په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

ئەرکی ئێمە
لەبەرامبەر کرێکارە"بیانییەکان".

                                                                                                                      سەلام عەبدوڵا


رێکخراو و حزبە نازی و فاشیستەکانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئەسپانیا و بەریتانیا یان(فام)ی سویدی...هتد، هەموو کێشەکانی وەڵاتەکەیان خستووەتە ئۆباڵی"بیانییەکان"، بۆ نموونە نازییەکانی ئەڵمانیا بەم شێوەیە بیردەکەنەوە:(ئێمە خۆمان 5ملیون بێکارمان هەیەو لەهەمان کاتدا 5ملیون کرێکار لە دەرەوەوە روویان لە وەڵاتەکەمان کردووە، ئەگەر ئەو بیانیانە دەربکەین، چارەسەری کێشەی بێکاری دەکرێ، بۆیە ئەم درووشمەیانە بەرزکردووە: بیانییەکان بۆ دەرەوە!- Auslaender raus-)


لە کوردستانیش، چەندین جارە لە رۆژنامە جۆراجۆرەکان، بانگەواز، سوکایەتی یان هاندانی شۆفینست و رەگەزپەرەستانە لەدژی کرێکارە غەیرە کوردەکان بڵاودەکرێتەوە> بۆ نموونە لە رۆژنامەیەک نووسرابوو: ئێمە خۆمان لەشکرێ بێکارمان هەبێ، چۆن قبووڵ دەکەین کرێکار لەدەرەوەی وەڵاتەوە بێت؟- ئەی هاوار ئاگاتان لەو رۆژنامەیە ببێت، چونکە ئەمە یەکەمجار نییە بۆچوونی فاشیستانە بڵاوبکەنەوە.


لەگەل خوێندنی ئەو بابەتانە، ژیانی پەنابەرێتیم لە ئیران و ئەڵمانیا بیردەکەوێتەوەو تەنانەت هەستدەکەم ئەو نووسراوانە راستەوخۆ ئاراستەی من دەکرێن و لە مرۆڤ بوونم کەمدەکەنەوە، جیاوازییەکەیان تەنها هەر ئەوەندەیە، لەوێ بە ئەڵمانی دەنووسران، لێرە بە کوردی دەنووسرێن، بەڵام یەک ئەقڵ، یەک هەڵویست و نیاز لەپشتیان راوەستاوە: کەرتکردنی کرێکاران وهاندانیان بۆ دژایەتیکردنی یەکترو ئاژاوەنانەوە.


بەبیرم دێتەوە، لەسەرەتای گەیشتنم بۆ ئەڵمانیا ویستم بەشداری لە خولێکی فێربوونی زمانی ئەڵمانی بکەم. ئەم خولەیە بە خۆڕایی نەبوو، بەڵام دوو هاوڕێ منیان بۆ بارەگای حیزبی شیوعی ئەڵمانی بردو لەوێ کێشەکەیان باسکردو ئەو هاوڕێیانە یەکسەر(175مارک)یان بۆ بەشداریکردنم لە خوولی ناوبراو خەرج کرد- ئەمە پێشی20 ساڵ روویدا، بەڵام هێشتا خۆم بە قەرزاری ئەو هاوڕێیانە دەزانم-!


هاوڕێ کۆمونیست و ئەنتی فاشیست و راسیستەکان لە ئەڵمانیا بەشێوەی جۆراوجۆرو بەگوێرەی توانایان بە هاریکاری و پیشتوانی پەنابەران و کۆچکراوان ئەرکی نیونەتەوەی خۆیان جێبەجێدەکەن، بۆ نموونە(لە دۆزینەوەی شوێنی نیشتەجێبوون، کار، فێربوونی زمان، شاردنەوەی پەنابەرە هەڕەشەلێکراوەکان بە دیپۆرتکردن و بە پرۆتێستکردنی جۆراوجۆر بۆ بەرگری لە ماف و ژیانی غەیرە ئەڵمانەکان و لەم رێگایە چەندین هاوڕێ گیانی خۆیی بەختکرد، بریندار، زیندانی کران یان سزای پوولی دران)

ئایا ئێمەی شیوعی چی بۆ فرۆشیارانی کاڵای هێزی بازووی"بیانی" لەبازاڕی کاری کوردستان کردووە؟


ئایا هەوڵمانداوە لە هەڕەشە، سووکایەتی و لێدان بیانپارێزین؟ ئایا بارەگای حیزب بۆ هاوچینەکەمان واڵاکردووە؟!


