ئەشوو(1)زەردەشت(zerdesht ).. چەند بۆچوون و شرۆڤە( زەند)ێک، لەسەر واتاو ماناى ناوى پەیامبەرى کورد (س.خ)!!و وردبوونەوەیەک.
ئا:بەختیار حەمەجان حەمە ''ب مام حەمید''
نوسین و قسەکردن و لێکۆڵینەوە لە سەر ئەم بابەتە(ناوى زەردەشت) کەمێک هەستیارەو پێویستە مەردوم بە وریایى و ئاگاداریەوە دەستى بۆ بداتە قەڵەم..لە سەر دین(2) و چەمک و زمان و زەمان(دەمان)ى پەیامبەر(3) زەردەشت زۆر نوسراوە(مەخابن زۆرینەى نوسین و لێکۆڵینەوەکان بە زمانى فارسین)! وە ڕوونکردنەوە و شرۆڤەش کەم تا زۆر بۆ ئەم مەسەلە کراوە،بەڵام ئەوەى جێى سەرنج و ڕامانە واتاى ناوى خودى زەردەشت خۆیەتى، کە هەر نوسەرەو لێکدانەوەیەکى بۆى هەیە، بێ سەوادو نەزانێکى وەکو من و نمونەى من، بە هەمان ئەو شرۆڤانە.کاڵفامانە ئیدیعاى مامۆستایى سەبارەت بە واتای ناوى ئەشوو زەردشت دەکەین و کەوتوینەتە گێژاوى تەبلیغگەرایى ئێمە ئەزانین نەک ئێوە،وە..!!بۆیە بە چاکم زانى هێندەى دەتوانم خزمەتێک بە پەیامبەرى خودا ئەشوو زەردەشت بکەم و لە بۆ چوونى چەند ژێدەرێکەوە کەمێک زانیارى(ئەوان نەک خۆم)پێشکەش بکەم،،
هەوڵێکى کەم بەڵام بە سوود،،!
من،"لێرەدا مەبەستم خۆهەڵکێشان نیە، بەڵکو ئەمە ئەرکى سەرشانمە"هێندەى توانیبێتم،هێندەى بوارم بۆ ڕەخسا بێت،ئەوەندەى گوێم بۆ گیرا بێت،.....هتد..ئەم وشانەم داوە بە گوێى خەڵکدا،،زەردەشت ئاگرپەرست نەبووە،(فیردەوسى لە شانامەدا فەرموویەتى"نگوئى کە ئاتش پرستان بوند،پرستندى پاک یزدان بوند،واتە. مەڵێن ئاگرپەرست بوون، ئەوان (زەردەشتییەکان) یەزدان(اللە)ى پاکیان پەرستووە!"،باسکردنى دینى زەدەشتى فڕو فێڵ و تەڵەکەو دەست نییە،،کفر نیە بە زەردەشت بوترێت پەیامبەر،ئاوێستا یان ئاڤێستا خورافیات و درۆ نیە،ئەوەتا ئیمام و خەلیفەى چوارەمى ئیسلام"ئیمام عەلى"ڕ.خ،فەرموویەتى(زەردەشتییەکان پەرتوکیان هەبوو،پێغەمبەریان بۆ ڕەوانە کرابوو!،، زەردەشت پەیامبەرى کوردە(4)،بە ناسینى زەردەشت لە ئیسلام دەرناچین بەڵکو ئەوە دیرۆکى نەتەوەییمانە،زەردەشت گەلێک پەرستگاى بنیاتنا بۆ تاقانەپەرستى خوداوەند!،زەردەشت یەکخوا پەرست بووە. ڤۆلتێر دەڵێت(زەردەشت لەمسەرى دنیاوە هاوار ئەکات بۆ ئەو سەرى دنیا یەک ئەزدان(اللە)ت خۆش بوێت)،، ئەمانەو زۆرى تر، هەندێ جار سەرزەنشت و بڕێ جاریش دەستخۆشیم لێ دەکەن، بەم قسانەم خوانەخواست مەبەستم دژایەتى دینى ئیسلام نیە چونکە من کوردێکى موسڵمانم،وەلێ ئەمە(مەسەلەى دینى کورد)بابەتێکى گرینگى مێژووییەو پێویستە هەموومان بیزانین و هەوڵ بۆ زانیارى بەدەستهێنان لە بارەیەوە بدەین،وە ئەبێت شانازى بە دیرۆکمانەوە بکەین،ئەوەتا میسر شانازى بە فیرعەونەکانەوە ئەکات،ئیتالیا شانازى بە ئیمپراتۆریەتى ڕۆمەوە ئەکات،فارسەکان ئیفتیخار بە کۆڕشەوە ئەکەن،..هتد.. خۆ ئەمانە هەموویان داگیرکارو مرۆکوژو خوێنڕێژو کاولکار بوون!!بەڵام ئەوە مێژووى ئەوانە،،زەردەشتى داماوى ئێمە کەسى نەکوشت بەڵکو کوشتیان(هەندێک یەژن بە ئاسایى مردووەو لە ئاترگەى ئازەرگشسپ نێژراوە)،داواى دەسەڵات و پارەو داگیرکارى نەکرد، وتەى چاک ، کردارى چاک،ئەندێشەى چاک ، دروشمى هەمیشەیى بوو!!!لە سەرەتای دروستبوونى جیهانەوە ئێستاش پێوە گەر ئەم سێ وتە جوانە پەیڕەو بکرێن هەموو مەردوم بە ئاسودەیى بێ گرفت ئەژین،،ئیتر بۆ کفرە زەردەشت کورد بێت؟بۆ شەرم بکەین لە دیرۆکى دینى زەردەشت؟بۆ پێمان شورەیى بێت لە ناو خەڵکدا راستیەکان بڵێین؟تا کەى ئەم پشت هەڵکردنە لە چەمکى دینى یەکخواناسى زەردەشتى؟؟دە بڕۆن بخوێننەوە بکۆڵنەوە لە زەردەشت و زەردەشتى ئەو کات مشتومڕ بکەن،،ئەوەتا مامۆستا کەریم زەند دیرۆکنڤیسى مەزنى کورد، زۆر بە خەیاڵ تەختى و دڵنیاییەوە ئەیەژێت(زەردەشت پەیامبەر بووەو ئاڤێستاش پەرتوکى ئاسمانیە(5)،)واتە ئاڤێستاى ئەشو زەردەشت وتەى خودایە و باوەڕپێنەهێنانى تاوانە،!!هەروەک باوەڕنەهێنانە بە"قورئان،ئینجیل،تەورات،زەبور،مەێحەف"،ئەمەش کوفرێکى گەورەیە،پەنا بە خودا،!!
