٢٨\٩\٢٠١٧
ئەرکی دەستبەجێی (ئێمە)،
پاش تەواوبوونی سیناریۆی گشتپرسیی.
ھەژێن
ئێمە کێین؟
مەبەست لە ئێمە، ھەموو ئەو تاکە کەسە سەربەخۆیانەن، کە ھیچ ئایدیۆلۆجی
و پارتیی و دەستەبژێرێک ئەوانی لە قاڵبنەداوە و خۆیان خودانی خۆیانن.
بەواتایەکی دیکە (ئێمە)ی ئێمە، ئێمەیەکی خێڵەکی ، ئایدیۆلۆجی و
ڕامیاریی و دەستەبژێریی نییە، ئێمەیەکی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی
سەربەخۆی ئازایخوازانەیە، ئێمەیەک کە یەکێتی ئازادانەی تاکە سەربەخۆکان
دەیئافرێنێت!
بە بۆچوونی من، بۆ کەسانێک کە بە ناسینی مێژووی پارتییایەتی و ئامانجی
ڕاستینەی بزووتنەوە ڕامیارییەکان و ھەر ئاوا بە ناسین و دەرکردنی
تاکتیک و ستراتیجی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی "کوردستان" و ناوچەکە و
پارتییە چەپ و ڕاستەکان، دەزانن گارەگاری "دەوڵەتی کوردی" و "دەوڵەتی
سێکیولار" سیناریۆیەک بوو بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و
بەنگکردنی خەڵکی ناڕازی بە وەھمی "دەوڵەتی نەتەوەیی" و "دەوڵەتی
سێکیولار" و لەبیربردنەوەی داخوازییە ئابووریی و کۆمەڵایەتی و
مافییەکان و لادانی سەررنجی خەڵکی ناڕازی لەسەر ڕێکەوتننامە
پشتپەردەیییە ئابوورییەکان لەتەک دەوڵەتانی ناوچەکە و کۆمپانییە
جیھانخۆرەکان و بانک و نێوەندە جیھان-داگیرکەرەکان.
لە بەرانبەر ئەو سیناریۆ و ھەوڵانە، ئەرکی ھەر کەسێکی ئازادیخواز و
سەربەخۆ و ڕۆشنبیر،ھەر ئێستا و ئەم ڕۆژ گەڕانەوەیە بۆ ھەڵخڕاندنەوەی
بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان:بزووتنەوەی دژی تایبەتیکردنەوە و
پارتییکردنەوەی کەرتەکانی بەرھەمھێنان و شاخ و گرد و دەشتەکان و
سەرچاوە و سامانە سرووشتتییەکان، بزووتنەوەی بەدەستھێنانەوەی مووچەی
تەواو و گونجاو لەتەک بژێوی ئەم سەردەمە، بزووتنەوەی دژی
تایبەتیکردنەوەی کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە و خوێندن، بزووتنەوەی
دژی سەرکوتکاریی و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەگەران، بزووتنەوەی دژی گەندەڵی
بەڕێوەبەرایەتی،بزووتنەوەی دژی ملھوڕیی بنەماڵەیی و پارتییایەتیو
بزووتنەوەی دژی ڕەوتە شۆڤێنیست و ڕەیسیست و فاشیستەکان و ....تد
لە ھەموو بارێکدا، ئەگەر ھەرای ڕیفراندۆم بۆ (دەوڵەتاندۆم) بووبێت، یان
بۆ بەکاربردنی دەنگی خەڵک وەک کارتی فشار بۆ سەر فەرمانداریی نێوەندیی
و سەرلەنوێ بەشکردنەوەی کێکی سامانی کۆمەڵ و ڕەنجی خەڵک بووبێت، یان بۆ
بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان،ئەرکی
ئازادیخوازان گەڕانەوەیە بۆ دەستپێکردنەوە و ھەڵخڕاندنەوە و گێڕانەوەی
بزووتنەوە ناڕازییەکان و ناڕەزایەتییەکانی نێوان ساڵی ٢٠١٤ تاکو
سەرەتای ٢٠١٧؛ ئەگەر دەوڵەت عیراقی بێت یان کوردستانی، ئیسلامی بێت یان
سێکیولار، پاشایی بێت یان پارلەمانی، فەرمانداریی فیدراڵی بێت یان
نێوەندیی و سەرتاسەریی، بنکە فراوان بێت یان تاک-پارتیی و جەنەڕاڵی و
کۆمپانیایی، ھیچ لە ڕەوایی و دەستبەجێیی داخوازییە ئابووریی و
کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکانی ئێمە ناگۆڕێت و ڕۆڵ و نەخشە و ئامانجی
دەسەڵاتی سەروخەڵکیی و بەرانبەر جەماوەر دیارە و پێویستە خانەنشینان،
کرێچییان، خوێندکاران، مامۆستایان، فەرمانبەران، کرێکاران، جوتیاران،
بێکاران، کۆچەر و پەنابەران لەو خاڵەوە دەستپێبکەنەوە، کە سیناریۆی
گشتپرسیی تێدا ڕاگەیێندرا و بوو بەھۆی خەریککردنی خەڵک بە وەھمی "نەتەوە"
و "دەوڵەتی نەتەوەیی" و دامرکانەوە و سڕکردن و لەبیرکردنەوەی
ناڕەزایەتیی و داخوازییە دەستبەجێ و ڕاستینەکان.