ئایا ئێمە لە بەرامبەریان کەمتەرخەمین؟


ئایا لەو شوێنانە کە ئەو کرێکارانە لێی کۆدەبنەوە، کاری راگەیاندن کردووە؟ ئەگەر کرێکارێک شوێنی نووستنی نەبوو، جێگا و پەتویەکی شڕمان بۆی تەرخان کردووە تا شوێنیک بۆ خۆی دەدۆزێتەوە؟


بەداخەوە، وەک ئاگادارم، زۆر لەو کرێکارە بەشمەینەتانە کە کرێی کاری کەمتریان پێدەدرێ، لە شوێنی کارەکانیان یان لە ناو باخچە و لەسەر شەقامەکان شەوەکانیان وەک رۆژە تاریکەکانیان، بەسەر دەبەن!


لەوانەیە هەندێ"کەسی زیرەک" پێمان بڵێن: ((ئێمە ئەو کرێکارە عەرەب و فارسانە ناناسین و دەترسین کاری تیرۆریستی ئەنجام بدەن))!
لەوانەیە لەنێو ئەو دەیان هەزار کرێکارە عەرەبانە چەند کەسێکیان پەیوەندیان بە تیرۆریستە ئیسلام-بەعسیەکانەوە هەبێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، لەبەر چەند کەسێکی گومانلێکراو، ئەرکی نیونەتەوەی کرێکاریمان ئەنجام نەدەین!


کرێکاران هەرگیز بیانی نین، هەر ئەوەندەیە وەڵاتی نییە، یان روونتر بڵێم، ئەو شوێنە وەڵاتیە کە بواری فرۆشتنی هیزی بازووی بۆ دەڕەخسێنێ؛ کرێکاران تەنها بەیەک مانا بیانین: لە هەموو جیهان بەشێوەی جۆراوجۆر بازرگانی بە ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دەکرێ وبەشێوەیەکی ئینسانی ژیانیان بەسەر نابەن: دەسەڵاتی خۆیان دەستەبەر نەکردووە!>جیاوازی بارو مەرج و ژیانی کرێکارانی جیهانم لەبەرچاوە.


هاوڕِێی پەنابەر(ڤلادیمیر ئیلیش ئۆلیانۆف) لە ساڵی 1903 نووسی: (ئەوپەڕی پلەی هەژاری مرۆڤ ناچار دەکات وەڵاتەکەی بەجێبهێڵێ و سەرمایەدارەکان بەوپەڕی بێویژدانییەوە کۆچبەران دەچەوسێننەوە...بۆرژواکان هەڵدەستن بە هاندانی کرێکارانی نەتەوە جیاجیاکان لەدژی یەکتر راوەستن وەک هەوڵێک بۆ ئەوەی ریزەکەیان کەرتبکەن، بەڵام کرێکارە هوشیارەکان درکی ئەوە دەکەن کە روخاندنی هەموو بەربەستەکان لەنێو نەتەوەکان لەلایەن سەرمایەدارەکانەوە، مەسەلەیەکە بەبێ چەندوچۆن، پێشکەوتنخوازە، بۆیە ئەو کرێکارە هوشیارانە هەوڵدەدەن ئەو هاوڕێ کرێکارانە کە لە وەڵاتە دواکەتووەکانەوە هاتوون،بە بیرۆکەیە تێبگەیەنن و رێکیانبخەن -سەرمایەداری و کرێکارە کۆچبەرەکان، جلدی19، لاپەڕە447-450).