ناوى ئەشوو "زەردەشت" لە چىیەوە هاتوە؟
لە بارەى ناوى زەردەشت(بە پێى پەرتوکى "ماریفەت"ى پیر "شالیار"ى زەردەشتى ناوى زەردەشت،سیمیار)ە وە زۆر وتراوەو نوسراوە، هەندێک لە دڵسۆزى و هەندێکیش بۆ دوژمنایەتى ئەو پەیامبەرەى خودا!، لێرەدا چەند ڕاو بۆچوونێک وە بەر چاوئە خەین و(ان شاءاللە) خوێنەر ڕاستترینیانى بۆ ڕوون ئەبێتەوە بە پێى بۆچوونەکان(6)،،
یەکەم ژێدەر پەرتوکى،وەرگێڕانێک لەسەر فەروەردین یەشتى ئاوێستا،نوسینى عیمادەدین دەوڵەت شاهى،لە سەر واتاى ناوى ئەشوو زەردەشت ئاوا ئەڵێت ناوى زەردەشت بەم جۆرەیە (زەرە تاو شەتەر ئائى لە زمان(شێوە زارى هۆرامى) ى هەورامیدا بەم جۆرە تەرجەمە کراوە(زەرە zara)واتا ئەى وەکو تیشکى زێڕینى هەتاو یان هەتاڤ،(تاو tav)واتە لێدانى تیشک،(شەتەرە zatara ڕەنگە shatara بێت)بە واتاى باران بارین دێت،(ئائى ai)واتە هاتوویى یان دێت،) هەر ئەم نوسەرە باسى ئەوەى کردوە کە وشەى (شەتەرە shtara) بە هەڵە لێکدراوەتەوەو کێشەى دروست کردوە چونکە خۆى، واتە وشەکە مانای "باران بارین"ە،وەلێ بە "وشتر" لێکدراوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆى ئەوەى هەندێک کەس واتاى ناوى ئەشوو زەردەشت، بە خاوەنى ووشترو ووشترى زەردو هتد..لێکبدەنەوە،،من واى بۆ دەچم ئەگەر ناوى ئەشوو زەردەشت لە (زەرەتاو شەتەر ئائی)وە هاتبێت قۆناغى گۆڕانى وشەکان بەم چەشنە بووە،("زەرە" بووە بە "زەر"،"تاو یان تاڤ" بووە بە "تو"،"شەتەرە" بووە بە "شتر"،"ئائى" بووە بە "ا"،کە سەرجەم گۆڕانەکە ئەبێتە"زەر+تو+شتر+ا،"زەرتوشترا zartushtra"و دواى ئەمەش بە قۆناغێکى دیکەدا گوزەرى کردووەو کەمێکى تر گۆڕاوە بەم جۆرە("زەر" وەک خۆى ماوەتەوە،"تو" بووە بە "تە"یان "دە" یان هەر وەک خۆى ماوەتەوە،"شتر"بووە بە "شت"،"ا"کەش لێکراوەتەوەو سەرەنجام کۆى ناوەکە بووە بە"زەر+دە+شت"زەردەشتzardesht"،،،
دووەم ژێدەر(سەرچاوە)پەرتوکى،کوردلە زەردەشتیەوە بۆ دینى ئیسلام،نوسینى سامان عوسمانە،ئەم پەرتوکە لە قەبارەدا گچکەیەو(52)لاپەڕیە،بەڵام لە ناوەڕۆکدا دنیایەک زانیارى و ڕوونکردنەوەى لە ژێر بەڕەوە خستوەتە سەر بەڕە(7)، سامان بە سوود وەرگرتن لە پەرتوکى (ئیسلام و کوردەوارى)ى موحەمەد ئەمین عبدالحکیم ،لەسەر واتاى ناوى زەردەشت ئەڵێت(زەردەشت،زەرادەشت،زەردەئەشتار،زەردەوشتر،زەردەئۆشتر،هەموو ئەم وشانە وشەى ڕەسەنى کوردین و زۆر جاریش لە مێژوودا بە واتاى تیشکى خۆر یاخود گرشەى ئەستێرە، ناوى هاتووە) ئەمەش ڕوونی ئەکاتەوە کە ئەشتەر،ئۆشتەر،ئاشتار واتە ئەستێرە نەک وشتر وەک هەندێک ئەیلێین!!!.
