٥\٩\٢٠٢١
ئەرمینیا
پەرتووکێکی مێژوویی ترسناک.

سمکۆ محەمەد
ئەرمینیا بەوپێیەی ھەم خۆیان وەکو نەتەوە و ھەم وەکو ئاین کریستیانی
لەو ناوچەکە ناساندووە کە بەشی زۆری موسماڵنن، کەواتە ئاینی تاقانە و
نەتەوەی تاقانەن، بەپێی جوگرافیاکەی بێت، ٢٩,٧٤٣ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و
دەکاتە (١١,٤٨٤ میل چوارگۆشە، لەباکوری رۆژھەڵاتەوە بەرزایی ئەرمینیا
شاخی ئاراراتە، لەرووی مێژووییەوە بەشێکە لەئەرمینیا کە زۆرترین
شوێنەکانی وڵاتەکە گوندنشین و کشتوکاڵییە. دانیشتوانەکەی زیاتر لە١٠
ملیۆن کەس دەبن کە زۆربەیان ئەرمەنی و کریستیانین و ئەوانی تر ئێزیدی و
موسڵمانن، بەڵام کەم ئەزموونن و خەڵکەکەشی ھەژارن ھەم لەرووی ماددی و
ھەم لەرووی ھۆشیارییەوە، تەنھا شتێک ھاوکاری کردوون، ئەوەیە کە
کریستیانین و کریستیانیش کۆمەڵگەی کراوەن بۆ نێو خۆیان، ھەم پێشتر
لەنێو سیستمدا ژیاون کە سەر بەسۆڤیەتی کۆن بوون.
ئەرمینیا چوارچێوەی نەخشەی جوگرافیاکەی، دەکەوێتە سنووری تورکیا و
ئێران و ئازەربایجان کە زنجیرە چیای ئارارات پێکەوە دەیانبەستێتەوە،
لەخوارەوە دەکەوێتە سنووری جۆرجیا، لەساڵی ١٩١٨ دەوڵەت بووە، بەڵام
سەربەخۆ نەبووە بەھۆی ئەوەی سەر بەسیستمی یەکێتی سۆڤیەت بووە وەکو
زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای رۆژھەڵات.
سیستمی دەوڵەتەکە دیموکراتیە لەرووی سیستمی سیاسیەوە خۆی وانمایش
کردووە، بەڵام مامەڵەی سیاسی لەگەڵ کورد و ئێزی ئەو مانایەی نییە کە
دیموکراسیخواز بن، لەمێژووی خۆیدا سێ جار جەنگی سەپێنراوی بینیوە
بەسەریدا، ھەر سێ گێمەکەی بەردەوام بووە و بەرگەی جەنگی گرتووە، بەڵام
بەھۆی کەم ئەزموونی سیاسیەوە جەنگەکانی دۆڕاندووە، دووجار بەھۆی جەنگی
سۆڤیەت لەگەڵ ئیمبراتۆریەتی عوسمانلی جەنگی کردووە، جارێکیش بەھۆی
سەربەخۆیەوە لەدوای روخانی یەکێتی سۆیەت، لەکۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ جارێکی
تریش لەگەڵ ئازەربایجان شکستی خوارد، ئەم رووداوانە شۆکێکی بۆ
درووستکردون نەک لەدوژمنەکانیان، بگرە لەدۆست و گەشتیارەکانیشیان
ترساون و گومانیان لەھەموو پەیوەندییەک و کەسێکی بیانی ھەیە، ئەوان
لەدوای روخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە بوون بەدەوڵەتی سەربەخۆ، جوگرافیای
دەوڵەتەکە شاخاوییە و بریتییە لەپایتەختێک و سێ قەزا کە لەپارێزگا
بچووکترن و رووبەرەکانی تری شارۆچکە و گوندنشینن، سەرباری ئەوەی پشتیان
بەشاخەکان بەستووە، بەڵام ھێشتا ترسیان لەسەربەخۆبوونی خۆیان ھەیە
لەرووی سیاسی و ئابوریشەوە، ھێشتا لەو نەتەوانە دەترسن کە نزیکایەتیان
لەگەڵیان ھەیە و نەتەوەی کورد بەنموونە، بۆیە لەھەموو کایەکانی
ژیانیاندا، لەپەرتووکێکی مێژوویی ترسناک دەچن، نەدەخوێنرێتەوە، نە
ھەڵدەگیرێت، چونکە ژیانیان پڕکردووە لەکۆد و شفرەی سیاسی و کولتووری و
ئاینی و بەکەس ناکرێتەوە خۆیان نەبێت، واتە قسە و لێدوا نبۆ میدیا و
گەڕیدە ناکەن و بەناحەز لەقەڵەمیان دەدەن.
ترسناکی ئەم
پەرتووکە واتە پەرتووکی ئەرمینیا بەھەموو کایەکانییەوە، تەواوی
خەڵکی ئەرمینیای راھێناوە کە لەکۆنەوە بەنەتەوەی ھایک ھایستان بناسرێن،
واتە وەکو کورد خاوەن خاکێکی شاخاوی ترسناک بمێننەوە و ھەمیشە لەترسی
دوژمنەکانیان خاوەنی ماڵی خۆیان نەبن، ھەمیشە ئاوارە و لەدەستدانی ماڵ
و کەسوکاریان بن، بەڵام جیاوازی کورد لەگەڵ ئەرمینیا، ئەوەیە کە کورد
بەپێی ئەزموونیان ناترسن لەھیچ کەناڵێکی سیاسی دەرەوەی خۆیان.
