په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٨\٢٠١٦

عەشق و بەرائەتی ئاو و بە کەرنەڤاڵکردنی (توموس).

هاشم سەڕاج      


(عەشق و بەرائەتی ئاو) نێونیشانی کۆمەڵە شیعرێکی (ناڵە حەسەن)ی شاعیرە و کۆی بیست و سێ دەقی بەخۆوە گرتووە و ساڵی (١٩٩٩) بە چاپ گەیاندراوە.

ئەم خێرا خوێندنەوەیە ، یارییەکی گشیگیری ئیستاتیکی نییە تا هەوڵ و کۆششێک بێت بۆ کردنەوەی فەزای دەقە شیعرییەکان و یا تێگریشتنێک بێت لە ڕێسای ماناکان و هەڵوەشاندنەوەی سیاق و بونیادی ڕستە و هزری زناک و کۆدەکان یان گەیشتن بێت بە مانا تەمتومانییە نهێنییەکانی مەدلوول ، بەڵکو هەوڵدانێکە بە ئامانجی دیاریکردنی هەندێ بنەما و چەمک و خەسڵەتی ئەو ڕستە شیعرییە مۆسیقا ئامێزانەی کە لە میانی بونیادی زمانێکی مرجازییەوە ( توموس ) دەدوێنن و هەوڵدەدەن ڕووە و زەماوەند و کەڕنەڤاڵی عیشق و ئەڤین و بەرائەت ڕابماڵرێت ، تا چەمکی ژیان کۆژیتۆی سەروەری ، بوونی خۆی لە بوارەکانی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریدا بدۆزێتەوە و شانازی بە بەهاکانی بەختەوەری بکات کە شایستەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە ، بەڵام کردەو ئاراستەی کەرنرڤالیکردنی (توموس) لە فەزای دەقەکانی بەرائەتی ئاودا ، ئەو کەڕنەڤاڵە باخوسییە نییە کە پڕیەتی لە چالاکی بازنەکانی سرووت و ئەشقی ئاگر و سەمای مەستانەی مریدە سەرشێتە دەمامکپۆشەکان ، کە لە ڕێگا ئیقاعی غەریزە و تێکشکاندنی خەسڵەتەکانی عەقڵ و عیشقی ئیرۆسییەتی جەستەوە (مانا) ڕووە و فەنابوون دەبەن و (توموس) دەبێتە بارستێک لە تلیاک و حەشیشی تژی لر خەندە نهێنییەکانی گیان و یادچوونەوە .. پێویستە ئەمە ڕوون بکەینەوە کر (توموس) (وشەیەکی گریکی نەژادە و واتای بنکەی هەڵچوون و گۆڕانکاری و ئارەزووەکان دەگەیەنێت ، هەروەها مەڵبەندی هەڵکردنی ژین و ڕۆح و دەروونی زیندەگییە.. بە تێگەیشتنی (فۆکۆیاما) ش توموس لەلای (ئەفلاتوون) هەمان مانای ڕۆحی زیندەگییە و مرۆڤیش خۆی لە خۆیدا تێکەڵەیەکی پێکهاتەییە لە ئارەزوو ، عەقڵ، توموس ڕۆحی ژیان و ویژدان) هەوڵی بە زەماوەند و ئاهەنگسازی کردنی (توموس) وەک دید و گۆشەنیگا لە زۆربەی دەقەکانی (عەشق و بەرائەتی ئاو)دا بە وردی بەدی دەکرێت کە کردەی بەرپاکردنی ئاراستەیەکی شیعرییە و بە سەقامگیرکردنی (زناکەکان) کە هەڵگری هزرەکانن زێتر لە کێشە و میحنەتەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی قووڵدەبنەوە و گوزارشت لەو مانایانە دەکەن کە پابەندن بە جۆرە بەختەوەرییەک لە خۆشگوزەرانی و دڵنیاکانی ڕۆحی مرۆڤ. لە هەمان کاتدا ئاراستەی پڕۆسەی دەقەکان دژی دێوەزمەکانی مەرگ و تاوان و ستەم و مەرگەساتەکان دەوەستێت... یا بە چەمکی (ئەریک فرۆم) هەوڵدانێکە بۆ ڕزگارکردن و دەربازکردنی خودی مرۆڤ لە خەسلەتەکانی (نیکرۆفیلیا) واتە مەرگپەرستی و ئالوودەبوون بە مەراقەکانی (ثاناتۆس). بەڵام تەقاندنەوەی، چرکە شیعرییەکان لە هەندێ دەقدا لە بازنەیەکی خۆپارێز و چارەسەرکاریدا دەخولێتەوە واتە (لیبیدۆ) بە چەمکی (گۆستاڤ یەنگ) دەرفەت بە خۆی نادات... یان (کۆژیتۆی شیعر) بەوپەڕی سەربەستییەوە گوزارشت لە حاڵەتە گشتگیرییەکانی (وزە دەروونییە گشتییەکان) بکات . یان لەزەتەکانی وڕێنە بنووسێتەوە.. هەر بۆیەش هەست دەکەین عیشقی ئیرۆسی لە چەند دەقێکدا پابەندی بەرهەمهێنانی مەعریفەی کۆمەڵایەتییە و مەدلوولی گشتی زۆر بە ئاسانی خۆی تەسلیمی خوێنەر دەکات.. کەچی هەندێ جار ئەم کەڕنەڤاڵیکردنەی ڕۆحی ژیانە لر کۆژیتۆی چەند دەقێکی جیاوزدا ڕستە و دەستەواژە شیعرییەکانی لە خەیاڵکاری نزیک دەکاتەوە و مۆرکەکانی عەقڵی سەقامگیربوو دووچاری جۆرێک لە هەڵچوون و لەرزین دەبێت و بە چۆرێک لەسەربەستیدان بە خود و دایساندنی هەستی ئیستاتیکی و ئیحساس و خۆ لە دەسەڵاتەکانی مەعریفەی کۆمرڵایەتی و ئایدیۆلۆژیا دەرباز دەکا و چونکە کۆژیتۆی دەقەکانی عیشق و بەرائەتی ئاو، هەندی جار ئاراستە توموسییەکان لە مۆرکێکی نائاگاییدا دەتەقێنێتەوە:

لەگەڵ گەمە بێدەنگییەکەی ساتە لاشعورییرکانم
کڕنووش بۆ باڵات دەبەم
ئاوێتەی حەزە ڤینۆسییەکانت دەبم / عەشق و بەرائەتی ئاو .. ل (٤٥)
ئەم ساتە قورمزییانە ڤینۆسییانە یادگاری تەمەنن تەمەن لە عەبەسیبوونی ڕووبارو عەشقە شێتانەکەی خۆم ختوکەی
پێکەنین بە لەشم دادێت / هەمان دەق .. ل (٤٧)

چونکە بێ ئاگایی لە ناوەوە جوڵە بەخشێکە و مۆنادە جوانەکانی شیعر دەدرەووێنێتەوە و زناکە ڕۆحانییەکان تژی دەکات بە مەدلوولی تایبەتمەند و مەحەبەتەکانی عەشق و پەیڤینەکانی دڵ و سۆزە ئاگرینەکانی سۆفیزم .. لەم جۆرە دەقە دانسقە و ناوازانەدا (مەبەستم هەندێ دەقی زیندووی سۆفیزمە) چاڵاکییەکانی ڕاڤەکردن هیچ جۆرە وەستانێکییان بۆ نییە ، مانا داخراوەکانیش بە تەلیسمەکانی عیشق و دڵ دەکرێنەوە یان ئەوکاتەی دەقی بەرائەت ڕووبەڕووی مەرگەساتە قەدەرییەکان دەبێتەوە:

لە بیرمایە لە یەکەم شەوی تەمەنم دا
مۆمم لە ناو لەپی دەستەکانی خۆم داگیرساند
ئەم شەویش بە شەڕابی فرمێسکەکانی ئەم مۆمە
خۆم مەست دەکەم و یەخەی قەدەر دەگرم / شەباهەنگی بەفر ل (٤)

پەیوەندی دالی / شەو / لە ڕێسای مانای دالەکانی / مۆم / و قەدەردا پەیوەندییەکی توند و تۆڵە و جۆرە ئامادەبوونێکی خۆی هەیە و بەڵام (بە تڕوانینی جیاوازگەرایی - دریدایی) دالی شەو یان هەر دالێک مانای لە جیاوازی دالێک بۆ دالێکەوە دێتە کایەوە .. هەر دالێک ماناکەی لە نێو تۆڕی پەیوەندییەکانی دەقدا لەگەڵ دالەکانی تردا دەستنیشان دەکرێت .. کەچی مانای هەردالێک لە هەر چرکە ساتێکدا بە شێوەیەکی کامڵ نییە ، چونکە مانا هەردەم غایبە لەگەڵ ئەوەی ئامادەگیبوونیشی هەیە ، بە هەمانشێوەش سەبارەت بە دالەکانی قەدەر و مۆم کە ئامادەبوویەکی غائیبین .. کۆژیتۆی عەشق و بەرائەتی ئاو لە هەڵڕشتنی گۆشەنیگای کەزڕنەڤاڵییە توموسییەکان بەردەوامە و هەردەم هەوڵدەدا گۆشە ئەنگوستە چاوەکانی وجوود ڕووناک بکاتەوە.

