٢٣\٢\٢٠١٠
عەشق
و خەیاڵی منداڵیی.
کەژاڵ ئیبراهیم
خدر
1
دەمەوێت دەرگایەک
بەڕووی
عەشقدا بکەمەوە
دووربێت لەشەپۆلی دەریا و
پەپوولەی باڵشکاوی خەیاڵ و
بووکەشووشەی دەستی منداڵێک
تاکوو کوچەی شەرمم دەشکێ.
2
کە گوڵێکی ژاکاو دەبینم
خەیاڵ دەمباتەوە باوەشی منداڵی
دەمەوێت باخچەیەک بڕازێنمەوە
عەشقی خۆمی تێدا ببینم
کەچی پەنجەرەیەک گومان دەکات
گوڵێک رازی نیە بەدڵم
نزرگەیەکیش نابینم
بێتە سەوازیی.
3
ژیان باغێکە میهرەبان
شیوەنی گوڵ، مەستی خەیاڵ
گەڵای وەریوو، گمەی کۆتر
خونچەی ئاشتی، قاقای منداڵ
هەموو ئەمانە پیردەبن
چاوەڕوانی قەدەرێکن بیربچنەوە.
4
کاتێکی بێدەنگی دەمکوژێ
ماڵێک نیە،رەونەقی بەهەشت بنوێنێ
کوچەیەک نیە تێکەڵ بەسێبەری دڵم ببێ
ناچار بەخونچەیەک باخچەو
پەرژینی خەمەوە
هەناسەی خۆم دەسپێرمە نێو
پەنجەی دەستی مۆسیقارێک و
رۆحی شەوانی تاریکی.
5
ژیان لێرە کێڵگەیەکە
مردوو بەزەنگێکی ترسناک
مردوو بەشەقامی بەجێماوی مرۆڤ
پرسیار کردنە لە تەمی کاڵبونەوەی ژیان و
سووتانی مەعبەدی عەشق و
دۆزەخ بەهەڵوەرینی گەڵای درەختی
وەریوو.
6
لەبەردەم پەنجەرەی عەشقدا
هێندە عاشق بووم بەتەمەن
فریشە خۆی حەشاردەدا
ئەستێرە لەکەشتیەکی دەریا دەچوو
ئەوەندە هێلانەم دروست کرد
باڵندەیەک پشووی نەدا
رۆژمێرێک شووشەی شکاند
کەچی تەلیسمی ئەو عەشقە
یاخی بووەو، مەرەکەبێک دەینوسێتەوە.
7
ئای عەشقی ئەبەدی
کۆشکێکی قەڵای تەنهایی
پڕی لەشکۆفەی خەم و
هەناسەی درەختێکی ماندوو
چەند بەختەوەری کاتێک
رەنگەکانت دەبنە لاولاو
تێکەڵ بەیەکتری دەبن
برین ناکەنە جەستەی یەکتر
رەنگ جوانی خۆی دەنوێنێ
کانی رەنگی پرتەقاڵی
دەگرێ و
شەویش دەبێتە بەفری سپی
هەتاو تیشکی خۆی دەردەخاو
ئومێد دەگەڕێتەوە بۆعەشق
بولبول بەنەشئە دەخوێنێ و
گوڵ قەرزی خۆی دەداتەوە
هەناسەی عشق پاکژدەبێ و
دەرگاو پەنجەرە دەکاتەوە.
sannet01@yahoo.com
|