بەڵام پێویستە ئەم جارە بە خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی
سەربەخۆی خۆمان و بە ڕەتکردنەوەی میانجیگەری ڕێکخراوە و سەندیکا
زەردەکان و بە ڕەتکردنەوەی ڕێکخستنی قووچکەیی ڕێکخراوەکان و بە
ڕەتکردنەوەی نێوەندگەرایی ڕێکخستن و بە ڕەتکردنەوەی تاک ڕابەر و تاک
سکرتێر و خانزادەیی (ئۆرۆستۆکراسیی) ڕێکخراوەیی و بە ڕەتکردنەوەی ھەر
دەستتێوردان و بەگبەگێنەی پارتیی و دەستەبژێرە ڕامیارەکان؛
دەستپێکردنەوە بە پێکھێنانی ئەنجومەنە ئازاد و سەربەخۆکانی گەڕەکەکان و
بەرپاکردنی کۆبوونەوە گشتییە*
جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان لە گوندەکان و شارۆچکە و شارەکان و
گرێدانەوەی فێدرالیستییانەی ھەموویان لە یەکگرتنێکی خۆجێی و بنکەیی (ناقووچکەیی)
و نا نێوەندیی و دوور لە ھەژموون و دەستتێوەردانی بەکرێگیراوانی دەوڵەت
و فەرمانداریی و پارتییەکان و دەستەبژێرەکان بە ئامانجی ڕۆنانی سیستەمی
کانتۆنی و کۆنفێدرالیستیانەی ناوچەکانی ھەرێم (ھۆرامان و شارەزوور و
شارباژێر و قەرەداخ و گەرمیان و دەشتی ھەولێر و بادینان و دەشتی موسڵ)
لەسەر پایەی خۆبەڕێوەبەریی ئەنجوومەنە ئازادەکانی گوند و گەڕەکان و
خۆبەڕێوەبەریی کارگە و فەرمانگە و فێرگە و خەستەخانە و نێوەندە گشتیی و
خزمەتگوزارییەکان و بە پشتبەستن و پیادەکردنی دێمۆکراسی [ڕاستەوخۆ**]
و پێھێنانی خۆبەرێوەبەریی گەلیی کۆمەڵ.
ئەوە ئەرکی ئێمە بووە پێشتر و ئێستا و داھاتووش؛ ئەگەر ھەرێمی "کوردستان"
وەک بەشێکی (دەوڵەتی عیراق) بمێنێتەوە، یان جیاببێتەوە و دەوڵەتێکی
دیکە قوتبکاتەوە، یان وەک (ولایەتی موسڵ) بۆ سەر ئیمپراتۆری
نیئۆ-ئوسمانی بگەڕێتەوە، یان ببێتە بەشێک لە نەخشەی زیندووکردنەوەی (ئیمپراتۆری
ساسانی) لەژێر پەردەی (شیعە)، یان ببێتە بەشێک لە (دەوڵەتی چوار پارچەی
"کوردستان")، ئەوا ئەرکی ھەردەمی و دەسبەجێ و دواکوتووی ئازادیخوازان
ھەوڵدانە بۆ پێکھێنانی پایەکانی خۆبەرێوەبەریی گەلیی و ڕۆنانی
خۆبەڕێوەبەریی وەک ئەڵتەرناتیڤی پارلەمان و فەرمانداریی و دەوڵەت و
سیستەمی ڕامیاریی و ڕەتکردنەوەی پارتییایەتی چ پێشڕەو و چ کۆنەپارێز، چ
ئیسلامی و چ لیبڕاڵ، چ ناسیونالیست و چ کۆمونیست ...تد، پێویستە ھەر
ئێستا و ھەر کەس لە شوێنی ژیان و کار و فەرمانی خۆیەوە، ھەوڵی
پێکھێنانی پایەکانی خۆبەڕێوەبەریی گەلیی پشتبەستوو بە دێمۆکراسی [ڕاستەوخۆ]
بدات، کە ئەنجوومەنە ئازادەکان و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە
سەربەخۆ و ناقووچکەیی و نانێوەندییەکانن و کۆبوونەوەی گشتی خەڵکی گەڕەک
و شوێنی کار میکانیزمی بڕیاردان و ھەڵبژرادنی نوێنەرەکان [نەک جێگرەکان***]
و دیاریکردنی ئەرکەکان و پەسەندکردنی ڕێکەوتننامە و ھەڵوەشاندنەوەی
ئەوانە و ھەر ئاوا بڕیاردان لەسەر گشت پرسە کۆمەڵایەتییکانی دیکەی
کۆمەڵ.
