێدان
بەچۆکدا بدەن و سەرکەوتنى یەکجارەکى تۆماربکەن بۆئەوەى گەر خوێنى
هاوڵاتیانیش لەپێناوى وەهاسەرکەوتنێکدا بڕژێت بەفیڕۆ نەچێت ، بەڵام
کاتێک لە پەلەمارێکى پوچدا چەند کەسێک دەکوژرێ، و کەسیش خۆى ناکاتە
بەرپرس لە کوژراوەکان ، لەوکاتەدا ویژدان ئازار دەچێژێت و تاکە
ڕۆشنبیرو مرۆڤدۆستەکانى گەل بەدیمەنى مەرگى بەناحەق کوژراوى گەنجە تازە
پێگەیشتوەکان ، سەد تف لەبوونى پۆست و پلەو پایەو خزمەتگوزارى جادە و
کارەبا دەکات، چونکە گیانى کەسێک زۆر لەوانە گەورەترە کەبۆ مەبەست و
بەرژەوەندى تایبەت بکرێنە قوربانى، بۆیە خەڵکێکى زۆر دووڕووییەک لەو
خۆپیشاندانە دەبینن و بەبێ ئاکامى دەزانن، چونکە گەر ڕاستبوایە ئەو
خۆپیشاندانە دژى دەسەڵات دەکرێت ، ئەى بۆ یەکەمجار هێرشیان نەکردە سەر
دام و دەزگاى دەسەڵات لەسلێمانى ، ئاخر ئەوە کەى ڕاپەڕینە دژى سیستەمى
سیاسى وڵات ؟ کەى خۆپیشاندانى جەماوەریی وایە جیاوازى بکات لەنێوان دوو
هاوبەش لەیەک دەسەڵاتدا ؟ بەڕاستى ئاژاوەگێڕبوون ئەوانەى
خۆپیشاندانەکەیان بەرەو ئاراستەى توندوتیژیی برد، کە بووە هۆکارى ئەوەى
خۆپیشاندانى گەورە لەهەولێر نەکرێت، دیارە پیلانێکى داڕێژراو بوو بۆ
لەناوبردنى ئەو ئومێدە گەورەیەى زۆرینەى خەڵک هەیبوو بەسەرکەوتنى
ئیرادەى گەل بەسەر گەندەڵکاراندا بەبێ جیاوازیی، بەڵام چونکە نیا پاکى
و دادوەرى ڕاستەقینە لەپشتى داخوازیەکانى گەل نەبوو، بۆیە پێشئەوەى
بەکامڵى لەدایک بێت لەبار برا ، چۆن لەباربردنێک ؟ داخوازى لەگۆڕینى
سیستەمى سیاسییەوە، گۆڕدرا بۆ داواکارى لەسەر حەوت خاڵ و حەڤدە خاڵ ،
گەلێک خێرمان لە مام بینى ئەوجا نۆبەى خاڵە !
ماڵپهڕی ئیسماعیل
عهبدولڕهحمان
|