ژێدەرى سێهەم پیرەمێردێکى ڕۆژهەڵاتىیە بە ناوى مام هەیەر(8)،ئەو پیاوە نەتەوەپەروەرە بە ساڵاچووە، بەم جۆرە تاریفى ناوى ئەشوو زەردەشت ئەکات(ناوى زەردشت لە ئەێڵدا (زەرا+دوش)ە کە بە ماناى پۆڵالەکۆڵ یان زنجیر لە کۆڵ یان کۆڵ پۆڵادێت،چونکە زەردەشت ئاسنگەر بووە و لە ئاسن زنجیرى سازکردوەو وەکو قەڵغان لە کۆڵى ناوە!!!(زەرا یان زرا+دوش)"زەرا" واتە زنجیر و پۆڵا،"دوش" واتە کۆڵ یان پشت!)ئەم پیاوە مێژوونووس نیە و خوێندنیشى زۆر کەمە بەڵام دەڵێت،من لە باپیرانمەوە و ئەوانیش لە باپیرانیانەوە بەم چەشنە ماناى ناوەکەمان بیستووە،.!سەرچاوەى چوارەم، عبدالرحمان حسەین پورە کە پێى وایە(ناوى زەردەشت لە (زەرد ئوشترە(9))وە هاتوە کە زەردە ووشتر یان ووشترى زەڕى ئەکات،ئەو دەڵێت میلەتانى فارس و کورد و هتد..سەردەمانێکى زۆر ناوى چوار لە ئاژەڵانیان کردوەتە پاشگرى ناوى منداڵەکانیان ئەوانیش(ووشتر،گا،سەگ،ئەسپ)ن، بە خاترى ئەوەى ئەم گیاندارانە گەلێک موفید و بە سوودن، ئەوەتا باوکى زەردەشت ناوى(پوروش ئەسپ(10))ە و خانەدانەکەشیان ناوى (ئەسپى تاما)یە،نمونەى لەم جۆرە"پوروش ئەسپ و ئەسپى تاما"بەڵگەى ئەوە نیە کە "ئوشترە"ى ناوى ئەشوو زەردەشت واتەى"وشتر" بێت،ئەگەر وابێت ئێمە ئەپرسین"ئەشترە. ئەستێرە"لە "ئوشترە.حوشتر"وە،وەرگیراوە یان بە پێچەوانەوە؟،.ژێدەرى پێنجەم بۆچوونى (کتێوى ئاوێستا avesta)یە لە نوسینى جەلال ئەمین بەگە و بەم جۆرە ناوى زەردەشت(11) لێک ئەداتەوە(ناوى زەردەشت لە سەرچاوە کۆن و نۆێکاندا بە چەند شێوەیەک هاتووە لەوانە(زاردۆشت zardosht)(زار هۆشت zarhosht)(زار تۆشت zartosht)(زاراتۆشت zarahtosht)(زارى هۆتۆشت zari hotosht)،،وە لە ئاوێستادا بە (زەرەتە ئۆشترا zarata oshtra) هاتوە،کە زانایەکى یۆنانى بە ناوى(دینۆن) ئەم دوو ووشە(زەرەتە ئۆشترا)ى بە بە لاتینى شێواو زانیوەو واتاکەى بە (ئەستێرەى گەش)لێک ئەداتەوە.،)کە واتە ئۆشترا،ئاشترا،ئەشتەر،ئاسترا، ماناى (ئەستێرە) ئەبەخشن نەک،ووشتر یان حوشتر!،،ژێدەرى شەشەم، پەرتوکى(زەرتەشت) نوسینى عبداللە قەرەداغى(مەلا عەلى)، چەند ڕاوبۆچوونێکى کۆنى هێناوەو کورتەکەى ئەمەیە(ناوى زەردەشت واتە ئەستێرەى زێڕین،یان پڕ ئەستێرە، یان خاوەنى حوشترى زەرد، یان لێخوڕینى حوشترى ئازا، یان درەخشانى وەک زێڕ، یان خاوەنى زێڕ، یان دەموچاوى بە ڕووناکى خودا پرشنگدار، یان ستایشکەرى بەرز، یان ئازاردانى حوشتر، یان ڕێنیشاندەرى بەرز،و هتد..دیارە نوسەر بۆ هەر یەک لەم واتایانە ناوى واتاکارو کاتى لێکدانەوەکەى ئاماژە پێداوە،ئە و لە زمانى د.محەمەد جەوادەوە ئەشڵێت ناوى زەردەشت لە ئاوێستادا بە (زەرتوشرا) هاتووە، واتە خاوەنى ووشترى زەرد،..ئاخر ووشتر و شاخ و کۆ، کوجا مەرحەبا؟!!..سەرچاوەى حەوتەم، بۆچوونى. کتێبى مێژووى ئاینى زەردەشتە لە نووسینى عبداللە موبلغ ئابادانى،و وەرگێڕانى وریا قانع(12) ،ئەڵێت(ناوى خودى زەرتشت یا زوراستر یا زرتشتر،واتە خاوەنى ووشترى زەرد) لە جێگایەکى دیکەدا ئەڵێت(زوراستر )یان (زرتشتر) یانى خاوەنى ووشترى زەرد) لە شوێنێکى تردا ئەیەژێت( زەردەشت ناوى (زرواستر)ەو لە بناغەدا (زراتشتر)ە یانى خاوەنى ووشترى زەرد، یان ووشترى پیر)، مادام لە بناغەدا (زرواستر یان زراتشتر)ە من ئەپرسم (زرو+استر) یان(زر+اتشتر) (استر و اتشتر)ەکەى لە ئاسترا،ئەسترا،ئەستێرە،ەوە نزیکە یان لە ووشتر،حوشتر،ەوە ؟!..ژێدەرى هەشتەم، دوور لە سەرچاوەو ژێدەرى نووسراو، ئەمە ڕاو بۆچوونى خۆمە، من بەو زانیاریە کەمەى کە هەمە ئەیەژم ناوى ئەشوو زەردەشت،ناوێکى تەواو کوردیە و دوورە لە هەندێک لێکدانەوە،بۆ ئەم مەبەستە دوو بۆچوونم هەیە یەکەم زەردەشت لە (زەڕ+دەشت)ەوە هاتووە واتە ئاڵتونى دەشتى هەموو دنیا، پیاوێکى زەردەشتى، کە ناوى خۆى بە (عەباد نیکى) ناساند، ئەیووت بە سادەیى مەڵێ زەردەشت! بەڵکو بڵێ ئاڵتونى گێتى(جیهان)، ئاشوو زەردەشت،ئەو ئەیوت من زەردەشت بە تەڵا(ئاڵتون) ئەزانم،و خواپەرستى ڕاستەقینەو شوێنکەوتەى ئاشوومان زەردەشت بە زیو ئەزانم، کە واتە زەردەشتییەکان زەردەشت بە ئاڵتونى دنیا ناو ئەبەن و ئەناسن، ئەمەش کۆلکە بەبَگەیەکە بۆ بۆچوونەکەم!، بۆچوونى دووەم ناوى زەردەشت لە (زەڕ+دە+شت)ەوە هاتووە کە ئەکاتە زێرى 10 شت،هەمان ئەو پیاوە کە خەڵکى دەوروبەرى شارى سەقزى ڕۆژهەڵاتە، وتى باپیرم هەمیشە ئەیووت ژمارە (7 )ژمارەیەکى پیرۆزەو حەوت شتى جوانى هەڵگرتوە، وە زەردەشت خاوەنى (3) وتەى جوانە(13) ( بۆیە من ڕۆژانە (10 )جار سەناى خوداوەند ئەکەم کە زەردەشتى بۆ ناردین، (7+3=10)،وە ئەیووت پەیامبەرمان زەردەشت دواى(دە 10)ساڵ لە گۆشەگیرىی و تەنیایى ئینجا خەڵکى ئامۆژگار کردو ڕەسولییەتى خۆی ئیعلان کرد! ئەمەش بەڵگەى ئەوەیە کە زەردەشت لە (ئاڵتوونى 10 شت)ەوە هاتووە،.ئەگەر بووترێت ناوى ئەشوو زەردەشت لە ئاوێستادا بە (زەرەتە ئۆشترا zarata oshtra) هاتوەو،ووشەکان لەم دوو بۆچوونەوە گەلێک دوورە،خۆ ناوى پەیامبەرى ئیسلام(د.خ)یش،لە قورئاندا بە موحەمەد هاتوەو کەچى زۆر خەڵک بە (مەمەد،موهەمەد،حەمە،مەهەمەد،پێغەمبەر،حەزرەت، جگە لەو هەموو ناوە عەرەبیەى کە هەیەتى(14) ) ناوى ئەبەن.