کۆمەڵگەی ئەرمەنستان سەرباری ئەوەی کۆمپانیای ئامریکی زۆر تێیدا کار
دەکەن، بەڵام بەگشتی کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵین، ئەوان وەکو پێکھاتە بریتین
لەچەند بنەماڵە و ئاین و نەتەوەیەکی جیاواز، لەوانەش ئێزیدی و موسڵمان
و سریانی واتە مەسیحی کاسۆلۆکی ئەرمەنی وەکو نەتەوە، ترسی ئەم کۆمەڵگە
خاوەن دەوڵەتە، وەکو کیانی نەتەوەیی و سیاسی لە ناوچەی قەوقاز و باڵقان،
لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە مێژووی ئەوان بۆیە ترسناکە، ھەمیشە بریتی
بووە لەترس لە عوسمانلی کۆن و تورکی ئێستا، چونکە ھەمیشە لەبەردەم
جینۆسایددا بوونە، ھەروەکو ئەوەی مێژووەکەیان گەواھی ئەوە دەدات، بۆیە
لەکوردیش دەترسن چونکە لەمێژوودا سوارەی حەمیدی کە کورد بووە،
بەپاڵپشتی ئیمبراتۆریەتی عوسمانلی، بەشداری لە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان
کردووە، ئەمەش وایکردووە ئەوان ئەم مێژووە ترسناکەیان بیر نەچێتەوە و
ھەمیشە باسی بکەن و دان بەشوناسە نەتەوەیی و کولتووری و ئاینیەکەی
کورددا نانێن کە پەرستگای زەردەشتی لێیە و چیایای ئارارات و روباری
ئازادی لێێە، ئەوان پێیانوایە پەیوەندی کورد و تورکیا تائێستاش وەکو
پەیوەندیەکە کۆنەکەیە لەباشوری کوردستان، بۆیە واتێگەیشتوون کە کورد
مەترسیە بۆسەر ئەمنیەتی نەتەوەیی و ئاینی ئەوان، ھەر ئەم تێڕوانینەشە
وای کردووە ئێزیدیەکان ھان بدەن ھاشا لەشوناسی نەتەوەیی کورد بکەن و
ئێزیدیاتی بەئاین و نەتەوەی سەربەخۆ بزانن و پشت لەکورد بکەن، وەکو
ئەوەی لەسەردانیکردنی ئەرمەنستان ھەستی پێدەکرێت، بەڵام بەشێکی
ئێزیدیەکان ئەو تێڕوانینە رەتدەکەنەوە و بەتوندی بەرگری لەشوناسی
نەتەوەی کورد دەکەن و باسی مێژووی کۆنی کورد دەکەن لە ئەرمینیا، چ کورد
و چ ئێزیدیەکان لەژێر چاودێری چڕی ئەمنی حکومەتدا چالاکی دەکەن، بۆ
نموونە رێکخراوێکی کوردی ئەرمەنی ھەبوون لەیەریڤان و کوردەکانی باشوور
ھاوکاریان دەکردن، حکومەتی ئەرمینیا بەھۆی جەنگ و داڕمانی ئابورییەوە،
بەبیانوی جیاوازەوە رێکخراوەکەی خستۆتە ژێر چاودێرییەوە و چالاکی
بەرتەسک کردووە و ئەو دۆستایەتییە نەماوە.
کۆمەڵگەی داخراو.
مەرج نییە کۆمەڵگەی کراوە پێوەرەکەی تەنھا ئازادی ژن بێت و کولتووری
نەتەوەکەشی بڕوای بە تاک ھەبێت، بەڵکو مەرج ئەوەیە کە زۆرینە کۆمەڵگە،
کەمینە قەبوڵ بکات و توڕەبوونی مێژوو بەسەر ئێستا فەرز نەکات،
کریستیانەکانی ئەرمینیا بەھۆی توندڕەوی ئاینی مەسیحیەوە ھەموو دیاردە و
شتێک وەکو سیمبولی پیرۆزی ئاینی بەخاچەوە گرێدەدەن، لەزۆربەی
ئەدگارەکانی ناو شاری یەریڤان و دەرەوەی یەریڤانیش خاچ و کەنیسە
دەبینرێت، ئەم توندڕەوییە ئاینیە وای کردووە، زۆربەی ئەرمەنیەکان
بەوانەشەوە لەسوریاو تورکیا و لوبنان و عێڕاقەوە کۆچیان کردووە یان
چوونەتە ئەرمینیا و ئێستا نیشتەجێی ئەوێن، تاک رەھەندیانە تەماشای ژیان
بکەن و جگە لەخۆیان کەسی تر نابینن و ھەموو کولتوور و ئاینێکی تر بەدژی
خۆیان دەزانن، درووست لەکۆمەڵگەی موسڵمانی توندڕەوی رۆژھەڵات و وڵاتانی
عەرەب دەچن، چونکە وەکو عەرەب چۆن ھەمووشتێکیان بەئاین و مزگەوتەوە
گرێدراوە و ناتوانن ببنە کۆمەڵگەیەکی کراوە و خەڵک و کولتوور و نەتەوە
و ئاینی دیکە قەبوڵ بکەن، بەھەمان شێوە ئەرمەنیەکانیش ھەموو کایەکانی
پەروەردە و خوێندن و ژیانیان لەگەڵ ئاین و کەنیسە تێکەڵ کردووە،
تەنانەت لەو گروپ و کەمینانەش دەترسن کە لەگەڵیان دەژین، خۆیان
لەسەرووی ھەموو پێکھاتەکانی دیکەوە داناوە، ئەمە بەشێکی پەیوەندی
بەجەنگە یەک لەدوای یەکەکانەوە ھەیە، بەشەکەی دیکەی پەیوەندی بەعەقڵیەت
و داخراوی کۆمەڵگەکەوە ھەیە کە تەنھا لەفۆڕمدا کراوەن، لەجەوھەردا
داخراو.
ژیانی حیزبی.
