٢٧\٦\٢٠١٣
ئەرکى ئەندێشە
ئیشکردنە لە ناو جوانییەکان!!
ئەگەر ئەوان پێیان وابێت ئیشوکاریان تەنها کۆڕبەستن و کتێب چاپکردن و ئاهەنگ گێڕانە، ئەوە هەڵەیەکى مێژوویى بەرانبەر خۆیان و شارەکەیان دەکەن، شار پێویستى بە پەیوەندییەکى تۆکمەیە لە نێوان دەزگا رۆشنبیرییەکان و شارەوانى، بەم دوو دەزگایە دەتوانن کارى جیدى بۆ شار بکەن، دەتوانن پرۆژەى جوانکردنى شاروەک پرۆژەیەکى سەرەکى مامەڵەى لەگەڵ بکەن ودەتوانن شانۆى گەرۆک پێشکەش بکەن تا ببێتە بەشێک لە کارکردن لەسەر ئارامبوون و گەشەى عەقڵیى لاى هاوڵاتى شارەکەمان، ئەوان دەتوانن مرۆڤى ئێمە لەم دۆخە گرژیى و ئاڵۆزییە رزگاربکەن، بەداخەوە ئەوان دەوامى دەزگاکانى خۆشیان بە ڕێکى ناکەن، ئەم نەریتە قۆڕ و بێتامەى سەردەمى جەحافل خفیفە دەزگا رۆشنبیریەکانیشى گرتووەتەوە، رۆژى یەک کەسیان دەوام دەکەن، ئەگەر ئەمان خۆیان چاک نەکەنەوە ناتوانن ئەندێشە جوانەکان بە جوانکردنى شار ببەخشن، دۆخى رۆشنبیریى لەم شارەدا بە ئاقارێکى رۆز مەترسیدا دەڕوات، دەستبەتاڵیى خەریکە ویرانمان دەکات، هەرمیللەتێک تووشى بێکاربى و بێفکریى بوو، دۆخى مەترسى لێدەکەوێتەوە، پیویستە ئەو دەزگایانە زیندوو بکرینەوە، دەبى پرۆژەی گەورەیان بۆ شار هەبیت، کار لەسەر کردنەوەى خولى مۆسیقا و شێوەکارى وشانۆ و ئاشتکردنەوەى مرۆڤ و کتیب بکەن، بەداخەوە مانەوەى ئەم جۆرە عەقلییەتانە لەو ناوەندە رۆشنببریى و رۆزنامەوانی و هونەرییەکان مەترسى گەورەى بۆ ئایندەى شارەکەمان دەبێت، بۆ لە شارەکانى تر هەر رۆژەو گۆڤارێک و رۆژنامەیەکى نوێ دەردەچێت کەچى ئێمە هیچمان نیە تا بەئازادى گەنجەکانمان نەفەسى تیابدەن، مانەوەى ئەمان رێگرە لەبەردەم گەشەى رۆسنبیریى و هونەریى، بۆیە لە باشترین باردا ئەم دەزگایانە بە خۆیاندا بچنەوە ئەگەرنا ئەمجارە کەس ئامادە نییە دەنگى خۆى بخاتە قوڕگى گورگەوە نەک شیرەوە، دواجار دەبێ ئەوەش وەبیر حیزب و لایەنە سیاسیەکانى شار بهێنینەوە، ئەوانەى ئێوە لەماوەى (٨) ساڵى رابوردوو وەک دەمسپى بوارى رۆشنبیریى و رۆژنامەوانى و هونەریى ئەژمارتان دەکردن و لەوان بەولاوە کەسى ترتان نەدەبینى، ئەمە باجەکەیەتى کە ئەوان تەنها بۆ بەرژەوەندى شەخسى خۆیان کاریان کردووە، بەشێکیان بەناوى رۆشنبیریى و رۆژنامەوانییەوە بازرگانى گەورەیان لێدەرچووە و کە ئیتر بە ئیوەش ناگیرێن، ئەم نمونانەى ئێوە پشتتان پێبەستن نەیانتوانى کارلەسەر یەکێک لە پرۆژە هەرە گەورەکان بکەن کە خزمەت بە دۆزى کەرکوک و کورد دەکات ، ئەوەش چاککردنەوەى پەیوەندى رۆشنبیریى نێوان کورد و تورکمانە، نە ئێمە ونە تورکمان ناتوانین بەبێ یەک بژین، دەبوو ئەوان بیرلەوە بکەنەوە چۆن بتوانن لە گەڵ رۆشنبیرە تورکمانەکان پرۆژەیەک پێشکەش بکەن بۆ خزمەتى کەرکوک کەرکوکیەکان، بەداخەوە ئەمان تەنانەت لەنێوان خۆشیاندا راستگۆ نەبوون، ئیتر چۆن لەبەرانبەر کەرکوک راستگۆ دەبن.
بۆیە لێرەوە ئەم پرۆژەیە دەخەمە بەردەم
ئیدارەى شارى کەرکوک ئەگەر بریارە بە وردى بیر لە داهاتووى کەرکوک
دەکەنەوە ئەوا پێویستە ئیتر بیر لە رابووردوو نەکەنەوە، بە عەقلییەتى
رابووردوو کار نەکەن، هەولبدەن پرۆژەى چەند رۆژنامەو گۆڤارێک بخەنە
بەردەم گەنجەکانى شار، لێگەڕێن گەنجەکانمان بە ئازادى بیروراى خۆیان
بخەنەڕوو، ئەگینا ئەندێشەیان بەنهێنى کارى خۆى دەکات و کەس ناتوانێت
ئەندێشەیان بکوژێت، ئەوانەى ئیش لەسەر کوشتنى ئەندێشەى مرۆڤ دەکەن
ئەوانەن دەیانەوەى شارەکەمان وێرانتر و وێنەى دۆزەخى پێببەخشن، ئەوانەى
دەیانەوى گەنجبوون لە کۆپیکردنەوەى عەقڵى ئێمەدا ببیننەوە، ئەوانەن
نایانەوى مرۆڤى ئێمە خاوەن شکۆ و قسەى خۆى بێت، ئەگەر بڕیارە گەنجى
ئێمە نەتوانێت گوومان لە دونیا و دەوروبەرى خۆى بکات، ئەوا قەت چاوەڕێ
مەکەن شارەکەمان تووشى کرانەوەى عەقڵ بێت، قەت چاوەڕێ مەکەن
گەنجەکانمان فێرى پرسیارکردن بن، لە هەر شوێنێک گومان و پرسیار نەبوو
ئەوا ئەو شوێنە وێرانەیە، ئەوانەى پێشتر بەناوى رۆشنبیریى و
رۆژنامەوانییەوە دەمسپى شار بوون ئەوانە بوون وەک ئەکتەرێکى کۆمیدى
خەڵکى هەزەلییان لە دەورى خۆیان کۆدەکردەوە و نوکتەى بێتامى بۆ
دەگوتنەوە، بە داخەوە ئەوانەى کەواتوونەتە دواى ئەم جۆرە مشەخۆرانە جگە
لە نوکتەیەکى بێتام هیچى تریان بۆ کەرکوک نەکردووە.
|