خەباتی ڤلادیمیر، رۆزا و کاڕڵ لە کۆنفرانس شتوتگارت لە 1907، بایەخێکی گەورەی هەبوو لە دژی هەندێ نەتەوەپەرەستی گەمژە کە داوایان کرد، کۆچکردنی کرێکاران و بەتایەبتی لە(چین)وە، رابگیرێ.

 

 

پێشنیاری ئەو کۆنەپەرەست و ناسیونالیستە بیرتەسکانە لەو کۆنفرانسە، سەرنەکەوت و ڤلادیمیر لەو بارەیەوە وتی(ئەو جۆرە بۆچوونە دەربڕینی هەمان روحی ئۆرستۆکراتییە لەنێو پرۆلیتاریای هەندێ وەڵاتی پێشکەوتوو و ئەوانە بەهۆی پێگەی تایبەتییان، هەندێ دەستکەوتیان دەبێ، بۆیە هاریکاری چینایەتی نیونەتەویان لەبیردەکەن(جلدی13، لاپەڕی71). لەم کۆنقرانسەدا ئەم بڕیارە دەرکرا: (کۆچکردنی کرێکاران لە سەرمایەداری جیاناکرێتەوە و دیاردەیەکە لێی جیاناکرێتەوە وەک بێکاری، زێدە بەرهەمهێنان و بەکاربردن). هەروا لەو کۆنفرانسە، کارڵ بانگەوازی(مافی یەکسانی کۆچبەران لەگەل ئەوانی تر)بەرزکردەوە. پاش چەندین ساڵ ڤلادیمیر ئیلیش لەبارەی هەمان بابەت، دژی سەرکردە هەڵپەرستەکانی حزبی سۆسیالیستی ئەمریکا خەباتی کرد و پێگوتن: (ئێمە بڕواناکەین کە کەسێک ئینتەرناسیونال بێت و لەهەمان کاتدا لەگەل ئەو جۆرە رێگریانە ببن).


خاوەن کۆمپانیەکان لە کوردستان(گرنگ نییە خەڵکی چ وەڵاتێک)، بیر لە قازانج دەکەنەوە، بۆیە ئەو کەسانە دادەمەزرێنن کە قازانجێکی زیاتریان لێ دەکەن، با ئەو کەسانە خەڵکی کوێرە دێیەکی وەڵاتی فلپین یان بەرازیل بن- لە ئەڵمانیا زۆر لە خاوەن کارەکان، کار بە کرێکارە بیانییەکان دەدەن و بەتایبەتی بەو کرێکارانە کە مۆڵەتی مانەوەیان لە وەڵاتەکە نییە، چونکە ئەمانە بە کەمترین و خراپترین کرێ و مەرجی کار رازی دەبوون-؛ خاوەن کارە کوردە"بەڕێزەکان" بە باشتریشی دەزانن ئەگەر لەپاڵ قازانجە پوولییەکەیانەوە، خوارەوەی پشتێنەکەشیان لەگەل کچە تایلەندی، رۆمانی، ئۆکرانی یان سودانی و غانی دامرکێنن(ئیتر جەژنێکە و دوو شایی!)؛ هەروا لەبەر ئەوەی زۆر شەرەفدارن و دەیانەوێ کۆنتۆی شەرەفیان وەک شێخە ئیماندارەکانی دوورگەی عەرەب، ئەوەندەی تر"بەرزترببێ"، لەگەل گوێگرتن لە گۆرانی"مەمکی خڕکرد"و پاکژکردنی نێوماڵ، دەستێک بە...بهێنن یان.....!


ئێمە وەک خەڵکانێک کە چەندین دەیەیە ناچاری پەنابەرێتی، کۆچکردن و رەوە بووین، دەبێ ئەرکە نیونەتەوەیی و مرۆییەکانی خۆمان لە ئاست فرۆشیارانی هێزی بازووی"بیانی"ئەنجام بدەین و رێگری لە هەر جۆرە توندوتیژی، رقەبەرایەتی و سووکایەتیپَکردن یان نووسینی شۆفێنستی و کەرامەتشکێن، راوەستین... و حیزب بە گەرمی باوەشیان بۆ بکاتەوە.


dwaroj@yahoo.de

 07701929872