____________________________
*
لەبارەی (کۆبوونەوە گشتییەکان)، ئەگەر لە سەدەی ڕابوردوو وێناکردن و
بەکاربردنی (کۆبوونەوە گشتییەکان) بۆ بڕیاردان و جێبەجێکردن و
بەڕێوەبردنی گەلیی، دژوار و تاکو ڕادەیەک ناکردەنی بووبێت، ئەوا ئێستا
لە سایەی پەرەسەندنی (تەکنۆلۆجی زانیاریی) و دیگیتالیزەبوونی
پەیوەندییەکان، ئاسانترین شتێک ئەنجامدانی (کۆبوونەوە گشتییەکان) و
مشتومڕکردن و شرۆڤەکردن و بڕیاردان و ھەڵبژاردن و دیاریکردنی
بەڕێوەبردنە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییە دیگیتاڵەکان.
**
بەداخەوە لەبەرئەوە
زاڵبوونی کۆمەڵی دەوڵەتیی بەسەر کۆمەڵە ئازادەکان، پارلەمانتاریسم بە "دێمۆکراسی"
ناسێنراوە و (دێمۆکراسی) وەک دێوجامەیەک بۆ شاردنەوەی سەروەریی
چینایەتی بەکاربراوە و لەنێو ھۆش و ئاوەزی خەڵک ئاوا ئاوەژوو
چەقێندراوە و ڕۆژانە چەپە دەسەڵاتخواز و نێوەندگەرا و
دیکتاتۆریخوازەکان (لەڕێی سەروەریی چینایەتی) ئاوا دەیناسێنن و
ئاوەژوویدەکەنەوە، من ناچارم ھەموو جار و لەنێو ھەموو بابەتێک لەتەک
واژەی (دێمۆکراسی|خۆبەڕێوەبەریی گەلیی) پاشگری [ڕاستەوخۆ] بنووسم، تاکو
خوێنەری نائاشنا بەکاربردنەکەی من و مەبەستەکەی من بە پارلەمانخوازیی
وەرنەگرێت و لێکنەداتەوە.
***
دیسانەوە بەداخەوە، ھەر
لەژێر کارایی بەکاربردنی (دێمۆکراسی|خۆبەڕێوەبەریی گەلیی) وەک
دێوجامەیەک بۆ شاردنەوەی کڕۆکی سەروەرانە و چینایەتییانەی پارلەمان و
پارلەمانتاریزم واژە|چەمکی (نوێنەر)یش کراوەتە دێوجامەیەک بۆ شاردنەوەی
کڕۆکی (جێگریی) ھەڵبژێردراوانی سیستەمی پارلەمانیی، کە ھیچ کات ئەوان (نوێنەر)
نین، بەڵکو(ڕامیار) و (جێگر) و (ملھوڕ) و (مشەخۆر)ن. چونکە لەنێو
سیستەمی پارتییایەتی و پارلەمانیی دەنگدەر پارتییەک یان لیستێک
ھەڵدەبژێرێت و ئەگەر ڕاستەوخۆش کاندیدێکی پارتییەک یان ھەر ڕامیارێکی
بەبێ پارتیی ھەڵبژێرێت، ئەوا تاکو تەواوبوونی خولی چەند ساڵەی ئەو
لەنێو پارلەمان و بەڕێوەبەرایەتی، دەنگدەر ھیچ کاراییەکی لەسەر بڕیار و
ئامانج و چالاکییەکانی ھەڵبژێردراوەکە|جێگرەکە نییە و نابێت و ھیچ کات
کەسی ھەڵبژێردراو|پارلەمانتار|کارگێڕ|بەڕێوەبەر لە کاتی بڕیاردان و
مشتومڕ و ھەڵوێستگیریی ناگەڕێتەوە بۆ سەر بۆچوون و داخوازیی
دەنگدەران|ھەڵبژێرەرانی خۆی و پارتییەکەی.
لەبەرئەوە و لەسەر ئەو بنەمایە، ھەڵبژێردراوی پارلەمانی (جێگیر)ە نەک (نوێنەر)
و بۆ ئەو مەبەستە دەمێکە من ئامانجدارانە واژە و چەمکی (جێگر) بۆ
پارلەمانتاران و بەڕێوەبەرانی سیستەمی دەوڵەتی بەکاردەبەم، کە خۆبەخۆ
ڕەتکردنەوەی مافی بڕیاردانی خەڵکە و واژە و چەمکی (نوێنەر) بۆ
ھەڵبژێردراوانی کۆبوونەوە گشتییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە ڕێکخستن
ناقووچکەیی [ئاسۆیی] و نانێوەندییەکان بەکاردەبەم، چونکە ئەرکی (نوێنەر)
بە بڕیاردانی ھەڵبژێرەران دەستپێدەکات و پاش تەواوبوونی ئەرکەکە، مافی
قسەکردن و بڕیاردانی بەناوی ھەڵبژێرەرانی نامێنێت و جارێکی دیکە و بۆ
بڕیار و پرسێکی دیکە دەگەرێتەوە بۆ بڕیاری خەڵکی لەنێو کۆبوونەوە
گشتییەکان.
٢٦\٩\٢٠١٧
ماڵپهڕی ههژێن
|