٢٤\١\٢٠١٣
عەشق
سیگار دەکێشێ.

شەهلا
ئەحمەد
عەشق بەدەم
پیاسەکردن لە شەقامى پەشمەکدا
بیر لە وێستگە خۆڵەمێشییەکانى مردن دەکاتەوە
مردن عاشقە بە ژیان
ژیان مردووە لە سەرزەمینى عەشقدا
ئەمشەو وڵات جەنجاڵە
پێنووسەکەم باسى نیشتیمانێکى بێوەژن دەکا
باڵندە و پاسارییەکان
تک تک دەڕژێنە رۆحمەوە
من دوا وتەى کاسترۆ و گیڤاراکانى تەمتومانم
تەمى ئێرە
بێچوە ورچەکانى گومان مەڵاس دەدا
تەمى ئێرە
کوشتنى تۆفانەکانى خۆشبەختیی گەرەکە
تەمى من
تەمى من
ئەمڕۆ دەچمەوە وڵات و سڵاو لە تووڕەیى گوڵ دەکەم
وڵاتەکەم نەزیف بووە و بارانى لەبەر دەڕوا
شار نەزیفە
دڕکەکان نەزیفن
کەروێشکەکان نەزیفن
شەهیدەکان نەزیفن
شار باسى گەڕانەوەى هەڵۆکان دەکا
من شەهیدێکم بینى باسى ژیانى دەکرد
شەهیدێکم بینیى دەگریا بۆ شەهیدبوونى نیشتمان
شەهیدێکم بینى
لەبەرخۆیەوە دەیگوت:
-
کچەکەم غەریبیت دەکەم.
shahlaahmad751@yahoo.com
|