چەند حیزب و رێکخراوێک لە ئەرمینیا ھەن مومارەسەی سیاسەت دەکەن بۆ
دەسەڵات وەرگرتنی سیاسەت و ئابوری و دیبلۆماسیەتی دەوڵەت، حیزبی کۆماری
نیشتیمانی کە لەسەردەمی سۆڤیەتەوە ھەبوونە و لەسەرەتای جیابوونەوەیان
لە سۆڤیەتی کۆن و سەربەخۆییان وەرگرتووە، تائێستشا ماون و زۆرینەی
کۆمەڵگەکە لایەنگریانن و دەنگیان پێدەدەن بۆ سەرکەوتن لەپارلەمان کە
تاساڵی ٢٠١٨ لەکۆی ١٠٥ کورسی، ٤٧ کورسی ھەبوو. بەھۆی ناڕەزایەتییەوە
لەلایەن حیزبەکانی ترەوە، بەناچار دەستیان لەپۆستی سەرۆک وەزیران
ھەڵگرت، تاکو ئێستاش ئۆپۆزسیۆنەکەیان کە بنکەی کۆمەڵایەتییان لەشارۆچکە
و گوندەکانن، ناڕەزایەتیان ھەیە لەحوکمڕانیکردنی ئەرمینیا، بەڵام بەھۆی
بەرتەسک کردنەوەی ئازادی رادەربڕین، زۆرجار چالاکە سیاسیەکان دەستگیر
دەکرێن.
ئەرمینیەکان لە ساڵی ١٩٩٠ وە خۆیان رێکخستۆتەوە و تائێستا حیزبی کۆماری
نیشتیمانی لەسەر حوکمن، ھەرچی حیزبی نوێبوونەوەی ئەرمینیا زۆربەی بنکە
کۆمەڵایەتیەکەیان لەو بنەماڵە و عەشیرەتانە پێکھاتوون کە سەر بەکەنیسەن
و پارێزگاری لە کولتووری کریستیانی کاسۆلیکە دەکەن، ئەوان پێگەیان
لەنێو بازرگان و خانەدان و چینی دەوڵەمەندە، حیزبی تاشناک واتە حیزبی
یەکێتی شۆڕشی ئەرمینیا و حیزبی کۆمۆنیستی ئەرمینیا، ھەموویان پێکەوە
لەساڵی ١٩٩٠ دامەزراون جگە لەحیزبی کۆمۆنیست، حیزبە راستڕەوەکان زیاتر
لەحیزبەکانی دیکە بڕوایان بەوە ھەیە ببنە دەوڵەتێکی سەرمایەداری
پێشکەوتوو، بۆیە تاکە جیاوازییان ئەو پنتەیە، دەنا لە کۆماریەکان
پارێزگارترن، ھەرئەمەشە وایکردووە کە زۆربەی خەڵکەکەیان لەدەرەوەی وڵات
دەژین و چاوەڕێن دۆخی سیاسی ئەرمینیا جێگیر بێت و بگەڕێنەوە، حیزبی
کۆمۆنیستی ئەرمەنی کە لەدوای ١٩٩١ جارێکی تر خۆیان رێکخستەوە و
لەپرۆسەی دەنگداندا بۆ پارلەمان، بەشێکی زۆری دەنگەکانیان ھێناو چوونە
پارلەمان، بەڵام دواتر بەھۆی جیاوازیانەوە لەگەڵ خۆیان و دەستێوەردانی
ئەرمەنیە توندڕەوەکان و ناشیرین کردنی کۆمۆنیستی لەنێو خەڵک، حیزبەکە
پارچە پارچە بوون و دابەشبوونە سەر حیزبی کۆماری و راستڕەوی ئەرمەنی و
پارێزگارەکان، ئەگەر بەچاوی سیاسی تەماشای سیاسەتی ئەو حیزبانە بکرێ،
پێکەوە لەیەک حیزب دەچن، چونکە یەک ئاراستەی فکریان ھەیە بۆ تێڕوانین
لەئەوانی تری سیاسی و یەک ئامانجی سیاسیان ھەیە، بۆیە ھەموو فکرێکی
ئۆپۆزسیۆنی رەتدەکەنەوە و لێی دەترسن.
ئەرمەنی لە دوورەوە.
راستە ئەرمەنییەکان بۆ ھەموو شتێک پشت بەتوانای خودی خۆیان دەبەستن و
لەھەموو سێکتەرەکانیش گرینگتر کشتوکاڵە لەلای ئەرمەنەکان، چونکە
زۆربەیان ئینسانی گوندی و کشتوکاڵین و تەنھا بەرھەمی کشتوکاڵی و
جوتیاری دەزانن، بەڵام جگە لەبەرھەمھێنانی بەرووبوومی کشتوکاڵی خۆیان،
وای کردووە توانای ئەوەیان نەبێت لەرێگەی سێکتەرێکی جیاوازترەوە بەرگری
لەخۆیان بکەن، بۆیە بەشێکی زۆریان کۆچیان کردووە بۆ ئەوروپای رۆژئاوا و
تەنانەت بە بانگەوازی دەوڵەتیش ناگەڕێنەوە ئەرمینیا، وەکو خۆیان دەڵێن
٣ ئەوەندەی دانیشتوانی ئێستای ئەرمینیا لەدەرەوەی وڵات دەژین، ئەم
دیاردەیە بەتایبەتی لەدوای جەنگیان لەگەڵ ئازەربایجان کە ئەرمینیا
شکستی خوارد، دیاردەکە ھەستی پێدەکرێت کە وەکو کورد چۆن ناوچە کێشە
لەسەرەکانی رادەستی عێڕاق کرد، ئەوانیش بەھۆی شارەزا نەبوون لە سیاسەت،
ناوچەیەکی بەرینی وەکو چیای ئارارات و ناگۆراو قەرەباخیان دابەدەستەوە،
بەمەش سەرچاوەیەکی زۆری ئابوریان لەدەستدا کە ھەم کشتوکاڵیە و ھەم
کیمیایی پیشەسازی.