فریام کەوە ئەی عەشق
من بەدوای خەونەکانی (ئاو) دا دەگەڕێم
دەفریام کەوە فریا
با ژوورە تاریک و خامۆشەکان ڕووناک بکەینەوە ئەی عەشق
/ بەهەشتی سەراب ل (١٤)

یا توخمی ئاو لە مۆرک و خەسڵەتە کاولکارییەکانی ڕووت دەکرێتەوە و بە تاک ڕەهەندییەکی جەمالی و بەرائەتەوە دەدرەوشێتەوە .. پاشان دەبێتە گۆڕستانێکی ئاوینی تا هەتایە:

ئێی ساڤۆ گیان
بە هاوار و حەسرەتەوە بەرە و فەنابوونی ئەبەدی و
بەرەو خەوە شیرینەکانی ئەبەدی ڕۆیشتی / لە نێوان من و بەرائەتی ئاو .. ل (٧٤)

هێدی هێدی پێکهاتە ئەفلاتوونییەکانی تێکەڵەی عەقڵ، ئارەزوو و توموس لە قووڵایی کۆژیتۆی دەقدا کێشەکان لە دنیای شەختەبەندی عەقڵ دەرباز دەکەن و سەربەستیتر دەربڕینە شیعرییەکان لە گۆشەنیگای جیاواز جیاوازدا دادەڕێژن و گۆرانی بۆ چارەنووس و جوانی و دنیا نادیارەکان دەچڕن:

ماڵئاوا .. ئەی بزە ئەرخەوانییەکانی دەمە و ئێوارانی شیعر / ماچ ل (٢٥)
جوانن هەورە ئەسمەرییەکان و
شەختە شووشەییەکانی خۆکوشتن
بیر لە چی بکەینەوە / زەمەن سەکۆیەکە لە چاوەڕوانی / ملوانکە جاویدانییەکانی با ل (٦٧)

لێرە مەدلوولە خودییەکان لە مەدلوولە ئیحاییەکان جیا دەکرێنەوە.. یا وڕووژاندنی سرووتێکی نیمچە باخۆسی و بەرپاکردنی عیشقێکی کەڕنەڤاڵی و ئیرۆسی کردنی توموس..

دەڕووت ببنەوە ڕووت
با هەموومان
هەر هەموومان جلەکانی خۆمان بسووتێنین / ڕەهایی ل (٢٧)

با بەرە و ئەو هەڵچوونە سۆزاوییانەی کە بۆنی عیشق و جەستە شووشەییەکان بە جۆرێ سەرمەستمان دەکات و دالەکان بە لەنجەوە گوزارشت لە دەلالەی ئەڤینێکی کەیلی پەنهان و نهێنی دەکەن:

ئەگەر هەر لە وڵاتی مەرگ بمێنینەوە
بە فرمێسکی کام سەحەر دەمشۆی؟
ئەگەر لە گەمەی ڕەنگەکان تەواو بین
بە مەمکی کام وەرز ڕەنگڕێژم دەکەی؟
تۆ هاوژینت خۆشدەوێ و منیش ئەڤین
تۆ باسکە کوتراوەکانت خۆشدەوێ و
منیش مەچەک سپییە سورمەییەکان / گۆرانییەکانی بەیاتریس ل (٥٥)

ئەم بەهرە ئاڵ و نارنجییە بەو مامەڵەکردنەی دنیای تاقە وشە دانسقەکان و وزە شیعرییە جوان و ئاگرینەکان و بە گۆشەنیگای جیاواز جیاوازتر دوور نییە لە ئایندەیەکی نزیکدا سووچێکی تر لە ئەدەبی نۆژەنی کوردی ڕۆشن بکاتەوە.


١٦\١٢\١٩٩٩
ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ حه‌سه‌ن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک