١٨\١١\٢٠١٦
ئەشقیا.

نەژاد عەزیز
سورمێ
نیگایەکانت بە ڕەوتی نسکۆ
لەو ڕێگایانەدا پەرت بوون
فێڵیان لێکردین
بە داڵانە ھێمنەکانی ڕۆحدا تێپەڕین
بێ ئاوڕدانەوە...
بێ لا لێکردنەوە..
بێ ڕوانین
وێنەی گوللەیەک لە نیشانەدا سەردەکا
لە سێبەری لەزەتدا توانەوە...
نێچیرێکی ئاسان نەبووم
دڵێک بردمی،
بەڕەوتی نسکۆ، بەکامی لەتردان
بەھارێکی بۆیە کراو
پەڵە ھەورێک
لەچاوی منەوە ھەڵکشابوو...
سوپاس بۆ با..
سوپاس بۆ با..
سوپاس بۆ با،
نەیھێشت چاوم لە ئاسۆدا ببڕێ
سوپاس بۆ با
دەنگی بەو چرایانە بەخشی
لە ناخی (من) ی ناو (خۆم)دا
بانگیان دەدا:
جیھان فریشتەیەکە لە پەشم
لەو زەمەنە درێژترە
گوڵێکی تێدا دەپشکوێ..
لەو ڕووبەرە فراوانتر،
بە مەزاری بێ سنووری
زیندەخەونەکانمانەوە دیارە...
گوناە ، ئەشقیای خانەگەردان
بەسەر کەپکی بێئومێدی و لەخۆنووسان
گوناە،
ڕێبواری شەکەتی چاوغایەنی ھەڵوەدا
لە شەقامی کوژاوەو چۆلی
ئێوارە درەنگان...
ئەمجارەش با لە دیدارئاخری تۆی پاراستم
ئەمجارەش با،
لەو ھەورانەی شاردمەوە
لە بن پێیان کەوتبوون...
سوپاس بۆ با..
سوپاس بۆ با،
کە ھەمیشە ناھێڵێ
بازی کێوییان بگیرێ.
وەسیەتی ئەستێرەکان نەبوو
ڕۆژگار جێنووکی سپی
بەسیمای ماندوومان بەجێ ھێشت...
وەسیەتی ئەستێرەکان نەبوو
خۆر لە نیگای تۆدا
ترس و گومانی بۆ باراندین.
وەسیەتی ئەستێرەکان نەبوو ،
ڕێگاکان فێڵیان لە خەونەکانمان کرد..
وەسیەتی ئەستێرەکان نەبوو
ئەمە ڕەوتی باھۆزە ناوادەکانی
دۆزەخی زەمین بوو
لەگەڵ تەنیایی کزەبای سپێدە و
دڵە ھەلاھەلابووەکان جووت دەبوون...
کێڵگەکانی شەو
بە مۆمەکانی بەرپەنجەرە ڕووناک ببوونەوە
تێشکانێکی شۆخ بوو
لە سیلەی سۆزەوە
بڕوانیتە جوانی
ماندوو...
ھەناسەسوار...
لە باسکاندا ئاوا دەبێ...
گەمەیەکی بەسەبر بوو
بارانی مانگمان بە بریناندا دەکرد...
ئاگرمان لە قووڵایی ڕووباران کردەوە...
مەملەکەتێکی بێ شنە
بێ نوور بوو
ھەموو پیشەسازی و دەوڵەتی
چەند کارگەیەکی وەھم بوو
کە لە ڕاست و چەپ
بە ڕاست و چەپ
کاریان دەکرد..
تێشکانێکی شۆخ و گەمەیەکی بە سەبر
لە سیلەی سۆزەوە بڕوانیتە جوانی
بڕوانیتە گوناە
ئەشقیای خانەگەردان
ڕێبواری شەکەتی ھەڵوەدا...
تێشکانێکی شۆخ...
گەمەیەکی بە سەبر...
تێشکانێکی.....
گەمەیەکی.....
تشرینی یەکەمی ٢٠٠١
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|