کۆمەڵگەی تاک زمانی.
لەترسی لەناوچوونی زمانی خۆیان، بەناچار بەتاک زمانی ئەرمەنی قسە کردن،
ھەمان ئەو ترسەیە وەکو چۆن پێشتر کورد بەدرێژایی ٧٠ ساڵ کەڵک
لەزمانەکانی تر وەرنەگیرا و دەترسا لەزمانە زیندووەکانی تر، بەھەمان
شێوە ئەوانیش وابیر دەکەنەوە گوایە لەھەموو لایەکەوە ھێرشیان لەسەرە،
بۆیە زۆر بەدەگمەن دەبینی کەسێک زمانێکی تری دەرەوەی ئەرمەنی بزانێ و
تاک زمان نەبێت، تەنانەت تاکسی و دوکاندار و دامودەزگای حکومەتیش
بەتەواوی ئینگلیزی نازانن کە زمانی لێکتێگەیشتنی دونیایە، بەڕادەیەک
کایەکانی ژیانیان بەرتەسک کردۆتەوە کە خۆیان رێگرن لەپیشکەوتنی خۆیان،
ئەگەرچی ئاینەکەیان کە کریستیانیە و ئاینێکی کراوەیە، ھەروەھا پێشتر
سەر بەسیستمی کۆنی سۆڤیەت بوونە، بۆیە لەھەندێک بواردا سیستماتیکن،
ئەگەر ئەو دوو فەندە مێژوویی و سیاسیە نەبوایە کە ھاوکاری کردوون بۆ
بەمۆدێرن بوونیان، ئەوا وەکو نەتەوە و دەوڵەت فرسەخێکی زۆریان ماوە
بگەن بەکاروانی ژیانی نوێ.
پاشماوەی سۆڤیەت.
بۆ زۆر دیاردە ھەست بەمانەوەی سۆڤیەت دەکرێت، تائێستا لەرووی
تەلارسازییەوە جگە لەو دیمەنەی ناو سەنتەری پایتەخت کە یەریڤانە،
فۆڕمێکی کراوە و جوانە و لەدوای روخانی سۆڤیەتەوە لەلایەن ئامریکاوە
ھاوکاری کران، تەواوی شار و شوێنەکانی دەوروپشتی شار و شوێنە
نیشتەجێیەکان کە خەڵکێکی زۆری تێدا دەژی، ھەمان تەلاری سەردەمی سۆڤیەتن،
بۆیە زۆر پەریشانن و لەپاشماوەی جەنگێکی نوێ دەچێت و حکومەت نەیتوانیوە
دەستی پێبگات و نۆژەنی بکاتەوە، ئەگەر کەسێک بەراستەوخۆ سەردانی ئەو
شوێنانە بکات و ناوەڕساتی سەنتەری شار نەبینیێ، وادەزانێ ھێشتا جەنگی
جیھانی دووھەمە و سۆڤیەت ماوە، چونکە ئەوەندەی من بینیم شوقەکان زۆر
ماندوون و خەڵک لەدۆخێکی خراپدا دەژین، بەڵام ئاوو کارەبایان بەردەوامە،
لەھەمووشی جوانتر کە ئەوەیان کولتووری سەردەمی سۆڤیەتە، لەناوەراستی
ھەموو سەتتەرێک ئاو بۆ دوو شت دابین کراوە، یەکەم بۆ نافور و جوانکردنی
شار، دووھەم بۆ ئاو خواردنەوەی خەڵک تاکو خەرجی ئاوخواردنەوەیان لەسەر
نەمێنێ، ئەمەش وای کردووە کەس ئاو ناکڕێت لەناو شاردا کە دیاردەیەکی
زۆر شارستانیە، سەرباری ئەوەی وڵاتەکە کەشوھەوای خۆشە و داردرەختی ھەیە
لەچیاکان، لەناو شارەکانیش رووبەرێکی سەزایی باش دەبینرێت و گرینگی
بەژینگە دەدەن.
ترس لە میدیا.
لەکۆنەوە میدیای سەر بەحکومەت و رۆژنامەگەری لەیەریڤان ھەبووە، دەبوایە
تەواو لەئازادی بیروڕا تێبگەن و رێزی لێبگرن، بەڵام پێدەچێت لەو فەزا
نوێیە جیھانیە تێنەگەن کەمیدیا بەڕێوەی دەبات، چونکە من لەئەزموونی
خۆمدا لەو وڵاتە چەندین جار تووشی پۆلیس بووم کە رێگەیان نەدا کاری
میدیایی بکەم، بۆ نموونە ویستمان لەگەڵ کەسێکی ئەرمەن قسە بکەین
سەبارەت بە ژیان و کولتووری ئەرمەنی، پۆلیس خێرا گەیشتن و رێگریان
لێکردین و پرسیاری زۆر نالۆژیکیان دەکرد، تاکو ئەرمەنەکان تێیان
گەیاندن بابەتە لەبەرژەوەندی ئەرمینیایە، ئەمە جگە لەوەی ئەگەر
میدیاکار یان رۆژنامەوانێک سەردانی بەڕێوەبەرایەتی یان مۆزەخانە یان
ئەرشیفخانە و
پەرتووکخانەی گشتی بکات، دەبێ چەند رۆژێک خەریک بێت تاکو
مۆڵەت وەردەگرێت، چونکە دەترسن لەوەی زیانیان بەرکەوێت، ئەوان
بەڕادەیەک لەمیدیا دەترسن، وەکو ئەوەی بەشێک لەنەھامەتیەکانیان
سەرچاوەکەی میدیا بێت، بۆیە چ لەئاستی کۆمەڵایەتی و چ لەئاستی حکومەت،
زۆر بەترسەوە مامەڵە دەکەن، بۆ نموونە ئێمە سەردانی مەکتەبی رۆژنامەی
زاگرۆس مان کرد، لەوێ چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ بەرپرسی ئەو مەکتەبە کرد،
کەچی لەدوای ئێمە زۆر تەنگیان بە بەرپرسی مەکتەبەکە و کارمەندەکانی
ھەڵچنی بوو، ھەردوای گەڕانەوەم پەیوەندیان پێوەکردم کە حکومەت پرسیاری
کردووە، ئەوکارەمان بۆچی بوو؟. بۆچی وێنەمان گرتووە؟، ئەو فیلم و
دیکۆمێنتاری چاوپێکەوتنەمان بۆچی بووە؟، کەی و لەچ کەناڵێک
بڵاودەبێتەوە؟. ھەموو ئەم پرسیارانە مایەی ئەوەیە کە ئەوان لەمیدیا
دەترسن، لەکاتێکدا ئێمە ھەم شوناسی فیدراسیۆنی رۆژنامەوانی
نێودەوڵەتیمان پێبوو، ھەم فیزای دەوڵەتەکە و زانیاری تەواومان بەدەوڵەت
دابوو، ھەم لەبەرژەوەندی ئەوان کارەکەمان تەواو دەبوو، بەڵام بۆخۆیان
بەھۆکاری ترس لەمیدیا کارەکەیان پێچەوانە کردەوە و پرسیاریان
لەبەرامبەر خۆیان دانا.