من ناڵێم بۆچوونەکەم راستە(خودا عەلیم) ڕەنگە بە کەنارى دەریاى هەڵەش قایل نەبێت ئەوەندە لاوازو بێ مانا بێت،بەڵام ئەمە ڕاوبۆچوون و زەندى منە!..ڕاو بۆچوون و ژێدەرى نۆیەم، پەرتوکى"مێژووى رەگ و رەچەڵەکى کورد"ە لە نووسینى سەرکردە ئیحسان نورى پاشا،لە سەر واتاى ناوى ئەشوو زەردەشت ئەڵێت(ناوى ئەێلى زەردەشت هەرچییەک بووبێت،پێمان گوتووە(زرتوش،راسپى تمە) کە بە ماناى (زەردەشتى سپى نەژاد(15))بووە.ئەم ووشانە کە زمانى زەردەشت بووە،یانى زمانى ماد بووە لەگەڵ(کوردى) ئەمڕۆدا جیاوازی یەکیان نى یە..(زەر بە مادى،زەر بە کوردى نوێ،تش بە مادى،تیش یان تیژ بە کوردى نوێ،را بە مادى، را یان رۆ بە کوردى نوێ،سپى بە مادى، سپى بە کوردى نوێ،تمە بە مادى، تم یان تیم بە کوردى نوێ،..بەم جۆرەى مامۆستا ئیحسان بێت ناوى ئەشوو زەردەشت ئەکاتە(زەڕ+تیژzar +tizg ،،زەڕتیژ zartizg،(16)) ..سەرچاوەى دەیەم مامۆستا موحەمەد ڕەسوڵ هاوارى ڕەحمەتى یە،لە کتێبى، کوردو باکورى کوردستان،دا کە لە پەرتوکى(ئاڤێستا_نامەى مەینەڤى ئاینى زەردەشت)ى ئەنداز حوێزى،ى وەرگرتووە بەم جۆرە ئەیەژێت(زەردەشت نێوى خۆى لە"گاتا"کانى ئاڤێستادا بە (zarethushtra زاراتوشترا)ناو بردوە)، دیارە بە پێى ئەم بۆچوونە و بە گوێرەى تێپەڕبوونى کات و دەمان ئەم دوو ووشە گۆڕانیان بە سەردا هاتووە،و سەرەنجام بووە بە زەرتەشت یان زەردەشت!بەم قۆناغ و جۆرە (زارات+ئۆشتراzarat+oshtra ،زارات+وشتراzarat+ushtr ،زارت+شتراzart+shtra ،زارت+شترzart+shtr ،زەرت+شترzart+shtr ،زەرت+شتzart+sht ،زەرتەشتzartasht ،لە کۆتاییدا پیتى،ت، بووە بە ،د،و ناوەکەش بووە،زەردەشت (zardasht(17)،..ژێدەرى یازدەیەم، نامیلکەى (پەرتوکچکەى) ،ژوانى یەسنا،ى م.جەلیل عەباسى،یە و بەم چەشنە لە سەر واتاى ناوى ئەشوو زەردەشت، ئەدوێت،(ناوى ئەشوو زەردەشت (زەرەنت ئاسترا zarant astra )یە کە پێکهاتووە لە دوو ووشەى ڕەسەنى کوردى:زەرەنت، واتە زەرد،و ئاسترا، واتە ئەستێرە،سەرجەم ناوەکەش واتە(ئەستێرەى ورشەدارو ڕووناک) هەم وشەکان و هەم ناوەکەش دواتر گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و سوکتر کراون:زەرەنت بوەتە زەرەت و زەرەد و زەرد،و ئاسترا بۆتە ئەستارە،هەستارە،هەسارە،ئەستێرە،و ناوەکەش سەرجەم کورتکراوەتەوەو بووەتە(زەردەشت zerdesht )کە وەک گوتم بە واتاى ئەستێرەى ڕووناک دێت،لێرەدا زەرد بە واتاى ڕووناک،ورشەدار وەرگیراوە وەک:خۆرى زەرد،هەتاوى زەرد واتە خۆرى ڕووناک ،گڵۆپى زەرد واتە گڵۆپى ڕووناک،ئەستێرەى زەرد واتە ئەستێرەى ڕووناک)،مامۆستا جەلیل،هەریەک لە وشەگەلى (زەرەت ئوشترا/زەرتوشترە)بۆ سەرچاوەى ناوى زەردەشت، بە هەڵە ئەزانێت و لێکدانەوەو شرۆڤەکەشى هەر بە هەڵە ئەزانێت ،وەک هەندێک کە واتاى ناوى زەردەشت ئەبەنەوە بۆ(خاوەنى ووشترى زۆر، یان خاوەى ووشترى زەرد)، بە داخەوە!(18)،زۆر کەس بە لێکدانەوەگەلى هەڵیت و پەڵیت و بێ بنەما بۆ ناوى (ئەشوو زەردەشت) بڕوایان کردوەو لە گێژاودا ئەژین،چونکە خۆیان ئامادە نین لێکۆلینەوە لەو بوارەدا بکەن و بگەنە واتاى ڕاست ودروستى ناوەکە،کەچى باس لە هەر مەسەلەیەک بکرێت "مامۆستاى زانکۆى ئۆکسفۆرد"یان پێناگات! ئەمەش نەخۆشییەکى کوشندەى مێژوویییە و ئەبێت هەوڵ بۆ چارەسەرى بدەین......
