٨\٩\٢٠١٦ ئەسپی دۆڕاو.
محەمەد بەرزی
سەرباری ئەو زیانە زۆرەش ، کەچی هێشتا وانەمان لەو شکستە گەورەیە وەرنەگرتووە ، ئەوەتا پارتی هیواکانی خۆی بە ملی ئەردوگاندا هەڵواسیوە و یەکێتیش بە مەلا توندڕەوکانی ئێراندا ، کە هەردوو لایان هاودەنگن لە قڕکردنی کورددا . بێگومان هۆکاری شکستی سیاسەتی کورد دەگەڕێتەوە بۆ سەرکردایەتی کورد ، کە شارەزای بواری سیاسەت نەبوون ، ئەمانە یان سەر بە بنەماڵە بوون ، یان کەسانی شێخ و مەلا بوون و لە هونەری سیاسەتیان نەزانیوە ، ئەوەندەی بە تەنگ دەسەڵات و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانەوە بوون ئەوەندە بە تەنگ بەرژەوەندی وڵات و نەتەوەکەیانەوە نەبوون و ڕێگایان بە کەسانی شارەزاش نەداوە بێنە پێشەوە ، خۆ ئەگەر کەسانی سیاسیشیان لە خۆیان کۆ کردبێتەوە ، ئەوا یان گویێ یان لێنەگرتوون ، یان ( وەک نۆکەرەکانی ئەمڕۆ ) بۆ بەرژەوەندی و مانەوەی خۆیان بوونەتە بەشێک لەو دەسەڵاتە شکستخواردووە .بەڵگەشمان ئەوەیە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کە هەلێکی لەبار و گونجاوی بێ وێنە چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوە بۆ کورد ڕەخساوە و هەناوی نەیارەکانمان پڕە لە کێشە و دەرد و ئاژاوە ، کەچی لە جیاتی ئەوەی بیر لە خەونە گەورەکان بکەنەوە ، ئەوەتا ئەو بنەماڵەیەی حەفتا ساڵە سەرکردایەتی پارتی دەکات بە گوللە تۆپیش دەست لە کورسی هەڵناگرێ و هەرێمەکەمان بەهۆی هەرا و بەڵای کورسییەوە خەریکە وێران دەبێ. بێگومان وەنەبێ بنەماڵەی تالەبانی لە پارتی باشتر بووبێت ، ئەمانیش چل ساڵە بە حساب رابەرایەتی پارتێکی پێشکەوتووخواز دەکەن ، کەچی ئەوەبوو تالەبانی لە جیاتی ئەوەی لەو قۆناغە گرنگەدا دەوری کارای خۆی لە ناو هەرێمدا بگێڕێت و لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا دەست بخەنە ناو دەست و شەو بخەنە سەر ڕۆژ و تاقە هیوایان ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگا و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری و دەستەبەرکردنیبنەماکانی دامەزراندنی دەوڵەت بێت ، کەچی هەموو هێز و توانای خۆی و حیزبەکەی بەکارهێنا بۆ گەیشتن بەکورسی سەرۆک کۆمار . ئەنجامەکەشی ئەوەبوو پارتی کرد بە کەڵەگا و ناوماڵی کوردی پڕکرد لە کێشە و باڵێکی گەورەش لە حیزبەکەی جیا بۆوە و نەشیتوانی تەنها نیو قولانج لە خاکی داگیرگراومان بۆ بگەڕێنێتەوە ، ئەو پۆستەش جگە لە خزمەتی خۆی و بنەماڵەکەی هیچ دەسکەوتێکی بۆ کورد نەبوو.ئاخر ئەمە کەی سیاسەتە ، بۆ کورسییەک وڵاتی خۆمان فەرامۆش بکەین و بچین بە دەستی خۆمان وڵاتێکی پڕ لە ئاشوب و ئاژاوەی وەک عیراق دامەزرێنینەوە ، کە یەکەم گورزی دوای رێکخستنەوەشی بەر سەری کورد دەکەوێت . خۆ کاتیکیش نەخۆشی لە ساحەکەی دووردەخاتەوە ، بە هەمان شێوەی بنەماڵەی بارزانی و بەبێ ئەوەی توانا و شارەزایی و ئەزموون لەبەرچاوبگرن کوڕەکەی لەسەر کورسی دادەنێن ، وەک ئەوەی ئەو کورسییە تەنها بۆ خۆیان قۆرخکرا بێت و لە ناو کورددا کەسانی شارەزا و شایستە قاتبووبێت.
ئەمانە نیشانەن ، کە ئامانجی سەرەکیی ئەو
بنەماڵانە کورسی دەسەڵاتە و هەتا ئێستاش جگە لە نەهامەتی ، هیچ
یادگارێکی جوانیان لەسەر کورسییەکانیان بۆ بەجێ نەهێشتووین ... سەرباری
ئەمانەش سەرکردایەتی کورد سیاسەتی شارراوەی نەبووە و ئەوەی لە دڵیدا
بووە لەسەر زمانیشی بووە ، ئەوەتا سەری خۆیان پێ دەرمان ناکرێ و
ناتوانن نان و کار و ئارامی دەستەبەر بکەن ، کەچی ڕۆژی سەدان جار باسی
دامەزراندنی دەوڵەت دەکەن ، کە پێویستە ئەم ئامانجە ، ئامانجێکی
شارراوەبێت و لە کاتوساتی خۆیدا بانگی بۆ بدەن و توانای
جێبەجێکردنیشیان هەبێ.. یان لەم ڕۆژانەدا کاتێک هێزی پێشمەرگە چەند
ناوچەیەکی کوردستان لە دەورووبەری شاری موسلدا ڕزگاردەکات و هێشتا
تەپوتۆزی ئەو شەڕە نەنیشتۆتەوە ، پەیتا پەیتا هاواردەکەن لەو ناوچانە
ناکشیینەوە بەبێ ئەوەی کەسێک داوای کشانەوەی لیێ کردبن . جا ئەگەر کورد
سیاسەتی هەبووایە دەبوو لە ئێستاوە دوژمن بۆ خۆی پەیدا نەکات و لەو
ناوچانەدا خۆی بەباشی قایمبکات و ئاوەدانی بکاتەوە و کۆمەک و یارمەتی
خەڵکە لێقەوماوەکەی بکات و هەرکاتێکیش باسی کشانەوە کرا ، ئەوا ئەوەندە
لە توانای خۆی پشتئەستوور بێت ، بە دەنگی بەرز بڵێ ناکشێمەوە و
مەردانەش قسەکەی خۆی بباتە سەر و وەک شەنگال چۆڵی نەکات . بە داخەوە بۆ
سەرکردە پاوانخوازەکانی کورد ، کە جگە لە قسەی خۆیان گویێ لە قسەی کەس
ناگرن و کوردستانیان بەرەو هەڵدێر بردووە، داخی گرانیش بۆ ئەو میللەتە
دڵپاکەی خۆمان ، کە سوود لە مێژووی پڕ کارەساتی خۆی وەرناگرێ و هەمیشە
گرەو لەسەر ئەسپی دۆڕاو دەکات .
٢٨\٨\٢٠١٦
|