سیستمی ھاتوچۆ.
جادەو بانیان تەنھا لەناو سەنتەری شار بەمۆدێر فراوان دەبینرێت،
ئەگەرنا لەجادەی دەرەوەی شار و ئۆتۆبانیان نییە. سیستمی ترافیکیان
لەگەڵ سیستمی ترافیکی ھەموو دونیا جیاوازە، بەشێوەیەک رەنگە بە
ئەندازەیەکی نمونەیی لەقەڵەم بدرێت، سەرباری ھەموو ئەمانە پۆلیسی
ھاتوچۆ زۆر بەکەمی ھەستی پێدەکرێت یان لەسەر شەقامەکان دەبینیرێت،
شۆفێری تاکسی لەھەموو دونیا شارەزاترین کەسن بۆ دۆزینەوەی ئەدرەس،
بەڵام ئەوان بەھۆی ئەوەی کەمترین شوێنیان ھەیە، ھەروەھا شۆفێرەکانیان
تازە لەگوندەوە ھاتوون بۆناو شار واتە شارنشین نین، دواتریش جگە
لەزمانی ئەرمەنی ھیچ زمانێک نازانن، بەدەگمەن نەبێ ئینگلیزی یان فارسی
بزانێ، ھەروەھا تاکسیەکانیان ھێما یان رەنگی تاکسیان نییە، ھەرکەس
بۆخۆی دەتوانێ بەئۆتۆمبێلەکەی خۆی کاری تاکسی بکات.
پەرستگای گارنین.
پەرستگای گارنین ئەو پەرستگایەیە بەمانای خوای رۆژ دێت و وەکو پاشماوەی
ئاینی وەسەنی تەماشا دەکرێت، پەرستگاکە بۆخۆی بریتیە لەشوێنی پەرستنی
زەردەشت پێغەمبەر و لەکاتی خۆیدا لەو ناوچەیە خەڵکەکە زەردەشتی بوونە و
ئەویان پەرستووە، دیارە ناوچەکە وەکو حوکمڕان پاشای ھەبووە، بۆیە
شوێنێکی دیکە لەتەنیشت پەرستگاکەوە ھەیە، ناوی گەرماوی پاشاکانە و
ئاسەوارەکانی ماون، لەرووی بیناسازیەوە پەرستگاکە باڵای زۆر بەرزە و
لەسەر ٢٠ ستوون راوەستاوە، قادرمەکانی زۆر رکن و بۆچوونە نێو پەرستاگە،
بۆیە ھەموو کەس ناتوانێ سەرکەوێت، تەنھا تەلارێکی بەجێماوی دیرۆکییە،
دەنا ھیچ شتێک لەنێو پەرستگاکەدا نییە و ژوورێکی چۆڵە، ئەویش بریتیە
لەکۆمەڵێک ستوون کە بن میچی پەرستگاکەیان راگرتووە، و لەخوارووی
پەرستگاکەوە دۆڵێک ھەیە، لەنێو ئەو دۆڵەدا روبارێک ھەیە ناوی ئازادییە،
بەم ناوەش دەردەکەوێت ناوچەکە ناوچەیەکی کوردی بێت، بۆیە ھەم
پێغەمبەرەکەی و ھەم ناوی روبارەکەش کوردییە، بەڵام ئەوان دان بەو
راستیەدا نانێن و بەخەیاڵی دەزانن و بەھیچ شێوەیەک باسی کورد ناکەن
لەرووی مێژووییەوە.
سیڤان.
سیڤان ناوی ناوچەیەکی گەشتیاری درووستکراوە، سیڤان واتە دێری رەش.
چونکە لەوێ دێرێکی زۆر کۆنی مەسیحی ھەیە لەسەر گردێکی بەرزە و
مێژووەکەی بۆ ١٣٠٠ میلادی دەگەڕێتەوە. سیڤان دەکەوێتە سەر شاری
غغارکونیک، دانیشتوانەکەی زیاتر لە ٢٥٠٠٠ کەس دەبن.