مێژوو خۆى دێتە"گۆ"و ڕاستیەکان ئەیەژێت!!!
پێویستە ئێمەى کورد، بەو پێیەى کە میلەتێکى خاوەن دیرۆکین،بەر لە هەر شتێک ڕێز لە مێژوو و ڕابووردومان بگرین و بۆ نە وەکانى داهاتووى ڕوون بکەینەوە،و خۆمان لێکۆڵینەوەو بە دواداچوونمان هەبێت نەک پەنا ببەین بۆ سەرچاوەگەلى عەرەبى و فارسى و تورکى و بیانى ئیتر ئەوانیش(خۆیان و خواى خۆیان) کە چى ئەنوسن و چى ئەڵێن؟ بۆ مێژووى ئەم میلەتە خاوەن ئاڵتون وخاوەن خاکى پیرۆزە(19)..ڕەنگە هێندێک کەس بپرسن،ئێمە چ پێویستمان بە زەردەشت و دینى زەردەشتە؟مەسەلەى دینى زەردەشتى و واتاى ناوى زەردەشت و کوردایەتى زەردەشت چ کێشەیەک بۆ ئێمە چارە دەکات؟،منیش هەوەڵ ئەپرسم، ئەى بێ ئاگایى و نەزانىمان لە ئەشوو زەردەشت و دینە جوانەکەى چ کێشەیەک چارە دەکات؟ئەى نەبوونى زانیاریمان لەسەر هەموو بابەتە زەردەشتییەکان ئەبێتە هۆی ئاسودەگى و ڕزگارى و خۆشگوزەرانیمان؟ بێ گومان نەخێر!،ئەمە جگە لەوەى کە ئەم دینە یەکخواناسە،دادگەرە،چاکسازە، لە سەردەمى خۆیداو دواتریش کاریگەرى ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆى هەبووە لەسەر ،ویژدان،ڕاستگۆیى،دادخوازى،جوانکارى،داوێنپاکى،یاساپەروەرى،ئاکارخاسى،خاکدۆست و هتد... زۆرێک لە خەڵکى ئەو کاتەو بووەتە هۆیى خۆشگوزەرانى و ئاسودەیى مرۆڤەکان،لە کوردستان و ئێران و پاکستان و فرە دەڤەرى دیکە،دەى دەپرسم .ئایا یاساکانى لێکۆلینەوەو لێووردبوونەوەو خۆسەرقاڵکردن بە بابەتێکەوە(هەر بابەتێکى گرینگ و جێگەى باس بێت)،ئەم چەمکانە"دادخوازى و .هتد.. "ئەگرێتەوە یان نا؟بێ گومان "بەڵێ،ئەرێ،ئا،"،چونکە ئەمانە بنەماو بنچینەى ژیانى ئاسودەن،ئیتر بۆ ڕەوا نیە ئێمەى کورد لێکۆڵینەوە بکەین لەسەر"ئەشوو زەردەشت و دینە پاکەکەى؟"بۆ ئەبێت لە مێژوو و چەمک و واتاى ئەم دینە شارەزا نەبین؟دەى کە وایە با پشت لە فەلسەفەو زانست و وەرزش و پزیشکایەتى و هونەرو نوسین و هتد...بکەین، خۆ ئەوانیش هەر "هاوکوف و هاوتا و هاوڕێ"ى مێژوون و سەرەنجام خۆیان لە مێژوودا ئەبیننەوە، ئەى کۆلینەوە لە دینى زەردەشت ، هەڵدانەوەى لاپەڕە نهێنییەکانى مێژووى کورد(تەواوى مرۆڤایەتى)و خستنە سەر بەڕەى شارستانییەتى ئەم میلەتە نیە؟؟،تۆ"ئێوە" دەڵێن، نا ئەمە وا نیە،،منیش"ئێمە"ش دەڵێین با ئەمە وایە،و نەک مێژووى کورد بەڵکو مێژووى تەواوى ئینسان پێویستى زانیاریە لە سەر"ئەشوو زەردەشت و دینەکە"ى،ئەم (نا و با)ى من وتۆ بەردەم دەبێت تا (مێژوو خۆی دێتە" گۆ")و ڕاستیە حاشاهەڵنەگرەکان نیشانى ئێمەو ئێوە دەدات،ئەو کاتە و ئێستا کوجا مەرحەبا؟؟..... _________________________________________ پەراوێزەکان(پترگۆیى): 1-ئەشوو یان ئاشوو واتە پیرۆز.ڕابەر.پەیامبەر.مرۆڤى پاک، 2-دین لە ڕاستیدا وشەیەکى ڕەسەنى کوردیە نەک عەرەبى،لە ئاڤێستادا بە(دەیینا) هاتووەو گۆڕانى بەسەردا هاتووە،وشەیەکى کۆنەو کورد پێش عەرەب بە کارى بردوە،نمونە.بەهدینان،شەمدینان،دینەوەر یان دین ئاوەر،دین ناوى ڕۆژى 25ەمى مانگ،فەروەردین ناوى مانگى ئەوەڵى 12 مانگە،دۆعاى چرکرت دینک،پەرتوکى دینکورد یان دینکورت... 3-یەکتاپەرستیىو پەیامبەرێتى زەردەشت سەلمێندراوەو نکۆڵى لێناکرێت،چونکە ئەو خەڵکى وشیارکردەوە لە پەرستنى دووخوایى و دارو بەردو بت و ئاگرو ئاوو مانگ و ئەستێرەو پێغەمبەران و..هتد،وە وە فەرمووى تەنها ئاهورامەزدا(اللە)شیاوى پەرستش بۆ کردنە!(بەڵام بە داخەوە لە کتێبى مێژووى ئاینەکانى د.کەیوان ئازاد دا،جەنابى(دختۆر)هەڵەى فەرمووە،و دینى زەردەشتى بە هۆى(ئاهورامەزدا"خودا" و ئەهریمەن"شەیتان")ەوە، بە دوانە پەرست ناو بردوە، ئەمە لە کاتێکدا لە ئیسلامیشدا هەمان ئەم دوانە، هەیە و ماناى دوانەپەرستیش نیە، ئەوەتا (اللە) هەیەو (شەیتان)نیش هەیە وئیسلام دینێکى یەکتاپەرستییشە!!