لەم شوێنە دەریاچەیەکی لێدرووستکراوە کە پشت بەباراناوو و بەفری زستان
دەبەستێت، ئەم دەریاچەیە بەدووھەمین گەورەترین دەریاچە دەژمێردرێت
لەسەر ئاستی ھەموو دونیا، رووبەرەکەی ١٩٠٠ م و پێشتر قوڵایی دەریاچەکە
٩٥ م بوو، ئێستا بەھۆی ئەوەی ئەرمینیا تووشی کەم ئاوی ھاتووە وەکو ھەر
ناوچەیەکی دیکەی ئاسیا، بەناچار ئاویان لەو دەریاچەیەوە راکێشاوە بۆ
یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا، بۆیە ئاستی قوڵی ئاوەکە دابەزیوە بۆ ٨٨م
ناوچەکە بەو ھۆیەوە بووە بەگەشتیاری چونکە ھەموو گەشتیارێک مەرجە ئەو
شوێنە ببینێت و لەوێ خواردنی دەستکردی خۆیان ھەیە دەیفرۆشن، زۆربەی
دوکاندار و ریستۆرانتەکانیان ژن بەڕێوەی دەبەن.
چوار رێیانی تەلەفریک.
لەشارۆچکەی دزاغکاتور شارۆچکەیەکی بچووک و فراوانە و چەند کۆمپانیایەکی
لێیە، بەڵام خەڵکەکە پشت بەکشتوکاڵ و ھێزی کاری جوتیاری و شارەزایی
خۆیان دەبەستن، بەچواردەوری ناوچەکەدا چەندین شاخی بەرز ھەن، شاخەکان
تا سنووری جۆرجیا و کازاخستان دیارن، لەوێ تەلەفریکێکی لێدرووست کراوە
کە ١٧٥٠ م لەسەر ئاستی دەریا بەرزە، بەگەورەترین تەلەفریکی دونیا حیساب
دەکرێـت، تەلەفریکەکە چوار رێگای ھەیە کە سەردەکەوێت بۆ سەر شاخەکان و
لەوێوە زۆرترین شوێنی ئەرمینیا دەبینرێت، ئەم شوێنە کاتی سەردەمکی
سۆڤیەت بەشوێنی گەمەی ئۆڵۆمپیاد ناسراوبوو، لێرە گەمەی خلیسکانی سەر
بەفری لێدەکرا، چونکە بەفرێکی زۆری لێدەبارێت، ساڵانە لەسەر دەمی
سۆڤیەت لەو شارۆچکەیە ئۆڵۆمپیاد دەکرا و براوەکان خەڵات دەکران،
ئاسەواری کۆنی پێوەدیارە، چونکە تائێستاش وێنەی چەند یاریزانێکی لێیە
بەگەورەیی وێنەکانیان ھەڵواسراوە، ئەوەی جێگەی تێبینییە کارمەندی ئەو
تەلەفریکانە ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ گەشتیار زۆر ناشارستانییە و وەکو پۆلیس
مامەڵە دەکەن، پێدەچێت ئەمەش پەروەردەی کۆنی سۆڤیەت بێت کاریگەری
بەسەریانەوە جێھێشتووە.
ئەدگارو ناوبانگ.
لەئەرمینیا و بەتایبەتی لە یەریڤانی پایتەخت، لەھەموو شەقامەکان پەیکەر
دەبینرێت، بۆ نموونە لەنزیک گۆڕەپانی کۆماری کە زۆربەی دامودەزگای
حکومەتی لێیە، پارکێک ھەیە، ٢ پەیکەر لێیە، پەیکەر کۆنترین شاعیر و
کۆنترین مۆزیکزانی ئەرمەن، بەناوەکانی (ھۆفھاتیس تۆمانیان ساڵی
١٨٦٨_١٩٢٣ ) و (الکسندەر سبنداریان کە ساڵی ١٨٧١-١٩٢١)
لەپارکێکی نزیک گۆڕەپانی کۆماری پەیکەری سیپان شاھۆمایان ھەیە کە
سایکۆلۆژیست و کۆمۆنیستێکی ئاکتیڤ بووە لەسەر دەمی سۆڤیەتی کۆن، ساڵی
١٨٧٨ لەدایک بووە، ساڵی ١٩١٨ مردووە کە ساڵێک بەسەر سەرکەوتنی شۆڕشی
ئۆکتوبەردا تێپەڕیوە، پایتەخت واتە یەریڤان لزۆربەی شوێنەکان ئەدگار و
پەیکەر و نسبی تیا درووستکراوە، ئەمە مانای ئەوەیە کە ئەوان شانازی
بەمێژووی خۆیانەوە دەکەن و لەسەرەتای نووسینەوەی جارێکی تری مێژووی
خۆیانن کە بەشی زۆری بەھۆی جەنگە لەناوچوونە.
رۆژنامەی رێیا تازە.
تاقانە رۆژنامەیە کە لەسەردەمی سۆڤیەتەوە بەردەوام و ناو بەناو دەرچووە،
ئێستا بەھۆی ئەوەی حکومەتی ئەرمینیا ھاوکاری رۆژنامەکە ناکەن، نە
لەرووی دارایی و نە لەروی لۆجستی، بەناچار ھەر چۆنێک بێت ناو بەناو
دەردەچێت بەرێنووسی لاتینی بەڵام بە شێوەزاری کرمانجی، رۆژنامەکە وەکو
مرازێ جەمال باسی کرد، چوند کەسێکی کەمن ھەوڵدەدەن نەوەستێت، ئەگەرنا
بەھۆی نەبوونی داراییەوە نووسەری ئەرمەنی و تەنانەت کوردەکانیش بۆی
نانووسن، ھەر ئەوەندەی حکومەتی ھەرێم ناو بەناو ھاوکاری داراییمان
دەکەن، ئەگەرنا تەنانەت بەھۆی نەبوونییەوە رێیا تازە نوسینگەشی نییە،
ئەوەتا لەماڵی مرازێ جەمال دەردەچێت، ئەمە جگە لەوەی ئاسان نییە
لەئەرمینیا دەستت بگات بەسەرچاوەی زانیاری بۆ بڵاوکردنەوەی ھەواڵ.
رادیۆی یەریڤان.
١٩٣٠رادیۆی یەریڤان کە رادیۆیەکی جڤاکی و حکومییە و لەسەردەمی
ستالینەوە درووستکراوە و ئەوکاتیش بۆ گەیاندنی ھەواڵی ھەمەلایەنی سیاسی
و ئابوری و کۆمەڵایەتی ناوچەکە دانراوە، چونکە سنووری تورکیا و ئێران و
عێراقە، لەکۆنەوە بەرنامەی خۆی پەخش کردووە و نەوەستاوە، گرینگترین
ھەواڵی جەنگ و ئابوری و سیاسەت و دامودەزگای حکومی و ئەدەب و کولتووری
لێ پەخشکراوە و تائێستاش ھەمان ستایلە، تاساڵی ١٩٣٧ کە ستالین لەسەر
حوکم بوو، بەرنامەی بەکوردی پەخش کردووە و پاشان ماوەیەک پەخشی کوردی
راوەستاوە، ١٩٥٥ دیسان بۆ ماوەی ٢ ساڵ کاری کردووە و ساڵی ١٩٧٠ خەلیل
مورادۆڤ سەرۆکایەتی کردووە، ساڵی ١٩٨١ کە بارزانی دەچێتە ئەرمینیا
لەگەڵ رادیۆکە و دەسەڵاتدارانی حکومەت گفتوگۆ دەکات و ئەنجومەنێکی
ھەمەلایەنی کوردی درووست دەکەن بۆ کێشەی کورد لەو ناوچەیە، پاشان
بارزانی دەچێتەوە بۆ مۆسکۆ لەوێ داوا دەکات ماوەی پەخشی رادیۆکە زیاد
بکرێت، ئەوەبووە کراوە بە سەعات و نیوێک، لەدوای روخانی سۆڤیەت سەیدا
ئەحمەد گوگێ و پاشان ساڵی ١٩٩٤ کەرەمێ سەییاد دەبێتە بەرپرسی بەشی
کوردی تاساڵی ٢٠١٦ کەرەمێ سەیاد کۆچی دوایی دەکات و ئێستا تیتالی کەرەم
کە کوڕی کەرەمە، بەرپرسی بەشی کوردییە و پەیوەندی باشی لەگەڵ کوردستانی
باشور واتە کوردستانی عێراق ھەیە، وەکو خۆی گوتی چەند جارێک ھاتۆتە
کوردستان سلێمانی و ھەولێر و دھۆک، کەسانی سیاسی و ئەدیبی کوردی باشور
دەناسێت.
بەپێی قسەی خۆی چەندین جار سەردانی کوردستانی کردووە و لەنزیکەوە
بەرپرسی حکومی و حیزبی بینیوە و بەشێکی ھەواڵەکانی ئەو رادیۆیەش لەسەر
دۆخی ئابوری و سیاسی کوردستانی عێراقە.
لەگەڵ بوونی ئەو پیاوانەی لە رادیۆکە کاریان کردووە، ژنان بێ بەش
نەبوونە لەکاری میدیایی، وەکو پەیامنێر و بێژەر ناویان لەمێژووی ئەو
رادیۆیە ھەیە کە ئێستاش دەچیتە نێو رادیۆکە، چەندین ژنی میدیاکار
دەبینی، بەڵام ئەو ژنانەی لەمێژوودا ناویان تۆمار کراوە، بریتین لە
گولیزار مانمێ و سیڤارا عەڤدۆکێ و نەزیف رشید، لەیلا ئەلیاس کە بێژەر
بوونە، سیما سیامەند و لوسیان موشێ و ٣ ژنی تر ناویان ھەیە.
سەبارەت بەوەی چۆن گرینگی بەئەدەب دەدەن، تیتاڵ گوتی ھەموو ئەو
شاعیرانەی لەمێژووی کۆندا شیعریان نووسیوە و
پەرتووکیان ھەیە، شیعرەکانیان
لە رادیۆ دەخوێنرێتەوە لەبەرنامەی ئەدەب و وێژە، ھەر لەئەحمەدی خانی
یەوە تادەگاتە شاعیری کوردی ئەرمنیا و شاعیرانی دیکەی پارچەکانی تر.
سەبارەت بەدەوری میدیاکاری کورد لەو جەنگانەی بەسەر ئەرمینیادا
سەپێنراوە، میدیاکاری کورد لەو جەنگانەدا نەبوون، چونکە رێگە نەدراوە
لەنزیکەوە زانیاری بەدەست بھێنین.
سەبارەت بەجیاوازی نەتەوەیی و ئێزیدی لەئەرمینیادا زۆر بەزەقی دەبینرێت،
تیتاڵ گوتی ئێمە ھەموو کوردین، بەڵام گروپێک لە ئێزیدییەکان ھەن دژی
کورد قسە دەکەن و زۆرجاریش مەراسیم و بۆنە ئاینی و نەتەوەییەکانی کورد
تێکدەدەن، ھۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە گوای لەکۆنەوە کوردەکان
بەشدار بوونە لە جینۆسایدی ئێزدیدی لەگەڵ عوسمانیەکان، لەمدواییەش کە
شەنگال کەوتە بەردەستی داعش، پێشمەرگە بەتاوان بار دەزانن، ئەگەرچی من
پێموایە ئەمە خراپ تێگەیشتنە و ھەقیقەتی نییە، بەڵام لەپشت ئەم لێدوان
و تێڕوانینە ھێزی دژە کورد ھەیە پاڵپشتی دەکات.
سەبارەت بەوەی لەو جەنگانەی لە ئەرمینیا و قەرەباخ روویاندا، چەند
رۆژنامەنووس و میدیاکار کورژران، تیتاڵ گوتی تا ئێستا ١ رۆژنامەنووس
کوژراوە، چەند کەسێکی تر بریندار بوونە.