، ئەمە لە هەموو دینە ئاسمانییەکاندا بوونى هەیە و هەمیشە وەکو چاکەو خراپە لەگەڵ دینەکاندا هاتووە، ئەگەر کوردێک دینى زەردەشتى بە دوانە پەرست ناو ببات،ئەى ئەبێت تورک و عەرەب چى بڵێن؟،ئەبێت دوژمنەکانمان بڵێن چى؟سەد ڕەحمەت لە کفن دز!)، ئەم تەوەرە باسى بابەتەکەى ئێمە نیە، ئەگەرنا مشتێکمان لە خەرمانى بەڵگەکان بەدیار ئەخست،بێ شک خۆم نا! بەڵکو ژێدەرە مێژووییەکان،ئەتوانن بەدواداچوون بکەن بۆ ئەوەى ڕاستییەکان ببیننەوە!... 4-دیارە گومان لەوەدا نیە کە ئیبراهیم(ئەپرام) یش (س.خ)پەیامبەرى کوردەو خەڵکى کوردستانە(بڕوانە مێژووى برسکە، سمکۆ ئەپرام)،تەنانەت سامى عەلى(ئارام)لە کتێبەکەیدا، ئەیەژێت.(کوردستان یەکەمین خاکى پەیامبەرانە و لە کوردستانیش مەلائیکەتەکان کڕنوشیان بۆ ئادەم(س.خ) بردوە!!) پاشان ئیبراهیم(س.خ) باوکى زۆرینەى پەیامبەرانە بە پەیامبەرى ئیسلامیشەوە(س.خ)،هەر بۆیە پێغەمبەر موحەمەد(س.خ) بە باوکى پەیامبەران ناوى بردوەو بە شانازییشەوە ئەفەرمووێت من نەوەى ئیسماعیلى کوڕى ئیبراهیمم!!بەڵام پەیامبەرئیبراهیم (س.خ) پەیامەکەى لە کوردستان بڵاونەکردوەتەوە بەڵکو چووە بۆ ئیسرائیل و سعودیەو میێرى ئێستا،و کوردستانى بە فەرمانى خودا جێهێشتووە! وەلێ زەردەشت(س.خ) پەیامەکەى لە کوردستان و ئێراندا بڵاوکردوەتەوە، شوێنکەوتەى بۆ دینى خودا وە دەست خستوە،هەر بۆیە ئێمە پتر باسى ئەشوو زەردەشت ئەکەین... 5-بەڕێز مامۆستا کەریم زەند لە دیمانەیەکدا لە ژمارە12 ى نیسانى 2009ى گۆڤارى(چاو)دا ئەم قسەیەى کرد و هۆرامى(هەورامى)یەکانیشى بە پاشماوەىئەشو زەردەشت ناساند،،قانعى شاعیریش لە سەر (ئاوێستاavesta) ئەفەرمووێت(کتێبى زەردەشت کە ئەوێستایە..وەک باقى کتێب خەڵاتى خوایە!،ئاوێستا بە (ئاڤێستا،اوستاغ،ئەپستاک،اوستا،ئافستا،ئابستاق،ئاوێستاگ،ئافیستاک،ناو براوە،بە پێى سەرچاوەکان بە زمانى (ماکیین)ى نوسراوەتەوە کە هۆزێکى میدیی(کورد)ەکان بوون،بە پێى زۆر لە ڕاوبۆچوونى زمانناسان، زمانى کوردى ئێستا میراتگرى زمانى کۆنى(ماد)ەکانە، کەواتە ئاڤێستاى پبرۆز بە زمانى شیرینى کوردى نوسراوەتەوە ... 6- زۆر بە داخەوە گەلێک بە ناو پەرتوکە مێژووییە کوردیەکاندا گەڕام کەم تا زۆر لە سەر دینى زەردەشتیى یان نوسیوە بەڵام لەسەر ماناى ناوەکەى زۆر کەمەو لە پەنجەکانى دەست دەرناچن،ئەوەشى هەیە کۆک و تەبا نیە! لە کاتێکدا سەدان ڕۆمان و چیرۆک و بابەت و مێژووى بیانى وەرگێڕدراون و بە دەست خوێنەرانەوە شنە شن ئەکەن!!!!... 7- پەندێکى کوردیە،بۆ دیارخستنى هەموو نهێنیەک بە کار ئەبرێت،پێشینانى کورد فەرموویانە... 8-مام هەیەر(حەیدەر) خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەڤەرى کرماشان(کەرەم شان)ە و تەمەنى نزیکەى 112 بۆ 113 ساڵە و لە کۆمارى کوردستاندا بەشدارى کردوە... 9-مەحاڵە حوشتر یان ووشتر بتوانێت لەم دەڤەر (ئێران و کوردستان)ە کوێستان و ساردو شاخاوییەدا بژى تا حەیوانێکى موفیدو خۆشەویست بێت تا ئەو جێگەیەى ناوەکەى بکرێتە پاشگرى ناو نەوەکان!!... 10-بە پێى سەرچاوەى کتێوى(پەیامى هەورامان)ى هادى بەهمەنى، دارى بنەماڵەیى(الشجرە)ى -14- پشتى ئەشوو زەردەشت بەم جۆرەیە ( زەردەشت کوڕى پوروش ئەسپ-پایتیر ئەسپ-ئوروگە ئەسپ-چخش نوس-پیتەر ئەسپ-ئەرجەزەرشن-هەردار-سپتاما –ڤیداشت-نیازیین-ئیرچ-دۆراسرۆپ-مەنوچەر)... 11-یۆنانیەکان بە زەردەشت ئەلێن(زورو ئاسترس)،ڕۆمىیەکان پێى ئەڵێن(زورو ئاستر)، ئەوروپىیە کان پێى ئەڵێن(زورو ئاست)،عەرەبەکان بە (زرتشت)ناوى ئەبەن،لاى فارس،زارهشت،زارتشت،زرادشت،زارهوشت،زرتهشت،زرەدست،زرەهشت،ە... 12-مامۆستا وریا قانع، کەسایەتیەکى دیارو دڵسۆزى بوارى نوسینگەریى کوردستانەو هەوڵ و تەقەلاکانى(سپڵەییە) لە بیر بکرێن، بەڵام مەخابن لەسەر وەرگێڕانى ناوى ئەشوو زەردەشت لەم کتێوەدا، هیچ ڕوونکردنەوەیەکى نەداوە سەبارەت بە ووشەى (استر)ى ناوەکە، کە ووشتر نیەو ئاستێرەیە! ئەمەش بە پێى زۆرینەى لێکدانەوەکان نەک قسەى من!... 13-خاوەنى سێ وتەى جوان مەبەست لە (ڤوهومانا ئەندێشەى چاک،ڤوهوڤدرشتا ڕەوشتى چاک،ڤوهوختا وتەى چاک)ە... 14-لێرەدا مەبەستم ئەوەیە کە ئەگەر ناوى پەیامبەران لە (قورئان،تەورات،زەبوور،مەێحەف،ئینجیل،ئاڤێستا)دا بە جۆرێک هاتبێت زۆر ئاساییە بە جۆرێکى تر ناوى ببەیت بۆ نمونە(عیسا،ئیسا،مەسیح، یان هەر کاتێک ئەوترێت پێغەمبەر دەست بەجێ خەڵک بە موحەمەد(د.خ)تێدەگەن چونکە بووە بە ناوى دووەمى، ئەمە لە کاتێکدا ئیبراهیم،نوح،موسا،عیسا..هتد(س.خ)وەکو موحەمەد پێغەمبەرن، ! ئیتر بۆ نابێت ناوى ئەشوو زەردەشت، لە ئاڤێستادا بە (زەرەتە ئۆشترا zarata oshtra) هاتبێت و شوێنکەوتوانى پێیبێژن(زەڕ دەشت zar dasht)!؟؟... 15-نوسەر لێرەدا بە هیچ جۆرێک باسى ماناى ووشەکانى ناوى ئەشوو زەردەشتى نەکردوە،بەڵام دواتر ئەڵێت لە زمانى (ئاوێستاavesta)دا بە سەرۆکى پیاوانى ئایینى(دینى)گوتراوە(زرتشترمە،زەرتەشت+رمە)ئەمە تاڕادەیەک بەرچاو ڕوونى یە... 16-هۆکارى بە کارهێنانى ڕێنووسى ئینگلیزى لە جیاتى ڕێنووسى لاتینى لە ناوەکان و ووشەکاندا ئەگەڕێتەوە بۆ خودى سەرچاوەکان چونکە لەواندا ناوەکان بە رێنووسى ئینگلیزى نووسراون نەک بە لاتینى،بۆ نمونە(zaratushtra بە ئینگلیزى،کە ئەبوایە بە zeretustra بە لاتینى،بنوسرایە)ناچارم منیش هەر ڕێنووسە ئینگلیزى یەکە بە کار بهێنم!... 17-ئەمە بۆچوونى خۆمە کە پێم وایە ئەم ناوە ئەگەر لە سەرەتاوە(زارائۆشترا) بوو بێت، بەم جۆرە گۆراوە و کۆمەڵێک قۆناغى بڕیوەو دواجار بووە بە زەردەشت! ڕەنگە بۆچوونەکەم هەڵەش بێت بەڵام من واى بۆ ئەچم!... 18-بۆیە ئەڵێم بە داخەوە،چونکە ئێستاش نووسەرمان هەیە،یەک وشەى سەرچاوەیەکى غەیرە کوردى ناگۆڕێتەوە بە تەواوى لاپەڕەکانى (ئاڤێستا)،و بە ئازاى و شارەزاییشى ئەزانێت کە لە زمانى دوژمنانى کوردەوە ئەشوو زەردەشت بە کافرو ئاگرپەرست و دوانە پەرست! ناو ببات،(پەنا بە خوا،کوفرتر لەوە چى یە،و کافر تر لەوە کێ یە ؟ کە سوکایەتى بە پێغەمبەرێک(زەردەشت)ى خواى گەورە بکرێت و بکات؟... 19- لە کاتى ڕوودانى لافاوە گەورەکەى زەمانى پەیامبەر نوح(س.خ)،ئەو پەیامبەرە خۆشەویستە داواى لە خواى مەزن کرد کە کەشتییەکەى لە پیرۆزترین زەوى سەر ڕووى زەمین بوەستێنێتەوە! خواى گەورەش پیرۆزترین خاک(کوردستان Kurdistan )ى بۆ کردە وێستگە،و لە ڕۆژى"نەورۆز،نوک ڕوچ"دا لە سەر کێوى "جودى،گودى،گوتى" کەشتییەکەى ڕاگرتەوە،قورئانى پیرۆز شاهیدى ئەم ڕاستییەیە،خواى مەزن دوژمنانى ئەم میلەتەى بۆ هەتا هەتایە نابینا کرد!کێ ئەتوانێت بڵێت ئەم ئیختیارەى خواى گەورە هەڵەیە؟ (کەتەمە)کێ و بە(چەهیە)چى هەقێک لە خواى گەورە باشتر ئەزانێت کە پیرۆزترین خاک کوێ یە؟چ بێشەرمێکە لە پێناوى دژایەتى میلەتى کورددا، هەڵبژاردنى کوردستان بە پیرۆزترین خاک و جێگا،لە لایەن خواى گە ورەوە،ڕەت ئەکاتەوە؟،.. ____________________________ سەرچاوەکان: 1-گاتا،سروودە پیرۆزەکانى زەردەشت،تەرگومان و دروێنەکردنى،بابان سەقزى،ژ سپاردن(737)ى ساڵى 2006ى وەزارەتى ڕۆشنبیریى پێدراوە،لە بڵاوکراوەکانى بەڕێوەبەرێتى چاپ و بڵاوکردنەوەى سلێمانى،زنجیرە(448)،.. 2-ژوانى یەسنا،هەنگاوێک بۆ دۆزینەوەى بەشێک لە جوگرافیاى ونبووى ئاڤێستا،نوسین و شرۆڤەکارى جەلیل عەباسى،بەشى1،ژ سپاردن(1098)ى ساڵى 2008ى ب گ کتێبخانە گشتیەکان/هەلێر،.. 