سەبارەت بە بەدەستھێنانی زانیاری و ھەواڵ، تیتاڵ دەڵێ ئێمە لەرێگەی
حکومەتی ئەرمینیاوە زانیاری لەسەر دیاردەکان و سیاسەت و ئابوری لە
ئەرمینیا وەردەگرین، ئەویدیکەش لە سایتەکانی باشوری کوردستانەوە
وەردەگرین، لێرە زۆر زەحمەتە زانیاری بەدەست بھێنین، چونکە رادیۆکە سەر
بەدەسەڵاتی سیاسی حکومەتی ئەرمینیایە، کارمەندەکان لەژێر فەرمانی سیاسی
ئەرمینیا کار دەکەن و ناتوانن لەدەرەوەی ئەو چوارچێوەیە کار بکەن.
جەنگی بەردەوام.
لەکۆتایی زستانی ١٩٩٢ ھەموو رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان نەیانتوانی جەنگی
نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان راگرن، بەھاری ١٩٩٣ ئەرمینیا توانی ئەو
ناوچانە بە کاراباخیشەوە بگرێت کە دەکاتە ٩% ناوچەکە، ھەربۆیە زیاتر لە٢٣٠٠٠
ئاوارەی ئازەری و ٨٠٠٠٠ ئەرمەنی ئاوارە بوون، ئەوکات روسیا بەھاوکاری
لەگەڵ ئەوروپا کەوتنە نێوەنگیری و ساڵی ١٩٩٤ ئیمزا کرا،
لەکاتێکدا لەجەنگی دووھەمی جیھانی ساڵی ١٩٢٣ چەند جارێک کاراباخ و
ناگۆرا کەوتنە بەردەستی ئازەربایجان کە ئەوکاتیش ئیمبراتۆریەتی
عوسمانلی پشتگیری دەکردن، ساڵی ١٩٨٨ تاکو ١٩٩٤ کە ئەرمینیا ئەو
ناوچەیەی بەموڵکی خۆی دەزانی و لەگەڵ لیتوانیا و استونیا و لاتیڤیا
سەربەخۆییان وەرگرت، ئیدی خەڵک دەنگیان بەوەدا لەژێر سایەی دەوڵەتی
ئەرمینیا بمێننەوە، بۆیە زەویەکانی کاراباخ و ناگۆرا کەوتنە بەردەستی
ئیدارەی سیاسی و ئابوری حکومەتی ئەرمینیا، ئەوەبوو خەڵکی ئازەری و
ئەرمەنی تێکەڵ بوون و ھاوسەرگیریان کرد، بەڵام کێشەکە زۆری نەخایاند و
بەچارەسەر نەکراوی مایەوە و جارێکی تر، لەساڵی ٢٠٢٠ جەنگەکە وەکو کۆنە
قین سەریھەڵدایەوە و ئەمجارە ھەموو ھێزە نێودەوڵەتیەکان پشتیان
لەئەرمینیا کرد و بەبەرژەوەندی ئازەربایجان کۆتایی پێھات، ناوچکەی
کاراباخ و ناگۆرا کەوتنە ژێر کۆنتڕۆڵ ئازەربایجان، ئێمە وەکو تیم
ویستمان لەیەریڤانەوە بچین بۆ سنووری ئەرمەنستان و ئازەربایجان و
لەنزیکەوە ئاسەواری جەنگە و پاشماوەی ژیانی خەڵکی ناوچەکە ببینین،
چونکە جەنگەکە لەو ناوچە سنووریانە روویداوە، لەوێ چیرۆکی ھەستیار و
دڵتەزێن و ترسناک دەیبیستین، وەکو ئەوەی کەناڵە بەناوبانگەکان
لەسەردەمی خۆیدا دیکۆمێنتاریان لەسەر کردبوون، بەڵام بەداخەوە حکومەت
رێگەی نەدا و نەمانتوانی بچین و ھیچ زانیاریەکیشان پێنەداین، بەڵام
لەدوورەوە خەڵکمان بینی کە دانیشتوی گوندەکانی ئەو ناوچانە بوون.
ژنێک بەناوی ناشتا کوڕێکی وەکو جەنگاوەر لەبەرەی جەنگەکەیە و چیرۆکی
سەرھەڵدانەکەی بۆ گێڕاوەتەوە، زۆر خەمی ئەو ناوچانەی بوو کە
لەدەستدراون و یادەوەری لەگەڵ ھەبوون، گوتی ناوبەناو نەبێت کە دانوستان
یان ئاشتی بۆ ماوەیەکی کەم بەرقەراربووە لەنێوان ھەردوو دەوڵەت،
بەردەوام ئێمە ژیانمان لەنێو ژێرزەمین بووە و ھەمیشە بەکاتی ژیاوین،
چونکە ھەمیشە چاوەڕێی سەرھەڵدانەوەی جەنگ بووینە دژی ئەرمینیا، بۆیە
بەناچار بەشێوەیەکی کاتی ماڵ و حاڵ درووست دەکەین، بەشێکمان لەو
ناوچانە ماوین و بەشێکمان لەپایتەختین، منداڵەکانمان دەنێرین بۆ
یەریڤان تاکو بخوێنن و سەلامەت بن و دووربن لەبیستنی دەنگوباسی ناخۆش و
جەنگ و تەقە، بۆ خۆشمان پێگەیەکمان لەسنووری کاراباخە و حکومەت بەپێی
توانای خۆی چارەسەری خۆراک و دابین کردنی خێمە و پێداویستیەکانی دیکە
دەکات، چونکە زەویەکانمان سەرچاوەی ھەموو دارایی و ژیانمانە، ھەروەھا
یادەوەریمان ھەیە لەگەڵ ئەو شوێنانەی دەستیان بەسەردا گیراوە.
ماڵپهڕی سمکۆ
محەمەد
|