3-وەرگێڕانێک لەسەر فەروەردین یەشتى ئاوێستا،زەردەشتى کورد،نوسینى عیمادەدین دەوڵەت شاهى،وەرگێڕانى حەمە ێدیق میرزا،ژ سپاردن(927)ى 2005،لە بڵاوکراوەکانى دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم،چ1 ساڵى 2005،کوردستان.سلێمانى،.. 4-سانسکریتى سەرچاوەیەکى دێرینى زمانى کوردى،وەرگێڕان و زیادکردن و لێکدانەوەى لە گەڵ ئاڤێستاو پەهلەوى و زاراوەکانى کوردیى ئەمڕۆدا.حەکیم مەلا ێاڵح،ژ سپاردن(35)ى 2008،لە بڵاوکراوەکانى دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم،چ 1 ساڵى 2008،کوردستان.سلێمانى،.. 5-مێژووى ڕەگ و ڕەچەڵەکى کورد،نوسینى ئیحسان نورى پاشا،وەرگێڕانى لە فارسیەوە. حەمە کەریم عارف،ژ سپاردن (58)ى 1998،چ1 ساڵى 1998،چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە،.. 6-ئاوێستا، نوسینى، جەلال ئەمین بەگ،چ یەک 1999،ژ سپاردن(168)ى ساڵى(1999)،.. زەرتەشت،نوسینى، عبداللە قەرەداغى(مەلا عەلى)،چ دووەم 2007،ژ سپاردن(316)ى 2007،چاپخانە تیشک،.. 7-کورد لە زەردەشتییەوە بۆ ئاینى ئیسلام،نوسینى،سامان عوسمان،چ یەک 2005،ژ سپاردن(197)ى 2005ى وەزارەتى ڕۆشنبیرى پبَدراوە،چاپخانە وەزارەتى ڕۆشنبیرى،.. 8-گۆڤارى چاو،ژمارە 12،ى نیسانى 2009،ل 19بۆ21،دیمانەى مامۆستا کەریم زەندى دیرۆک نووس،سازدانى دەشتى عەلى،.. 9-مێژووى ئاینى زەردەشت،نوسینى عبداللە موبلغ ئابادانى،وەرگێڕانى وریا قانع،ژ سپاردن (412)ى ساڵى 2002،لە بڵاوکراوەکانى دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم،زنجیرە(189)ى 2003،.. 10-ئاین و زمان و ڕچەڵەکى کورد،نوسینى حشمەتووللا تەبیبى،وەرگێرانى رەفعەت مورادى،ژ سپاردن(1367)ى ساڵى 2008ى وەزارەتى ڕۆشنبیرى،سلێمانى 2008،چاپخانەى کارۆ،لە بڵاوکراوەکانى بەڕێوەبەرێتى چاپ و بڵاوکردنەوەى سلێمانى زنجیرە(593)،.. 11- کوردو باکورى کوردستان،ن محمەد ڕەسوڵ هاوار،بەرگ1،چ2،ژ سپاردن(409)ى 2006 ى، و ڕۆشنبیرى،.. 12-فریادڕەس لە نێوان مەهدى و عیسادا،نوسینى سامى عەلى عەزیز(ئارام)،ژ سپاردن(2604)ى 24-12-2008،چ یەکەم ساڵى 2009،چاپخانەى ڕوون،.. 13-مێژووى بروسکە(مێژووى کوردستان)،نوسینى ئیسماعیل ئەیوبى"سمکۆ ئەپرام"،نۆرەى چاپ یەکەم زستانى 1382ک.ه،پوشپەڕى 2700ک،بڵاوکار تابش فەرهەنگ،تاران،.. 14-مێژووى ئایینەکان،نوسینى د.کەیوان ئازاد ئەنوەر،بەرگ یەکەم،چاپ یەکەم،ژ سپاردن(1179)ى 2009،ى وەزارەتى ڕۆشنبیرى حکومەتى هەرێمى کوردستانى پێدراوە،چاپخانە چوارچرا.سلێمانى،.. 15-سایتى(جودى نیوزjudinews )،پێگەیەکى ئاینى گشتى یە، بەشى مێژووى دینى زەردەشتى،نووسینى د.ئەحمەد میراودەلى،30-7-2008، 16-گۆڤارى کاروان،ژمارە(45)ى حوزەیرانى(1986)،بابەتى،جێناوى پرسیار لە زمانى کوردیدا،نوسینى د.ئەڕەحمان حاجى مارف،ل( 15-21)،.. 17-ئەوێستا،نامەى مینەوى زەردەشت،مەتنى جەلیل دوستخواه،لە ڕاپۆرتى ئێران ناس ئیبراهیم پورداوود،ژ سپاردن(243)ى 2002ى دراوەتێ لە هەولێر،لە بڵاوکراوەکانى دەزگاى ئاراس.ژ (142)،چ یەکەم، چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە،هەولێر 2002،.. 18-گۆڤارى گیرفان،ژمارە(13)ى نیسانى 2009،بابەتى.زمانى کوردى و زاراوەکانى،نوسینى د.ئومێد بەرزان برزو،ل(52-64)،.. 19-گۆڤارى مێرگ،ژمارە(47)ى نیسان 2009،بابەتى.کەعبەى زەردەشت،ئامادەکردنى.پ.سەردەشت،ل(66-68)..، 20-هاونەتەوەیى قەومى کورد و ماد،نوسینى حەبیبوڵڵاى تابانى،وەرگێڕانى جەلیل گادانى،بەرگ دووەم،ژ سپاردن(253)ى وەزارەتى ڕۆشنبیرى پێ دراوە،لە بڵاوکراوەکانى خانەى وەرگێڕان،چاپ.چاپخانەى تیشک..،
islam_kurdistan@yahoo.com Kurdistan_bmh@yahoo.com
|